
كەریم دەشتی
تۆ تاکی لە زمان
یا کۆی لە گومان؟
ئاوا منت داوەتەبەر
شەوقی لووتکە و پاچی زەمان.
***
کەتۆ هەی شکۆڤە ئەبنەوە
کە تۆ نیت
هەموویان بۆ عەدەم ئەچنەوە
***
لە میانی دوو شیعرا ئەسووتێم
شیعرێکیان کە نووسیم باڵی گرت
شیعرێکیش کە نووسیم
لەفڕین مانی گرت
***
گۆڕ بۆ یاد و یادەوەریی هەڵئەکەنین
لە حەسرەت و خەمگینییدا
بۆ ڕابردووی تەوقی سەرمان پێئەکەنین
لەبەر دەرگای ئایندەشا ...
***
خاڵێک هەیە
لەسەر هەر وشەیەکی دائەنێم
ئاگر ئەگرێ و ناکوژێتەوە
لەدوای هەر ڕستەیەکا دایئەنێم
ئەم رستەیە ئەناڵێنێ و
تاهەتایە نابڕێتەوە.
***
تۆ هه‌ر ده‌رگاكان دائه‌خه‌ی
منیش هه‌ر كلیل درووست ئه‌كه‌م
ئێستا دڵی تۆ پڕه له ده‌رگای داخراو
ماڵه‌كه‌ی منیش پڕه له كلیل
***
دەرگام لە ڕەشەبا گرت
تا تۆ هەڵنەوەریت
بەڵام ئەفسووس خۆم هەڵوەریم
***
بچمه‌وه ئه‌و سه‌ری دونیاش
تۆ له‌گه‌ڵما ڕێگه ئه‌بڕی
تۆ ماڵه گه‌وره‌كه‌ی منی
هه‌رتۆ له‌باوه‌شم ئه‌گری نیشتمانم
***
ئه‌ی شیعر، ئه‌ی میهره‌بان
گه‌ر تۆ نه‌بای، چۆن ئه‌بوومه خزمی گیا
چۆن ئه‌متوانی له‌ناو ماڵی ئاگر بنووم
گه‌ر تۆ نه‌بای من چی ئه‌بووم؟