حافیزولقورئان و پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە!

جا مامۆستا سەعدەدین، لەوانەوتنەوەش، خۆی و براکەی(مەلا سەلاحەدین)، دوو مامۆستای زۆر زیرەک بوون. لە میرات مامۆستا سەعدەدین نەبوا فیلمم دەسووتا، مەلایەکی بەتەمەن هەبوو(م. وەرتێ)، وەک لە بەشەکانی پێشووتر باسم لێوەکرد،  (شەرحی ڕەحەبییە) و بابەتی میراتی پێ دەووتینەوە، هیچی لێ حاڵی نەدەبووم.

ئەو مەلایە، من و ئەو قەت دۆینمان پێکەوە نەدەکوڵا و خۆشیمان بە چارەی یەکتری نەدەهات و ڕقی یەک دنیامان لێکتری دەبوویەوە !

 مەلا سەعدەدین ، کە فەقێکان هەموومان پێمان گوت: هیچ لە بابەتی میرات تێناگەین لەم مەلایە.

 دووبارە وانەکەی پێدەگوتینەوە، بەڵام دەیگوت: با ئەو مەلایە  پێی نەزانتەوە، کە من، دووبارە وانەکەتان پێ دەڵێمەوە، نەوەک دڵگران و زویر بێت.

براکەیشی وەک ئاماژەم پێ کرد، مامۆستابوو و زۆرجار پێی دەگوتم: تۆ پەپوولەی. چەند فەقێیەکی زۆر عەجووڵ و خراپمان لەگەڵدا بوو، پێی دەگوتن: عەمرتان نەمێنێت، هێندە لەگەڵ شەماڵ دەگەڕێن، هەر هیچ نەبێت، لێی فێری ڕەوشت و میهرەبانی و هێمی بن.

مامۆستا مەلا سەلاحەدین، پێی دەگوتم: شەرم دەکەم سەیرت کەم، فەقێیەکی هێندە بەڕێز و بەئەدەب و بە کەسایەتی و به هەیبەتیت.

ئەو مەلا سەلاحەدینە، خۆیشی پەپوولە بوو، فەقێکان وامان پێ دەگوت. مەلایەکی تا بڵێیت هێمن و میهرەبان بوو. مەلایەک، پڕی لە سۆز و لێبووردەیی و حیکمەت.

دواتر کاتێک ئامادەیی ئیسلامیم تەواو کرد و  ڕۆیشتم بۆ زانکۆی سەلاحەددین و کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەویش هات بۆ خوێندنی باڵا و (ماجستێر).

 کە منی بینی، چاک و چۆنی و هەواڵپرسینمان کرد، زۆر دڵخۆشبوو و گوتی: مەلا شەماڵ، دەزانیت تۆ فەقێیەکی زۆر بێ ئەمەک و  بێ وەفایت؟

ئێمە لە قوتابخانەکەمان سوێندمان بەسەرت دەخوارد و هێندە خۆشمان دەویستی، کەچی تۆ بە تەواوی پەیوەندیت بچڕاند و سەردانمان ناکەیتەوە لە قوتابخانە !

گوتم: مامۆستا  ڕاستە، حەقتە گلەیی بکەیت.

دوو ساڵ بەر لەئێستا، پێوەندیم پێوەکرد، بڕوانامەی کەلۆریەکەمم دەویست، بۆ تەعدیل شەهادەی ماجستێرەکەم، دیاربوو تۆزەک نیگەران و دڵگران بوو لێم ! 

دەیگوت: بیستومەتەوە، گۆراوی، زۆرم پێ ناخۆشە. 

مەلا شەماڵەکەی حافیزولقورئان، پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە !

هەرچەندە هیچ  موناقەشەی نەکرد و لەسەر ئەو گۆڕانەفیکرییەی من نەدوا، بەڵام گوتی شەماڵ هێشتاش هەر زۆر خۆشم دەوێیت.

 مەلایەکی تریشمان هەبوو، مەلا(م.نۆغەرانی)، لە پۆلی پێنج،  ڕۆژەک پێم گوت: مامۆستا بۆچى ناوی من ناڵێیت کاتێک دەڵێیت دەی تۆ بیخوێنەوە!؟ ئەوەم زۆر پێنا ناخۆشە، کە دەڵێیت دەی تۆ.

 خۆ تۆ ناوی هەموو فەقێکان دەهێنیت، تەنها من نەبێت !

من ئەوەم وەک جۆرێک لە سووکایەتی و حیساب بۆ نەکردن وەرگرتبوو.

گوتی: ئاخر تۆ پەپوولەی بۆیە. پێکەنی و ئینجا گوتی فەقێى خراپ و تەمەڵ و  عەجووڵەکان زۆر زوو ناویان دەزڕێت و  ناوەکانیان لەبەر دەکرێت و بەدەر دەکەون، بەڵام  فەقێ ئاقڵ و باش و زیرەک و بێدەنگەکانیش هەمیشە درەنگتر، بۆیە ببموورە.