حەسەن هەندرێن

 

۱- بەرسیرین

وەک سێبەرێکی قوڕس و گران

لەدومدەخشێ

تا دەروازەکانی شکۆ.

۲- هەموو ساڵێ، لەیەک کاتدا

بەرسیرین

ناڵینێکی پێیە، ئاگرین

لەدومنابێتەوە

تا دامێنی ئاوارەیی.

٣- بەرسیرین

چیدی گوندێک نییە بە باسکێکەوە

دوو باڵی فریشتەییە

کۆتەڵی داربەڕووێکی بەکۆڵداداوە

تا ئەودیوی بەربەڕۆژ.

٤- هەموو ئێوارەیەک،

بەرسیرین

دەکەوێتە داڵغەی بینینەوەی باڵایەک

پێی لە بەژنی دارسەروو جوانتر بوو.

٥- هەندرێنی باپیرم دەیگوت:

بەرسیرین، بەشەوێک پیر بوو

لە خەونی هەمان شەودا، دوو ددانی کەوتبوون

ترسی لێ غالب بوو

بە کێوان کەوت

بە پرچ و ڕیشێکی تێکەڵ

لەسەر تەپۆلکەیەک کڕ کەوت

فریای هەڵگرتنەوەی پردیش نەکەوت

لە خوارەوە وەک ڕایەڵێک جێیهێشت

لەو ڕۆژەوە

هەموو ئێواران کەزییەکانی دەکاتەوە و

بە ڕووباریان دادێرێ

خەمین زۆر خەمین، بە کراسێکی بۆر

بە ڕیزێک ددانی کلۆر

بیر لە پیربوونی خۆی دەکاتەوە

بیر لەو هەموو لاوکانە دەکاتەوە

بێباکانە

 ڕۆیشتن و سەرێکیان لێ نەدایەوە.

تێبینی:

بەرسیرین، ناوی گوندێکە لە باڵەکایەتی، لێرەدا وەک ناوێکی سیمبولی بەکارم هێناوە و ڕۆڵی بکەرێکی خەمناک دەگێڕێ، لە پای شەهیدبوونی سەید مستەفای باوکم دا لەوێ.

غالب: زاڵ