ڕامیار محمود

بەشی یەكەم

لەبەرگرتنەوەی فاشیزم:

لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا لە جێبەندی مێژوویی سوریا و عراقدا، ڕۆشنبیریی عەرەبی شەپۆلێكی سیاسیی تازە بەخۆیەوە دەبینێت، كە ئێمە ئەو شەپۆلە بە شەپۆلی عەرەبایەتی ناو دەبەین، شوێنی گەڵاڵەبوونی ئەم هزرە لە سووریایە، لە سوریا ئەم ئایدیایە لە ماڵەکەی گەڕەکی (السبكی) لە دیمەشق، كە شوێنی بیرمەندی عروبی (زەكی الارسوزی) و كۆمەڵە خوێندكارێكی پەناهەندەی ئەسكەندەروونەیی بوو. هەر لەو ماڵەدا بەپێی گێڕانەوەی (سامی الجندی) لە دێڕەکانی سەرەتای کتێبەکەیدا دەڵێت کەس وێنای ئەوەی نەدەکرد بەعس لە ئەنجامدا بێتە عەبەس. ئاماژە بەوە دەکات، ئەرسوزی ڕابەری بەرهەڵستی عەرەبی بوو لە لیوای ئەسکەندەرونە مانایەکی سۆفیگەری دابوو بە هزری نەتەوەیی و لە ساڵی ١٩٣٩ کۆبوونەوەیەک هەبوو لە دیمەشق کە ئەرسوزی و سەلاحەدین بەیتار و میشێل عەفلەقی تیابوو، هەروەها دەڵێت لە حەڵەب خوێندکار بووم نامەیان بۆ ناردم کە حزبێکی نوێ بەڕابەری ئەرسوزی دروستبووە بەناوی حزبی قەومی عەرەبی. سامی جوندی ئەڵێت لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا شەش کەس بووین لە ماڵی عەبدولحەلیم قەدوور کۆبووینەوە لە ژوورێکی بچووک ئەو کات عەبدولحەلیم قەدوور خوێندکاری یاسا بوو، ئەرسوزی باسێکی پێشکەشکردین لەسەر دیموکراسی و کۆمۆنیزم و نازیزم چوار کاتژمێری خایاند لە  دیکارتەوە  دەستیپێکرد بە چامبەرلاین کۆتاییپێهێنا، پاشان وتی حزبێک دائەمەزرێنین ناوی دەنێین (بەعسی عەرەبی) هەمووشمان سوێندمان خوارد بۆ دامەزراندنی.

سامی جوندی دەڵێت هەموومان ڕەگەزپەرست بووین و بە نازیزم سەرسام بووین، کتێب و  سەرچاوەکانیانمان دەخوێندەوە بەتایبەت (زەردەشت وەهای وت)ی فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیتچە و (گوتارەکان بۆ نەتەوەی ئەڵمان)ی فەیلەسوفی ئەڵمانی یوهان گۆتلی فیشتە (سەرهەڵدانی سەدەی نۆزدە)ی فەیلەسوفی ئەڵمانی فەرەنسی تیۆریزەکەری ئیتنۆ ناشنالیزمی ئەڵمانی هیوستن ستیوارت چامبەرلەین، هەروەها ئێمە یەکەم کەس بووین بیرمان لە  وەرگێڕانی (تێکۆشانی من)ی هیتلەر کردەوە.

سامی جوندی دەڵێت لە دیمەشق بەدوای کتێبی (ئەفسانەی سەدەی بیست)ی (ئەلفرێد  رۆزنبێرگ)دا دەگەڕام تەنها یەک کۆپی کورتکراوەی فەرەنسی هەبوو ئەویش هی میشێل عەفلەق بوو، هەڵبەت رۆزنبێرگ گەورەترین تیوریستی نازی بوو، ئەوەبوو دواتر لە  دادگای نۆرمبێرگ دادگاییکرا و لە  ١٩٤٦سێدارەدرا.

جگە لەو مەیلە ڕۆمانسی سۆفییەی هەمانبوو، ئوستاز ئەرسوزی زۆر قسەی لەسەر مەسیح دەکرد هەستم ئەکرد لەژێر کاریگەری (لە دایکبوونی تراژیدی) نیتچەدا بوو، لەبەر ئەوەش ئەرسوزی قۆناغی جاهیلیەتی بە سەردەمی ئاڵتونی عەرەب دائەنا، ئەمەش جۆرێکە لەبەرگرتنەوەی (کۆپی) شوناسی یۆنانی کەونارا لەناو هزری شوناسبەندی خۆرئاوا. ئەوەی سایەنی باسە سامی جوندی دەڵێت ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندیمان بە  بەعسی ئەفلەقەوە کرد پاش ئەوەی ئەرسوزی دەستبەرداری کاری سیاسی بوو(١).

