بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان

به‌شی دووه‌م و كۆتایی

 شەماڵ بارەوانی

ئەو بە گاڵتە ڕووی دەمانچەکە دەکاتە هاوڕێکەی و بە هەڵە دەستی بەر پەلەپیتکەی دەمانچەکە دەکەوێت و فیشەکێکی کوێر، هاوڕێکەی دەپێکێت و دەیکوژێت و بە هۆیەوە زیندانی دەکرێت.

لۆقاکۆزمیتش:

 گەنجێکی بنەچەئۆکرانی. کەسێکی لە خۆبایی. تاوانبار و گرتیێکیترە و تاوانەکەی ئەوەیە کە کاتێک گوێی لە کەسێک دەبێت، دەڵێت "من قەیسەرم، من خوام"، بێ لام و جیم یەکسەر دەیکوژێت و ناتوانێت بەرگەی بیستنی ئەو قسەیە بگرێت و کاردانەوەی لادروست دەبێت و کۆنتڕۆلی ئەقل و هێزی دەروون لەدەست دەدات و ئەو تاوانەی کوشتن ئەنجام دەدات.

ئارستۆڤ:

 ئەو زیندانیکراوەی دۆستۆیڤسکی پێی دەڵێت ئەو گوزرارشتە لە شپرزەیی و شێواوی ڕۆح و زۆر لە ڕۆحە شپرزە و شێواو و تێکچووەکەی کارەکتەری"بکازیمۆدۆ"ی پاڵەوانی ڕۆمانی(پشت قەمبورەکەی نۆتردام )ی ڤیکتۆر هۆگۆدەکات.

غازینی تەتەری:

زیندانییەکیتر. ئەو پیاوە دەروون نەخۆشەی  چێژ لە سەربڕینی منداڵ دەبات و بەرلەوەی هەر مناڵێک بکوژێت،  بە جۆرەها شێوە دەیان تۆقێنێت و پاشان دڕندانەترین و ترسناکترین جۆر دەیان کوژێت.

ئەو پیاوەی دۆستۆیڤسکی لەبارەیەوە دەڵێت: خاوەن دوو چاوی عوسمانلیانەیە، کەسێکی یاخییە، دڵ ڕەق و بۆگەنە، ئەو وەحشێکی دڕندەیە، بوونەوەرێکی ترسناکە، جاڵجالۆکەیەکی مەزنە لەناو پێستی مرۆڤدا، ئەهریمەنە، کاتێک سەرخۆش دەبێت، بە چەقۆ پەلامار و هێرش دەکاتە سەر ئەوانیتر.

ستارۆدۆب:

زیندانییەکیترە. ئەو پیاوەکی دانعەمرە و بەهۆی کێشەیەکی مەزهەبی و ئیدەلۆجییەوە تووشی زیندان بووە.

تاوانەکەی ئاگر بەردانیەتی لە کلێسایەکی ئەرتۆدۆکسییەکان. چونکە ئەو کەنیسەیە سەر بە مەزهەبێکیتری جیاواز لە مەزهەکەی ئەو بووە و بەو کارەی بە حیسابی خۆی، خزمەتی بیروباوەڕ و ئایینەکەی خۆی و پەیامی خوداوەندی کردووە.

ئەو شانازی بەو کارەیەوە دەکات و هیچ لێی پەشیمان نییە.

ئەو زیندانییەکی باوەڕدارە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزە.

 هەموو زیندانیان خۆشیان دەوێ و ڕێزی دەگرن. کەسێکی جێگەی متمانەیە و زیندانییەکان پارەی خۆیان لای ئەو دادەنێن و بە باپیرە بانگی دەکەن !

تۆبۆلسک:

سەرۆکی گرووپێکی مافیا و جەردە و ڕێگرە.

کەسێکی ترسناک و ئارەزووبازە.

دۆیستۆیڤسکی ئەو یاداشتەی بە نهێنی لای یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی ناو زیندانییەکەی سیبیریا دێتەپاراستن و دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و ئازادبوونی دۆیستۆیڤسکی، ئینجا دێتە بڵاوکردنەوە و دەبێتە شاکارێکی جیهانی و بۆ هەرمان ئەستێرەی بەختی لە ئاسمانی ئەدەبدا بە درەوشاوەیی و ناوی لە یادگەی مرۆڤایەتی و تۆماری کەلەپووری مێژوودا بە زیندوویی و نەمری و جاویدانی دەمێنێتەوە.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

ئەو شاکارەی لەناو منداڵدانی زیندان لە دایک بوو.

لەو شوێنەی نووسەر پێی دەڵێت: ماڵی مردووان.

 ئەو کەسەی چووە ئەو شوێنە، ئیدی تەواو کۆتایی پێهات. ئەگەر بە فیزیکیش نەمرێت و کۆتایی پێنێت، ئەو بە ڕۆح و لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە مرد و کۆتایی پێهات و ئیدی دەچێتە ڕیزی مردووان.

ئەو زیندانەی بووە هۆکاری لە دایکبوونی ئەو شاکارە مەزنە و کودەتا و گۆڕانکاری لە جیهانبینی و بیروباوڕ و دەروونی دۆیستۆیڤسکی و سزای زیندان و یاسای وڵات.

"دەبێ سوپاسی ئەو چارەنووسە بکەم  کە ئەزموونکردنی  ئەو نەهامەتییانەی پێ بەخشیم، ئەو چوار ساڵەی بەڕێمکرد لە زینداندا، چاکەیەکی گەورەی بەسەرمەوە هەیە، بیروباوەڕ و دەروونم گۆڕانکارییەکی گەورە تێیدا ڕوویدا، بەهۆی چاکەی ئەو ئەزموونەوە".

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/

ئەو شاکارەی بووە هۆکاری ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای زیندانی وڵات بێتە کردن و سزادانی فیزیکی لە زیندانی سیبریا و ڕووسیا، لاببرێت و بە تەنها سزای سایکۆلۆجی شوێنگرەوەی بێت.

 دوای ئەوەی دۆیستۆیڤسکی ئەو زیندانەی  وەک دۆزەخێک ناوبرد و باسی لە ڕەوشی خەراپی زیدانیان و دۆخی دەروونی و ئازاری جەستەیی و نەهامەتییەکانی زیندانیکراوەکان کرد، هەست و هاوسۆزی خەڵکی جوڵاند و ناڕەزایی و فشاری جەماوەری درووست کرد و قەیسەر(ئەلیکەسەندەری دووەم)ی ناچارکرد بێتە ژێر ئەمری واقیع و سەر بۆ دیفاکتۆ شۆڕبکات و ئەو یاسا نامرۆڤانە و سزا دڵ ڕەق و هۆڤانەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕەوایەتی بە ئازاردانی جەستەیی و سزای فیزیکی زیندانی کراو دەدات.

دوای ئەوەی ژنەڕاڵ(نیکۆلای ئۆرلۆف)نامەیەکی بۆ ئەلکسەندەری دووەم نارد و تێیدا ئاماژەی بەو بەشەی ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکی دا، کە لە ساڵی١٨٦٢ دەرچوو.

 نووسەر تێیدا باس لەو سەختی و نەهامەتی و ئازارانە دەکات کە زیندانیکراوان بەهۆی ئەو یاسایەوە لە زینداندا دەیچێژن.

تکای لە قەیسەر کرد کە ئەو یاسایەی ڕەوایەتی  بە لێدان و  ئازاردانی فیزیکی دەکات لابەرێت. دواتر لێژنەیەک بۆ ئەو بابەتە پێک هێندرا، تاوەکو گفتوگۆ لەسەر پێداچوونەوە لە بابەتەکەدا بکەن، پاشان و لە نیسانی ساڵی ١٨٦٣، بڕیاری لابردن و ئیلغاکردنی سزاکە دەرچوو.

ئێستا لەهەموو ئۆروپا سزای لە سێدارەدان و سزای جەستەیی و فیزیکی لابراوە و پێرەوی لەو یاسایە دەکەن.

دۆیستۆڤیسکی لە زیندان ئەو ئازار و نەهامەتی و سزایانەی لە ماوەی چوارساڵەکەی چەشتی، تەنها لەوەدا خۆی نەدەبینیەوە کە ئازادی لێ زەوتکراوە و ئازاری سایکۆلۆجی و فیزیکی دەدرا و کاری قورسی پێدەکرا.

بەڵکو ناخۆشتر لەوە و بەسوێتر و قورستر ئەوەبوو، ئەو خراوبووە زیندانێک لەگەڵ کەسانێکی جۆربەجۆر لە تاوانباران.

 لە مرۆڤی بکوژ، دز، دەستدرێژیکار، سادیک، سەرگەردان و ناڕۆشنبیر و بێ هەست..تاد.

ئەوە دۆزەخی ڕاستەقینەی دۆیستۆیڤسکی بوو. ئازارێکی زۆری دەروونی بەهۆیەوە دەچەشت و ڕووبەڕووی ناخۆشی  دەبوویەوە.

"تێکەڵبوونی بەردەوامم لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە، ژەهری دەخستە دەروونمەوە، هیچ شتێک لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی زیندان بە قەد ئەوە ئازاری منی نەدا. ئازارێک کە بەرگەگرتنی زۆر سەخت و مەحاڵە".

دۆیستۆیڤسکی بەو شێوەیە باسی ئەو دۆخە تراجیدیک و تەژی لە ئازار و ناخۆشییە دەروونییەی خۆی دەکات، بەهۆی ژیان لەگەڵ ئەوجۆرە لە زیندانی کراوانەدا.

دۆیستۆیڤسکی لە زیندان ڕووبەڕووی دژایەتی و سەختییەکی زۆر دەبوویەوە لەلایان زیندانیەکان.

بەهۆی ئەوەی ئەو سەر بە چینێکی خۆشگوزەران و خانەوادەیەکی ئەڕستۆکرات بوو.

ئەو چینەیش لە کۆمەڵ وا ناسراوبوون کە هۆکاری چەوساندنەوەی خەڵکن و بە لوتبەرزی و زبری و دڵڕەقی مامەڵەی گەلی چەوساوە و خەڵک هەژارەکەی دەکەن.

ئەوەیش بووە هۆکاری نەهامەتی و ئازاردانێکی زۆر بۆ دۆیستۆیڤسکی و پاڵی پێوەنا ئەو لەو چوار ساڵەی زیندان(دۆزەخەکەی سیبیریا) بچێتە حاڵەتی دابڕان و گۆشەگیری بەسەرخۆیدا و تێیدا ئەو شاکارە مەزنەی(بیرەوەریەکانی ماڵی مردوان)ی لێ بەرهەم بێت و  سنووری هەموو کیشوەرەکان ببڕێت و ببێتە شاکارێکی جیهانی.

ئەو شاکارەی نووسەر تێیدا شیکاری لایەنی دەروونی و ڕفتاری تاوانبار دەکات و قسە لەسەر کاریگەری زیندان و سزاکان لەسەر کەسی زیندانیکراو دەکات و هۆکاری نەخۆشی و سەرهڵدانی پەتاکە دیاری دەکات و چارەسەریش دەخاتە ڕوو.

 دۆیستۆیڤسکی لەو ڕۆمانەدا کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی و وجودی لەبارەی  فەلسەفەی سزا و سزای لەسێدارەدان و جەڵدەکردنی مرۆڤ دەخاتەڕوو و هەروەها کۆمەڵێک پرسیتری ئەخلاقی و یاسایی دەروڕوژێنێت لەبارەی جۆرەکانی تاوانی کوشتنەوە.

بۆ نموونە:

هەندێک جار کەسێک کەسێکیتر دەکوژێت لە حاڵەتی بەرگریکردن لەخۆ، یاخود بەهۆی ئەوەی کەسێک هەوڵدەدات دەستدرێژی بکاتە سەرژن و کچەکەی یان دەیەوێت بیان دزێت.

جاری واش هەیە کەسانی وا هەن لەپێناو بێ بە بەهاترین شت کەسیتر دەکوژن! ئایه دەکرێت ئەمانە هەموویان یەک سزا بیانگرێتەوە و یەک خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و بە چاوێک سەیربکرێن !؟

ئایە ئەو سزایە لەگەڵ بەهای دادپەروەری و ڕۆحی یاسا و پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی دەگونجێت؟

ئایە ئامانج چییە لە زیندان؟ ئایه زیندان ئەو شوێنە ڕاستەقینەیە ببێتە جاکسازیخانە و تێیدا زیندانیکراو، چاک و پەروەردە بکرێتەوە؟

 ئەوانە و چەندین پرسیتر  نووسەر لەو ڕۆمانەدا دەیانوروژێنێت و هەوڵدەدات وڵام و چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە.

 زیندانەک، دۆیستۆیڤسکی جۆرەها ئازاری جەستەیی و دەروونی و ڕووحی تێدا چەشت.

زیندانەک، تێیدا کەسایەتی تاک تێک و پێک دەشکێنرێت و کەڕامەتی پێشێل دەکرێت.

زیندانەک، سەرەتاترین پێشمەرجەکانی ژیان و بنەماکانی مرۆڤبوون و پێوەرەکانی زیندانیبوونی تێدانییە.

زیندانەک، جگە لە دۆزەخێک زێدەترنییە.

زیندانەک، لە جیاتی ئەوەی ببێتە ناوەندێکی پەروەردەیی و هۆکارێک بۆ چاککردنەوەی کەسی تاوانبار و دوورخستەوەی لە تاوانکاری و گەڕانەوەی ویژدان بۆی، کەچی بووەتە سزاخانەیەک و لە جیاتی پزیشکانی دەروونی و کەسانی چاکسازیخواز و پسپۆڕانی پەروەردەیی بەڕێوەی بەرن، کۆمەڵێک پاسەوانی جەللاد و کەسی بێ ویژدان و مرۆڤی هۆڤی و ناشارستانی داماڵدراو لە هەموو بەهایەک بەڕێوەی دەبەن و دەبنە پاڵنەری ئەوەی زیندانیکراوان و تاوانباران زیاتر لە تاوان و هەڵە و دڵڕەقی ڕۆ بچێن و لە جیاتی چاککردنیان زیاتر وێرانیان دەکەن و دووچاری نەخۆشی دەروونیان دەکەن و هەستی کاردانەوە و تۆی ڕق و تۆڵەسەندنەوە لە دەروونیاندادەڕوێنێن.

تا دوای ئازاد بوون وەک شێتێکی سەرگەردان و بوونەوەرێکی ڕقاوی و تێک و پێک شکێندراو، جامی تۆڵە و ڕقی خۆیان بەسەر دار و بەرددا بڕێژن.

دۆیستۆیڤسکی دووپات لەوە دەکاتەوە نە کارپێکردنی قورس و نە سزا و نەیش زیندان، هەرگیز ناتوانێت زیندانیکراو چاک بکاتەوە و لە هەڵوێست و تاوانەکەی پەژێوانی بکاتەوە و دووبارە وەک مرۆڤێکی باش و بێ زیان و ساخڵەم، تێکەڵ بە کۆمەڵی بکاتەوە.

زیندان لە جیاتی ئەوەی وا له تاوانبار بکات پێداچوونەوە به بیروبۆچونی خۆی بکات و لە هەڵەکانی پاشگەز ببێتەوە،

بە پێچەوانەوە، زیاتر ڕشدی دەکات لەسەر یاخیبوون و بیری تاوانکاری و هەڵەکردن و ئەنجامدانی تاوان.

چونکوو هەموو ئەو تاوانبارانەی دۆستۆیڤسکی چوار ساڵ لە زینداندا لەگەڵیاندا مایەوە، هیچ نیشانەیەکی پەشیمانی، یان هەست کردن بە ئازاری ویژدان، یاخود پەشیمانی دەربڕینی تێدا بەدینەکردن.

 سەرەڕای ئەو تاوانە قێزەونانەی ئەنجامیاندابوو، هەموویان خۆیان بە بێ تاوان و بە چەوساوە و لەسەر حەق دەزانی و  لە جیاتی ئەوەی خەم دایان بگرێت بەهۆی جورمەکانیانەوە، بە پێچەوانەوە، بگرە هەیان بوو بە پێکەنین و گاڵتەوە، تاوانەقێزەون و تراجیدیاکانی  وەک چیڕۆکێکی کۆمێدی و بە زمانێکی گاڵتەئامێز و بە دەم قاقا و زمانی پێکەنینەوە دەگێڕایەوە !

کەواتە دۆستۆیڤسکی لەو شاکارەی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو کەسەی یاخی دەبێت،  تاوانانی کوشتن و دزین و دەستدرێژی ئەنجام دەدات، هەمیشە خۆی بە ڕاست و کۆمەڵ بە ناحەق دەزانێت.

بۆیێ دەبێت لەڕێگای پەروەردەوە، نەک هێز و سزا و ئازار، قەناعەتی بۆ درووست بکرێت کە ئەو لەسەر هەڵەیە و ئەوکردەوەی ئەنجامی داوە تاوانە و ئەو جۆره بیرکردنەوەیەی ئەم، کارەست دەخۆلقێنێت.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/

 ئەوەمان پێدەڵێت، کە دەبێت زیندانی  وەک چاکسازیخانەیەک و نەخۆشحانەیەکی دەروونی و ناوەندێکی پەروەردەیی و زیندانی کراویش وەک نەخۆشێکی دەروونی و زۆر بە هێمنی و مرۆڤانە و هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تا دووبارە کەسایەتی بۆ درووست بکرێتەوە و دەروونی بێتەوە سەرەخۆ و چاک ببێتەوە و تێکەڵ بە ژیانێکی نۆرماڵ و کومەڵ بکرێتەوە.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/

پێمان دەڵێت زیندانی کراوان لەگەڵ جیاوازی و ناکۆکییان لە تێڕوانین و جۆری تاوان، بەڵام هەموویان لە یەک خاڵدا هاوبەشن، ئەویش هەستکردنە بە ئازادی.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/

پێمان دەڵێت تۆ هەرچەندە هەوڵدەیت لە ڕێگای هێز و زیندانی و کاری قورس و سزای فیزیکی و سایکۆلۆجی و ئازاری ڕۆحییەوە بتوانیت ژیان و ئازادی لە مرۆڤەکان بسەنیتەوە،

ئەوە هەگیز ناتوانیت ئەو خەونەی لە بارەی ئازادییەوە لە یادگەیاندا هەیە، بکوژیت و ئەو هەستەی بۆ ئازادی بوون ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە  لەبیر و خەیاڵیاندا بسڕیتەوە.

ئەو خەونی ئازادییەی کە لەگەڵ یەکەم هەنگاو نان و پێخستنە ناو ماڵی مردووان(زیندان)دا، لە ناخی هەر زیندانی کراوێک دا لە دایک دەبێت و سزا و ئازار و نەهامەتییەکانیان چەند گەورەتر و سنووری ئازادییان چەند تەسکتر و فشارەکان چەندە زۆرتر و دۆخەکە چەندە سەختربێت، ئەوە ئەو خەونەیش ئەوەندەیتر بەهێزتر دەبێت و زیاتر گەشەدەکات و قەبارەی مەزنتر دەبێت.

 دۆیستۆیڤسکی پێمان دەڵێت زیندانێک زیندانیکرا و بۆماوەی پێنج ساڵ، دەساڵ، بیست ساڵ، بگرە هەموو تەمەنی تێیدا بەسەربەرێت و ژیانی گەڵ نەهامەتی و  سزا و ئازار و کاری قورس بەڕێبکات و لەناو چوار دیواری زیندا دەور بدرێت، گەر ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی لەو دۆزەخە ئومێدێکی نەبێت و خەیاڵێک بۆخۆی ڕۆ نەنێت و خەونی ئازادی و هیوا و ئاواتی لەسەر هەڵنەچنێت،

ئایە گەر ئەو خەون و خەیاڵ و بیرۆکەی ئازادبوون و  ئومێدی دەرچوون لەوماڵی فەنایە نەبێت، زیندانیکرا و سزادرا و، دەتوانێت بەرگەی زیندان بگرێت و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئازار و موعانات و ژیانە دۆزەخ ئاساکەی زیندان بگرێت؟

دەبێت زیندانی کراو وەک دۆیستۆیڤسکی خەونێک بۆخۆی درووست بکات، تا لە ڕێگەیەوە خەیاڵی لەسەر هەڵچنێت و دڵی خۆی پێ بداتەوە و لە ئازارەکانی  پێ کەم کاتەوە و بتوانێت لەو ڕێگەیەوە مقاوەمەی سەختییەکانی ژیانی زیندان بکات و بەخۆی بڵێت:ڕۆژەکانی دانە بەدانە دەژمێرم و دڵ خۆشم دەکات، تەنانەت ئەو کاتەی دەبێت هەزار ڕۆژیتر لە زینداندا بمێنمەوە، دەتوانم بەیانی بەخۆم بڵێم: جگە لە نۆسەت و نەوەت و نۆڕۆژ، زیاترم نەماوە..