ناسك سەعید

بۆ چەندین سەدەیە‌ نایەکسانی جێندەری، بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی كۆمە‌ڵگە‌كانی جیهانی گرتووەتەوە و تا ئێستاش بە‌فۆرم و هزری جیاواز بە‌ردە‌وامە‌، ئیتر لە مافی دەنگدان بێ یان مافی هاوسەرگیری و لەباربردن، یان مافی کاركردن یان دەستەبەرکردنی هاوکاری دارایی، بۆ دابینكردنی ئە‌وانە‌ ئافرە‌تان و ژنانی ناچار بە‌ خەباتكردنی چە‌ندین ساڵە‌ كردووە‌.

ئە‌گە‌رچی لەگەڵ هاتنی ژمارەیەکی زۆرتری ئافرە‌تان بۆ ناو هێزی کار، ڕووبەڕووی کێشەی نایەکسانی داهات و نەبوونی نوێنەرایەتی ئافرە‌تان دەبینەوە، هێشتا شوێنی پێویست بۆ ئافرە‌تان دە‌ستنیشاننە‌كراوە‌ و بەشێک لە کۆمەڵگە‌كان لە ڕێگەی جێندەرییەوە کاردەکە‌ن بۆ نەهیشتنی ئە‌و بۆشاییە‌ی، كە‌ خە‌ریكە‌ نە‌ك كارە‌ بە‌ردە‌ستییە‌كان كۆنتڕۆڵ دە‌كات، بە‌ڵكو سە‌رقاڵی ئە‌وە‌یە‌ لە‌رووی تە‌كنە‌لۆژیاوە‌ نە‌وە‌ی ئایندە‌ش لە‌سە‌ر پرسی رە‌گە‌زی داگیربكات.

ئە‌مە‌ش ئە‌و مە‌ترسییە‌ گە‌ورە‌یە‌ لە‌ئێستادا چالاكوانان و فێمینستیە‌كانی جیهان كاری بۆدە‌كە‌ن و هانی ئافرە‌تان دە‌دە‌ن كە‌ ڕۆڵ و بوونی كاریگە‌رییان لە‌و بابە‌تە‌دا هە‌بێت، ئە‌و ئامانجە‌ی دە‌یە‌وێت زیرە‌كی دە‌ستكرد بە‌شێوازێك بە‌رنامە‌بكرێت تە‌نانە‌ت رە‌گە‌ز و شێوە‌ش بناسێتە‌وە‌، كارە‌ مە‌ترسیدارە‌كە‌ لێرە‌دایە‌، چونكە‌ ئە‌گە‌ر پیاوێك بیە‌وێت كار لە‌سە‌ر ئە‌وە‌ بكات ئامێرێكی بە‌رنامە‌كراو بە‌تە‌واوی لە‌سە‌ر هزری پیاوسالاری دروستبكرێت ئە‌و كاتە‌ بە‌تە‌واوی مێیینە‌ لە‌كارە‌كان دووردە‌خرێنە‌وە‌ و هە‌روە‌ك چۆن لە‌كۆمە‌ڵگە‌دا نایە‌كسانی و هە‌ڵاواردنی رە‌گە‌زی بوونی هە‌یە‌، بە‌و جۆرە‌ش لە‌رووی تە‌كنە‌لۆژیاشە‌وە‌ پیادە‌ دە‌كرێت.

ئە‌وە‌ی ئێستا بۆتە‌ جێگە‌ی نیگە‌رانی ئامرازەکانی زیرە‌كی دە‌ستكرد بە‌شێوە‌یە‌كی نە‌رێنی لایەنگری لە‌ هەندێک گرووپ دە‌كات، کە بەپێی تایبەتمەندییەکانی وەک ڕەگەز، نەتەوە، تەمەن دیاریدەکرێن. لایەنگرییەکانی لەناو کۆمەڵگە‌ بە‌پێی بیركردنە‌وە‌ و بە‌رژە‌وە‌ندی خۆیان دە‌یانە‌وێت سوود لە‌ زیرە‌كی دە‌ستكرد وە‌ربگرن و بە‌كاریبهێنن بە‌جۆرێك بتوانن ئایندە‌ی خۆیانی لە‌سە‌ر بنیاد بنێن.

چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانە‌ی کە تەکنەلۆژیا نوێیەکان دروستی دەکەن، لەوانەش ژیری دە‌ستكرد، یەکێکە لەو بوارانە‌ی ستراتیژی نوێی یەکسانی جێندەری كە‌ بۆ ماوە‌ی پێنج ساڵ لە‌نێوان 2024 بۆ 2029 لە‌ئە‌وروپا پە‌سە‌ندكرا‌، ئامانج لە‌م ستراتیژییە‌ بۆ پابەندبوونی وڵاتانی ئەندامانی ئە‌وروپایە‌ بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری بۆ هەمووان دووپات دەکاتەوە. ئەو پابەندبوونە داوای ئە‌وە‌ دەکات بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی سیستەمەکانی زیرە‌كی دە‌ستكرد، پێویستە هە‌وڵە‌كان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی یەکسانی زیاتر بێت لە‌تە‌واوی رەهە‌ندە‌ جیاوازە‌كاندا.

 زیرەکی دەستکرد لە بنەڕەتدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک یاساوە کاردەکات کە پێیاندەوترێت ئەلگۆریتم. ئەم ئەلگۆریتمانە کۆمەڵە زانیاریی سە‌رە‌كین بەکاردەهێنرێن بۆ دیاریکردنی نەخشە و پێشبینیکردن و پێشنیارکردنی رێڕە‌وی کارکردن. لە کاتێکدا ژیری دە‌ستكرد باشتر دەبێت كە‌ ئە‌گە‌ر بنە‌ماكانی لەلایەن ئەو دروستکەرانەوە دانرابێت كە‌ لایەنگری ڕەگەزی ناكە‌ن، بە‌پێچە‌وانە‌وە‌ ئەگەر بیكە‌ن ئە‌وا کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی سیستەمی زیرە‌كی دە‌ستكرد دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەکارهێنانی لە بڕیاردانی لایەنگری جێندە‌ری، بەهۆی ئەم گریمانەوە‌ زیرە‌كی دە‌ستكرد کاریگەرییەکی زۆری لەسەر یەکسانی جێندەری دە‌بێت بەتایبەت بۆ ئافرە‌تان.

لە‌لایە‌كی دیكە‌وە‌، ئەو ئەپڵیکەیشنە بەناوبانگانەی كە‌ لە‌سە‌ر شێوازی زیرە‌كی دە‌ستكرد بنیادنراون بنە‌ما ڕەگەزییەکان بڵاودەکەنەوە و جیاوازی دروست دە‌كە‌ن، بە‌جۆرێكە‌ كە‌مترین گرنگی بە‌ توانا و لێهاتویی ئافرە‌تان دە‌درێت‌. بێگومان ئەم جۆرە لایەنگرییانە لە‌ كۆمە‌ڵگە‌دا ئافرە‌تان دەخاتە مەترسییەوە بە‌تایبە‌ت لە‌ بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پشتگوێ دە‌خرێن و تواناكانیان بەهە‌ند وە‌رناگیرێت.

ئەمەش دەمانباتە سەر هەندێک لە پرسیارە پەیوەندیدارەکان کە دەبێت وەڵام بدرێنەوە كە‌ بە چ شێوەیەک کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکسانی جێندەری و ئافرە‌تان بە تایبەتی هەیە؟ چۆن دەتوانین بەسەر ئەم لایەنگرییە بنیادنراوەدا زاڵ بین کە لە زیرە‌كی دە‌ستكرددا دەبینرێن؟ هە‌روەها چی بکەین بۆ دروستکردنی بنەما و ئەخلاقی زیرە‌كی دە‌ستكردی بەهێز و یە‌كسانی لە‌جێندەردا؟

