
باسی عاشقبوونم دەگێڕمەوە
شیعری: ئیبراهیم هەورامانی
دەستم دەگرێ و
دەمباتەوە بۆ ئەو شەقامەی،
تا درەنگانێكی ڕۆژ،
پێكەوە،
باسی جوانییەكانی ژیانمان بۆ یەك دەكرد.
ئێستا دەستم،
لەنێو دەستەكانیدایە و
لەژورێكی ماڵەكەمدا،
بەتەنیشتمەوە دانیشتووە تەنیایی.
ئەو لەمن دەڕوانێت و
من باسی تۆی بۆ دەكەم.
پێی دەڵێم،
هێندە نەرم و نیان بوو،
ئەو نەبا،
من بەهارم نەدەناسی،
تامی گێلاسم نەدەكرد،
نەمدەزانی باران هێندە میهرەبانە
مانگ،
چەندین گۆرانی خۆش دەزانێ
ئەستێرە عاشقە و
ئەو نەبا،
من نەمدەزانی لەداییك بووم.
بەڵێ....
بەڵێ.....
تەنیایی
بێدەنگ
بێدەنگ
بەدیارمەوە دانیشتووە و
منیش،
وەك كەسێكی ڕاوار
وەك فزوولیەك و لەخۆ بایی
باسی تۆی بۆ دەكەم و
دەڵێم،
ئەڵڵا،چەندە یەكترمان خۆشدەوێ!