
خدر ئیبراهیم خدر
قەڵادزێ
لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی مرۆڤەکان لەتوابایاندایە کەم و زۆر درک بە گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرهەنگی و ئابووری و سیاسییەکان بکەن، بەڵام لەوەدا بەرخودارنین بتوانن ئەو گرفت و ئاریشانە بگوازنەوە ناو کایەی نووسین و، تەوزیفی بکەن. ئیدی لە کڵاوڕۆژنەی هەر سووژەیەکی ئەدەبییەوە بێت، جیاوازییەک دروست ناکات. بەهەمان شێوە لەوەدا بەرخودانین بتوانن بە بوێرییەوە لەناو عەوامدا دەنگی لێ بهێین و بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا قسەی لەبارەوە بکەن و، لەپەناشییەوە دیدی خۆیانی لەبارەوە دەرببڕن.
لێرەوەیە جیاوازی لەنێوان مرۆڤێکی ئازا و قەڵەمبەدەستێکی هەقنووس و ڕاستبێژ لەگەڵ ئەوانی دیدا دێتە ئارا کە بوێری دەداتە بەرخۆیی و، بەپشت بەستن بە زەخیرە مەعریفی و کەلتووری و فەرهەنگییەکانی دەتوانێت شۆڕبێتەوە بەناو قووڵایی ناخی کۆمەڵگەدا و، لەچوارچێوەی قسەکردن و نووسین سەبارەت بە گرفت و ئاریشە جۆراوجۆرەکان، بەدواداچوونی ورد بۆ پاشخان و ئێستا و داهاتووی ئۆردوی چین و توێژەکانی خەڵکی بکات و، بە چاوی کڕیار شتەکان هەڵبسەنگێنێت. ئەمەش تەنها لەپێناوی بەرجەستەکردنی مەیل و خواستێکی تایبەتی ئەبستراکتدا نییە، بەڵکو لەوە واوە دەڕوات و، بۆ ئەوەیە کە وەک ڕۆشنبیر و مەعریفەکارێک هەڵە و خەوش و کەموکوڕییەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و کاراکتەرە دەستڕۆیشتووەکانی ناو کایەی دەسەڵات دەستنیشانبکات و، پەنجە بخاتە سەر زام و برینە بەسوێ و دەڵەمەکان. لەهەمانکاتیشدا هەمووان بۆ ئەوە بانگهێشت بکات کە لەپێناو چارەسەریدا بکەونە خۆ و قۆڵی لێ هەڵبماڵن، بەچاوپۆشین لەوەی ئەو چارەسەرییە هەنووکەیی بێت یاخود قۆناغ بە قۆناغ و درێژخایەن بێت.
ئەو چەشنە مرۆڤە قسەکەرە ئازا و قەڵەمبەدەستە هەقنووس و ڕاستبێژانە لەوە بەئاگان کە ئەرکی مرۆڤی هوشیار و ڕووناکبیر ئەوەنییە ڕتووشی ئەو هەڵە و خەوشانە بکات کە لەلایەک بەرپرسانی دەسەڵات ، لەلایەکی تریشەوە بەشیک لە مرۆڤەکان کۆمەڵگە هۆکاری بوون، بەڵکو ئەرکی ئەوان ئەوەیە پەردە لەسەر ئەو هەڵە و خەوشانە لابدەن و، لەفۆرمێکی ئەدەبی و ئیتیکی خوازراودا لێیان لەهەڵلا بدەن و، هەڵەکار و خەوتوو و بێئاگاکان هوشیاربکەنەوە.
*
وەختێک قەڵەمبەدەستیكی وریا و بەئاگا و وردبینی وەک ( عەزیز نەسین ) دێت لەڕێگەی تەوزیفیکردنی هەڵە و دزێوییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگەی تورکی لەلایەک و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە لەلایەکی ترەوە تەوزیفی وشە و نووسین دەکات و، لە بۆتەی چیرۆک و داستان و ڕۆماندا ڕەنگڕێژیان دەکات. ئیحای ئەوە بە تاکەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات دەدات کە کام تای تەرازووی ژیان لەڕووی کەلتووری و ئابووی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لارە و، نیازی بەوەیە بەشێوەیەکی ئەقڵانی و لۆژیکی هاوسەنگ بکرێتەوە..
