
کەریم کاکە
رێزدار گوشاد حەمە سەعید نووسینێکی جوانی لە بارەی رۆمانی (دەروێشێ ئەڤدی-کۆڕژنێ لە خوێنەوە) بڵاوکردۆتەوە، لەوێدا سەرنجی لە بارەی هەندێ وشە و دەستەواژە دەربڕێوە، من لەبەر ئەوەی زۆر گرنگی بە زمان دەدەم، هەر کەسێ وشەیێ، دەربڕینێکم بۆ راستبکاتەوە، سوپاسی دەکەم. با بزانین لەو وشانەی ئەو پێیوایە من سەچیخ چوومە،وایە، یان نا؟ با ئەوەش بڵێم، من لە وشە و داڕشنی رستە پتر پشتم بە ئاخافتنی بەرەی کۆن( داک و داپیر، باب و باپیر...) بەستووە و دەبەستم، کەمتر وشەدان و نووسینی نووسەران. ئاشکرایە بەکارهێنابی هەندێ وشە و دەستەواژە، لە ناوچەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی، لە زار و بنزارێکەوە، بۆ زار و بنزارێکی دی، دەگۆڕێ، بۆیە بڕیاردان لە سەر راستی و هەڵەیان قورسە، پێویستی بە بەدواداچوون هەیە.
١- نەخشەکارتەڕدەستانە مافوورەکەی بەرەواژ کردەوە،..
کاک گوشاد دەڵێ :
((لێرە وشەی بەرەواژکردن بەکار ناهێندرێ بەڵکە وشەیەکی وەک وەرگێڕان، یان هەڵگەڕاندنەوە، یان دیوەودیو کردن زۆر جوانترە، چونکێ وشەی بەرەواژ پتر بۆ جلوبەرگ یان تورەکە کە سەر لەبەری دیوەو گۆڕ بکرێ بەکاردەهێندرێ..))
من دەڵێم: وشەی بەرەواژ بۆ رایەخیش بەکاردێت، بیستوومە دەگوترێ: تەشکبەڕەکەی بەرواژ راخستووە، ئەوەی نەخشکار کردوویەتی، رووەکەی دیکەی مافوورەکەی پیشانی ئەیدلێ داوە.
٢-ئەگەر خودا مەیلی لەسەر بێ، بەرد دەبێتە نمە.
ئەو دەڵێ :
((لەڕاستیدا نەمزانی وشەی نمە چیە ئایا مەبەستی نمەکە، کە دەکاتە ئەو هەنگوتکە هەویرە نەرمەی بۆ نان ئامادەدەکرێ؟ یان ئەو نیونمەکەی لەشوێنی بەئازاری مرۆڤ دەنرێ بۆ شکانی ئازاری ئێسک و ماسولکە.))
من دەڵێم:
نمە: وردە بارانە، هەر نمەی بارانە، چ پێوەندی بە نمەک و ئەنگوتکەوە نیە. ئاشکرایە باس باسی دڵڕەقیی بابی ئەیدڵێیە کە وەک بەردە، ئەوجا ئەگەر خودا مەیلی لە سەر بێ، نەرم دەبێ، بەرد دەبێتە ئاو، دەبێتە نمە.
٣-هێشتا تفەنگهاوێژێکی مابوو بگەنە کۆشک، هەدبان حیلاندنێکی تایبەتی کرد، پێشتر کەس حیلەی وای لێ نەبیستبوو،
ئەو دەڵێ:
((جوانتربوو بینووسیبا هەدبان بە شێوازێکی تایبەتی حیلاندی.چونکە حیلاندن فیعلە، وەک کردیش هەر فیعلە، ناکرێ بڵێی کەلەشێر بانگدانێکی کرد،بەڵکە قووقاندی یان مەلا بانگدانێکی کرد، بەڵکە دەوترێ بانگیدا.))
من دەڵێم:
وشەی (حیلاندن) کار(فیعل) نیە و چاوگە، چاوگیش لە رستەدا وەک ناو بەکاردێت. راستە ئەوە بۆ (بانگدان) نابێت، بەڵام بیرمە باپیرم دەیگوت: گوێڕادێرن، دەروێش برایم چ بانگدانێک بانگدەدا.
