شه‌ماڵ بارەوانی
 «چۆن بووم به گەمژە»
ڕۆمانێکی قەبارە مام ناوەندی ١٥٨ لاپەڕەیی (مارتن باگ)ی ڕۆماننووس و نووسەری فەڕەنسییە و یەکەم چاپی بەزمانی فەڕەنسی لەساڵی٢٠٠١، لێ بڵاوبووەوە.
پێشووتر ڕنانێکم بۆکرد و لە ڕۆژنامەی (ڕەوت) و لە ڕۆژنامەی ئەلکترۆنی (دەنگەکان) و مالپەڕی (ڕێگای کوردستان) بڵاوبووەوە.
«چۆن بووم به گەمژە»
ڕۆمانێکی ناوەڕۆک فەلسەفییە و نووسەر کۆمەڵێک بابەتی وجودی و ئنتۆلۆجی بێ وڵام تێدا دەورووژێنێت و بە شێوازێکی فەلسەفی و کۆمێدی و ئەدەبی و ئەفسووناوی و بەرز و جوان، باس لە چیرۆکی ژیانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی (ئەنتوان) دەکات.
ئەنتوان، ئەو گەنجەی لە ژیانی ڕۆشنبیری خۆی هیلاک دەبێت و بێزاری دایدەگرێت. مرۆڤێک بۆ هەردیاردەیەک و شتێک، دەیان شرۆڤە و تەفسیری لۆژیکی خۆی هەیە. بەرلەوەی هەرهەنگاوێک بۆشتێک و شوێنێک بهاوێژێت و کارێک ئەنجام بدات، سەت خوێندنەوە و بیرکردنەوەی فیکریانەی قووڵ بۆ کارەکەی و شوێن و شتەکە دەکات. ئەو ڕۆشنبیرەی تەنانەت پارەی ئەو پەرتووکانەیشی نییە کە دەیانخوێنێتەوە.
ئەو بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانی لە کافێکان  گفتوگۆ لەسەر بابەتە زانستی و ڕۆشنبیری و مەعریفی و فیکری و فەلسەفییەکان دەکات.
ئەنتوان هەوڵدەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەلی لە ئیعرابدا دیاربێت. وەلێ ئەفسووس، کۆمەڵێک، کە  بە تێڕوانینی ئەو، کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی و عومقی بابەتەکان و نرخی کاری فیکری و ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیری ناگرێت. بۆیە بێزاری و ڕەشبینی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیری چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیرو ڕۆشنبیرناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ داناندرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەڵ ئاسا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئیستیهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکری و فەلسەفی و ڕۆشنبیری هێندە ئاسان  نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە، بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لەژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. ئەنتوان پێمان دەڵێت (بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگابکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێ پێنەدان و بێ  موبالاتی دایە).
ئەنتوان دەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە عەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆنەماوە و ژیانی ڕۆشنبیری جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەندرابێت!
 ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەلکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببیت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازییەکانی و ئازادییەکانی بێت،  تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێیت و بە هێمنی و ئارامی بژیت. ئەو پێمان دەڵێت ئیدی" بەژداری لەو عەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێی دەڵێن (بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەژداری ئەو عەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتر بم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندابم..دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تربم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان" بەو شێوەیه ئیدی
زەکاوەت و زیرەکی و هۆشیاری لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاری و هێزی درککردنی کەم بێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت.
بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت، بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیاردەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت.
(من بە دەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشی زیادەڕۆیی ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم).
(هەرکەسێک ئاستی زانستی زیاتر بوو، ئازای زیاتر دەبێت). بۆ قورتابوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژەیی، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە. بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات، خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێی وایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدادێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیرنا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بەهۆی زۆر خواردنەوەی مەی و ئەلکولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە و لەوێ ئاشنای کچێک دەبێت و دەیناسێت کە پێشووتر چەندین جار و بە چەندین شێواز و ڕێگە، هەوڵی داوە خۆی بکوژێت. وەلێ هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون و هەموو جارێک شکستی هێناوە.
 ئەو کچە کۆمەڵەیەک و سەنتەرێکی ڕاهێنانی خۆکوژی (بنكەی فێركردنی خۆكوژی)بە ئەنتوان دەناسێت و لێرەوە ئەنتوانیش بیری خۆ کوشتن مێشکی داگیردەکات و بیرکردنەوەکانی ئاڵۆزدەکات و دەیەوێت لەڕێگەی خۆکوشتنەوە کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت و سنوور و کۆتاییەکیش بۆ ئازار و موعاناتەکانی دابنێت و لەدەست ئەو بێزارییەش قورتاری بێت کە یەخەی ژیانی گرتووە. ئەنتوان ئیتر پێی وایە  تاقە ڕێگای ئازادی و ئازادبوونیەتی لەو دۆخە دۆزەخی و زیندانە دەرونییەی کە تێیکەوتووە و ئازادی ئەوەیە بمریت! لەو ژیانەی زۆرمان لێدەسەنێت و لەبەرامبەردا زۆر کەممان پێدەخشێت. ئەو کۆمەڵەی هانی مرۆڤەکان دەدان کە بە خۆکوژی سنوورێک بۆ ژیان دابنێن و داوادەکەن چیتر سانسۆری ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سروشتی نەکرێن بەربەست لەبەردەم ئازادی هیچ مرۆڤێک لەبڕیاری خۆکوژیدا و مرۆڤ خۆی ئازاد بێت لە بڕیاردان لەبارەی ژیان و مردنی خۆیەوە و خۆی بڕیار بدات چۆن بژیت و چۆن بمرێت و بەچی بمرێت و کەی بمرێت.  بۆ هاندانی خۆکوژیش ناوی کۆمەڵێک  هونەرمەند و ئەکتەر و نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوف و کەسایەتی ناوداری جیهانی دێننەوە کە بە خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. لەوانە:جیراردی نێرڤال، مارلین مۆنرۆ، ئێرنست هەمینگوای، ژیل دۆلۆز، ڕومان گاردی، ستیڤان زویگ، دالیدا، هێنری ڕوردا، میشیما، کاتۆن، ئامبیدۆکل..تاد.
ئەنتوانیش  بۆ ئەو مەبەستەی خۆکوشتن و ڕێگە و شێوازەکانی خۆکوشتن و  خۆکوژی سەرکەوتوو، پەیوەندی دەکات بەو کۆمەڵەیە و بە(بنكەی فێركردنی خۆكوژی). بەژداری کۆرسی وانەکانی خۆکوژی دەکات و کۆمەڵێک وانە لەبارەی خۆ کوژیەوە دەخوێنێت، وەلێ دواتر و لە دوا چرکەدا، پەشیمان دەبێتەوە و دەستبەرداری بیرۆکەی خۆکوشتن دەبێت. ڕاستە ئەو حەز بە ژیان ناکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ناشیەوێ بمرێت. خۆکوشتن چارەسەرنییە.
ئەو ئیدی بڕیاردەدات ژیانی خۆی بگۆڕێت و ئامانجی دەبێت بەگۆڕینی ژیانی، نەک کۆتایی هێنان بە ژیان. چۆنکە کۆتایی هێنان سەرەڕای ئەوەی بیرۆکەیەیەکی هەڵە و هەررزکارانە و سەرشێتانەیە، لەهەمانکاتدا هیچ چارەسەرێکی عاقڵانەیش نییە بۆ کێشەکان.
ئەنتوان لە کۆتاییدا پەی بەوە دەبات کە هۆکاری هەموو کێشەو نیگەرانی و بێزاریەکانی، زیرەکییەیەتی. بۆیە چارەسەری ئەمە، لە جۆرێک لە حەب و شروب دەدۆزێتەوە، لەڕێگای پزیشکێکەوە و دەڕواتە لای پزیشکێک و کۆمەڵێک شروب و حەپی ئازارشکێن و هێورکەرەوە و مۆرفین دەداتە پێی.
حەپگەلێک کە توانای تەرکیز و سەرنجدانی لاواز و کەم دەکات. بەو شێوەیە لەو دۆخە سەرەڕۆیە دەری دێنێت و لەو نەخۆشییە ڕەزاگرانە چارەسەری دەبێت. بەو شێوەیە شێوازی ژیان و بیرکردنەوەکانی لە ڕەگەوە دەگۆڕێت و هەموو ئەو کار و کردەوانە ئەنجام دەدات، کە لەقۆناغی ڕۆشنبیریدا پێی کارگەلێکی بێمانابوون و گاڵتەی پێدەکردن.
 ئەنتوان دووەم هەنگاویش دەستلەکارکێشانەوەی لە زانکۆی(ڕینێ دیکارت)لە پاریس پێشکێش دەکات. سێیەم هەنگاویشی هەموو کتێبەکانی، کەسەتان ڕۆمان، کتێبی  فیکری، ئینسایکلۆپیدیا، فەرهەنگ، گۆڤاری مێژوویی، زانستی و ئەدەبی لەخۆدەگرن، دەخاتە سندووق و دەیانبات بۆ لای هاوڕێکەی(ڕۆدۆڵف) و لەوێی دایاندەنێت و  لەڕێگای هاوڕێیەکەیەوە، هەنگاوێکی تری، گۆڕینی دیکۆر و دیزاینی باڵەخانەکەی بوو.
 دواتر ئەنتوان دەست دەکات بە کاری دەلالی لەبواری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و تەلەلەفزیۆن و گۆڤاری جۆراوجۆر و هەرکارێک دەکات تاوەکو لەشێوە ژیانی ڕابردووی دوورخاتەوە و ڕابردووی بە تەواوی لەبیرباتەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵ بێت و لەگەڵ دەوروبەر بگونجێت.
لەکۆتاییدا هاوڕێکانی دەیگەڕێننەوە سەرشێوە ژیانی پێشووی و بەو چەشنە ئەنتوان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی فەلسەفیانە و ڕۆشنبیریانە و کچێک دەناسێت، کە هەمان دیدەنیگا و بیرکردنەوەی ئەمی هەیە و ئیدی لاپەڕەیەکی نوێ لەژیان هەڵدەداتەوە.