لە عێراقیش (النادی المپنی) كە لە ساڵی ١٩٣٥ مۆڵەتی ڕەسمی وەرگرت و لە هەمان ساڵدا دەستی بە چالاكی كرد. ئەو یانەیە شوێنی میوانداریكردنی هزری عروبە و كۆمەڵە كەسانێكی خاوەن نفووزی وەك سامی شەوكەت و عەبدولڕەحمان بەزاز بوو، كە لە سەردەمی عەبدولڕەحمان عارف بوو بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەک چۆن (یونس السبعاوی)یش کە یەکێك بوو لەئەندامانی بزووتنەوەی مایسی ١٩٤١ بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی نیشتمانی عەرەبی كتێبی (كفاحی) هیتلەری لە زمانی ئینگلیزییەوە كرد بە عەرەبی، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و لە یەك ساڵدا لە ١٩٦٣، عروبییەكان لە سووریا و عێراق هاتنە سەر حوكم، بەڵام لە عێراق لە حوكم دەركران و پاشان لە ساڵی ١٩٦٨دا گەڕانەوە سەر حوكم تا جەنگی هاوپەیمانەكان (ئەمریكی - بەریتانی) و ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقدا لە حوکمڕانی مانەوە لە سوریاش تا مانگی ٨ ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ مانەوە. بەڵام لە ئێستادا دەربارەی قۆناغە سەرەتاییەكانی بەعس دەدوێین، بەلامەوە گرنگە ئەوە بزانین کە جینۆسایدی کورد لەناو تێزی رەگەزپەرستی هەردوو ئایدیۆلۆجستی سەرکردەی بەعسدایە، ئەم جینۆسایدکردنەی کورد ڕێشەکەی لەناو هزری قۆناغی بەرایی بەعسەوە سەرچاوەیگرتووە چ بەدیوە ئەرسوزییەکەیدا، کە پوخت و خاوێنی نەژادی عەرەبی دەباتەوە ناو قۆناغی جاهیلیەتەوە، یاخود بەدیوە عەفلەقییەکەی دەربارەی تێزی ڕەگەز و ئاستەكانی تەماهیكردن بە پێغەمبەر و پرۆژەی عەرەبیزەیشنی ئیسلام، کە مەبستمان ئاماژەدانە بە خیتابەكەی (عەفلەق) لە مودەرەجاتی زانكۆی سووریا بە ناوی (ژكری الرسول العربی) لە ساڵی ١٩٤٣دا. هەموو ئەمانە وەک وێناندنێکی ئایدیۆلۆجی کە تا سەدام حسین درێژدەبێتەوە. هەڵبەت عەفلەق دەڵیت: ئیسلام نویکەرەوەی عەرەبایەتی و تەواوکەرێتی، پەیامی ئیسلام خوڵقاندنی مرۆڤی عەرەبییە(٢).

بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام لە ڕوانگەی بەعسەوە لەبارەی عەرەبیزەیشنی ئیسلام یان تەعریب کە ئەپلایکراوە بۆ خاک بۆ خەڵک بۆ کولتوور و ئاینیش، عەفلەق روانگەی بەعسی لەسێ بابەتدا خستۆتەڕوو لەسەر ئیسلام، کە بریتییە لە عەرەبیزەیشنی ئیسلام. یەکەم (ژكری الرسول العربی) بۆ یادی پیغەمبەری عەرەبی،١٩٤٣ بڵاویکردۆتەوە. دووەم: (نڤرتنا للدین) ڕوانگەی ئێمە لەسەر ئایین، لەساڵی ١٩٥٦دا بڵاویکردۆتەوە. سێیەم: (قچیات الدین فی البعپ العربی) لەساڵی ١٩٥٦دا بڵاویکردۆتەوە. ئیسلام لەهەرسێکیاندا بەناسیونالستکراوە و گرێدراوە بەئیتنکی عەرەبییەوە و ڕەهەندە یونیڤێرساڵەکەی ئایین سڕاوەتەوە و کراوە بە  شوناسی عەرەبی یان عەرەباندنی ئیسلام کراوەتە بناغەی ئایدیۆلۆجی. عەفلەق دەڵێت "ژیانی پێغەمبەر نموونەی ڕۆحی عەرەبییە". عەفلەق ئیسلامی وەک بزووتنەوەیەکی عەرەبی وێناکردووە بە نوێکەرەوەی عەربیزمی داناوە. رۆحی ئیسلامی بە  ڕۆحی عەرەبایەتی هاوتاکردووە (٣). ئەم بناغەیە بەدرێژایی حوکمڕانی بەعسی عێراق رۆشت و سەدام لەساڵی ١٩٧٩ەوە دەستیکرد بە پلانداڕشتن بۆ چۆنێتی بەئینستیتوکردنی ئایین و بەستنەوەی بە دەوڵەتەوە. بەستنەوەی توندوتۆڵانەی کایەی ئایینی بە دەوڵەتەوە بەشێک بوو لە ستراتیجی تەناهی دەوڵەت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هیچ پەرچەکردارێک لە ڕووبەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕوونادات، بگرە زیاتریش لەوە دڵنیابوونەوە بوو لەوەی هیچ شتێک لە  دەرەوەی دەوڵەتدا نییە، هیچ ڕووبەرێک بە نەبینراوی نەمێنێتەوە. خودی هەڵمەتە دڕندانەکانی ئەنفال تەواوکاری ئایدیۆلۆجی بوو بۆ عەرەبیزەیشنی ئیسلام، هەروەک چۆن پرۆجێکتی لە ناوبردنی فەیلیەکان و بارزانییەکان مۆتیڤی ئایدیۆلۆجی ئەرسوزییانەیە بۆ خاوێنڕاگرتنی سەردەمی جاهیلی عەرەب، لەناو بردنەکانیان بناغەگرتووە لە خێڵایەتی عەرەبییەوە.

بەرەبەیانی دەیجور:

لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٧ی نیسانی ١٩٤٧، بەیاننامەی دامەزراندنی حزبی بەعس بڵاوكرایەوە. بەعسییەكان قاوەخانەی (الرشید)ی هاوینەیان بۆ كۆنگرەكەیان بەكرێگرت، قاوەخانەی (اللونابارك)یشی پێدەگوترا و دەكەوێتە دەروازەی شەقامی بەغدادەوە، كە پاش دەستدرێژیی فەرەنسی ناوەكەی بووە بە بیستونۆی ئایار، هەمان ئەو شوێنەیە كە ئێستا سەنتەری ڕۆشنبیری ڕووسیی تێدایە لە دیمەشق، كۆنگرەكە سێ رۆژی خایاند، هەینی و شەممە و یەكشەممە (چوار و پێنجی و شەشی مانگی نیسان) بە شەش دانیشتن كۆتاییهات، دانیشتنێكی بەیانیان و دانیشتنێكی ئێواران، ئەندامانی كۆنگرە زۆربەیان لە خوێندەوار و ڕۆشنبیران پێكهاتبوون، ژمارەی بەشداربووان بەپێی گێڕانەوەی بەعسییەكان، ئەوەی كە تۆمار كراوە، دووسەد كەسێك دەبوون. وشەی بەعس لە كۆنگرەی دامەزراندنی ١٩٤٧ەوە بەتەواوی هاتەکایەوە و بەعس سیفەتی حزبی بەخۆیەوەگرت. وەك (ناجی علوش) دەڵێت: تا ١٩٤٥ بەعس بزووتنەوەیەكی تەبشیری بوو لە نێوەندی خوێندكاراندا و بڵاوكراوەكانی بەناوی (بەعسی عەرەبی) بڵاودەكردەوە (٤).

