بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان

به‌شی یه‌كه‌م

 

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان، بەرهەمێکی ناوازەی(دۆیستۆیفسکی) فەیلەسوف و گەورە نووسەر و بیرمەندی ڕووسییە و یەکێک لە شاکارە ناودارەکانی جیهان. بەرهەمەی بە زمانی عەرەبانم خوێندەوە. 

ئەو بیرەوەرییە تراجیدیکیانەی لە کاتی خوێندنەوەیاندا قەیسەری ڕووس "ئەلیکسەندەری دووەم"ی خستەگریان و فرمێسکی بە کووڵ و پڕ لە ئازار وەک لێزمەی باران لەسەر گۆنای ڕیزیان بەست.

ئەو بیرەوەرییە تاڵ و بەسوێ و بە ئازارانەی دۆیستۆیفسکی لەبارەیانەوە دەڵێت"هەرکاتێک بیرم دەکەونەوە، ئازارە کۆنەکان لە ناخمدا وەئاگادێنەوە و دەروونم دەگوشن و هەست بە خنکان دەکەم."

ئەو ڕۆمانەی تۆلستۆی گەورە نووسەر لەبارەیەوە دەڵێت"ئەگەر کتێبە پیرۆزەکان نەبوان، ئەوا دەمگوت بیرەوەرییەکانی دۆیستۆیفسکی کتێبی پیرۆزە."

ناڵێین(بیرەوەریەکانی ماڵی مردوان.)باشترینی بەرهەمەکانی دۆیستۆیفسکییه، وەلێ وەک بەشێک لە ڕەخنەگران و لێکۆلەران بۆچوونیان وایه کە ئەو شاکارە جیهانییە سەرەتا و بناغەیەکی باش و گرنگی ئەو ئەوجۆرە ئەدەبەیە کە پێی دەڵێن: ئەدەبی گرتووخانە(ٲدب السجون).

 (بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان)،

دەست پێک و سەرەتای گەشەی کاری فیکری و ئەدەبی دۆیستۆیفسکی و پێگەیشتنیەتی لەوبوارەدا.

دواتر (لەتاوان و سزا)دا دۆیستۆفیسکی دەگات بە لوتکەی داهێنان و هەڕەمی نووسین و دەبێت بە ئایکۆنێکی ئەدەبی جیهانی و کۆتا وێستگەی داهێنان و دواقۆناغی نووسین و ژیانی ئەدەبیشی شاکارە ناودارەکەی(برایانی کارامازۆف)دەبێت.

ئەو شاکارەی کە چوار مانگ بەر لە مردن و لە ساڵی١٨٨٠ و لە دوو توێی ڕۆمانێکی نزیکەی ٤٥٠ لاپەڕەیی هاتە بڵاوکردنەوە.

دۆیستۆیفسکی بیرمەند و گەورە نووسەر، لێهاتوویەکی بێ وێنە و زیرەکییەکی بێ ئەندازە و توانایەکی پەرچوو ئاسای هەیە لە تیشک خستنە سەر دیاردەکان و پەنجە خستنە سەر برینەکان و لە چوونە قوڵایی ناخی کەسایەتییەکان و لە شیکاریکردنی سایکۆلۆجییەتی تاک و شیتەڵکردنی گەردوونە نەبینراو و جیهانە ناوەکییەکەی مرۆڤ و باس کردن لەو ململانێ و ناکۆکییانەی ناخی مرۆڤ.

 ئەو ناکۆکییانەی کە مرۆڤ پێیەوە گیرۆدەیە و بە دەستییە و دەناڵێنێت و دۆزینەوەی چارەسەری بۆیان.

دۆیستۆفسکی،  بە شێوازێکی هێندە بەرز و جوان و ئەفسووناوی و بە زمانێکی هێندە شیرین، زمانێک، کە جادوو لە خوێنەر دەکات و مەستی ناواخنی چیڕۆک و ئاوێتەی قووڵایی ڕووداوەکانی دەکات و وا لەخوێنەردەکات بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە سەرەداوی ڕووداوەکان بکات و پەڕەکان وەربگێڕێت.

"گەیشتم بە زیندان. ئەوشوێنەی دەبێت ساڵانێکی زۆر تێیدا بمێنمەوە....کێ دەزانێت لەوانەیه ئەفسووسی بۆ بکێشم کاتێک لێی دەڕۆمە دەرەوە و جێی دێڵم".

