
له میانهی کارەکانی یازدەمین کۆنگرەی پارتەکەدا، (دیانا کارامان - بە فەرمی وەک سەرۆکی نوێی پارتی کۆمۆنیستی کۆماری مۆڵدۆڤا (PCRM) هەڵبژێردرا.
دیانا کارامانی تەمەن ٣٦ ساڵ، دەرچووی زانکۆی نێودەوڵەتیی ئازادی مۆڵدۆڤایە، کە تێیدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس و پاشان ماستەری لە زانستە ئابوورییەکاندا بەدەستهێناوە.
کارامان خاوەنی ئەزموونێکی کارگێڕی و پەرلەمانی دەوڵەمەندە؛ لە ساڵی ٢٠١٤دا وەک یاریدەدەر لە نووسینگەی پەرلەمانتارێک لە خولی نۆزدەهەمی پەرلەمان دەستی بەکارکردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ و ٢٠١٧-٢٠١٩دا، لە خولی بیستەمین پەرلەماندا هەمان پۆستی هەبووە. هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧دا، وەک ڕاوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی پارتی کۆمۆنیست خزمەتی کردووە.
ناوبراو لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تەممووزی ٢٠٢١، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی "کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان" سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانی مۆڵدۆڤا بەدەستهێنا و لە ئێستاشدا ئەندامی لیژنەی پەرلەمانییە بۆ کاروباری ڕۆشنبیری، پەروەردە، توێژینەوە، لاوان و وەرزش.