ئەو لەوەدا هەمان ڕێچکەی هونەرمەندی کۆمتراژیدی جیهانی ( چارلی چاپلن ) ی گرتۆتەبەر لە دەرخستن و پەردەهەڵماڵین لەسەر ناشیرینی و دزێویەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیدا. تەنها جیاوازییە لە لەوەدایە کە ( چارلی چاپلن ) لەڕیگەی وێنەوە ئەوە بە دیدی بینەر دەگەیەنێت، لەکاتێکدا ( عەزیز نەسین ) لەڕێگەی وشەوە موخاتەبەی دید و ئەقڵ و زاکیرەی خوێنەر دەکات. لەهەمانکاتدا لەودەمەی ( چارلی چاپلن ) واقیعی ژیانی ژێر سێبەری دەسەڵاتی سەرمایەداری و مۆدیلی بەماددەبوونی ژیان لە کورتە فیلمە بێدەنگەکانیدا بەردەستە دەکات، ( عەزیز نەسین ) دێت واقیعی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی کۆمەڵگەی تورکی ژێر هەژموونی دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و تۆرانی دەخاتەڕوو.
لەکاتێکدا ( چارلی چاپلن ) لەڕێگەی فیلمەوە کەسێتی و کار و ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانی کەسێکی وەک ( ئەدۆلف هیتلەر ) ی سەرکردەی پارتی ( نازی ) لە ئەڵمانیا لەڕووانگەیەکی کۆمیدییەوە ڕەخنەباران دەکات. ( عەزیز نەسین ) لەڕێگەی وشە و گفتارەوە ڕەفتار و هەڵوێستە سیاسییە شەڕانگێزی و ڕەگەزپەرستییەکانی بەرپرسانی تورک دەخاتە بەر بەشتەری ڕەخنەی قەڵەمەکەیی و، لەمیانی دیدارێکی لەگەڵ گۆڤارێکی ئەڵمانیدا کە لەسەرەتای نەوەدەکاندا ( کە نووسەری ئەو وتارە لەساڵی ١٩٩٤ وەرگیڕاوەتە سەر زمانی کوردی و، لەیەکێك لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی برایەتیدا لەهەمان ساڵدا بڵاوکراوەتەوە ) بەسەرسامییەوە پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا لە وڵاتەکەیدا کورد بوونی هەیە یان نا؟! ئەگەرچی یاسای دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی دان بە بوونیان دانانێت وەک نەتەوەیەکی جیا لەتورک، بەڵام خودی ئەو یاسایە بڕیاریداوە لە مامەڵە فەرمییەکاندا وەرگێری تورک دابنرێت بۆ وەرگێرانی قسەکانی ئەو کوردانەی بە مەبەستی کارەکانیان ڕوو لە فەرمانگە حکومەییەکان دەکەن! ئەمەش بە جۆرێک لە تەنز و گاڵتەپێکردنەوە دەردەبڕێت و، ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکەی دەکات.
بەهەمان شێوە ( عەزیز نەسین ) لەو دیدارەدا ڕێنوێنی بەرپرسانی سیاسی وڵاتەکەی دەکات کە چیتر درێژە نەدەن بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد وەک ڕەگەزێکی جیا لە تورک لە وڵاتەکەیدا. چونکە ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی سەلامەتی وڵات بپارێزرێت، بەڵکو ڕێگە خۆشدەکات تاکو هەمووان بکەونە چاڵێکەوە خودی خۆیان هەڵیانکۆڵیوە و چەندی توانیویانە قووڵیان کردووە!
*
ئەوەی ( عەزیز نەسین ) لەمیانی چیرۆک و داستان و ڕۆمانەکانیدا نووسویەتی و، تیایدا پشتی بە واقیعی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سایکۆلۆژی و سیاسی خەڵکی وڵاتەکەی بەستووە، دەکرێت لەچەندین ڕووەوە بەسەر واقیعی کۆمەڵگەی کوردەواری لەلایەک و، بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی زۆر کۆمەڵگەی تری ڕۆژهەڵاتیدا لە کیشوەری ئاسیادا ، لەلایەکی تردا پراکتیزەبکرێت. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەکرێت پانتایی ئەو پراکتیزەکردنە، ڕووبەڕیکی جوگرافی گەورەی کیشوەری ئەفریقیا و ئەمەریکای لاتینیش بگرێتەوە. چونکە جگە لەوەی لەزۆر ڕووەوە چوونییەکی فەرهەنگی و ئایینی و کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەیە، لەهەمانکاتدا لەڕووی سیاسیشەوە تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی یەکتری، لەژێر هەژموونی ستەم و نادادی و گەندەڵی و خراپەکاری ئیداریدا دەناڵینن. ئیدی ئەو ستەم و نادادی و گەندەڵی و خراپەکارییە سەرچاوەکەی تاکە کەسی بێت یاخود گروپ و دەستەی تایبەتی بێت یاخود حزبی بێت، جیاوازیەک درووس ناکات.