بەو تێکستە دۆیستۆڤسکی هەستی خۆیمان بۆ باس دەکات لەیەکەم چرکەساتی گەیشتن بە زینداندا.

 لە زیندانی سیبیریا.

دۆستۆیفیسکی دەیەوێت بەو ڕستەیە پێمان بڵێت مرۆڤ تاقە بوونەوەرە کە دەتوانێت لەسەر شتەکان ڕابێت و خووی پێوەبگرێت.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

شاکارێکی"دۆیستۆیڤسکییە و  لە ساڵی١٨٦١، یەکەم چاپی لێ بڵاو بووەوە.

پاڵەوانی بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

 (ئەلیکسەندەر پترۆفیتش)ناوێکی خوازراوە و لە ڕاستیدا گوزارشتە لە کەسایەتی نووسەر خۆی.

دۆیستۆیفسکی لە ساڵی١٨٤٩ی زایینی و بە تۆمەتی دژایەتیکردنی قەیسەر(نیکۆلای یەکەم) و دەسەڵاتی پاشایەتی و ئەندامبوون لە کۆمەڵەیەکی یاساغدا، زیندانی دەکرێت و بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

 بەڵام دواتر سزاکەی بۆ چوار ساڵ زیندانی لەگەڵ کاری قورس کەم دەکرێتەوە و ڕەوانەی گرتووخانەی کارکردنی زۆرەملێی سیبیریا دەکرێت.

 بۆیە: بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان،

 بیرەوەری و چیڕۆکی ئەو کاتەی زیندان و ئەزموونی ژیانی دۆیستۆیفسکی خۆیەتی.

ئەزموونێکی پڕ لە نەهامەتی و  تاڵ و سەخەت. دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە گروپێکی یاساغ، گرووپی (ئیشتراکییەکان)، دەیگرن و ڕاپێچی زیندانی سیبیریای دەکەن و به سزای مەرگ، سزای دەدەن و دۆستۆڤسکی نزیک دەبێتەوە لە سنوری مەرگ و جێ بەجێ کردنی سزاکە، وەلێ چانس یاوەری دەبێت و  بڕیارێک لە قەیسەرەوە دەردەکرێت و سزاکەی ئەلیکسەنەدەر لە سزای مەرگەوە، بۆ چوار ساڵ زیندانی کردن لەگەڵ کاری قورس سووک دەکرێتەوە.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

ئاوێتەیەکە لە ڕۆمان و یاداشتی ڕۆژانە و ژیانی کەسێنی و مێژوو و فەلسەفە و شیکاری دەروونی.

نووسەر لەسەر زمانی پاڵەوانەکەی"(ئەلیکسەندەر پترۆفیتش)، دۆخی سایکۆلۆجی و فیزیکی زیندانییەکان و ئەو ئەزموونە تاڵەی خۆی کە لەگەڵی ژیاوە، دەگێڕێتەوە.

ئەو شوێنەی ئازار و نەهامەتی و ترس و خەم و نائومێدی لێ لەدایک دەبێت.

ئەو شوێنەی بەشێک لە ڕەخنەگران پێی دەڵێن دۆزەخەکەی دانتە.

بگرە زۆر خەراپتر. ئاخر دۆزەخەکەی دانتە خەیاڵی بوو، بەڵام ئەوەی زیندانی سیبیریا، یەڕاستی و حەقیقەتە.

 گەر فەڕەنسا  بە زیندانە مێژووییە ناودارەمەترسیناکەکەی(زیندانی باستێل)ناسرابێت.

ئەمریکا بە گوانتانامۆ و عیراق بە ئەبوو غرێب، ئەوە ڕوسیای سەردەمی قەیسەر و پاشایەتی و یەکێتی سۆڤیەتیش بە سیبیریا.

ئەو زیندانەی دۆستۆیڤسکی تێیدا تووشی نەخۆشیی پەرکەم دەبێت و هەموو ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە و بە دەستیەوە دەیناڵێنێت و کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانی درووست دەکات.

لەو زیندانەی دۆستۆیڤسکی تێدا زیندانی کراوە، تێیدا یاداشتەکانی خۆی دەنووسێتەوە و وردودرشتی هەموو ئەو ڕووداو و چیڕۆک و بەسەرهاتیانەی تێداتۆمار دەکات کە خۆی لەگەڵیاندا ژیاوە و بە چاوەکانی خۆی بینیونیەتی.

