خدر ئیبراهیم خدر

 

ئەدەبی منداڵان وەک بەشێک لە کۆی ئەدەب بەسەر پانتایی جوگرافیای نووسینەوە، جگە لەوەی بە پێویستییەک دادەنرێت لەڕووی کردەی فێرکاری و پەروەردەکردنی منداڵەوە بە ڕەهەندە جیاوازییەکانییەوە، لەهەمانکاتدا دەکرێت وەک دیاردەیەکی داهێنەرانە لێی بروانرێت کە کە کاراکتەری نووسەر لەو بوارەدا کاری لەسەر دەکات و مەبەستییەتی لەڕێگەی گواستنەوەی ئایدیا و تێڕوانین و خواستەکانییەوە بۆ سەر کاغەز یاخود تۆڕەکانی زانیاری، لە بۆتەی ژانرەکانی ئەو چەشنە ئەدەبەوە لە نموونەی هۆنراوە و چیرۆک و شانۆگەری و ئۆپەرێتەوە، بیگەیەنێتە منداڵان. ئەمەش لەلایەک، ڕۆڵ دەبینێت لە دەوڵەمەندکردنی داتای زانیارییەکانی مندالدا، لەلایەکی تریشەوە وادەکات دوورایی خەیاڵ و جیهانبینییەکەی ئاراستەیەکی ئەرێنیتر وەربگرێت.

ڕاستە کردەی پەروەردەکردن و پێدانی ئەلف و بێێ زانینەکان بە منداڵ لە ژیانی واقیعیدا ڕایەڵەیەکی گەورە و نەپچڕاوی بە ژینگەی خێزانی و خوێندنگە و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئیمانی و کەلتووری و فەرهەنگییەکانی ترەوە هەیە، بەڵام ئەوەی کە پێدراوەکانی نووسین لەبۆتەی ئەدەبی منداڵاندا دەیگەیەنێت، ئیزافەیەکی پێویست و هەنووکەییە و جگە لەوەی ناکرێت نادیدە بگیرێت، لەهەمانکاتدا ناشکرێت ڕۆڵ و کەریگەرییەکەی کەم بکرێتەوە. شتێکی بەڵگەنەویستە کە نیازی منداڵ بۆ وەرگرتنی داتای زانینە هەمەجۆرەکان، زۆر لەوە بەرینتر و گشتگیرترە کە بتوانریت تەنها لە چوعزی پێدراوەکانی ناو دامەزراوەی خێزان و خوێندنگە و دامەزراوەکانی تری ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و ئیمانی و فەرهەنگی و کەلتووریدا قەتیس بکرێت. درککردن بەو ڕاستییەش وادەکات شێلگیرانەتر کار لەسەر ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان بکەین و هەژموون و کاریگەرییەکانی باشتر لەبەرچاو بگرین.   

*

تۆژەرەوانی بواری ئەدەبی مندالان لەلای خۆیان سێ قۆناغیان بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەو چەشنە ئەدەبە دەستنیشانکردووە، کە یەکەمیان لەساڵی ١٦٩٧ دا دەستپیدەکات و دەکەوێتە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم و لەو سالەدا یەکەمین کتێبی تایبەت بە مندالان لەژێر ناوی ( بەسەرهاتی دایکە قاز ) دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەو چیرۆکەش لەلایەن شاعیری فەڕەنسی ( چارلز بیرو ) نووسراوە. بەدوای ئەویشدا ژمارەیەک کتێبی تر، بەڵام لەقاڵبێکی سنووردا دەرچوون و بڵاوکراونەتەوە کە لەکایەن کەسانێکی وەک ( برایانی گریم ) و ( لویس کاروان ) ەوە نووسراون.

قۆناغی  دووەمیش دەکەوێتە ماوەی ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، کە تیایدا لەلایەک ئەدەبی منداڵان لەڕووی چلۆنیەتی و چەندایەتییەوە گوڕوتینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لەلایەکی تریشەوە هەوڵدرا ئەو چەشنە ئەدەبە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی بخرێتە ژێڕ ڕۆشنایی و لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە توێژینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێت و دیوە ئاشکرا و پەنهانەکانی شەنوکەو بکرێت. هەروەها تیایدا جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە هەر هەنگاوێک لەو بوارەدا دەگیرێتەبەر، بەوردی خواست و نیازەکانی منداڵی تیادا لەبەرچاو بگیرێت.  