درنجی مەزن:

بەڵام لێرەدا دەخوازم ئاماژە بە هەندێك ڕوونكردنەوە بدەم لەبارەی دامەزراندنی بەعسەوە و ئەو كێشەیەی لە ئارادایە سەبارەت بەوەی كێ خاوەنی ڕاستەقینەی (سەركردە دامەزرێنەر)ە، واتا (عفلق) یان (الارسوزی)؟ زۆرێك بڕوایان وایە الارسوزی دامەزرێنەری ڕاستەقینە و یەكەمی حزبی بەعسە بەشێوەیەك بزووتنەوەی شوبات بەسەركردایەتی (اللوا‌و صلاح الجدید)، (الارسوزی)یان وەك باوكی ڕۆحیی حزبی بەعس دەستنیشانكرد. ئەوەی شایەنی باسە (الارسوزی) ئەمینداری نهێنیی (عصبە العمل القومی) بوو لە لیوای ئەسكەندەروونە، ئەم ڕێكخراوە لە ئابی ١٩٣٠ لە گوندی (قرنایل)ی لوبنانی كۆنگرەی دامەزراندنی بەست بڕوانە (٥). 

ئەم ڕێكخراوە ئەگەرچی كاریگەریی لەسەر ژیانی سیاسی كەم بوو، بەڵام شوێنەواری هزری و عەقائیدی ئەم ڕێكخراوە لەناو عەرەبدا بەهێز بوو هەربۆیە حزبی بەعس بە میراتگری (عصبە) دائەنرێت، ئەرسوزی پاش ئەوەی بڕواكانی بە (عصبە) هەرەسی هێنا، كەوتە سەر هێرشكردن بۆسەر سەركردەكانی و دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لە ساڵی ١٩٣٩ لە ڕۆژنامەدا، لە ژیانێكی دژوار و پڕ لە بەدگومانیدا ژیا، بەشێوەیەكی بەد و خراپ دەیڕوانییە هەموو گرووپ و كەسێك، تەنات هەڵوێستی بەعسەكەی (الارسوزی) لە سەرجەم حزب و ڕێكخستنەكانی ئەو كاتە ڕەتکردنەوەی ڕەها بوو تا وەك خۆی دەڵێت "أنا لا أتعاون مع أحد." وتا من (هەمەئاهەنگی لەگەڵ کەس ناکەم بڕوانە (٦). لە دیارترین شاگردەكانی (د. وهیب الغانم) بوو، كە دەربارەی ژیانی الارسوزی دەڵێت: "دەتوانم ڕۆژانی زكی الارسوزی لە ساڵی ١٩٤٢دا بە ڕۆژانی سەختی ژیانی نیتچە بشوبهێنم) و (سلێمان العیسی)ش بە (پاشماوەی پیغەمبەران) ناوی بردووە. بڕوانە(٧). و (سامی الجندی)ش بە (ئیمامی زەمان) وەسفی كردووە.

پەیوەندیی بەعسی ئەرسوزی بە بزووتنەوەی (الاحیا‌‌و العربی)ی (عەفلەق) وە تا ڕادەیەك لەسەر ئاستی بنكەی حزبی تێكەڵ بوو، شاگرد و دەروێشەكانیان ئامادەی كۆبوونەوە و دانیشتنەكانی هەردوولا دەبوون، بەڵام (الارسوزی) هەرگیز (عەفلق)ی خۆشنەدەویست، چونكە لە لایەك (الارسوزی) وەك سەركردەیەكی عروبی هاتە دیمەشق، ئەو كات (عەفلەق) لاوێك بوو بۆ دەستپێكردنی خەباتی سیاسی و هزری خۆی ئامادەدەكرد و هیچ ڕابردوویەكی نەبوو، ئەمە جگە لەوەی (الارسوزی) تۆمەتی شیوعییەتی خستبووە پاڵ (عەفلەق)، بەڵام عەفلەق شیوعی نەبوو، بەڵكو دۆستایەتی ئەو لەگەڵ شیوعییەكاندا تەنها لەژێر كاریگەریی (ئەندرێ ژید)دا بوو، بەڵام كاتێك (ژید) چووە یەكێتیی سۆڤێتی جاران و گەڕایەوە، لە ساڵی ١٩٣٧دا كتێبەكەی خۆی دەربارەی بێئومێدی بەرانبەر بە ڕژێمی شیوعی بڵاوكردەوە، عەفلەق لەژێر كاریگەریی ژیددا پەیوەندیی خۆی بە شیوعییەكانەوە تەڵاقدا و لە دۆستەوە بوو بە دوژمنیان، بەڵام وا باشترە بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم كێشەیە ڕوونكردنەوەی زیاتر بدەین لەم بارەیەوە دەربارەی ئەوەی كە حزبی بەعس وەك سەرچاوەی عەقائیدی هەمیشە دوور و دژ بە كۆمۆنیزم و سۆشیالیزم بووە، وشەی ئیشتراكییەت لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٥٢دا و بەدیاریكراوی لە كۆتایی ساڵی ١٩٥٢دا خرایە سەر حزبی بەعس، پاشان بەپێی ئەدەبیاتی بەعس لەو سەردەمەدا ئیشتراكییەت وەك پاشكۆ و لقێك لە ناسیۆنالیزمی عەرەبایەتی ڕاڤەكراوە بەو پێیەی عەرەبیزم كە بنەڕەت و جەوهەرە. بەپێی شەهادەتی (جلال فاروق الشریف) بۆ یەكەم جار ناوی حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراكی لە شوباتی ساڵی ١٩٥٣دا لەسەر بڵاوكراوەكانی حزبی بەعس دەركەوت، بڕوانە(٨). هەڵبەتە هۆی سەرەكی سەرباركردنی وشەی ئیشتراكییەت دەگەڕێتەوە بۆ یەكگرتنی حزبی بەعس لەگەڵ حزبی ئیشتراكیی عەرەبی كە (اكرم الحورانی) سەرۆكی بوو، لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٥٢، بەپێی ڕێكکەوتنێك كە دەستووری حزب هەمان دەستووری دامەزراندنی بەعسی ١٩٤٧ بێت. دووەمیان سەرباركردنی ناوی ئیشتراكییەت بۆ سەر حزبی بەعسی عەرەبی، سێیەمیان سەرباركردنی (اكرم الحورانی) بۆ سەركردایەتیی حزبی بەعس، واتا سەركردایەتییەكە بكرێتە سەركردایەتییەكی سیانی (میشیل عفلق – صلاح الدین البیگار- اكرم الحورانی)، هاوكات بەپێی شەهادەتی جلال فارووق (الحورانی)و ناوی ئیشتراكییەت لە كۆنگرەی قەومیی دووەمدا بەتەواوی جێگیر بووە، هەڵبەتە كۆنگرەی قەومیی دووەم بەپێی بەڵگەنامەی حزبی بەعس لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٤ لە دیمەشق بەستراوە، ئەمە جگە لەوەی یەكگرتنەكە بایەخێكی جەماوەری هەبوو بۆ حزبی بەعس چونكە پارتەكەی (اكرم الحورانی) بنكەیەكی جەماوەری و جووتیاری هەبووە، ئەمە لە كاتێكدا بەعس شێوە كاركردنێكی نوخبەوی و ڕۆشنبیری بەخۆوە گرتبوو، بەڵام ئەوەندەی بوارمان هەبێت با لێرە بزانین چیرۆكی خودی (عفلق و البیگار) چییە لەسەر كۆمۆنیزم، لە وتاری (ئەوان دەڵێن: لە ساڵی ١٩٢٨ ئێمە خوێندكار بووین، پاش ئەوەی بۆ خوێندن ڕوومان كردە خۆرئاوا، هیچ سۆزێكمان بۆ مەسەلەكەمان بەدەستنەهێنا بۆ ئەو بڕوا سەرەتاییانەی كە هەمانبووە، جگە لە هەندێك سۆزی سۆشیالیست و شیوعییەكانی پەرلەمانی فەڕەنسی، پاشان ئەوە ڕووندەكەنەوە كە پەیوەندیی ئەوان بە سۆشیالیزمەوە لە ڕێی فكر و زانستەوە بووە. مەبەست لەوەی كە حزبی شیوعی و ئیشتراكییەكانی ناو سووریا شتێكی مردوو و دۆگما بوون، پاشان دێتە سەر ئەوەی دەڵێن ئێمە دوو برینمان هەبووە؛ برینێكی قەومی كە دەرئەنجامی ئیستیعمار بوو، لەگەڵ برینێكی كۆمەڵایەتی كە بەرهەمی جەهالەتی كۆمەڵگە بوو. پاشان دەڵێن ئێمە بەهیچ شێوەیەك لە كاتی نێشتەجێبوونیشمان لە خۆرئاوادا گوێڕایەڵی عەقڵیەتی كۆمۆنیستی نەبووین، بەڵكو تەنها ئاگاداریی ئێمە لە سۆسیالیزم لە ڕێگەی ئەدیبە ئازادیخوازەكانی وەك (ئەندرێ ژید) و (ڕۆمان ڕۆلان)ەوە بووە، پاشان دەڵێن كە هەمیشە هەوڵیانداوە لە باسەكانیاندا فكری تازە دەركەوتووی عەرەبی موتوربە بكەن بە فیكرەكانی فەیلەسوفی ئەڵمانی (نیتچە)ی دوژمنی گەورەی سۆشیالیزم. لەسەر حزبی شیوعیی سووریاش دەڵێن هێزی ڕاكێشانی ئەو كەمایەتییە نەژادی و ئایینییانە بووە كە نامۆن بە سرووشتی نەتەوەی عەرەبی و ئامانجە نەتەوەییەكانی، بڕوانە(٩). لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بكەین بەپێی گێرانەوەی (سامی الجندی)، كە یەكێكە لە دامەزرێنەران، ئەو سەردەمە كۆبوونەوەیەكی زۆر هەبووە بەڵام سەرئەنجامی شكست بووە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات كە یەكێك لەو كۆبوونەوانە (عفلق) و (البیگار)یشی تیادا بووە، لە هەمان كاتدا (فایز اسماعیل) كە لەپاڵ (سلێمان العیسی)ی شاعیری بەعس و (وصفی الغانم) برای سەركردەی بەناوبانگی بەعس (د.وهیب الغانم) لە ساڵی ١٩٤٩دا بانگەوازی بەعسیان بردە بەغداد، بەڵام هەڵبەت زوو دەگەڕێنەوە. بڕوانە (١٠). هەڵبەتە (فایز اسماعیل) شەهادەتی ئەوەی داوە دیدارێك لە نێوان (الارسوزی) و (عفلق)دا ڕوویداوە لە قاوەخانەی (لوازیس) كە دەكەوێتە نێوان قاوەخانەی (هاڤانا) و سینەما (ئەهرام)ەوە لە دیمەشق.

بۆ زیاتر وردبوونەوە لە خستنەڕووی كێشەی كێ سەركردەی دامەزرێنەرە، بەپێی شەهادەت و ڕیوایەتی (سامی الجندی) ئەرسوزی لە ساڵی ١٩٣٩ حزبێك بەسەركردایەتیی خۆی دادەمەزرێنێت، بەناوی (الحزب القومی العربی)، بەم شێوەیە بۆمان دەخاتەڕوو (الحزب القومی العربی– رمزە: نمر/

١. العرب الامە الواحدە 

٢. للعرب زعیم واحد یتجلی عن امكانیات الامە العربیە یمپلها ویعبر عنها اصدق تعبیر.

٣. العروبە: وجداننا القومی، مصدر المقدسات، عن تنبپق المپل العلیا وبالنسبە الیە تقدر قیم الاشیا‌‌و- العربی سید القدر). بڕوانە(١١).