*
( عەزیز نەسین ) لە میانی دوو ڕۆماندا کە لەژێر ناوی ( گێلەپیاو ) و ( برایم زبۆک ) دا نووسیونی و بڵاویکردونەتەوە، بەشێوەیەکی وەستایانە دیوێک لە دیوە نەرێنییەکانی کۆمەڵگەی تورکی خستۆتە ژێر تیشکی وشەکانی و، بەجۆرێکی سەرنجڕاکێش ڕەخنەی لێگرتووە. ئەگەرچی نووسەر لەو دوو ڕۆمانەدا دوو واقیعی پێکدژ لەناو هەناوی کۆمەڵگەدا بەرامبەر بەیەکتری ڕادەگرێت کە لە یەکێکیاندا تاکە کەسێک گیرۆدەی فێل و ساختەکاری و تەلەکەبازی عەوامە. بە پێچەوانەشەوە لە ئەوی تریاندا عەوام گیرۆدەی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازی تاکە کەسێکە. بەڵام هەردوو نموونەکە وەک سووژەی ڕۆمانەکان لەوەدا یەکدەگرنەوە کە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و دەردەدار لە وڵاتەکەیدا بوونی هەیە و، زۆرینەی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لەڕاستەڕێی ژیانکردنی درووست و تەندرووست لایانداوە.
*
نووسەر لە ڕۆمانی ( گێلە پیاو ) دا کۆمەڵگەی کردۆتە سەنتەر و تیادا نمای کەسێکمان نیشاندەدات کە بەهۆی دڵسافی و سادەلۆحییەوە بەدەست خراپەکارییەکانی عەوامەوە گیرۆدەیە و، بەشی زۆری مامەڵە و هەڵسوکەوت و هەڵسان و دانیشتنی لەتەکیاندا بەوە کۆتایی دێت کە بکەوێتە زیندان و، لەپشت میللەکانی زیندانەوە درێژە بە ژیانی فیزیکی خۆی بدات.
هەڵبەت، نووسەر لە میانی ڕۆمانەکەوە دەیەوێت ئەوە بە خوێنەر بلێت کە ئەگەرچی کۆمەڵگە بێبەزەیی و بەرژەوەندخواز و خۆپەرستە، بەڵام خودی ( گێلە ) ش خەتابارە، بەوپێیەی درێژەدان بە دڵسافی و سادەلۆحییەکەی وادەکات بەردەوام فریو بخوات، هەروەها نەشتوانێت بای ئەوەندە ئیرادە و ئازایەتی بداتە بەرخۆی، لێیەوە توانستی ئەوەی بۆ درووستببێت ڕووبەڕووی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەنازی ئەوانی تر ببێتەوە. بە کورتییەکەی نەتوانیت درک بەو ڕاستییە بکات کە بڕوا و ڕووحییەت و ئیرادەیەکی بەهێز لەتوانایدایە لە زۆر لە گرفت و دژوارییەکان قووتاری بکات و، لەجێگەی ئەوە وەک ڕێویەکی دۆڕاو بکەوێتە زیندان، وەک شێرێکی نەبەزیو لە دەرەوەی زیندان هەناسەی ژیان بدات.
لەو ڕۆمانەدا ( گێلە ) ی تامەزرۆی ( شامی کەباب ) و ( هاوەڵی هەمیشەیی ژووری زیندان ) نمای کەسێتییەکی شکستخواردوو هەیە کە لە بۆتەی سەرخانی کۆمەڵایەتی تورکیادا بەردەوام جەڕڕە و فەڕڕە دەدرێت و، هێشتاش ناتوانێت بەوهێندە ئەقڵ کۆبکاتەوە لەداوی فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازییەکان ڕزگاری ببێت.
لەهەمانکاتدا نووسەر لە میانی ڕۆمانی ( برایم زبۆک ) دا تاکەکەسێکی کردۆتە سەنتەر و تیایدا نمای کەسێکمان نیشاندەدات کە تابڵێی ساختەکار و دووڕوو و بەرژەوەندخواز و خۆپەرستە و، کۆمەڵگە بەدەستییەوە وەزاڵە هاتووە و، مرۆڤەکانی سەری دونیایان لێ هاتۆتەوە یەک.
فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازییەکانی ( برایم زبۆک ) وەک پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە بەڕادەیەک مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی نائارام و پەشیو کردووە کە هەمووان بە تەواوی بێنە سەر بڕوایەی کە وەک چۆن پێشێنان تویانە " هەزار دۆستت هەبێت کەمە، بەڵام یەک دوژمنت هەبێت زۆرە ". ئەوانیش لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و شیمانەی ئەوە بکەن کە " هەزار پیاوچاک هەبن کەمە، بەڵام یەک پیاو خراپ هەبێت، زۆرە ".