قۆناغی سێێەم دەکەوێتە ناوەڕاستی سەدەی بیست، یاخود با بڵێین ساڵانی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا نەک تەنها پەرە بە چلۆنایەتی چاپی کتێب و بڵاوکراوەکانی تر درا بۆ مندالان، بەلکو ژانرە جۆراوجۆرەکانییشی گەشەیان پێدرا لە نموونەی شانۆ و هۆنراوە و ئۆپەرێت و کتێبە زانستی و ڤەرهەنگی و کەلتووری و مێژوویی و جوگرافییەکان، هەروەها لەپەنا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتیبیشدا، ژمارەیەک گۆڤاری تایبەتمەند بە دونیای منداڵان بڵاوکرانەوە کە دابەشدەبوون بەسەر گۆڤاری هەفتانە و مانگانە و وەرزیدا. سەرباری ئەوانەش، لەبواری هونەری سینەما و نواندینیشدا  ژمارەیەک فیلمی تایبەت بە منداڵان بڵاوکرانەوە کە لەڕووی ئەدگار و ناوەڕۆکیکەوە تێکەلەیەک بوو لە بابەتی زانستی و فەرهەنگی و کەلتووری و وەرزشی و کۆمەڵایەتی.

*

ئەو ئەفسانە و چیرۆک و داستان و بەسەرهاتانەی لە ڕابردوویەکی دوورەوە تاکو ئەمڕۆ دەماودەم هاتوون و لەلایەن گەل و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دونیاوە پارێزراون، پشکێکی گەورەیان بەر منداڵانیش دەکەوێت، چونکە ئەگەرچی ناوەڕۆکەکانیان باس لە شتگەلێک دەکەن پەیوەستن بە تەواوی ئۆردوی مرۆڤەوە، بەلام هێشتا لە پەناو پەسیوی ئەو گێرانانەوانەدا ئاماژەگەلێکیش هەن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەست دەبن بە منداڵانەوە و بۆ ئەوان بەگرنگ دادەنرێن تاکو لە تەمەنی بەراییەوە پێیان ئاشنا ببن و ئەزموونیان لێوەربگرن. جگە لەوە، ژمارەیەک لەو ئەفسانە و داستان و بەسەرهاتانە، لەلایەن پێشینانەوە بەتاببەت بۆ ئەوان داڕێژراون و لە بۆتەی گێڕانەوەی زارەکیدا بە گوێچکەی منداڵ گەیەنراون.

ئەگەرچی ئەو ئەفسانە و چیرۆک و داستان و بەسەرهاتانە لەڕووی ناوەڕۆکەوە زۆرتر ئاراستەیەکی ئایینی – مۆراڵیان هەبووە، بەڵام لەپەناشیانەوە داتای چەندین پێدراوی دی هەبوون کە زانین و ئاگاداربوون لێیان، وایکردووە منداڵ بتوانێت بە هۆیانەوە چلۆنایەتییەکی باشتر بداتە ئەزموونی ژیانی  خۆی لە داهاتووی دوور و نزیکدا  و بەجۆرێکی وا تەوزیفی ساتەکانی ژیانی خۆیانی بکات، بتوانێت بە دیوێکی ئەرێنی و خوازراودا بەرهەمەکەی بچنێتەوە.

*

لەهەندێک ویستگەی مێژووییدا، بەشێک لە ڕژێمە سیاسییەکان کاریان بۆ ئەوە کردووە ئامانجە زیندووەکانی ئەو ئەدەبە لەڕاستەڕیی خۆی لابدەن و لەڕێی تەوزفکردنی ئایدیا و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتی و مەبەستدارەوە، هەژموون بەسەر بیر و زەینی منداڵاندا بکەن و بەو پێدراوانە بارگاویان بکەن کە سیسستەمی سیاسی پەیوەست بە ئادۆلۆژیایەکی تایبەتی مەبەستی بووە بیگەیەنێت. بەڵام ئەوە نەتوانیوە بەهاو گرنگی ئەو چەشنە ئەدەبە بهێنێتەخوارەوە. لەهەمانکاتیشدا نەیتوانیوە هیچ لەو ڕاستییە کەمبکاتەوە کە ئەدەبی منداڵان لە دونیای ئەمڕۆدا گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە و پشتگوێخستنی لەلایەن هەر دەسەڵات و حکومەتێکەوە، بە هەڵە و کێماسییەکی گەورە دادەنرێت.