لە کاری قورس و دڵ ڕەقی پاسەوانە جەللادەکان و برسییەتی و ترس و لێدان و سووکایەتی پێکردن و..تاد.

دیمەنی ئەو زیندانە و چیرۆکی ئەو زیندانیانەیەی کە هەر یەکە و حەکایەتێک هێناونیەتە ئێرە و تۆمەت و تاوانێک بە پشت چواردیوارەکانی زیندانەکەی سپاردوون.

ئەو زیندانیانەی هەیانە نە هەست بە پەشیمانی دەکات لەو تاوانەی ئەنجامی داوە و نە خەجاڵەتی دایدەیگرێت و نە ویژدان دەناسێت و نەیش حیساب بۆ  ئەخلاق و مۆڕال و بەهاکان دەکات!

 بگرە  بەرجەستەکەرێکی تەواوی کەسایەتی ئەهریمەن و ئایکۆنی شەڕانگێزی و خەراپەیەکی ڕەهایە.

لە نموونەی پیاوە ترسناکەکە(ئۆرلۆف).

ئەو پیاوەی بە تۆمەتی جەردەیی و  ڕێگری خراوەتە زیندان. پیاوێک، داچۆڕاوە لە هەموو بەهایەکی ئینسانی و دڵی بووە بەرد و ویژدانی مردووە و منداڵ و بەساڵداچووەکان دەکوژێت.

کوشتنێکی زۆر هۆڤانە. کەسێک نە لە سزا دەترسێت و نەئێشاندن سلی پێ لە تاوان دەکاتەوە. ئەو بەرگەی هەمووجۆرە ئازارێک دەگرێت.

ئەو کەسێکی سادیکە و لە هەمان کاتدا مازۆخیشە.

سادیک، چێژ لە ئازاردانی بەرامبەر و کوشتنی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوان دەبات.

مازۆخیش لە ئازار و سزدانی خۆی هەمان شێوە چێژ دەبات !

بالکۆشین، زیندانیەکیترە. بالکۆشین کەسێکی گاڵتەچیبووە و هەر ئەو گاڵتەیەش هێناویەتە ناو چوار دیواری زیندان.

ئەو بە گاڵتە ڕووی دەمانچەکە دەکاتە هاوڕێکەی و بە هەڵە دەستی بەر پەلەپیتکەی دەمانچەکە دەکەوێت و فیشەکێکی کوێر، هاوڕێکەی دەپێکێت و دەیکوژێت و بە هۆیەوە زیندانی دەکرێت.

لۆقاکۆزمیتش:

 گەنجێکی بنەچەئۆکرانی. کەسێکی لە خۆبایی. تاوانبار و گرتیێکیترە و تاوانەکەی ئەوەیە کە کاتێک گوێی لە کەسێک دەبێت، دەڵێت "من قەیسەرم، من خوام"، بێ لام و جیم یەکسەر دەیکوژێت و ناتوانێت بەرگەی بیستنی ئەو قسەیە بگرێت و کاردانەوەی لادروست دەبێت و کۆنتڕۆلی ئەقل و هێزی دەروون لەدەست دەدات و ئەو تاوانەی کوشتن ئەنجام دەدات.

ئارستۆڤ:

 ئەو زیندانیکراوەی دۆستۆیڤسکی پێی دەڵێت ئەو گوزرارشتە لە شپرزەیی و شێواوی ڕۆح و زۆر لە ڕۆحە شپرزە و شێواو و تێکچووەکەی کارەکتەری"بکازیمۆدۆ"ی پاڵەوانی ڕۆمانی(پشت قەمبورەکەی نۆتردام )ی ڤیکتۆر هۆگۆدەکات.

غازینی تەتەری:

زیندانییەکیتر. ئەو پیاوە دەروون نەخۆشەی  چێژ لە سەربڕینی منداڵ دەبات و بەرلەوەی هەر مناڵێک بکوژێت،  بە جۆرەها شێوە دەیان تۆقێنێت و پاشان دڕندانەترین و ترسناکترین جۆر دەیان کوژێت.

ئەو پیاوەی دۆستۆیڤسکی لەبارەیەوە دەڵێت: خاوەن دوو چاوی عوسمانلیانەیە، کەسێکی یاخییە، دڵ ڕەق و بۆگەنە، ئەو وەحشێکی دڕندەیە، بوونەوەرێکی ترسناکە، جاڵجالۆکەیەکی مەزنە لەناو پێستی مرۆڤدا، ئەهریمەنە، کاتێک سەرخۆش دەبێت، بە چەقۆ پەلامار و هێرش دەکاتە سەر ئەوانیتر.

