ئەو مێژوونووسەی مێژوو بەجوانی دەیخوێنێتەوە

چەند پەیڤێک لە یادی ژیانئاوایی کەسایەتی نیشتمانپەروەر و نووسەر و مێژوونووس (عەلی کەندی)دا

ئاری ئاغۆک

 

کاتێ باس لە ژیاننامە و مێژووی کەسایەتییەک دەکرێت، ڕوانینەکان دەگەڕێنەوە سەر وێستگەی ژیان و تەمەن و قۆناغەکانی ڕابڕدووی، ئاخۆ لەکام پەنجەرەوە هەڵوێست و پەیام و بۆچوونەکانی دەبینرێت، لەکام بابەتدا پێداگری کراوە بۆ بەردەوامی و کاڵنەبوونەوەی مەبەستە ڕۆشنبیری و نەتەوەیی و مرۆییەکەی؟ ئەوکات دەتوانین بەفراوانی و بەبێ هیچ مەبەستێک و هیچ بەرژەوەندییەک پێناسەی ئەو کەسانە بکەین، جا لەژیان مابن، یا کۆچی دواییان کردبێت، گرنگ ئەوەیە ڕاستییەکان وەک خۆیان باسبکرێن، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە و لە پێشەکییەكەمدا مەبەستمە باس لە مێژوو و ژیاننامە و هەڵوێستە نەگۆڕەکەی  نووسەر و مێژوونووس و پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی نیشتمانپەروەر و رووناکبیر (عەلی کەندی) بکەم، کە ٦ ساڵ لەمەوبەر لە ٦ی ئابی ٢٠١٩ بە نەخۆشی ژیانئاوایی لە دنیای نووسین و کتێب کرد، وەک وەفایەک بۆ دۆستایەتی و یەکترناسینی من و ئەو پیاوە مەزنە كە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە، ئەویش لەڕێگەی نووسین و ڕاگەیاندن و کتێب یەکترمان ناسی و ئەو دۆستایەتییەشمان تا کۆچی دوایی هەر بەردەوام بوو. ڕاستە نێوانی تەمەنمان جیاوازبوو، بەڵام (عەلی کەندی) هەمیشە پشگیری ئەو گەنجانەی دەکرد کە عەشقی خوێندنەوە و نووسین و ڕاگەیاندنن، هەربۆیەش وەک ڕێز و خۆشەویستی و یادگاری، ئێستاش دۆستایەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتیم لەگەڵ ماڵباتەکەی بەردەوامە. کاتێ سەرنووسەری گۆڤاری نواڵەی نوێ بووم، داوام لە نووسەر (عەلی کەندی) کرد گۆشەیەکی بەردەوامی هەبێت لە گۆڤارەکەماندا، بەڕێزیشیان داواکەی قبووڵکرد و هەموو ژمارەیەک گۆشەکەی بەردەوام بوو بەناونیشانی (ئافرەت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا).

لەمانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٣ لەڕادیۆی ئاشتیدا بەرنامەیەکم لەگەڵ سازکرد، دەربارەی ژیاننامە و کتێب و چاپکراوەکانی، هەروەها لە ژمارە ٣٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٦ لەگۆڤاری نواڵەی نوێدا گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ ئەنجامدا، داخی گران لە ڕێکەوتی ١٤ ئەیلولی ٢٠١٩ ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئەو پیاوە جوانە بەمن سپێردرا، هەرچەندە کارێکی قورس و گران بوو بۆ من، کە دۆستێکی ئەزیزت ماڵئاوایی کردبێت و دواتر یادی بکەیەوە!

وەک ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی و ئیعلامی، بۆ ئەوەی ڕابردووی جوانی پڕ لەهەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی (عەلی کەندی) ون نەبێت، بەسوودوەرگرتن لەو ٣ سەرچاوەیەی ئاماژەم پێکردن، گەشتێکی خێرا بەنێو وێستگەکانی تەمەن و ژیان و کار و بەرهەمەکانی ئەم تێکۆشەر و نووسەر و مێژوونووسە گەورەیە دەکەین.