ئەو بەهرەیەی کە منداڵ لەڕێی ژانرەکانی ئەو ئەدەبەوە وەدەستی دەخات، تەنها لەوەدا قەتیس نابێت کە زەخیرەی زانینەکانی دەوڵەمەندتر بکات، بەڵکو دنەشی دەدات تاکو کردەی وێناکردن و خەیاڵکاری و ئەندێشەکاریشی بەدیوێکی جیاواز لە فۆرمی باودا ئەزموون بکات و ئاسۆی بیرکردنەوەکانیشی گەشاوەتر بکات. ئەمەش کاتێک لەڕووی چلۆنایەتییەوە باشتر بەرجەستە دەبێت کە لە گەیاندنی ژانرەکانی ئەو ئەدەبەدا، تەمەنی فیزیکی منداڵان و توانستە ئەقڵی و زەینییەکانیان لەبەرچاو گیرابێت. هاوکاتیش لەڕووی چلۆنایەتی زمان وشەسازی و فۆرمی داڕشتنەوە بێ کەموکوڕی بێت. جگە لەوەش، کردەی ڕوونکردنەوە و باسکردن و گەیاندنی داتای هەر زانینێک کە لەناو ژانرە جیاوازەکانی ئەو ئەدەبەدا جێگەیان دەکرێتەوە، باشترین و سەرنجڕاکێشترین وێنە و نیگاری لەگەڵدا هاوپێچ کراببێت.

*

( لەتیف هەڵمەت ) وەک شاعیر و قەڵەمبەدەستێکی دیاری کورد لە باشووری کوردستاندا، عەیامێکی زۆرە لەپەنا بەرهەمە ئەدەبییەکانی تریدا، لای لە ئەدەبی مندالان کردۆتەوە و لە بواری هەر سێ ژانری ( شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت ) دا دەنووسێت. هاوشانی ئەوەش هەوڵیداوە لە زمانی عەرەبییەوە ئەو چیرۆک و شیعرانە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی و پێشکەشی مندالانی نیشتمانەکەی بکات، کە لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەتوانن داتای ئەرێنی ببەخشنە بیر و زەینیان و لەپێناو پەیوەستبوونی زیاتر بە بەها بالا مەعنەوی و ئیمانی و مرۆڤی و نیشتمانییەکانیشدا زۆرتر دنەیان بدەن. 

یەکەم بابەتی خۆی کە تایبەت بووبێت بە جیهانی مندالان، شیعرێک بووە کە لەساڵی ١٩٧٥ دا بلاویکردۆتەوە. یەکەم بەرهەمی نووسراویشی وەک کتێب بریتیبووە لە کتێبی ( جوانترین دێ ) کە تێکەڵەیەک بووە لە شیعر و چیرۆک و لەساڵی ١٩٧٩ دا چاپ و بلاویکردۆتەوە.  

ئیتر لەوەبەدواوە بەشێوەیەکی بەردەوام لەهەردوو بواری نووسین و وەرگێراندا بابەتی جۆراوجۆری خستۆتە بەردیدەی منداڵان و لەو جوارچێوەیەشدا زۆرترین بابەتی خۆی لە هەفتەنامەی ( هاوکاری ) دا بڵاوکردۆتەوە.

لەگەل ئەوەی هاوشانی وی، ژمارەیەک قەلەمبەدەست و هەواداری دی کاریان لەسەر ئەوەکردووە بابەت بۆ مندالان بنووسن، بەلام کەمیان توانیویانە بەو ئەندازەیە ئەسپی خۆی تیادا تاوبدەن کە شایستەی ئەوەبێت بەسەر پانتایی مێژووی ئەدەبیاتی منداڵلانی کوردەوە ئاماژەیان پێبکرێت و ناویان بهێنرێت. ئەوەش پەیوەستبووە بە چەند هۆکارێکەوە، وەک ئەمانەی خوارەوە:

-  نەیاتوایوە بەردەوامی بە هەوڵ و کارەکەیان بدەن لەو بوارەدا و ئەوەی نووسیویشیانە تەنها هەڵچوونێکی کاتی بووە و هیچی دی.