لە زۆرانم بیستووە: وای، ژنە چ لەخۆدانێکی کرد! منداڵەکە چ گریانێکی کرد، چ گریانێک گریا! ئەسپەکە حیلاندنێکی کرد، کاریتە و شەقرە لەرینەوە.
دیارە لە رۆمانەکە ( ئەسپەکە حیلاندی، ئەسپەکە دەحیلێنێ...) زۆر بەکارهاتووە، بەڵام (حیلاندنێکی کرد) لە شوێنی پێویست بەکارهاتووە.
٤- پەژیوانی، پەشیمانی
ئەو دەڵێ:
((چەند جارێک وشەی پەژیوانی بەکار هێندراوە، لەڕاستیدا پەژیوانی واتەی پەشیمانی دەدا و پەشیمانی ڕاستترە ،چونکە واتە لە ڕایەکەی خۆم یان کارەکەم پاش گەزبوومەتەوەو پاشەکشەیلێدەکەم، لەپاش، یان لەدواوە دەمێنمەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی بۆ کورداندن پەژیوانی بەکاردەهێنن چونکە دەنگی ژ لە ش لەرەدارترە))
من دەڵێم:
هەردووکیان راستن، لە ئاخافتندا بەکاردێن، من بە زۆری پەژیوانی بەکاردەهێنم، پێموایە ناسکتر و لەبەردڵانترە.
٥- لە شەڕێکی سێ شەو و سێ رۆژە، ئەو بەرەیەی شەڕ، ئۆسمانییەکی پێوە نەما، خوێن دەڕۆیی چەشنی جۆگان، لاشە کەوتبوو مینا گردان، بە خوێنی سەد جانگۆریی گەشمردە، ئۆسمانی لەو ناوە تەفروتوونا بوون
ئەو دەڵێ:
((بە خوێنی سەدجانگۆڕی گەشمردە . ماناکەی لێڵەئە))
من دەڵێم:
واتاکەی روونە، دیارە لەشکری زۆر پاشا سەد شەهیدیان داوە.
جانگۆری: گیانفیدا، گاینبەختکەر
گەشمردە: شەهید
٦- ناسین و ناسینەوە
ئەو دەڵێ:
لە لاپەڕە ۳۷لەدێڕی پێش دواییدا نووسیویەتی:ئەگەروابێ باشە، بەڵام من ئەیدڵێم نەدیوە،لەناوچاوی بشیبینم، نایناسمەوە...
سەرنجبدە دەڵێ ئەو کچەم نەدیوە، لەدواییدا دەبێ بڵێ بۆیە گەر بیشیبینم نایناسم نەوەک نایناسمەوە، چونکە نەناسینەوە بۆ کەسێکە پێشترێ دیتبێتت یان ناسیبێتت، دەبوو بڵێ وێنەکەشی ببینم نایناسم، جگە لەوە پەڕەگرافی...لەناوچاوی بشیبینم،بەزیاد تێدەگەم.
من دەڵێم:
راستە، ناسینەوە بۆ ئەوەیە کە پێشتر کەسێ یان شتێکت بینیبێ. بەڵام لەو شوێنەی من (ناسینەوە)م لە شوێنی(ناسین) بەکارهێناوە، جیاوازە، راستە نەخشکار ئەیدلێی نەدیوە، بەڵام باسەکە وێنەی ئەیدلێیە لە ناو چاوی دەروێش، پێموا نیە بە هەڵەم بەکارهێنا بێ، ئەوەیان قسە هەڵدەگرێ.
کاک گوشاد لە دوا دێری نووسینەکەی دەنووسێ:
ئەمە جگە لەهەندێک خاڵی دیکە کەجگە لە زمان وردبوونەوە هیچی دیکەنین، وەک هەمیشەهیوای سەرکەوتنی گەورەتربۆکەریم کاکەی هاوڕێ وبرادەرخوازم.
منیش دەڵێـم:
سوپاس، خۆزی ئەوانیشت دەنووسی و کەلکم لێ وەردەگرتن.
دووبارە دەستخۆشی لە کاک گوشاد دەکەم بۆ خوێندنەوەی رۆمانەکە و تێبینییەکانی.