لە هەفتەی 22ی خولی ڕوشنی سعودی، یانەی نەسڕ لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا و بە سەركردایەتی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی عەدالەی بردەوە، كە كریستیانۆ دوو گۆڵی تۆماركرد.

بەم ئەنجامەش نەسڕ دووەم بردنەوەی لەسەریەكی تۆماركرد و بە 52 خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەكەدایە و بەجیاوازی خاڵێك لە دوای یانەی ئیتحادی پێشەنگەوەیە.

كریستیانۆ دوای دوو گۆڵەكە، بوو بە خێراترین یاریزان 11 گۆڵ لە كەمترین یاریدا تۆماربكات لە مێژوویی خولی سعودیەدا، كە نۆ یارییە.

هاوكات ڕۆناڵدۆ بۆ سێیەم یارییە لەسەریەك دوو گۆڵ لە هەر یارییەكیاندا تۆماردەكات، كە لە دوو یاری ڕابردووش لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە پاڵاوتنی جامی یۆرۆی 2024 دوو گۆڵی لە هەر یارییەكیاندا تۆماركرد.

كریستیانۆ دوای یارییەكە لە تویتەر چەند وێنەیەكی خۆی لە ساتی ئاهەنگێڕانەكانی گۆڵەكانی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت "ئاستێكی نایاب لە تیپەكەمەوە، بەردەوامبن لە هەنگاونان بۆ پێشەوە".