لە کاتێکدا دەزانین کە تەکنەلۆژیا سەرهەڵدەدات کۆمەڵێک سوود دەهێنێت، وهاوكات توانای دروستكردنی هەیە لە ژمارەیەکی زۆر لە ئامانجەکانی گەشەپێدان. گرنگە لە کاتی دیزاینکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایانەدا ئەوە لەبەرچاو بگرین کە سوودەکانیان هەمیشە یەکسان بن، بە‌ڵام لە‌واقیعدا بە‌وجۆرە‌ نییە‌، لە هەندێک حاڵەتدا، کاریگەری نەرێنی گەورە و زۆرجار پێشبینینەکراو لەسەر ڕەگەز دێتە‌بوون كە‌ لە‌لای بە‌كارهێنە‌ران چاوەڕواننە‌كراو بووە‌، چونكە‌ لایەنگری ڕەگەزی لەکاتی فێربوونی ئامێردا ڕوودەدات، ئەگەر ئافرە‌تان وە‌ك پێویست بەشداری نەکەن، ئەوا بۆشایی لە زانیاری ژیری دە‌ستكردا دروست دەبێت و هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەڵەی لایەنگری ڕووبدات. ئاشكرایە‌ كە‌ فێربوونی ئامێر لەلایەن مرۆڤەوە سە‌رپە‌رشتی دەکرێت، ئەمەش واتە لایەنگری خۆیان لەناو سیستەمی زیرە‌كی دە‌ستكرد جێگیر دەکە‌ن. یەکەم هەنگاو بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنگریدا دڵنیابوونە لەوەی نموونەکانی ڕاهێنان تا ئەو جێگایەی دەتوانرێت هەمەچەشن بن لە ڕووی ڕەگەزەوە، بۆیە‌ زۆربە‌ی کۆمپانیاکانی زیرە‌كی دە‌ستكرد پێویستیان بە هاندانی ئافرە‌تانە‌ لە کارە تەکنەلۆژییەکان.

زاڵبوون بە‌سە‌ر نەهێشتنی لایە‌نگری یە‌كێكە‌ لە‌و میكانیزمانە‌ی كە‌چارە‌نووسی مافی مرۆڤ بە‌تایبە‌ت مافی ئافرە‌تان بە‌شێوە‌یە‌ك دەهێڵێتە‌وە‌، كە‌ ئافرە‌تانیش وە‌ك پیاوان بە‌شداربوویە‌كی سە‌ركە‌وتوویی ستراتیژییە‌تی پێشكە‌وتنی كۆمە‌ڵگە و جیهان بن، بە‌جۆرێك ئە‌و پلانە‌ مە‌ودا درێژانە‌ی لە‌سە‌ر بنە‌مای تە‌كنە‌لۆژیا و ژیانی داهاتووی مرۆڤایە‌تی دروست دە‌بێت، ئافرە‌تانیش بتوانن رۆڵیان هە‌بێت و تە‌نها لە‌كارە‌ لاوە‌كییە‌كاندا وێنا نە‌كرێن، بۆ نموونە‌ ئافرە‌تان تە‌نها كاڵای بە‌ماركێتینكردنی بە‌رهە‌می كۆمپانیا و دامە‌زراوە‌كان نە‌بن، بە‌ڵكو یە‌كێك بن لە‌بە‌رهە‌مهێنە‌ران و پە‌رە‌پێدانی سێكتە‌رە‌ زانستییە‌كان، بە‌تایبە‌ت لە‌قۆناغی ئێستا و ئایندە‌دا ژیانی مرۆڤایە‌تی چوارچێوە‌یە‌كی جیاوازتر وە‌ردە‌گرێت و بە‌كارهێنانی ژیری دە‌ستكرد بۆتە‌ جێگرە‌وە‌ی زۆرێك لە‌و كارانە‌ی كە‌ دە‌بێت مرۆڤ بیكات، لە‌م سۆنگە‌وە‌یە‌ كە‌ ئافرە‌تانی داهێنە‌ر و زاناكانی جیهان تیشك دە‌خە‌نە‌ سە‌ر ئە‌و مە‌ترسییە‌ی كە لە‌ئێستادا لە‌ كارە‌كانی ژیری دە‌ستكرد دە‌بیندرێت، ئە‌وان لە‌و مە‌ترسییە‌ تێدە‌گە‌ن كە‌  ئە‌گە‌ر زوو پێش بە‌و هزرە‌ نە‌گیرێت لە‌ئایندە‌دا ئە‌و نە‌وە‌یە‌ی پە‌روە‌ردە‌ دە‌بێت نە‌وە‌یە‌ك دە‌بێت تە‌واو هە‌ڵگری هزری پیاوسالاری دە‌بێت و شێوە‌ و فۆرمی پیاو دە‌بێتە‌ رێرە‌وی پێشكە‌وتن و ئافرە‌تان ناتوانن وە‌ك پێویست فریای راستكردنە‌وە‌ی ئە‌و هە‌ڵە‌یە‌ بن كە‌ لە‌مێژووە‌وە‌ درێژە‌ی كێشاوە‌.