هەر ئەم پرەنسیپانە هەمان پرەنسیپەكانی حزبی بەعسە كە (الارسوزی) ساڵی دواتر دایمەزراند، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم ئەرسوزی سەفەر دەكات بۆ عێراق. هەڵبەتە ئەم سەفەرە بە ماوەیەكی كەم پاش دامەزراندنی (الحزب القومی العربی) هات، بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا لە یەكێك لە قوتابخانە ڕەسمییەكانی بەغداددا، ئەم سەفەرەی دەبێتە هۆی وردوخاشبوونی حزبەكە، هەڵبەتە سەفەرەكەی ئەرسوزی لە لایەك بۆ دابینكردنی بژێویی خۆی بوو، چونكە لە ژیانێكی بێدەرەتان و سەختدا دەژیا، لە لایەكیش بۆ دۆزینەوەی هەلومەرجێكی لەبار بوو بۆ چالاكیی سیاسی، بەڵام ئومێدەكانی لە چوون بۆ عێراق بە نائومێدیی گەورە كۆتاییانهات. (الارسوزی) وای دانابوو بۆ عێراقی عەرەبایەتی دەڕوات (عراق العروبە)، عێراقی مەلیك غازی، بەڵام خۆی لە نێوان حوكمی سیانیی (ئینگلیزی- عبد الالە - نوری سعید) بینییەوە، بۆیە ئەرسوزی لە كۆتاییی وەرزی خوێندندا و لە هاوینی ١٩٤٠دا دەگەڕێتەوە بۆ سووریا. هەڵبەتە باشترە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بكەین عروبییەكانی لیوای ئەسكەندەروونە عێراقی مەلیك فەیسەڵی یەكەم و غازیی كوڕیان بە سەردەمی (برووسیای عەرەب) لە قەڵەمدەدا، تەنانەت عروبییەكانی بیست و سییەكانی سەدەی ڕابردوو عێراقیان وەك پێگەی دەوڵەتێكی گەورەی یەكگرتووی عەرەب تەماشا دەكرد و (مەلیك فەیسەڵ)یش وەك بسماركی عەرەب، ئەمە جگە لەوەی بەعسییە بەرایییەكان زۆر لە ژێر كاریگەریی شۆڕشی عەرەبدا بوون و خۆیان بە درێژكراوەی ئەو شۆڕشە دەزانی، تەنانەت ئاڵای بەعسییەكان هەمان ئاڵای شۆڕشی عەرەبییە، تەنانەت وەك (جورج صدقی) دەڵێت پەیكەرێكی مەلیك فەیسەڵیان لە ساڵۆنی مەكتەبی حزبی بەعس لە گەڕەكی (السبكی) لە دیمەشق دانابوو. بڕوانە(١٢).

پاش گەڕانەوەی (الارسوزی) لە عێراق سەرلەنوێ كار بۆ دامەزراندنەوەی حزب دەكات لەگەڵ ئەو خوێندكارانەی لە لیوای ئەسكەندەروونەوە كۆچیان كردبوو، ئەوانیش (تۆ)ی حزبەكە بوون، سەرباری ئەوانەی كە لە خانووەكەیدا دەژیان، لە بینای (كوكش) لە گەڕەكی (السبكی)، بەپێی وەسفی (سامی الجندی) لە ٢٩ـی تشرینی دووەمی ١٩٤٠ كۆبوونەوەی دامەزراندنیان گێڕا لە ساڵڕۆژی دەستدرێژیکردنە سەر لیوای ئەسكەندەروونە. دەربارەی ئەو كێشانەی كە لەسەر ناوی بەعس هەن تا ڕادەیەك شوێنی ململانێیە لە نێوان هەوادارانی (الارسوزی) و (عفلق)دا. (د. وهیب الغانم) كە لە بەعسییە بەرایییەكانە و كۆنگرەی دامەزراندنیش لە ساڵی ١٩٤٧ وەك ئەندامی لیژنەی تەنفیزیی یەكەم هەڵیبژارد، ئەمە جگە لەوەی (د. وهیب الغانم) وەك هەر یەكێك لە شاگردەكانی ئەرسوزی بڕوایەكی قووڵی بە عروبە و نەتەوەی عەرەب هەبوو، ئەم بڕوایە وایكرد (وهیب الغانم) كتێبی (رسائل الی الامە الالمانیە)ی فیختە وەربگێڕێت بۆسەر زمانی عەرەبی. ئەوەی شایەنی باسە (جلال فاروق الشریف) لە بیرەوەرییەكانیدا لە بارەی كۆنگرەی دامەزراندنی حزبی بەعس دەڵێت: گەورەترین ئەنجامی كۆنگرە ڕازیکردن و پەیوەندیکردنی (د. وهیب الغانم) بوو بە گرووپی (عفلق) و (البیگار)، بروانە(١٣).

