گوشاد حەمە سەعید

دەروێشی عەڤدی وادەزانم دوا ڕۆمانی ڕۆماننووس کەریم کاکەبێ، بەڵام  یەکەمین ڕۆمانی ویە دەیخوێنمەوە، لەڕاستیدا با منەت نەبێ ڕەنگە تەخسیرەکە لە خۆم بێ، پێشترێ دووجاران هەوڵم دا ڕۆمانی ئەستێرەی قەراتێ‌ بخوێنمەوە بەڵام لەنێو تون و پێچەڵپێچەڵی هونەری ڕۆمانەکە کەم بێ یان زۆر لۆژ لۆژ باری خۆم بە لاشانم داداوەو هاتمەوە سەری خەتێ بەو ئومێدەی لەدەرفەتێکی دیکە دەستی لێبوەشێنم، هەربۆیەش وادەڵێم خوێندنەوەی هەردەقێکی ئەدەبی زۆرانبازییەکی کەم تازۆر ئازایانە یان ئەگەر لێم نەگرن  دەڵێم بەدیقەت و عاقڵانەیە,دیارە تێگەیشتن لە دەقی ژانرە ئەدەبیەکان و لێوردبوونەوەیان زۆر لێکجیایە، ئەوەی لە تێگەیشتنی چیرۆکێک ،نۆڤلێتێک داوادەکرێ،جیایە لەگەڵ ئەو هەموو جەنجاڵی و تێکچڕژانەی ڕووداوەکانی ڕۆمانێک، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی ڕۆمان ڕووداوەکانی درێژن یان بەدواداچوون بۆ ڕووداو و کۆمیدیاو کارەساتەکان دەکا لەچوارچێوەی  ڕۆمانێکدا دەخرێنەڕوو، جا چ جای ئەو ڕۆمانە خەسڵەتێکی جیاوازی هەبێ لەنووسینی ڕۆمانێکی ئاسایی، وەک خەسڵەتێکی نەتەوەیی، ئاینی  کەلەسەردەمەکەی خۆیدا  ڕووداوەکانی لەلایەن هونەرمەندان و بەیتبێژو گۆیندەی هەمان سەردەم بەجۆری پۆشتەو پەرداخ و ڕازاوەو تیفتیفەدراو جارێکی دیکە لەژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکان ڕەنگڕێژی بۆکرابێ و دەم بەدەم و ساڵ بەساڵ دەماودەمی کردبێ وپارێزرابن، ئێستاش لەسەر دارو پەردووی ئەو ڕووداوانە ی  کە تۆزی ڕۆژگارێکیان لەسەرنیشتوە جارێکی دیکە دەست بە هەڵنانەوەی بکەی. جارێ گرنگە بزانیین کە ڕووداوی مردو زیندوو ناکرێتەوە لەسەردەمەکەی خۆی تەواو دەبێ، بەڵام ڕووداوی زیندوو کە تائەمڕۆ دڵەگەورەکەی ترپەترپییەتی حەیفە هەموو هەوڵێکی لەگەڵدانەدرێ بەتایبەتیش ئەگەر بتوانرێ هێندێ ڕەهەندی وای بدرێتێ کە مرۆڤایەتی شانازی پێوەبکا، وەک بەرگری لە نەتەوە وهەژارانی نێوی، سەرهەست بوون لەپارێزگاریکردن لە گەلێکی مافخوراو و، بایەخدان بە ئافرەت و گەش نواندنی ڕۆلی وی لەنێو کۆمەڵگا بە لەوپەڕی دواکەوتووییشدا، دیارە نووسەر تێکڕای ئەو خاڵانەی بەهەند هەڵگرتوە وهەریەکێکیانی لەکات و شوێنی خۆی  لەناو ڕۆمان و ڕووداوەکانیدا خستۆتە ڕوو، واتە جارێکی دیکە بەزیندوویی بەرجەستەی کردوونەتەوەو لێرەولەوێش خەمەکانی گەلەکەی یان باشترە بڵێم نەتەوەکەی بە گشتی لەو سەردەمانەی کە دەروێشی عەڤدی تێیدا ژیاوە خستۆتەڕوو لەشکرێکی شمشیر بەدەستی پڕاوپڕ لە هەستەکانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی تەیاردەکا و وایان لێدەکا مرۆڤ سەری لەو قارەمان ومرۆڤە بەهێزانە بسوڕمێ کەتا لەخوێندنەوە نەوەستی نایەوە سەر ئەو زەینەی کە خریکی خوێندنەوەی ڕۆمانی نەک تاماشاکردنی فلیمێکی سینەما.