عەلی کەندی ناوی تەواوی (عەلی عومەر عەلی فەتاح سیانە) لە ساڵی ١٩٥٣ لەڕاپەڕینی جوتیارانی دەشتی هەولێر، لەگوندی سەربەشاخی ناحیەی دیبەگە لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی جوتیاری هەژار پەروەردەکراوە، سەرەتا لە گوندی گردەچال لە حوجرەی فەقێیان خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی ١٩٦٠ چۆتە قوتابخانە لەگوندی برایم باول لەناحیەی قەراج سەر بەقەزای مەخموور.

بەهۆی بارودۆخی سیاسی و بیروباوەڕی خێزانەکەی و جموجۆڵی خۆیەوە (کەندی) نەیتوانی خوێندن تەواو بکات، لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٦٧ فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن ڕژێمی ئەوسای عیراق بۆ دەردەچێ، بۆیە دوای دوو مانگ خۆحەشاردان و هەڵوێستی نەگۆڕ، لەمانگی ٩ی هەمان ساڵدا ژینگەی لەدایکبوون و خوێندن جێدێڵێ و ڕوو لە شاخ دەکات، پەیوەندی دەکات بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول لە لقی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعیی عیراقدا، لە دەڤەرەکانی ڕانیە و قەڵادزێ و ڕەواندز و دەشتی هەولێر و سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەردەوامدەبێت تا ٢٠ی ئاداری ١٩٧٢.

پاشان بۆ خوێندن دەچێتە مۆسکۆ لە ١ی تەمموزی ١٩٧٥، لەوێ لەپەیمانگای زانستی یەکێتی سۆڤیەت دەخوێنێ، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی پەیمانگا، لە ١٥ ی ئابی ١٩٧٧ گەڕاوەتەوە خاکی نیشتمان، بۆتە بەرپرسی ڕێکخستنی حزبی شیوعی لە مەخمور و کەندێناوە، (عەلی کەندی) لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕ و پەیامەکانی چەندین جار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکراوە، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٢ بۆ ماوەی حەوت مانگ دەستگیرکراوە، لە ١٩ی ئایاری ١٩٨٥ ئەمجارەیان لەسەربازگەی غزلانی دەستگیرکراوە، لە ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٩٠ بۆ جاری سێیەم لەلایەن ئەمنی هەولێر دەستگیرکراوە.

لەبواری نووسین و بابەتی مێژووییدا (عەلی کەندی) توانیویەتی مێژوویەکی جوان و پاک و نەگۆڕ بۆ خۆی تۆماربکات، ئەو لەو پەیمانگەیەی مۆسکۆ یەکەم کتێب کە خوێندبوویەوە کتێبی (کۆمۆنەی پاریس) بوو، هەر لەوێش سەردانی (جەمیل نەسیرۆڤ) سەرنووسەری گۆڤاری (ئەنبا‌و مۆسکۆ)ی کردووە، بۆیە کاتێ یەکەم بابەتیشی وەک نووسەر لەساڵی ١٩٧٤ لە (گریق الشعب) بڵاوکردۆتەوە، زۆر دڵخۆشبووە و ئەم نووسینە بۆتە هاندەر و بەردەوامیدەری، بۆ ماوەی دوومانگیش لەم ڕۆژنامەیە کاری کردووە، ئیدی ئەمە بۆتە سەرچاوەی ئەو حەز و بەهرەیەی کە دەیویست خۆی تێدا بدۆزێتەوە، ئیدی بەردەوامی هەبووە و خاوەن چەندین وتاری لێکۆڵینەوە بووە دەربارەی ڕامیاری و نەتەوەیی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی، جگە لەوەی چەند کتێبێکی مێژوویی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بەچاپگەیاندووە، کە ئێستا بوونەتە سەرچاوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بۆ توێژینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرا، كە بریتین لە:

*ساڵنامەی کوردستان: یەکەم بەرهەمی نووسینیەتی کە بەدرێژایی پازدە ساڵ، بە گۆڕانکاری و ڕووداوی گرنگی سەردەم بەچاپدەگەیەندرا.

