
سلێمانی/ دلێر عەلی
ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری سلێمانی، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان وەک هەڵوێستێکی نەتەوەیی و مرۆڤی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان دژ بەو شاڵاوە نوێیەی قڕکردن و "جینۆسایدە" ڕێکخست کە ڕووبەڕووی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتەوە.
سەرکۆنەکردنی بێدەنگی نێودەوڵەتی
پێشمەرگە دێرینەکان لە ڕێگەی چالاکییەکەیانەوە پەیامێکی توندیان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و بە توندی سەرکۆنەی بێدەنگبوونی جیهانیان کرد لە ئاست ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێن. ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم بێدەنگییە دەرفەت بۆ دووبارەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی دەڕەخسێنێت.
ڕەخنە لە هاوپەیمانان و هۆشداری لە تیرۆر
لە بەشێکی تری پەیامەکەیاندا، پێشمەرگە دێرینەکان ڕەخنەی توندیان ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد وەک "هاوپەیمان"، بەوەی کە ڕێگەی داوە تاقمە توندڕەوەکان و پاشماوەکانی "جۆلانی" و داعش، دەست بدەنە کوشتنی ژن و منداڵی کورد و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
ئامادەیی بۆ بەرگری
لە لێدوانێکی تایبەتدا، هاوڕێ حەمە ڕەشید قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆمەڵەکەمان وەک هەمیشە ئامادەیی تەواوی تێدایە بەدەم هاوڕەگەزەکانمانەوە بچێت لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئێمە ئامادەین دژی ئەو هێزانە بجەنگین کە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی داماڵراون و خەریکی کۆمەڵکوژین."
ئەم گردبوونەوەیە گوزارشت بوو لە یەکدەنگی پێشمەرگە دێرینەکان لەگەڵ خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و وەک هۆشدارییەک بوو بۆ مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی بیری تیرۆریستی لە ناوچەکەدا.