نووسەر لەڕێگەی ئەو ڕۆمانەوە دەیەوێت پێمانبڵێت کە خراپەکاری ئەو کەسە تەنها پەیوەست نییە بە نییەتخراپی و بچووکی و بەرژەوەندخوازی خۆیەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بە بەرپرسانی دەسەڵاتەوە. چونکە دەسەڵات نەک هەر نەیتوانیوە ڕێگە لە دەرکەوتن و مانەوەی ئەو چەشنە کەسانە بگرێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەشێک لە بەرپرسانی دەسڕۆیشتوو لەڕوانگەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و قازانجی شەخسییەوە ئامادەن بە ئاشکرا و نهێنی دەستی ئەو چەشنە کەسانە بگرن و، بۆیان ببنە فریادڕەس و لە ئۆقیانووسی مەترسییەکان بیانپەڕێننەوە.
چەندەش بەرژەوەندی بەرپرسانی دەسەڵات لەگەڵ ئۆردووی خراپەکاراندا زیاتر یەکانگیرببێت، گۆمەڵگەش زۆرتر بەرەو وێرانی دەچێت و، ڕایەڵە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی دووچاری لێکترازان دێت.
*
من وایدەبینم، ( عەزیز نەسین ) وەک نووسەرێکی بەئەزموون بەر لەوەی وشە بخاتە سەر کاغەز و، سەبارەت بە دزێوی و ناشیریینەکانی وڵاتەکەی بە زمانێکی تەنزئامێز بنووسێت و بدوێت، هاوڵیداوە لە نزیکەوە لە مرۆڤەکانی وڵاتەکەی ڕابمێنێت و، گفتار و کردار و ڕەفتار و مامەڵە و جموجۆڵەکانیان بخاتە ژێر چاودێری خۆی. بۆ ئەمەش لەکاتی کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیدا، بە وردی سەرنجی لە بابای فرۆشیر داوە. لەکاتی سەرکەوتن بۆ ناو پاس یاخود تەکسیدا، بەوردی سەرنجی لە کابرای شوفێر داوە. لەکاتی پیاسە و گەڕاندا، بەوردی سەرنجی لە ڕێبواران و پیادەڕەوان و ماتۆڕسواران داوە. لەکاتی سەردان و وتاردانی بەرپرسانیشدا، بەوردی سەرنجی لە گفت و بەڵێن و ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری ئەوانداوە...
لەمەشەوە ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە پیاوخراپان لایانوایە مرۆڤی چاک و خزمەتگوزار لە کۆمەڵگەدا نەماون. پیاوچاکانیش لایانوایە هەموو بنیادەمەکانی کۆمەڵگە پیاوچاک و خزمەتگوزارن. هەروەها ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە هەر کەسێک بەڕبەی خۆی شتەکان دەپێوێت و، بەتەرازووی هەڵسەنگاندنی ئەوانی دی ڕازی نییە. بەهەمانشێوە ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە " قسەی چاک درەنگ دەگاتە جێگەی خۆی، بەڵام قسەی خراپ هەمووان پۆستەچین بۆی "...
ئەو ڕاستییە تاڵەشی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی هیچ نازانن، بەردەوام قسەدەکەن و وشە بەملاولادا فڕیدەدەن، بەڵام ئەوانەی کە دەزانن، تەنها لەکاتی پێوست و لەو سەروەختەدا دەدوێن کە پرسیاریان بەرەو ڕوو دەکڕیتەوە یاخاود نیازێکی گەورە ناچاریان دەکات بدوێن و قسەبکەن.
ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی بەدوای هەڵە و خەوش و کەموکوڕی ئەوانی ترەوەن، لەهەمووان زیاتر هەڵە و خەوش کەموکوڕییان لە بونیادی خویاندا هەیە و، مەبەسەتیانە لەو ڕێگەیەوە کێماسییە گەورەکانی خۆیان دەبپۆشن.
دوواجاریش ئەو ڕاستییە تاڵەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەوانەی دەتوانن لە بارودۆخە ئاسایی و نائاساییەکاندا هاوسەنگی مرۆڤی خۆیان
ڕابگرن کەمینەن و، ئەوانەشی ناتوانن ئەو هاوسەنگییە ڕابگرن، زۆرینەن...
* گێلەپیاو- ڕۆمان، عەزیز نەسین، وەرگێڕانی: عەبدوڵڵای حەسەن زادە، چاپی حەوتەم، هەولێر، ٢٠١٠
* برایم زبۆک، عەزیز نەسین، وەرگێرانی: سەعید یەحیا، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ١٩٨٥
٢١ / ٦ / ٢٠٢٤