بیبلۆگرافیای ژمارە 1ی سێیەم ساڵ، كۆتایی كانونی دووەم ساڵی 1982 ، بڵاوكراوەی (ڕێبازی پێشمەرگە) ئۆرگانی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی عیراق..

عومەر خدر كاكیل

 بەرایی..

دوای ئەوەی مامۆستا (مەغدید حاجی) كۆمەڵێ ڕۆژنامە و بەیاننامە و نامیلكەی ساڵانی هەشتاكانی بۆ هێنام تاكو بۆی سكان بكەم و كۆپی لەبەر بگرمەوە. مامۆستاش ئەم ئەرشیفەی لە نووسەر و مامۆستای زانكۆ (پ. د. عوسمان دەشتی) بە ئەمانەت وەرگرتبوو، ئەرشیفێكی دەوڵەمەند و ناوازەی ساڵی هەشتاكان بوو. پاراستنی ئەرشیفێكی ئاوا لەو كات و سەردەم كارێكی ئەستەم بوو، ئاخر دۆزینەوە و ئاشكرا بوونی تەنها لاپەڕەیك بەس بوو بۆ ئەوەی بكەویە بەر دەستی دڕندەترین ڕژێمی ئەو كات كە ڕژێمی سەدام و حزبی بەعس بوو، بێگومان دۆزینەوەشی بەس بوو بۆ ئەوەی كەسەكە بە تووندترین شێوە ئەشكەنجە بدرێت و لەناو ببرێت. بۆیە پێویستە ستایشێكی گەورەی دكتۆر بكرێت بەرامبەر بەو كارەی.

من ئێستا خەفەت لەوە دەخۆم كە ئەو كات ئەو هەموو بڵاوكراوە و ڕۆژنامەمان بەردەوام دەگەیشتە دەست و بڵاومان دەكردەنەوە، نەمتوانی بۆ هەر ژمارەی دانەیەك بپارێزم یان لە شوێنێك حەشاریبدەم، بۆ ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ، ئاخر ئێمە ئەوكات هەمەیشە لەژێر هەڕەشەی گرتن و ماڵ پشكنین بووین بەهۆی پێشمەرگە بوونی باوكم و براكەم، بۆیە بە بەدەستهێنانی ئەم ئەرشیفە گرینگە كۆڵێ خۆشحاڵ بووم و بە شەوقەوە كارم تیادا كردن.

بۆیەش دوای سكان كردن و كۆپی كردن، بەباشم زانی بیبلۆگرافیا بۆ ئەو چەند ژمارەیەیڕۆژنامانەی كە لەبەردەستە بكەم و بیخەمە بەر دەم خونەران بۆ شارەزا بوون لە كار و چاڵاكی پێشمەرگایەتی و ئەو بابەتانەی لەو سەردەم لە ڕۆژنامەكانی حزبی شیوعی عیراق بڵاوكراونەتەوە.

ڕێبازی پێشمەرگە.

ڕێبازی پێشمەرگە "ئۆرگانی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی عیرقە."

بە زمانی كوردی و عەرەبی دەردەكرا. لە عەرەبیەكەی لە ژێر تایتلی سەرەكی نوسراوە (نهج الانصار).

ئەم ژمارەیە 40 لاپەڕەی 15 بە 20سم ە، بە تایپ و ڕۆنیۆ و دەست دیزاین و نەخشەسازی و چاپی بۆ كراوە و بەم شێوەیە دەست پێدەكات.

لە لاپەڕەی یەكەم لە سەرەوە دروشمی حزب (نیشتمانێكی ئازاد و میلەتێكی بەختیار)وچەكوچ و داس، ئینجا لە دەستی ڕاست لەناو لاكێشەیەك (رێبازی پێشمەرگە) بە گەورەیی و بە دەستخەت نووسراوە، لەسەرەوەشی (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی راستەقینە بۆ كوردستان)، لە دەستی چەپیشی لە ناو چوار گۆشەیەك نووسراوە (بە پشتیوانی جەماوەری شۆڕشگێڕ، دامەزراندنی رژێمێكی دیموكراتی و ئۆتۆنۆمییەكی راستەقینە بۆ كوردستانی عیراق دێنیتە دی..)

لە ژێرەوەش نووسراوە (ژمارە 1ی سێیەم ساڵ كۆتایی كانونی دووەم ساڵی 1982.)

ئنجا پێرپێستێك بۆ بابەتەكانی ڕۆژنامەكە لە ژێر ناوی (لەم ژمارەیەدا) نووسراوە لە ستونی بەرامبەریشی لە یادی دووساڵەی ڕۆژنامەكە بابەتێك نووسراوە.

لاپەڕە دوو سپییە، لاپەڕە سێی هەر بەبۆنەی دوو ساڵەی ڕۆژنامەكە بابەتێك لەژێر ناوونیشانی (پیرۆزباییەكی گەرم) نووسراوە.

لە لاپەڕە 4 بابەتی "با ساڵی 1982 ساڵی پەرەپێدانی خەباتی چەكداری ناكۆیی بێ" بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 6 بابەتی "لەناو بەندیخانەكانی فاشستەوە تێنووی ئەشكەنجە و شێوەی ئەشكەنجە داهێنان". بڵاوكراوەتەوە.

لە لاپەڕە 6 بابەبەتی "قادسیە شەق و شوڕەكەی صدام یەك پارچە". بڵاو كراوەتەوە.

لە ڵاپەڕە 9 بابەتی "چەند وێنەیەكی نەمر لە بیرەوەریدا". بڵاو كراوەتەوە.

لە ڵاپەڕە 11 بابەتی "ڕژێمی بەعس و نۆكەرایەتی بە سەرمایەداری جیهانی". بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 13 دوو هۆنراوەی شاعیری شەهیدی بولگاری (نیكۆلای فابتسارۆڤ) لە وەرگێڕانی (حەمەڕەشید) بە ناوونیشانی "گۆرانی ماڵاوایی بۆ خێزانەكەم". بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 14 شیعری "سەركەوتن"ی أ. داستان.بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 15 شیعری "ئێمە" لە نووسینی ب. م. رەحیم بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 16 بابەتێك لەژێر ناوونیشانی "گۆڕانكاریەكانی مەسەلەی بارمتە فەڕەنسییەكان". بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 20 بابەتی "هێڵە بنچینەییەكانی مرەنەكانی مەفرەزەی عەسكەری".

لە لاپەڕە 23 بابەتی "النصیر (پیشمەرگە) لە شەشەمین ژمارەیدا". باس لەو بڵاوكراوەیەی قاتعی بادینان دەكات، بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 24 بابەتی "بەخوێن گەواهینامەی گەل و نیشتیمان دەنووسینەوە". ژیاننامەی چەند شەهیدێك بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 26 شیعرێكی مامۆستا دلزار بە ناوونیشانی " لەیادی ڕاپەڕینە نەمرەكەی كانووندا." بڵاو كراوەتەوە.

لە لاپەڕە 27 بابەتی "لە چاڵاكیەكانی پێشمەرگەكانمان." كۆمەڵێ چاڵاكی پارتیزانی بڵاو كراونەتەوە.

لە لاپەڕە 20 بابەتی "خشتەی ژمارەی چاڵاكییەكانی پێشمەرگەی حزبی شیوعیمان لە تەواوی 1981 دا (ئەوەی كە لە ڕێبازی پیشمەرگە و راگەیاندنی عەسكەری یەكاندا بڵاو كراوەتەوە..)." خشتەیەكە لە چاڵاكیەكانی ساڵیك، زۆر بە وردی ڕۆژ و جێگە و شوێنی چاڵاكیەكە و زیانی دوژمن و شەهیدەكان و دەستكەوتەكانی تێدا تۆمار كراوە.

ئەوەی شایەنی وتنە هەموو بابەتەكانی بەبێ ناوی نووسەرەكانی بڵاو كراونەتەوە، تەنها شیعرەكان نەبێ. تایتلی ڕۆژنامەكە و سەردێری بابەتەكان بە دەستخەت و بە خەتێكی خۆش نووسراون و ناواخنی بابەتەكانیش بە (طابیعە) چاپ كراوە، هەرچەندە هەڵەی چاپ و ڕێنووسی تیایە، بەڵام بۆ ئەو سەردەم و لە شاخ كارێكی باش بووە..