هە‌روە‌ك شێلی، كە‌ بەرپرسی سەرەکی کارگێڕی دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانە پێیوایە: ڕۆڵی کۆمەڵایەتی نەریتی ئەوە پیشاندەدات زۆرجار پیاوان گۆڕانکاری دروست دە‌كە‌ن، نەک هەر ئەمە راست نییە‌، بەڵکو دادپەروەرانە نییە بەرامبەر بە هیچ کام لە ڕەگەزەکان ئە‌و كارە‌ ئە‌نجامبدرێت ئیتر لە پیشەسازی تەکنەلۆژیادا بێت یان لەهە‌ر بوارێكی دیکەدا.

 ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەتوانێت  ببێتە‌ فاكتە‌ر دروستكردنی كۆمە‌ڵگە‌ی رە‌گە‌زیی بە‌و مانایە‌ی یە‌ك لە‌ رە‌گە‌زە‌كان زاڵ دە‌بێت و بە‌تە‌واوی دە‌ستبە‌سە‌ر هە‌موو لایە‌نە‌كان كۆمە‌ڵگە‌دا دە‌گرێت، ئە‌م رە‌فتارە‌ پێچە‌وانە‌ی هە‌موو ئە‌و پرسانە‌یە‌ كە‌ گرنگی دە‌دات بە‌ پرسی مافی مرۆڤ و یە‌كسانی و دادپە‌روە‌ری. بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتێكی لە‌و چە‌شنە‌ پێویستمان بە‌ جیهانبینیە‌ك هە‌یە‌ كە‌ گرنگی بە‌ توانا و بوونی هە‌ردوو رە‌گە‌زدا بدات و مرۆڤ بكاتە‌ چە‌قی بنیادنان و گۆڕانكاری، بە‌جۆرێك مرۆڤبوون سە‌نتە‌ری پێشكە‌وتنە‌كان بێت و هیچ كام لە‌بوارە‌كان لایە‌نگری جێندە‌ری پێوە‌ دیارنە‌بێت. بۆ ئە‌وە‌ی كۆمە‌ڵگە‌یە‌كی پێشكە‌وتووی یە‌كسان بە‌رهە‌م بهێندرێت و رە‌نگدانە‌وە‌ی بیركردنە‌وە‌ی هە‌ردوو رە‌گە‌ز لە‌خۆی بگرێت، هە‌ر بە‌و ئاراستە‌یە‌ش بە‌ردە‌وامی پێبدرێت هە‌تا جیهان زیاتر بەها بۆ بوونی توانای مرۆڤ دابنێت نە‌ك لە‌سە‌ر بنە‌مای رە‌گە‌ز تایبە‌تمە‌ندی پێبدات.

 

 *قوتابی دكتۆرا لە‌ میدیا – لە‌ندە‌ن

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە