
حەمەسەعید حەسەن
ئه‌وه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، هه‌ر كه پیر بووین، ئیدی ناتوانین عاشق
ببین، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و كاته پیر ده‌بین كه ده‌ست له عیشق هه‌ڵده‌گرین.
گابریل گارسیا ماركیز
ئه‌گه‌ر ئاوی هه‌موو ڕووباره‌كان شیرینه،
ئه‌دی زه‌ریا ئه‌و هه‌موو سوێریییه‌ی له كوێوه هێناوه؟
پابلۆ نێروودا
(كامێرا چاوی مێژووه،)(١) ده‌شێت هه‌مان وێنه، بۆ نموونه وێنه‌ی شارێكی خاپووركراو، ئه‌م بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه هان بدات و ئه‌وی تر بۆ خه‌بات له پێناوی ئاشتیدا. ئۆرهان پاموک له ڕۆمانی به‌فردا فێرمان ده‌كات، به شێوازی نه‌رمونیان به‌گژ توندوتیژیدا بچینه‌وه و به چه‌كی پشتكردنه زه‌بروزه‌نگ، سه‌نگه‌ر له شه‌ڕ بگرین، ئاخر سیگموند فرۆید گوته‌نی: شه‌ڕ ته‌نیا شار و گوند خاپوور ناكات، ده‌روونی ئینسان و به‌ها ئینسانییه‌كانیش وێران ده‌كات.
كاره‌كته‌ره‌یلی رِۆمانی به‌فر، نه هیچ كامیان كاریزمان، نه هیچ كامیان كه‌سێكن له كارتۆن، كه‌سانێكی رِاسته‌قینه‌ی له هه‌ست و بیر و گۆشت و خوێن خوڵقێندراون. كه‌سانێكن هاوزه‌مان سه‌رقاڵی كێشه‌ن له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌شیاندا. زۆربه‌یان كه‌سانێكن نا‌ئومێد و په‌راوێزخراو كه به تاقی ته‌نیا به‌ره‌و رِووی چاره‌نووسی دژواری خۆیان ده‌بنه‌وه. كه‌سانێكن له واقیعێکدا ده‌ژین، تاڵ و دژوار، هه‌ر چی ده‌كه‌ن، ناتوانن هیچی لێ بگۆرِن. كه‌سانێكن چ وه‌ک بیركردنه‌وه و و چ وه‌ک هه‌ڵسوكه‌وت، كه‌سیان له‌وی دیكه‌یان ناچێت، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، پاموک توانای خوڵقاندنی كه‌سانی نه‌مری هه‌یه.
به‌عس به شۆرِشێکی (سپی) ده‌سه‌لآتی گرته ده‌ست، وه‌لێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَتی له‌كیس نه‌چێت، عێراقی نوقمی (خوێن) كرد. هێشتا بۆم ساغ نه‌بووه‌ته‌وه، به‌عس و ئیسلامی سیاسی، كامیان له‌وی تریان دلۆڤانتره؟ ئاخۆ هیچ جیاوازییه‌كی بنه‌رِه‌تی له نێوان (عه‌وده) و (ده‌عوه)دا هه‌یه؟ ئاخۆ ئه‌وه رِێککه‌وته كه ته‌نانه‌ت له هه‌مان كۆمه‌ڵه حه‌رفیش پێك هاتوون؟ (من هه‌میشه ویستوومه ولاَته‌كه‌م گه‌شه بكات و مرۆڤه‌كانی ئازاد و هاوچه‌رخ بن، به‌لاَم هه‌میشه ئایینه‌كه‌مانم وا هاتووه‌ته به‌ر چاو كه دژی ئه‌م خواستانه‌یه.)(٢) كه له خویَندنه‌وه‌ی رِۆمانی به‌فر بوومه‌وه، به‌و سه‌رئه‌نجامه گه‌ییشتم كه ئیسلامییه‌كانیش، ئیدی توندرِۆ بن یان نا، ته‌واو وه‌ک به‌عس كێیان بوێت تیرۆری ده‌كه‌ن و تاوانه‌كه‌یش وه‌پاڵ بكه‌رێکی نه‌ناسراو ده‌درێت.
پاموک له رِۆمانی به‌فردا هه‌وڵ ده‌دات پێمان بڵیَت: دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی، ئه‌ڤین، ئازادی و شكۆمه‌ندیی ئینسان، بابه‌تگه‌لێكن نه‌مر، نه له شوێنێکدا گیر ده‌خۆن و نه تایبه‌تن به سه‌رده‌مێکی دیاریكراو، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو كاتشوێنێک ده‌ست ده‌ده‌ن. نیشتمان نه (كۆمه‌ڵه‌شاخیَكی سه‌خت و گه‌ردنكه‌شه،)(٣) نه ده‌شتێکی به‌رینی به‌پیت، نیشتمان نه دۆڵ و رِووباره، نه دارستان و نێرگزه‌جارِ، ولاَتێک شیاوی ئه‌وه‌یه، پێی بڵێین نیشتمان، یه‌كسانی باڵی به‌سه‌ردا كێشابیَت، تێیدا ئینسان هه‌ست به ئازادی بكات و شكۆمه‌ندیی پارێزراو بێت. ئینسان كه نیشتمانی خۆی بەجێ ده‌هێڵێت و له تاراوگه ده‌گیرسێته‌وه، نیشتمانی خۆی له‌كیس دەچێت، وه‌لێ تاراوگه نابێت به نیشتمانی، كه پاش ساڵانێكی دوورودرێژ بۆ زێدی خۆیشی ده‌گه‌رِێته‌وه، هه‌ست ده‌كات، ئه‌وەی بۆی گه‌رِاوه‌ته‌وه، نیشتمانه‌كه‌ی جاران نییه. وه‌ك چۆن ئینسان ناتوانێت دوو جار له هه‌مان رِووباردا مه‌له بكات، هه‌ر وایش ئه‌وی نیشتمانی خۆی بەجێ هێشت، ئیدی جارێكی دیكه به هه‌مان نیشتمان شاد نابێته‌وه، با بۆیشی بگه‌رِێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی له رِۆمانی به‌فردا، به‌رده‌وام به‌فر ده‌بارێت، وەلێ (قارس) ئه‌و شاره‌ی سه‌كۆی به‌سه‌رهاته‌كانی رِۆمانه‌كه‌یه، ده‌ڵێیت گرِكانێكی تازه‌هه‌ڵچووه. ئه‌ده‌بی دوای دووه‌مین جه‌نگی جیهانگره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیایی، ئه‌ده‌بی داروپه‌ردووی پیَ ده‌گوترێت، هه‌قه ناوی ئه‌ده‌بی به‌فر و گرِكان، له‌و ئه‌ده‌به‌ی ئۆرهان پاموک ده‌ینووسێت، بنێین. رِۆمانی به‌فر، فیلمێکه نه‌مر و شیعرێكه بازنه‌یی، نه سه‌ره‌تایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه، نه كۆتایی پێ دێت، رِۆمانێكه ده‌ستپێکی له كۆتایی و كۆتایییه‌كه‌ی له ده‌ستپێک ده‌چێت، رِۆمانێکه كاره‌ساتگه‌لێک ده‌گێڕێته‌وه كه هیچ له‌وه ناچێت كۆتایی‌یان هه‌بێت.
رِۆمانی به‌فر هەرچەندە به شێوازیَكی ڕاسته‌خۆ بانگەشه بۆ ئایدۆلۆجیایەک ناكات، وه‌لێ ده‌ستبه‌رداری خه‌ون و خه‌یاڵی ئینسانه په‌راوێزخراوه‌كانیش نه‌بووه، رِۆمانی به‌فر ئه‌گه‌رچی ته‌مومژاوی نییه، وه‌لێ تەنک و ساكاریش نییه. ئۆرهان پاموک بەبێ ئه‌وه‌ی هانای بۆ رِه‌مز یان ئه‌فسانه و داستان بردبێت، هەرچەندە باسی ململانێی سیاسی و فیكریشی كردووه، وه‌لێ خۆی له ڕِاسته‌خۆیی پاراستووه.
ڕۆمان ئەگەرچی ده‌قێکی رِیالیست نییه، به‌رهه‌مێکه له‌سه‌ر بناغه‌ی خه‌یاڵ رِۆ نراوه، وه‌لێ وێرِای زاڵبوونی خه‌یاڵ به سه‌ریشیدا، هه‌ر جێی متمانه‌ی خوێنه‌ره و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌و هه‌سته‌مان له‌كن دروست بكات كه ئه‌وی ده‌یخوێنینه‌وه، به‌سه‌رهاتێكی ڕاسته‌قینه‌یه، نه‌ك زاده‌ی خه‌یاڵ. ڕۆماننووس ڕووداومان بۆ ناگێرِێته‌وه، ڕووداومان بۆ ده‌خوڵقێنێت، ئاخر ئه‌ركی ئه‌وه نییه، ڕووداوی رِاسته‌قینه‌مان بۆ بگیَرِێته‌وه، ئه‌ركی ئه‌وه‌یه ئه‌و وه‌همه‌مان له‌كن دروست بكات، ئه‌وەی بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، رووداوێكی ڕاسته‌قینه‌یه.
نووسه‌ری گه‌وره نه ده‌بێتە كۆیله‌ی ئه‌م یان ئه‌و فیكر، نه مل بۆ ئه‌م یان ئه‌و پیرۆزی كه‌چ ده‌كات و نه به هیچ پاساوێكه‌وه، ئازادیی ئه‌وانی دیكه پێشێل یان زه‌وت ده‌كات. نووسه‌ری گه‌وره، دیلی زیندانی بیرێک نییه، به‌رده‌وام بیر ده‌كاته‌وه، هه‌میشه له گوماندا ده‌ژی و هه‌رگیز به یه‌قین ناگات. ئه‌ینشتاین پێی وابوو، خه‌یاڵ له مه‌عریفه گرنگتره. رِۆمان زاده‌ی تیَگه‌ییشتنێكی مۆدێرن یان ڕه‌سه‌ن نییه، زاده‌ی خه‌یاڵێكی به‌رین و به‌پیته. هه‌قه نووسه‌ر هه‌میشه ئه‌و ڕاستییه‌ی له خه‌یاڵ بێت.
به هۆی (به‌فر)ی (پاموک)ه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی، رِۆمان گرنگترین ژێده‌ره بۆ ئاشنابوون له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا. بۆ ناسینی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا، رِۆمانی به‌فر، كۆمه‌كێكمان ده‌كات، به ده‌یان كتێبی بواری كۆمه‌ڵناسی كه ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌لایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا نووسرابن، نیو هێنده به هانامانه‌وه نایه‌ن. رِۆمانی (به‌فر)ی پاموک، به شێوه‌یه‌كی هێنده هونه‌ری و بوێرانه به گژ تیرۆر، عه‌سكه‌رتاریا، چه‌وساندنه‌وه‌ی فیكری، سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌چێته‌وه، به هه‌ق شیاوی ئه‌وه‌یه، بە لوتكه‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاربوونه‌وه، ناوزه‌د بكرێت.
سه‌ردار به‌گ كه سه‌رنووسه‌ری رِۆژنامه‌كه‌ی شاری قارسه، (به‌رده‌وام له پارێزگاوه، فه‌رمانی بۆ دێت، قولی كێ ببات به ده‌مدا.)(٤) پاموك هه‌ر ده‌ڵێیت باسی ئێستای باشوور كوردستان ده‌كات، ئاخر لای ئێمه‌یش، ده‌سترِۆییشتووی بواری رِاگه‌یاندن هه‌یه، پێی وایه رِۆژنامه‌وانانی به‌رده‌ستی میلیشیان، بۆیه هه‌ر جاره و شه‌رِی لایه‌نێک، بڵاكراوه‌یه‌ک یان كه‌سێکیان پێ ده‌كات.
جێی خۆیه‌تی ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره ناسراوانه‌ی كورد كه سالاَنێكی دوورودرێژه سه‌رقاڵی وه‌رگیێڕِانن و خۆیان به پسپۆرِی ئه‌و بواره و شاسواری ئه‌و مه‌یدانه ده‌زانن، به وردی وه‌رگێرِانه كوردییه‌كه‌ی رِۆمانی به‌فری ئۆرهان پاموک بخوێننه‌وه، تا له (به‌كر شوانی)یەوە، فێری زمانی پاراوی كوردی و هونه‌ری وه‌رگێَرِان ببن.
*
(١) سۆزان سونتاگ.
(٢) ئۆرهان پاموك، به‌فر، وه‌رگیَرِانی: به‌كر شوانی ل١٤٩ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٧ هه‌ولیَر.
(٣) گۆران.
(٤) ئۆرهان پاموك، به‌فر، وه‌رگیَرِانی: به‌كر شوانی، ل٤٢٢ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٧ هه‌ولیَر.