محمدی مام ڕەسوڵ

 

ڕێگایەکم پێ بڵێ نەچێتەوە سەر شیعر

چونکە دەزانم !

لەگەڕەکی شەوەکانی ئەوێ

چەند خۆت لە کولانەوەم وەردەدەی ؟!

نازانم تۆ لەکام کڕێوەی بەیانیدا

خۆت هەڵدەدەیتە ناو خوێناوی ئێوارەکانی منەوە ؟!

تۆ ئەوەندە بەردەکانی ترست ،

بەر سێوەکانی شیعرو

بەر سیلەی کۆڵانەکانی زاکیرەم کەوتوون

پێدەچێ ئەو نەورۆزەش

گوڵەکانی ناو ئینجانەی هەناسەکانم ئاو نەدەی !!