
بڕیار عەبدولرەحمان - ڕواندز
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، لە چالاكییەكدا رێز لە زرار محەمەد مستەفا بگیرێت.
رۆژی 1-7 یادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر (زرار محەمەد مستەفا)یە و لەپای ئەو حزمەتە بەردەوامەی كە كردوویەتی، لە چالاكییەكی جیاوزادا بڕیارە رێزی لێبگیرێت.
مامۆستا (یاسین برایم)، باس لەوە دەكات كە ئەو هەم قوتابی هەم دۆستێكی نزیكی مامۆستا زرار بووە و باس لەوە دەكات كە پێشتر كتێبی (شامارێ پەریا)، كە ئەفسانەیەكی كوردییە بە شێوە ئاخاوتنی ڕواندزێ نووسراوە، پێشكەشی مامۆستا زراری كردووە. دەشڵێت: لەم پانێڵەی ئەمڕۆشدا كە لە شاری ڕواندز بەڕێوەدەچێت، بە بابەتێك بەناونیشانی (ئاوڕێك لە بزاوتی ئەدەبیی لە كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی، لقی ڕواندز)، بەشداریمكردووە. روونیشیدەكاتەوە كە دوای پانێڵەكە، كتێبەكە وەك ناساندن و بڵاوكردنەوە بە كتێبدۆست و هاوڕێیانی مامۆستا دەبەخشێت. "ئەم كارەم وەك ڕێز و وەفایەكە بۆ ئەو كارانەی مامۆستا ئەنجامیداوە، هەمیشە كە ساڵیادی لەدایكبوونیەتی، هاوكات ساڵیادی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەشە (٧/١/ ١٩٧٧)، كە لەسەر دەستی ئەم هونەرمەندە مەزنە دامەزراوە". گوتیشی: "مامۆستا زرار خزمەتێكی گەورەی پێشكەشی گۆرانی و هونەری كوردی كردووە، منیش بە بڵاوكردنەوەی كتێب، ئەم یادە بەرز ڕادەگرم، چونكە هەمیشە شایەنی ڕێزگرتنە".