*ئینسکلۆپیدیای مێژوونامە: کە خۆی لە ١٢ کتێبی مێژوویی ١٢ بەرگ دەدۆزێتەوە، کە بەبۆچوونی من ئەم کتێبەی مێژوونووس (عەلی کەندی) خۆی لەخۆیدا مێژوویەکی بەردەوام و ساغ و دروستی پڕ لە وردەکاری ڕاستگۆییە.

*ئینسکلۆپیدیای کوردستان و جیهان: بە هەمان شێوەی مێژوونامە پڕە لە زانیاری ورد و زانستی و ڕووداوی پشتڕاستکراوە، کە لە ١٠ بەرگ پێکهاتووە.

*کولتووری لادێ: شیکردنەوە و شرۆڤەیەکە لە بواری کولتووری لادێکانی کوردستاندا.

*نەخشەی جیهان بەزمانی کوردی: شرۆڤەکردنە دەربارەی کورد لەنێو نەخشەی ڕامیاری جیهاندا.

*هەڵوێست نامە: بەرگی یەکەم ٢٠٠٦.

*دەفتەری زانیاری: تایبەت بەپارکی سامی عەبدولڕەحمان.

- ئەو کتێبانەی  ئامادەبوون بۆ چاپکردن:

*کوردستان و کورد لە مێژووی شارستانییەتەکاندا.

*کوردستان لە لانکەی شارستانییەت کە لە ٣ بەرگ پێکهاتووە.

*ئایین لە شارستانییەتەکانی کۆندا.

*ئافرەت لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

بەداخەوە بەهۆی نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی نەیتوانی ئەم بەرهەمانەی لەژێر ڕۆشنایی چاپ ببینێ.

- ئەو کۆمەڵە و سەندیکایانەی کە تێیدا ئەندام بووە:

*ئەندامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان.

*ئەندامی کۆمەڵەی زیندانییە سیاسییەکان.

*ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

*ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

*ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی.

*ئەندامی سەندیکای ژمێریاری و وردبینی.

- لەپای خزمەت و ئەرک و ماندووبوونی، خەڵات و ڕێزلێنانی بۆ ئەنجامدراوە:

*ڕێزلێنانی حزبی شیوعیی کوردستان.

*ڕێزلێنانی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی نواڵەی نوێ.

*ڕێزلێنانی سەنتەری ڕۆشنبیری بەهرە.

بەداخەوە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، لەڕێکەوتی ٦ی ئابی ساڵی ٢٠١٩ کاتژمێر ٢:١٠ خولەک دوای نێوەڕۆ، نووسەر و مێژوونووسی گەورەی کورد (عەلی کەندی) ماڵئاوایی لەهەمووان کرد، بەڵام ناو و ناوبانگی مێژوویی و ڕابردووی پاکی هەمیشە جێگەی شانازیە، ئەو لە دواساتەکانی ژیانیشیدا هەمیشە دەیگوت: (ناژیم لۆ مردن، دەمرم لۆ ژیان).

سەرچاوە:

١- دیداری ڕادیۆیی، ڕادیۆی ئاشتی مانگی ئایاری ٢٠٠٥، ئامادەکردن و پێشکەشکردنی: ئاری ئاغۆک، دەرهێنانی: ڕێدار کانەبی.

٢- گفتوگۆ لەگەڵ مێژوونووس: عەلی کەندی، ژمارە (٣٥) حوزەیرانی ٢٠٠٦، سازدانی گفتوگۆ: سەرنووسەر.

٣- بەرنامە و پرۆگرامی بەڕێوەچوونی چلەی ماڵئاوایی نووسەر و مێژوونوس (عەلی کەندی)، ١٤-٩-٢٠١٩ هەولێر، هۆڵی کتێبخانەی زەیتوونە.