هاوكات بەپێی گێرانەوەی (وهیب الغانم) ئەرسوزی لەگەڵ كۆمەڵێك لە لیواییەكاندا لە ماڵی (عبدالحلیم القدور) لە دیمەشق حزبێكی دامەزراندووە بەناوی (حزبی بەعس) و هەمیشە ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ناوی حزبەكەی ئەرسوزی بەعس بووە. ئەوەش شایەنی باسە (د. وهیب الغانم) هیچ پەیوەندییەكی بە بەعسی عەرەبی دیمەشقەوە نەبووە كە (عەفلق) و (البیگار) سەرۆكایەتییان دەكرد، بەڵكوو بەعسی (وهیب الغانم) ڕەگوڕیشەی دەچووە سەر ئەو بەعسییە عەرەبییەی كە ئەرسوزی لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٠ دایمەزراند، بڕوانە(١٤). بەڵام (سلیمان العیسی) لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت: وشەی بەعس سەرەتا لە ماڵەكەی گەڕەکی (السبكی) بەكارماندەهێنا، هەڵبەت ئەو ماڵە هی د. وهیب الغانم بوو، پێش دامەزراندن و ڕاگەیاندنی حزبێك بەناوی بەعسەوە، بەڵام (جلال السید) كە سەرۆكی كۆنگرەی دامەزراندنی حزبی بەعس بوو لە ساڵی ١٩٤٧ دیارترین كەسێكە كە نكووڵی لە بەعسی ئەرسوزی دەكات و بەپێی ئەدەبیاتی بەعسیش ئەو لە كۆنگرەی دامەزراندندا بە نوێنەری تەیاری ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنی دادەنرێت و هاوكات پێشەنگی ئەوانە بووە كە لەگەڵ جیاكردنەوەی عروبە و ئیسلامدا نەبوون و دژایەتیی ئەو ئاڕاستەیەی كردووە كە ویستویەتی پەیوەندیی بەعس بە ئیسلامەوە تەڵاق بدات، ئەمەش لە یەكێك لە موحازەرەكانیدا، لە ساڵی ١٩٤٦، بەناوی (الهجرە النبویە) كە لە (نادی الپقافە)ی (دیرالزور)، كە یانەیەكی بەعسی بووە، بەر لە دەركردنی ڕۆژنامەی بەعس، پێشكەشیكردووە. ئەوە دەگێڕێتەوە كە لە بەردەم هۆتێلی (الاوریان پالاس) لە دیمەشق ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ (البیگار) و (عفلق)دا دەبێت، هەرسێكیان لە هۆتێل دێنە دەرەوە (زكی الارسوزی) دەبینن، بەپێی گێڕانەوەی (جلال السید) بەحوكمی ئەوەی ئەرسوزی پەیوەندیی بە (جلال السید) باش دەبێت (الارسوزی) جلال السید ڕادەگرێت و پێیدەڵێت: كیف الاحوال؟ ماژا تصنعون؟ ئەویش دەڵێ: نحن نرسم دستور لحزب قومی اسمه (حزب البعپ العربی). الارسوزی دەڵێت: الحمدللە ان اصحابك لم یعودوا شیوعیین نزلوا الی المیدان القومی. بەپێی گێڕانەوەی جلال السید. واتە (چۆنن چاکن؟ خەریکی چین دروستی ئەکەن، جەلال سەیدیش دەڵێ خەریکی داڕشتنی دەستوری حزبێکی نەتەوەیین ناوی حزبی بەعسی عەرەبییە، ئەرسوزیش دەڵی: لە  خوا بەزیاد بێت هاوڕێکانت چیتر شیوعی نین، هاتنە گۆڕەپانی نەتەوەییەوە. بڕوانە(١٥).

عەفلەق هەر  لەسەرەتاوە  دەیگوت من و سەڵاحەدین بەیتار هاوبەشی یەکین لە بیرۆکەدا جەلال سەید ئەڵی بیرکردنەوەی ئەرسۆزی هەم نازی بوو هەم ڕۆمانیش بوو، لەوەدا خەڵکی بەسەر  سەردار و کۆیلەدا  دابەشدەکرد و دژی سۆشیالیزم بوو، ئاماژە بەوەش دەکات لە  سییەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەرسوزی باش بوو کە مامۆستا بوو لە دێرەزوور هەر لەو  ساڵانەدا وشەی بەعسی بەکاردەهێنا و پیشنیاریشی دەکرد کە حزبێک بەو ناوەوە دابنرێت بەلام ئەم هەوڵانەی هەر تیوری بوون و پراکتیکی نەبوو. ئەرسوزی زۆر لە ژێر کاریگەری یەکێک لە مامۆستاکانی بوو لە پاریس کە فەیلەسوف برگسۆن بوو. بروانە(١٦).

بۆیە هیچ گومانێك لە بوونی بەعسی (الارسوزی)دا نییە بەر لە بەعسی عفلق و بەیتار، سەركردەی بەعس (سامی الجندی) وەك خۆی دەڵێت لە ساڵی ١٩٤٦دا پەیوەندیی بە بەعسی عەرەبییەوە كرد. دەڵێت من دواكەس بووم لە بەعسی یەكەمەوە پەیوەندیی بە بەعسی دووەمەوە بكەم، بەڵام لە ڕاستیدا (وهیب الغانم) دوایین كەس بوو كە ڕازی كرا پەیوەندیی بە بەعسی دووەمەوە بكات، هەڵبەتە بەعسی (الارسوزی) لە ساڵی ١٩٤٢دا لەژێر پاڵەپەستۆی هەژاری و ژیانی پڕ لە ستەمی ئەو كاتەدا هەڵوەشایەوە، بەتایبەتی سەركردەكەی، بەڵام پرەنسیپەكانی بەعسی (الارسوزی) هەمان ئەو پرەنسیپانە بوون كە ئەرسوزی دایڕشتبوو بۆ (الحزب القومی العربی)، ئەمە بەپێی گێڕانەوەی (سامی الجندی) كە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەڵام (وهیب الغانم) بەشێوە تێكستێكی جیاواز گوزارشتی لێكردووە، وەك (امە عربیە واحدە- وگن عربی واحد- العربی سید القدر) لە شوێنێكی تردا (العرب امە واحدە- وگن العربی وگن واحد- العرب سید القدر- الزعامە العربیە زعیمها عربی واحد) لە شوێنێكی تردا بە چڕتر و كورتتر (المبادی‌‌و: امە واحدە، شعب واحد، زعیم واحد). ئەوەی شایەنی باسە ئەو كاتەی (الارسوزی) مامۆستا بوو لە (دیر الزور)، واتا لە سییەكاندا، وشەی بەعسی لە پاڵ وشەی ڕێنسانس و (نهچە)دا بەكاریدەهێنا. بروانە(١٧). هاوكات (عبد الخالق النقشبندی) لە بیرەوەرییەكاندا دەڵێت لە پۆلی حەفت یان هەشت بووم كە ئوستاد (زكی الارسوزی) وەك مامۆستا هاتە (دیر الزور)، تەنها چەند مانگێك مایەوە، بەڵام كاریگەریی ئەو گەلێك زۆر بوو. بروانە(١٨). هەڵبەتە (عبد الخالق النقشبندی) سەرەتای خوێندنی لە (دیر الزور) بوو، پاشان ئامادەیی لە دیمەشق تەواو كرد و لە ساڵی ١٩٤٧ كۆلێجی پزیشكی تەواو كرد و پاشان هەر لە (دیر الزور)، كە بە یەكێك لە پارێزگا سەرەكییەكانی سووریا دادەنرێت، بەپێی پۆلێنكردنی دەوڵەتی سووریا بووە پزیشك، سەر بە ڕێكخراوی (عصبە العمل القومی) بوو، پاشان لە بزووتنەوەكەی (ڕشید عالی الكیلانی) و دواتریش حزبی بەعس بوو، لەو ئەندامە دامەزرێنەرانەشە كە دەستووری بەعسیان لە ساڵی ١٩٤٧دا دانا و لێپرسراوی لقی (دیر الزور)یش بوو. 