- لاساییکردنەوەی ئەوانی دی  پێوەدیاربووە، یاخود کاریگەری نووسەرانی خۆماڵی و بێگانەی بەسەرەوە بووە، بەتایبەتی نووسەرانی عەرەب، بەوپیێەی نووسراو و کتێبەکانیان ئاسانتر لەبەردەستدا بووە لەکتێبفرۆشییەکاندا.

- بابەتەکانیان لەڕووی هونەری نووسین و وشەسازی و تەنانەت خاڵبەندی و ڕێزمانیەوە، جێگەی سەرنج و تێبینی بووە و لەو بوارەدا، هەڵەی گەورەیان بەسەردا تێپەڕیوە.

- لەوەدا بێتوانابوون بتوانن بەباسی جیاوازی بکەن لەنێوان ئەو وشە و دەربڕینانەدا کە لەڕووی تەمەنی فیزیکی و پاشخانی فەرهەنگی و کلتووری و کۆمەلایەتییەوە، بۆ منداڵ دەشێن و بۆ منداڵ ناشێن.

- ئەو سووژە و بابەتانەی هەلیانبژاردووە، شیعری لەبارەوە بنووسن، یاخود چیرۆکی لەبارەوە دابڕێژن، سواو و چەند بارە بووە و پێشتر چەندین کەسی تر لەو بوارەدا قسەیان لەبارەوە کردووە و شیعر و جیرۆکیان نووسیوە.

- فۆرمیکی حیکائەتئامێزیان داوەتە چیرۆکەکانیان، ئەمەش وایکردووە لەجێی ئەوەی خەیاڵی خوێنەران و ڕەخنەگران بۆ ئەوەبچیت داهێنانیان کردووە، گومانیان بۆ ئەوە بچێت حیکایەتێکی فۆلکلۆریان وەرگرتووە و بە کەمێک دەستکارییەوە،  بەناوی خۆیانەوە بلاویانکردۆتەوە.

 

بەداخەوە، لە ئەمڕۆشدا دەبینین کە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لەو بوارەدا دەنووسن، بەڕادەی پێوست لەچلۆنایەتی ئەو ئەدەبە و دیوی ناوەوەی حاڵی نەبوون و شیعری منداڵانیان تەنها لەوەدا کورتکردۆتەوە کە باس لە قەڵەم و دەفتەر و شاخ و بووکەشووشە بکات، هەروەها کۆتایی نیوە دێرە شیعرەکانیش سەروایان هەبیت و هیچی دی! بێگومان بۆ چیرۆکیش هەروا، کە بەئاشکرا درک بەدەستەوەستانی و بێتواناییان دەکریت لەوەدا کە نەیانتوانیوە چلۆنایەتی نووسین و یەكێتی بابەت لەبەرچاو بگرن، لەوەش زیاتر نەیانتوانوە چیرۆکەکە بەسەر سەرەتا و گرێ و ئەنجامدا دابەشبکەن.

ئەوەش دەمباتەوە بۆ سالانی هەشتاکان کە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گەنجانەی لە سەربازی ڕایانکردبوو،دەستبەتاڵبوون، ڕوویانکردۆوە کۆکردنەوەی بابەتە فۆلکلۆرییەکان ( لەگەڵ ڕێزدا بۆ ئەو گەنجینە گرنگ و بەنرخە نەتەوەییە )، چونکە کارێکی ئاسان و لەبەردەستدا بوو، جگە لە تۆمارکەرێکی ( تەسجیل ) بچووک و دەفتەرێک و قەلەمێک، هیچی تری نەدەویست!  

