(٦٢)

فەقێیەکی شەشڕوو

 

 لە حوجرە و قوتابخانەی محەمەدییە، فەقێیەک لەگەڵمان بوو، زۆر هاوڕێی بووین.

فەقێیەک، سەرەتا هەمووان وەک پەپوولەیەک و مرۆڤێکی ڕۆحانی و زۆر خواناس لێی حاڵی ببووین، بەڵام دواتر دەرکەوت هەموومان فریومان خواردووە و وا نییە. هەموو شتێکمان بۆ ئاشکرابوو و لە کۆتاییەکەیدا ماسکی ساختەی ڕووی ئەو فەقێیە کەوت.

ئەو فەقێیەکی زۆر دووڕوو بوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، هەر کاتێک و بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!

دەمێک پەسنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەدا، دەمێکی دیکە سەرەدانی کۆمەڵی ئیسلامی دەکرد و دەیگوت عەلی باپیر عەبقەرییە. دەمێکیش دەبوو بە سۆفی و مامۆستا مەلاعەبدولجەباری زەرگەزەوی دەبردە کەشکەڵانی ئاسمان.

 ڕۆژی دواتر دەیگوت، سۆفیزم خورافەیە و مەدحی  ئەنسارولئیسلام و مەلاکرێکاری دەکرد. ئەو پێشووتر لە زەرگەزەوی و ناو سۆفییەکان فەقێیاتی کردبوو.

بۆ خوا و بۆ مێژوویش بڵێم، کە لە وانەکانی فەقێیاتی، فەقێیەکی زیرەکیش بوو.

بەتایبەتی لە نەحو و سەرف و زمانی عەرەبی. بە حوکمی ئەوەی لە شوێنێکی نزیک مووسڵ هاتبوو.

جا ئەو فەقێیە، بابەتی ئەو گێڕگۆڕینەی فیکر و ڕوو و هەر ڕۆژەی مەدحکردنی ئاڕاستەیەک، تەبعەن لای مەلاکان وای نەدەگوت، تەنها لای من ئەوەی دەدرکاند.

 لای مەلاکان خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و زۆر دڵسۆز پیشان دەدا.

لە نواندن و نمایشدا فەقێیەکی تا بڵێیت زۆرزان و زیرەک بوو.

ئەو دەبوا  ئەکتەر و شانۆکار بوایە، نەک فەقێ. هاهاها.

زمانێکی عەیب نەبێت، زۆر لووس و عەجیبی پێوە بوو.

بە قسەشیرینەکانی سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕادەکێشا.

زۆر مەکربازیش بوو. لە کاتی قسەکردن، کچانە ئۆین و نازی دەکرد.

جا بەو بۆنەیەوە،  لەڕێگای ئەو نمایش و زمانلووسییەوە، توانی قەناعەت بە مجێور و مەلاکان بێنێت، بەوەی لەناو مزگەوت و لە دەرەوەی حوجرە و دوور لە تێکەڵاوی فەقێکانی تر،  ژوورێکی تایبەت و تەنهای وێ بدەن. دوای خوێندنی وانەکان و نانخواردن، بۆخۆی لەو ژوورە دەمایەوە و دەخەوت.

 ئەو مەلایانەی کە وانەیان بە ئێمە دەگوتەوە، هەموویان بە ئاراستەی حیزب و ئـایدیۆلۆژیا یەکگرتووبوون.

تەنها دانەیەکیان نەبێت، کۆنەموجاهید و کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامی بوو، مەلا(ع. مەمک).

ئەو مەلا کۆنەبزوتنەوەیە، حافیزولقورئانیش بوو. وانەی فیقهی ئیسلامی(فتح القریب)ی بە ئێمە دەگوتەوە.

 ئەلحەق، زۆرزۆر کەیفی بەمن و هەروەها ئەو فەقێیە زمانلووسە دەهات.

لای ئەو فەقێیە زمانلووسە گوتبووی: من هی ئەوە نیم، لێرە و لە کونجی ئەو مزگەوتە دانیشم. خۆزگە جیهاد هەبوایە و بەشداریم تێدا کردبا، بەڵام ئاخ، چی لە هەڵکشانی تەمەن و زرووف بکەم.

فەقێیەکە خۆی ئەوەی بۆمن باسکرد.

 ئەو مەلایە لە فیکردا زۆر توندبوو. ڕۆژێک نازانم چۆن بوو لە کاتی وانەگوتنەوە، بابەتی دروستبوونی مرۆڤ هاتە ناو بابەتەکە و مەلا دابەزییە سەر(PKK) و گوتی: مارکسی و بێباوەڕن، لەکاتی دەستپێکی پەخشی کەناڵەکەیان، مەبەستی(میدیاTv)بوو، هەموو بەیانییەک، فیکری داروین و تیۆری پەرەسەندن پەخش دەکەن. ئەوان بیروباوەڕ چەپ و هێزێکی مولحیدن. مەلا سەبارەت بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)وای گوت.

ڕۆژەک گوتم: مامۆستا وێنەچرکاندن و وێنەکێشی حەڵاڵە؟

گوتی نەخێر، حەرامە و شەرعەن دروست نییە.

من خۆشم ئەوکات فەقێیەکی زۆر توندڕۆبووم و لەناخەوە بیروباوەڕی جیهادیم هەبوو!

دواتر قسەی ئەو مەلایە(وێنەکێشان و وێنەچرکاندن)ــەکەم 

 بە مامۆستاکانمان(مەلا یەکگرتووەکان)گوت. مەلاکان زۆر بەوە تووڕە و قەڵس بوون و گوتیان ئەو پیاوە، کۆنەبزووتنەوەیە و زۆر توندە، گوێی بۆ نەگرن، ئەوە ئەقڵ و مێشکی فەقێکانمان لێ دەشێوێنێت. ساڵی دواتر ئەو مەلایە لە وانەگوتنەوە نەما. ئەوەی ڕاستی بێت، نازانم هۆکارەکەی چی بوو، بەڵام پێدەچێت هەر بەو بۆنەیەوە لابرابێت.