دەتوانین بڵێین بۆ یەكەم جار بەكارهێنانی ناوی حزبی بەعس بە سەركردایەتیی (الارسوزی) بووە و پاشان (عفلق) ئەم پرۆژەیە تەواو دەكات، ئەمە جگە لەوەی هەڵبژاردنی وشەی (الاحیا‌و) و پاشان (البعپ) لە لایەن (عفلق)ەوە كە هەردووكیان هاوواتای یەكترن لە ژێر كاریگەری ئەوەدا بوو كە (عفلق) عاشقی ڕابەری ئیتاڵی (مازینی) بوو کە دڵی تیۆری فاشیزمی ئیاتڵییە. سەرباری ئەوەی دامەزرێنەرانی حزبی بەعس عەفلەق، بەیتار و ئەرسوزی هەرسێک خوێندنیان لە فەرەنسا کرد، بەڵام هیچ کاریگەر نەبوون بەو تیۆر و ریسا و یاسایانەی کە شۆڕشی فەرنسی بەرهەمیهێنا سەبارەت بە دەوڵەتی هاووڵاتی. زیاتر گرنگی و سەرسامییان بۆ ناسیونالێزمی نەژادی و کولتووری ئەڵمانی هەبوو، ئەمە گەواهیدانە بە نموونەی ئەڵمانی لەناو هزری نەتەوەیی عەرەبی لە ساتع حوسەرییەوە  درێژەیدا. عەفلەق خۆی خاوەنی هیچ کتێبێکی هزری نەبوو زیاتر وتار و خوتبەی هەبوو، سەرەتا بە چیرۆکنووسین دەستیپێکرد لە ١٩٣٩ەوە بەتەواوی لە ئەدەب دابڕا، وەک لە  چاوپێکەوتنێکدا بە شاعیری عێراقی بەدر شاکر  سەیابی  گوتبوو ساڵی ١٩٨٩ تەنانەت یەک ڕۆمانی نەجیب مەحفوزیشی نەخوێندبوەوە. دامەزرێنەرانی بەعس لە ژێر ئینتیدابی فەرەنسیدا  ژیان لە سوریا لە تەمموزی ١٩٤٥ داواکاری مۆڵەتی حزبی بەعسیان پێسکەشکرد لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتیان وەرگرت. زەکی ئەرسوزی و عەفلەق ڕوانگەیان جیاواز بووە، بەعس پاڵپشتی بزووتنەوەی مایسی ١٩٤١ی کرد، ئەرسوزی بە بزووتنەوەیەکی ئینگلیزی  گوماناوی تەماشای دەکرد، عەفلەق عەرەبایەتی و ئیسلامی وەک ئاوێتەی یەک دەخوێندەوە بەڵام ئەرسوزی سەردەمی جاهلیی بە سەردەمی ئاڵتونی عەرەب دائەنا و روانگەیەکی میتافیزکی و ڕەگەزپەرستانەی بۆ نەتەوە هەبوو باوەڕی بە رابەری ڕزگارکەر هەبوو. بروانە (١٩). ئەم گەڕانەوەی ئەرسوزی بۆ سەردەمی جاهیلیەت وەک فەندەیشنی عەرەبیزم لەبەرگیراوەی (کۆپی) گەڕانەوەی فاشیزم بوو بۆ ڕۆمی کەونارا.

بیرمەندی عەرەبی مەتاع سەفەدی ئاماژە بەوە دەکات، ژینگەی دروستبوونی بەعس ژینگەی مامۆستا و قوتابی بوو بەدیاریکراوی ئامدەیی (تەجهیزی یەکەم) کە تاکە ئامادەییەک بوو لەودەمەدا لە دیمەشق، بەڵام ئەوەی مزگێنی بیری بەعس دروستکردنی حزبیکی قەومی ڕاگەیاند ئەوە میشێل عەفلەق و سەلاحەدین بەیتار نەبوو، بەڵکوو ئەوە زەکی ئەرسوزی بوو خاوەنی تێگەی بەعسی نەتەوەی عەرەب و پەیامە نەمرەکەی و کردی بە سەنتەری تیشکدانەوەی بیری سۆفییانەی بەعسی. بروانە(٢٠).

پەراوێز:

١. صلاح الدین البیگار (١٩١٢) لە دیمەشق لەدایكبووە. سیاسەتمەدارێكی سووری و دامەزرێنەری حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكییە. فیزیای لە پاریس خوێندووە و لە سییەكاندا گەڕاوەتەوە دیمەشق. لەگەڵ عەفلەقدا لە بواری وانەوتنەوەدا كاریانكردووە و بواری خوێندنگەیان كەڵك لێوەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی بیر و باوەڕەكانیان. هەر لەگەڵ عەفلەقدا ڕێكخراوی (الاحیا‌و العربی)یان دانا، لە ساڵی ١٩٥٦ و لە سەردەمی (شكری القوتلی)ـدا لە بوو بە وەزیری دەرەوەی سووریا. پاش یەكیەتیی میسر و سووریا بوو بە جێگری سەرۆككۆمار. لە ساڵی ١٩٥٨ و پاش هاتنەسەرحوكمی بەعسییەكان لە مارسی ١٩٦٣دا چوار جار كرا بە سەرۆكوەزیران و پاشان بزووتنەوەی شوباتی لە ساڵی ١٩٦٦ گیرا و پاشان توانی هەڵبێت بۆ لوبنان. بە غیابی، حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، لە ساڵی ١٩٧٠دا لێبووردنی بۆ دەرچوو و بۆ ماوەیەكی كەم هاتەوە بۆ سووریا. پاشان ڕۆیشتەوە بۆ پاریس و لەوێ ژیانی بەسەربرد و لە ساڵی ١٩٧٨ لە پاریس گۆڤاری (الاحیا‌و العربی)ی بەرهەڵستكاری دەردەكرد. لە ساڵی ١٩٨٠ تیرۆر كرا.