ستارۆدۆب:

زیندانییەکیترە. ئەو پیاوەکی دانعەمرە و بەهۆی کێشەیەکی مەزهەبی و ئیدەلۆجییەوە تووشی زیندان بووە.

تاوانەکەی ئاگر بەردانیەتی لە کلێسایەکی ئەرتۆدۆکسییەکان. چونکە ئەو کەنیسەیە سەر بە مەزهەبێکیتری جیاواز لە مەزهەکەی ئەو بووە و بەو کارەی بە حیسابی خۆی، خزمەتی بیروباوەڕ و ئایینەکەی خۆی و پەیامی خوداوەندی کردووە.

ئەو شانازی بەو کارەیەوە دەکات و هیچ لێی پەشیمان نییە.

ئەو زیندانییەکی باوەڕدارە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزە.

 هەموو زیندانیان خۆشیان دەوێ و ڕێزی دەگرن. کەسێکی جێگەی متمانەیە و زیندانییەکان پارەی خۆیان لای ئەو دادەنێن و بە باپیرە بانگی دەکەن !

تۆبۆلسک:

سەرۆکی گرووپێکی مافیا و جەردە و ڕێگرە.

کەسێکی ترسناک و ئارەزووبازە.

دۆیستۆیڤسکی ئەو یاداشتەی بە نهێنی لای یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی ناو زیندانییەکەی سیبیریا دێتەپاراستن و دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و ئازادبوونی دۆیستۆیڤسکی، ئینجا دێتە بڵاوکردنەوە و دەبێتە شاکارێکی جیهانی و بۆ هەرمان ئەستێرەی بەختی لە ئاسمانی ئەدەبدا بە درەوشاوەیی و ناوی لە یادگەی مرۆڤایەتی و تۆماری کەلەپووری مێژوودا بە زیندوویی و نەمری و جاویدانی دەمێنێتەوە.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

ئەو شاکارەی لەناو منداڵدانی زیندان لە دایک بوو.

لەو شوێنەی نووسەر پێی دەڵێت: ماڵی مردووان.

 ئەو کەسەی چووە ئەو شوێنە، ئیدی تەواو کۆتایی پێهات. ئەگەر بە فیزیکیش نەمرێت و کۆتایی پێنێت، ئەو بە ڕۆح و لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە مرد و کۆتایی پێهات و ئیدی دەچێتە ڕیزی مردووان.

ئەو زیندانەی بووە هۆکاری لە دایکبوونی ئەو شاکارە مەزنە و کودەتا و گۆڕانکاری لە جیهانبینی و بیروباوڕ و دەروونی دۆیستۆیڤسکی و سزای زیندان و یاسای وڵات.

"دەبێ سوپاسی ئەو چارەنووسە بکەم  کە ئەزموونکردنی  ئەو نەهامەتییانەی پێ بەخشیم، ئەو چوار ساڵەی بەڕێمکرد لە زینداندا، چاکەیەکی گەورەی بەسەرمەوە هەیە، بیروباوەڕ و دەروونم گۆڕانکارییەکی گەورە تێیدا ڕوویدا، بەهۆی چاکەی ئەو ئەزموونەوە".

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

ئەو شاکارەی بووە هۆکاری ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای زیندانی وڵات بێتە کردن و سزادانی فیزیکی لە زیندانی سیبریا و ڕووسیا، لاببرێت و بە تەنها سزای سایکۆلۆجی شوێنگرەوەی بێت.

 دوای ئەوەی دۆیستۆیڤسکی ئەو زیندانەی  وەک دۆزەخێک ناوبرد و باسی لە ڕەوشی خەراپی زیدانیان و دۆخی دەروونی و ئازاری جەستەیی و نەهامەتییەکانی زیندانیکراوەکان کرد، هەست و هاوسۆزی خەڵکی جوڵاند و ناڕەزایی و فشاری جەماوەری درووست کرد و قەیسەر(ئەلیکەسەندەری دووەم)ی ناچارکرد بێتە ژێر ئەمری واقیع و سەر بۆ دیفاکتۆ شۆڕبکات و ئەو یاسا نامرۆڤانە و سزا دڵ ڕەق و هۆڤانەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕەوایەتی بە ئازاردانی جەستەیی و سزای فیزیکی زیندانی کراو دەدات.