ئەوەی کە بەلامەوە سەرنجڕاکێشە زمانی نووسەرە کە تابڵێی شیرینە،کەئەویش زمانێکی ستاندارتە کەم حالەت نەبێ ئەگینا لەو سنوورە لاینەداوە ولەم سەین و بەینەی زمانیش زۆر بایەخی بە شێوەی دەم و دووی هەولێرداوە کە دیارە سەرجەم خوێنەران بەونهێنیە دەزانن ونەک ڕۆمانەکە بەڵکە لەبەر ئەوهۆیە کەریم کاکەشیان لەکن شیرینتر دەبێ

لام گرنگە بە خوێنەر بلێم یان دڵنیای  بکەمەوە کە منیش زمانی نووسینی ئەو ڕۆمانەم خۆش هاتە بەردڵان، کەتاڕادەیەکی زۆر پابەندە بەو ستانداردەی زاراوەی موکریان، ئینجا بە بەکارهێنانی موفڕەداتێ کە کوردییەکی پەتین و بەمەبەستی پاراستنیان لە لەبیرچوونەوە وڕاهێنانی خوێنەران پێیان، هەڵبەتە ئەم کارە بۆ لێکسیکۆن و فەرهەنگ نووسان زۆر گرنگە لە زیادکردنی مانای موفرەدەیەک بۆ یەک وشە، یان وشەیەک بۆچەند مانایەک، کەدەبوو نووسەر فەرهەنگۆکێکی  لەدواوە یان وەک پێڕست بۆ زیادکردبا، کەهیوادارم جاری دیکە ئەوکارەبکا.

هەندێ وشە هەیە لەکەسێک ناگیرێ ئەگەر بەشێوەیەک لەشێوەکانی کە لەجێی خۆی بەکاریان نەهێنێ، بەڵام کەسێکی وەک کەریم کاکە دەبێ پێی بگوترێ یان بابڵێین تێبینی بدرێتێ کە نابێ ئەو جۆرە وردە شتانەی بەسەردا تێپەرێ کە پەیوەندی بە ڕۆحی زمان یان دیقەتدانە لەزمان،بۆنموونە،

لە لا ۳۱،لەدێڕی ۱۳و۱٤دادەڵێ٫

:نەخشەکارتەڕدەستانە مافوورەکەی بەرەواژ کردەوە،..

لێرە وشەی بەرەواژکردن بەکار ناهێندرێ بەڵکە وشەیەکی وەک وەرگێڕان، یان هەڵگەڕاندنەوە، یان دیوەودیو کردن زۆر جوانترە، چونکێ وشەی بەرەواژ پتر بۆ جلوبەرگ یان تورەکە کە سەر لەبەری دیوەو گۆڕ بکرێ بەکاردەهێندرێ، وەک بۆ قاپ و قاچاغ وشەی نخونکردنەوە بەکاردەهێندرێ، هیوادارم تەواو لەوشەکە وردبیەوەـ چونکە مافور دیوەودیودەکرێ نەک بەرەواژ، بەڵام فالینەیەک یان شەرواڵێک بەرەواژدەکرێ.

لە لاپەڕە ۳۷لەدێڕی پێش دواییدا نووسیویەتی:ئەگەروابێ باشە، بەڵام من ئەیدڵێم نەدیوە،لەناوچاوی بشیبینم، نایناسمەوە...

سەرنجبدە دەڵێ ئەو کچەم نەدیوە، لەدواییدا دەبێ بڵێ بۆیە گەر بیشیبینم نایناسم نەوەک نایناسمەوە، چونکە نەناسینەوە بۆ کەسێکە پێشترێ دیتبێتت یان ناسیبێتت، دەبوو بڵێ وێنەکەشی ببینم نایناسم، جگە لەوە پەڕەگرافی...لەناوچاوی بشیبینم،بەزیاد تێدەگەم.

لە لاپەڕە٦۷لەدوادێڕدا نووسیویەتی :کچەکەم نائومێدمەبە ودامەیلیلەسەربێ،بەرد دەبێتە نمە،.

لەڕاستیدا نەمزانی وشەی نمە چیە ئایا مەبەستی نمەکە، کە دەکاتە ئەو هەنگوتکە هەویرە نەرمەی بۆ نان ئامادەدەکرێ؟ یان ئەو نیونمەکەی لەشوێنی بەئازاری مرۆڤ دەنرێ بۆ شکانی ئازاری ئێسک و ماسولکە.

لە لاپەڕە ٥۷ دا چەند جارێک وشەی پەژیوانی بەکار هێندراوە، لەڕاستیدا پەژیوانی واتەی پەشیمانی دەدا و پەشیمانی ڕاستترە ،چونکە واتە لە ڕایەکەی خۆم یان کارەکەم پاش گەزبوومەتەوەو پاشەکشەیلێدەکەم، لەپاش، یان لەدواوە دەمێنمەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی بۆ کورداندن پەژیوانی بەکاردەهێنن چونکە دەنگی ژ لە ش لەرەدارترە

لە لاپەڕە۲۲۱داولەدێڕی دەو یانزەدا نووسیویەتی،..هێشتا تفەنگهاوێژێکی مابوو بگەنە کۆشک، هەدبان حیلاندنێکی تایبەتیکرد.

جوانتربوو بینووسیبا هەدبان بە شێوازێکی تایبەتی حیلاندی.چونکە حیلاندن فیعلە، وەک کردیش هەر فیعلە، ناکرێ بڵێی کەلەشێر بانگدانێکی کرد،بەڵکە قووقاندی یان مەلا بانگدانێکی کرد، بەڵکە دەوترێ بانگیدا.

لە لا۲۲۷ لەدێڕی سێزدەو چواردەدا دەڵێ، بەخوێنی سەدجانگۆڕی گەشمردە،ماناکەی لێڵە.،دیارە ئەو وردە  شتانە  بۆ من جێگای سەرنجن،

ئەمە جگە لەهەندێک خاڵی دیکە کەجگە لە زمان  وردبوونەوە هیچی دیکە نین ،وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتنی گەورەتر بۆ کەریم کاکەی هاوڕێ و برا دەخوازم.