٢. میشیل یوسف عفلق، ساڵی ١٩١٠ لە دیمەشق و لە خێزانێكی ناودار بە خەباتكردن دژی تورك لەدایكبووە، لە پاریس مێژوو دەخوێنێت. لە ساڵی ١٩٦٨، كە بەعسییەكان بۆ دووەم جار و بۆ یەكجارەكی هاتنە سەر حوكم لە عێراق، ئەوكات بە تۆراوی لەگەڵ ژنەكەی و چوار منداڵەكەیدا لە بەڕازیل دەژیا، لە ماڵی خاڵی كە پزیشكی خانەنشین بوو. ئەوكات سەركردایەتیی قوتری (صلاح عمر العلی) ڕاسپارد تا بچێت بۆ بەڕازیل عەفلەق قایل بکات بە گەڕانەوەی بۆ عێراق، پاش سێ هەفتە قایلی كرد و گەڕایەوە بۆ عێراق. هەڵبەتە ئەم مەسەلەیە بۆ بەخشینی شەرعییەت بوو بە دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا. بەپێی گێڕانەوەی (صلاح عمر العلی) ئەوەی لە پشت پێشنیازی گەڕانەوەی (عفلق)ـەوە بووە (احمد حسن البكر) بوو. بڕوانە (صلاح عمر العلی یتژكر- الحیاە، ٧-١٢/٤/٢٠٠٣). ساڵی ١٩٨٩ لە یەكێك لە خەستەخانەكانی پاریسدا مرد.

٣. پەسەندكردنی ئاڵای شۆڕشی عەرەبی كە بەعسییەكان كردیانەوە بە ئاڵای دەوڵەت بریتیبوو لە ڕەنگەكانی سوور (كە ڕەنگی شۆڕشی عەرەبییە) و سەوز (هیی فاتمیەكانە) و سپی (هیی ئەمەوییەكانە) و ڕەشیش (هیی عەباسییەكانە).

سەرچاوەکان:

١- سامی الجندی,البعپ,دارالنهار للنشر, بیروت 1969,ص26-27-28

٢- میشیل عفلق. فی سبیل البعپ. الجز‌و الاول 141

٣- Samuel Helfont, Compulsion in religion, Oxford University Press2018,P27

٤- الپورە والجماهیر- ناجی العلوش- دار الگلیعە - الگبعە الپالپە – بیروت

٥-الباب الپانی، الفصل الاول/ الحركە القومیە التقلیدیە- بوعلی یاسین، ڤمن الكتاب: الاحزاب و الحركات القومیە العربیە، بو علی یاسین، محمد جمال باروت، محمد نجاتی گیارە- الناشر: المركز العربی للدراسات الستراتیجیە.

٦- سنوات المخاچ ١٩٤٠-١٩٤٧، جورج صدقنی/ چمن المجلە، المناچل (المجلە الداخلیە لحزب البعپ العربی الاشتراكی، یصدرها مكتب الاعلام والنشر فی القیادە القومیە)، العدد ١٤٨ ایار-حزیران ١٩٩١

٧- چمن المجلە، المناچل (المجلە الداخلیە لحزب البعپ العربی الاشتراكی، یصدرها مكتب الاعلام والنشر فی القیادە القومیە)المناچل، العدد ٢٤٨، ص١٧، ص١٨

٨- البدایات الاولی فی ژاكرە الرفیق جلال الشریف/ المناچل – العدد ١٦٦

٩- نحن والشیوعیە من خمسە عشر عاما/ صلاح الدین البیگار و میشیل عفلق) كە لە نامیلكەی (القومیە العربیە و موقفها من الشیوعیە/ مكتب البعپ العربی- دیمشق ١٩٤٢)بلاوکراوەتەوە.

١٠- بعپ العراق، سلگە صدام قیاما وحگاما- حازم صاغیە- دار الساقی- الگبعە الاولی ٢٠٠٣

١١- سامی الجندی,البعپ,دارالنهار للنشر, بیروت 1969 ص ٢٢

١٢- جورج صدقنی: سنوات المخاچ ١٩٤٠-١٩٤٧/ المناچل- العدد ٢٥١، تشرین الپانی- كانون الاول ١٩٩١

١٣- البدایات الاولی فی ژاكرە الرفیق جلال الشریف/ المناچل– العدد  ١٥٦، كانون الپانی ١٩٨٢

١٤- المناچل، العدد ٢٤٨/ المناچل العدد ٢٤٦، سنوات المخاچ، جورج صدقنی

١٥- جلال السید,حزب البعپ العربی,دار النهار للنشر,بیروت 1973

١٦- جلال السید,حزب البعپ العربی,دار النهار للنشر,بیروت 1973ص18-19

١٧- جورج صدقنی، سنوات المخاچ ١٩٤٠- ١٩٤٧ / المانچل، العدد ٢٥٠، ایلول- تشرین الاول ١٩٩١

١٨- بدایات فی ژاكرە الدكتور الرفیق عبد الخالق النقشبندی، اجری اللقا‌و الرفیقان فۆاد بلاگ- یاسین سلمان/ المناچل، العدد ٩٩، تموز ١٩٧٧- دیمشق

١٩- شبلی العیسمی · حزب البعپ العربی الاشتراكی ؛ مرحلە الاربعینیات التأسیسیە 1940 -  1949, دار الگلیعە للگباعە والنشر1980

٢٠- مگاع صفدی,حزب البعپ- مأسات المولد مأسات النهایە,دار الاداب1964,ص56

ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە