
حه‌مه هاشم
هەرچەندە پیکاسۆ وەک نیگارکێشێکی سەرسوڕهێنەری سەدەی بیستەم و پەیکەرتاشێكى ره‌ڤه‌شكێن و نزیك له خەڵک ناسراوە، بەڵام گومانى تێدا نییە کە خەونەکانی وەک هونەرمەندێک ڕەنگدانەوەی پەروەردەی هونەری کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بوو لە ئیسپانیا.
لە درێژەی ژیانی کاری هونه‌ریدا، هەوڵی دا ڕێگەیه‌ك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەم هونەرمەندێکی مۆدێرن بێت و هەم بگاتە شکۆمه‌ندى و مانه‌وه.
پیکاسۆ پێى وابوو دەبوایە نیگار‌کێشانی مێژوویی دووبارە داهێنێتەوە، و سوود لە بیركردنه‌وه‌ى ئازادیخوازانه‌ى خۆى كه هەمیشە وه‌ك دژە-نەریتێک ده‌ركه‌وتووه وەربگرێت، وێناکردنه‌وه‌ی بارودۆخی رووخسارى مرۆڤەکان بە شێوەیەکی شاعیرانه و سۆزدارى و هه‌سته‌كى نزیكى ده‌خسته‌وه له‌وه‌ى كه بیركردنه‌وه‌ى ئازادیخوازانه‌ى خۆى موماره‌سه بكات و شێوه‌كان دوور بخاته‌وه له واقیع.
لە ساڵی ١٩٠٣ تابلۆى "ژیان"ی درووستكرد، تابلۆیه‌کی تاڕادەیەک هێماخوازانه‌ی لەسەر گرفت و به‌رزى و نزمییه‌كانى ژیان، وه لە ساڵی ١٩٠٥ تابلۆى "خێزانی سەرکەس"، كه دیمەنێکی هەستیارى تێدابوو لە خەڵکی سەرکەس کە له باروودۆخێكى ناڕوونی دابوو، ئه‌مه‌ش جۆرێك بوو له كۆكردنه‌وه‌ى فكرى پیكاسۆ له نێو جۆرێك ستایڵى تازه‌ى وێنه‌كێشان كه دەتوانێت پێناسه‌ى هەموو جۆرە ئەزموونێکی هاوچەرخى پێ‌بکات.
بەڵام له هه‌ره تابلۆ سه‌رنج راكێشه‌كانى پیكاسۆ، پڕۆژەی نیگارکێشیی مێژوویی (گێرنیكا) بوو كه بە شێوازێکی مۆدێرنتر ئه‌زموونه‌كانى پیكاسۆى ده‌رخست، لە ساڵی ١٩٣٧، لەگەڵ به‌رپابوونى شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و بارودۆخی نائاسایی خه‌ڵك١٩٣٧، ئه‌م شاكاره نەک تەنها نواندنی دانوستانێکی سەرسوڕهێنەر بوو لە نێوان داواکارییە جیاوازەکانی نیگارکێشان بە قەبارەی گه‌وره، به‌ڵكوو پراکتیکێکی کەسیی جێگیر و ئایکۆنۆگرافیا و سیاسی‌کردنی کردەیەکی ترسناکی دەستدرێژی فاشیستی بوو، هه‌روه‌ها ناوبانگی پیکاسۆشی گۆڕی له هونه‌رمه‌ندێكى ساده وه بۆ كه‌سایه‌تیه‌كى نوێخوازى ئازادى ویست.
تابلۆكه لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرک لە ساڵی ١٩٣٩ هەتا ١٩٨١ (کاتێک سەرەنجام بە پێی ویستی هونەرمەندەکە گەڕایەوە بۆ ئیسپانیا) تابلۆکە بوو بە هێمای بەرخۆدان و ووریا بوونه‌وه، شوێنی ناڕەزایی، وێنەیەکی سیاسی گه‌وره‌ى وه‌رگرت.
لە ساڵی ١٩٧٠ گروپی "ئیئتیلافی کرێکارانی هونەری" تابلۆکەی بەکارهێنا بۆ خۆپیشاندانێک دژی بەشداری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڤێتنام، و له خۆپیشاندانه‌كه‌دا پۆستەرەکانیان به‌رزكردبۆوه کە وێنەی "مای لای"یان پیشان دەدا.
لە دوای مردنی پیکاسۆ، واتای گوزارشته به‌هێزه‌كانى تابلۆکە لەلایەن سیاسەتی ئیسپانیەوە دووبارە چالاک کراوەتەوە، هەروەها ئێستا كه تابلۆ كانڤاسیه گه‌وره‌كه‌ى گێرنیکا کە بە ئاسایی لە دەرەوەی ژووری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵواسراوە، واتایەکی سیاسی قوڵ و بەهێزی هەیه، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵى٢٠٠٣، بە پەردەیەکی شین داپۆشرا كاتێك کۆنفرانسی ڕاگەیاندنی گۆڕینى سیسته‌مى حومكرانى عێراق له لایه‌ن (کۆلین پاوێل) راگه‌یه‌نرا، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ى خواستى ئازادى مرۆڤ له گۆڕینى سیاسه‌ته‌كانى له لایه‌ن زلهێزێكى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا كه ئه‌و كات هیچ حسابێكى بۆ بیر‌و راى ئازاد نه‌ده‌كرد.
لە مانگی دواتردا ئه‌م كاره ناڕه‌زایه‌تى زۆرى لێكه‌وته‌وه و خۆپیشاندەرانی دژی شەڕ پێداگرییان لەسەر ئه‌وه كرد كه ده‌بێ تابلۆكه به شاراوه‌یی نه‌مێنێته‌وه، و فیگەرە بڕاوەکانی ئه‌و ژنەى هاوارده‌کات له نێو تابلۆکەدا بە شەقامەکانی نیویۆرکدا به‌رز كردبۆوه‌و له‌گه‌ڵ كاروانى ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیاندا ده‌یانگێڕا.
ئەگەر واى دابنێین تابلۆى گێرنیکا یەکێک بێت لە بەهێزترین نیگارکێشییە مێژووییەکانی سەردەمی مۆدێرن، ئه‌وا یەکێکیشه له واتاى به‌هێز بۆ ناڕوونییەکانی سیاسه‌ت له دنیا، واتا و گوزارشتێكه بۆ ناڕه‌وایه‌تى له به‌ڕێوه‌بردنى سیاسه‌ت له سه‌ره‌انسه‌ى جیهاندا.
پیكاسۆ وەک هونەرمەندێک کە ئێستا بە ڕوخساری گێرنیکا ناسراوە، دەبوایە ببێتە بە ئایدیالی نیگارکێشێکی سیاسی مۆدێرن، ئه‌مه‌ش به شتێک کە بە شێوەیەکی ئاشكرا ئه‌وه‌ى نیشان دا کاتێک لە ساڵی ١٩٤٤ بوو بە ئەندامی پارتی کۆمۆنیست.
ئەو ڕەنگە ویستبێتی "شێوازێکی شۆڕشگێڕانەی نیگارکێشی بەکار بهێنێت و وەک پێشووتر نیگار نەکێشێت"، هەروەها پێداگری کرد له بیرى ئازادیخوازانه‌ى خۆى کە لایەنی فكرى سیاسی ناتواێت بە زۆر هونه‌ره‌كه‌ى به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندى سیاسیه‌كان ببات، ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگه وەک ئەرکێکی پێشڕه‌وى كردن و بیركردنه‌وه‌یه‌كى قووڵی پیكاسۆ بۆ ئازادى و تایبەتمەندی کردەوەکانی مرۆڤ.
ئەو هونەرەی کە پیکاسۆ لە کاتی داگیرکاری نازیه‌كان دروستی کرد، واتاکەی گه‌وره‌ى بە نیشانەی "بەرخۆدان" و بیرۆکەی ئازادی دا، لە زنجیرەیەک پێشانگای گەورە کە ڕاستەوخۆ دوای ڕزگارکردن بەڕێوەچوون.
بەڵام ئه‌و دەبوایە وەکوو نیگارکێشێکی کۆمۆنیست کار بکات، نەک تەنها وەکوو کۆمۆنیستێک، كه ئامانجى بەرهەمهێنانی نیگارکێشییەکی مێژوویی نوێی گونجاو بوو بە ئەرکێکی بەپەلە بەڵام ناممکین.
کاتێک پیکاسۆ هەستی بە پێویستیی بانگەوازی نیگارکێشییەکی مێژوویی کۆمۆنیستی ده‌کرد، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە سۆزدارییەکان کە بۆ شەڕێکی بنەڕەتیی فیكرى به‌كاری ده‌هێنایه‌وه له ناو به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌كانى، روویكرده سادەكردنه‌وه، پیشاندانى ساده‌یی ژیان و مرۆڤ و هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ى وه‌ك شێوه له تابلۆكانیدا وێنه‌ى ده‌كێشان، هه‌ربۆیه تابلۆیه‌كى گه‌وره‌ى كێشا بەناوی "ماڵی ئێسک" لە ساڵی ١٩٤٥، كه گوزارشت لە ڕەنگە خۆڵەمێشییەکان ده‌كات کە له بنه‌ڕتدا بۆ بیرۆكه‌ى تابلۆكه ئیلهامی لە نیشاندانی فیلمێکی کوشتاری خێزانێکی ئیسپانی وەرگرتووە بەڵام ئه‌و له تابلۆكه‌دا گشتگیرى کردوە بۆ پێناسه‌کردنی هەموو قەتڵوعامێک و هەموو کەمپێکی کۆمەڵکوژی له جیهاندا، هه‌روه‌ها تابلۆیه‌كى بچووکتری كێشا به‌ناوى"کوشتارگەی کۆریا" لە ساڵی ١٩٥١، کە مەبەستى بوو یادی "سێی مایسی ١٨٠٨"ی گۆیا بەبیر خه‌ڵك بهێنێتەوە، دووباره وێنه‌ى سەربازە چه‌كداره‌كانى كێشایه‌وه كه به شێوه‌یه‌كى دڕندانه، ژن و منداڵه ڕووته بێده‌سه‌لاِته‌كان گولله باران ده‌كه‌ن و بۆ هەتاهەتایی ژیانیان لێ وه‌رده‌گرنه‌وه.
دەنگدانەوەی ئه م تابلۆیه‌ى گۆیا ستراتیژی پیکاسۆ نیشان دەدات، کە لە ماوەی دەیەیەک یان زیاتر پەرەی به‌و جۆره كاركردنانه‌ى دا هه‌م له فكر هه‌م له ستایڵ ته‌نانه‌ت له ماتریاڵیشدا.
هه‌رچه‌نده پیكاسۆ نیگه‌ران ده‌بوو له دواى نمایشكردنى تابلۆكه‌ى چوونكه هیچکەس "کوشتارگەی کۆریا"ی بە تابلۆیەکی مەزن نەده‌زانی، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه كه له تابلۆكه‌دا بینه‌ر و ره‌خنه‌گره‌كانى پێیان وابوو لاسایی كردنه‌وه‌یه‌كى ڕه‌هایه و نەبوونی دیاریکردنێکی تایبەت لە واتاکەیدا ئه‌م بۆچوونانه‌ى درووستكردبوو، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پیكاسۆ تابلۆكه‌ى به‌بۆنه‌ى شه‌ڕى كۆریاوه كێشابوو، پرسیارى ئه‌وه درووست ببوو كه ئایا (ئەم سەربازانە بۆ کام لایەنی شەڕی کۆریا دەجەنگن؟).
دواتر هه‌ر ئه‌م تابلۆیه، بە شێوەیەکی ئاشکرا کرا به ره‌مزێك بۆ داگیرکاری سۆڤیەت لە هەنگاریا و له سه‌دان پۆسته‌ردا چاپكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش واى ده‌رخست كه تابلۆكه كه له بنه‌ڕه‌تدا ئایدیایه‌كى كۆمۆنیستى له‌پشته وەک دژە کۆمۆنیست دووبارە ده‌ربڕینى بۆ هه‌ڵچنرایه‌وه، هەرچەند بە شێوەیەک کە لەگەڵ کاردانەوەی فكرى پیكاسۆ بۆ داگیرکارییەکە گونجاو بوو.
له‌مه‌شدا پرسیارێك سه‌رى هه‌ڵدا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئایا شتێکی تراژیدی، یان پاشگه‌زبوونه‌وه هەیە، دەربارەی شکستی پیکاسۆ لە بەرهەمهێنانی نیگارکێشانێكى مێژوویی سیاسی گونجاو بۆ کۆمۆنیزم و ڕەفتاری کارەساتباری پارتی کۆمۆنیست لەگەڵ ئەو ئەندامەى پارتەكه کە بەهرەمەندە و ناسراوە؟.
بێگومان سەرکەوتنەکانی وەک بانگەشەکارێک بۆ ئاشتی، و پشتگیرییە داراییەکانی كه له فرۆشتنى تابلۆكانى به‌ده‌ستى ده‌هێنا بۆ دەیان بابەت و گرووپی ناڕەزایی، بەشێک لە گرنگی مێژوویی پیكاسۆیه له رێگاى بیرى ئازادیخوازانه‌ى بۆ ئازادى مرۆڤ.
زۆرێك له تابلۆكانى پیكاسۆ بێ گوێدانه ره‌خنه‌ى ئه‌كادیمى و سیاسى و فكرى بۆنى ئازادى ره‌هایان لێدێت، هێشتا کێشەی گەشتی پیکاسۆ لە گێرنیکاوە بۆ لایەکی تری بەشداری سیاسی سەرنجڕاکێشی خۆى له‌ده‌ست نه‌داوه.
ئەگەر، لە دیدێكى هەڵسەنگاندندا دەستکەوتە هونەرییەکانی پیکاسۆ پۆلێن بكه‌ین، تابلۆ مێژووییەکانی لە کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠ و ١٩٥٠ لانیکەم ئەم ئیدیعایە بەڵگەدارە ده‌چه‌سپێنن کە بەرگرییە به‌هێز و پڕ ئیرادەییەکانى بەرامبەر بە (نا دادپه‌روه‌رى) پیکاسۆی بەرەو دۆزینەوەی سەرچاوە و ڕێگە سەرسوڕهێنەرەکان لە نیگارکێشی و چاپکردن لە دەیەی کۆتایی ژیانیدا برد و كردى به‌ناوێكى گه‌وره له دنیاى هونه‌ر و قكرى ئازادیخوازییدا.
سه‌رچاوه:
2- بيكاسو و الحرية- صحيفة الراي - ترجمة هاشم التل - 2021
3- وحدة الفن و الحرية. اللقاء الثقافي، لدارة الفنون ـ مؤسسة خالد شومان - 25/11/2014.