*

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بەڕێز ( لەتیف هەڵمەت ) لە بواری نووسینی تایبەت بە مندالاندا ئەوەیە زۆر جەخت لەسەر هەستی نیشتماپەروەری و خۆشەویستی وڵات دەکاتەو. لەوەشدا دەکریت بڵێم وەپێش زۆرینەی ئەوانی دی کەوتۆتەوە کە لەو بوارەدا دەنووسن. وەختێک لە کتیبە چاپکراوەکانی دەڕوانیت کە تێکەلەیەکن  لە شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت لە نموونەی ( جوانترین دێ ) و ( دەنگخۆشترین مەل ) و ( کاتژمێر)٠ و ( مندال و بووکەشووشە ) و ئەوانی دی کەدواتر هەموویانی لەبۆتەی کتێبێکی سەربەخۆی یەک بەرگیدا لەژێر ناوی ( دیوانی مندالان ) دا کۆکردۆتەوە، بەئاشکرا ئەوەت بۆ دەردەکەوێت. هەروەها تا ئاستێکی زۆریش وشەی ( کوردستان ) ی تەوزیفی ئەو نووسراوانە کردووە کە بۆ مندالانی نووسیوە. ئەمەش لەکایەکەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو باکگراوەندە نەتەوەیییەکەی هەیەتی. لەلایەکی تریشەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی تایبەتی خۆی کە مەبەستی بووە وەک قەڵەمبەدەستێک بیسەلمێنێت بەردەوام لەسەنگەری خەڵک و خاکدایە. بێگومان هەلوێستێکی لەو شێوەیەش، شایستەی ڕێز و بەهەندگرتنە. چونکە کاتێدا ئەو هەڵوێستەی لەکایەی نووسیدا بەرجەستەکردووە، کە حەشیمەتێک قەڵەمبەدەستی دی بەجیاوازی ڕەنگ و تەمەن و پاشخانی کۆمەلایەتی و فەرهەنگیانەوە، بەهەر هۆکارێک بێت، سەنگەری دەسەڵاتی سیاسی نانەتەوەیان هەڵبژاردبوو و بە گفتار و نووسین دژ بە بەرژەوەندییە بالاکانی خەڵک و خاک وەستابوونەوە.

*

( دیوان منداڵان )، وەک ئاماژەم بۆکرد بریتییە لە کۆی ئەو نووسین و بابەتانەی بەرێز ( لەتیف هەلمەت ) لەچەند موودەتێکی زەمەنی جیاوازدا بۆ منداڵانی نووسیوە و لەساڵی ٢٠١٣ چاپی یەکەمی بڵاوکردۆتەوە. ئەو نووسین و بابەتانەش پێشتر هەم لەڕێگەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و هەم لەڕێگەی کتێب و نامیلکەوە خراونەتە بەرچاوی منداڵانی کوردستان و لە ناواخنیاندا تێکەڵەیەکن لە شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بە هەردوو دیوی نووسین و وەرگیڕاندا.

ئەم کتێبە قەبارە گەورەیە بەشێوەیەکی زنجیرەیی ئەو کتێب و نامیلکانەی تیادا کۆکراوەەوە: ( جوانترین دێ، دەنگخۆشترین مەک، هێلانەیەکی تر، منداڵ و باران، منداڵ و چۆلەکە، کاتژمێر، گوڵی ناو ئینجانەکە، پرسیار لە منداڵ، چۆلەکەی سەر دارەکە، منداڵ و بووکەشووشە، گوێدرێژ و پش، پشیلەیەک پاسکیل لێدەخوڕێ، مانگ لە نێوانی هەزار و یەک ئەستێرەدا دەنوێ ).

*

لەگەل ئەوەی کۆی ئەو بابەت و نووسینانە کە لەو کتێبەدا جێیانکراوەەوە، چ وەک ناوەڕۆک و چ وەک داڕشتن و چ وەک زمان و ڕێنووس شایستەی قسە لەسەر کردنن و دەکرێت بە درێژی قسەیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام من لەو وتارەدا تەنها مەبەستمە لەچوارچێوەی فۆڕمە گشتییەکەیدا لەسەر ئەو ئەو کۆ بەرهەمە بووەستم و سەرنج و تێبینی خۆمی لەسەر دەرببڕم. لەهەمانکاتدا خوازیاری ئەوەم لە چاپەکانی داهاتووی ئەو کۆبەرهەمەدا، چەندی لەتوانادابێت ئەو سەرنج و تیبینیانەی من و هەر سەرنج و تێبینییەکەی دی کە بەدیوێکی ئەرێنی و بنیاتنەرانەدا لەلایەن خوێنەران و ڕەخنەگرانەوە لەبارەیەوە دەردەبڕدرێت و دەنووسرێت، بەهەندبگیرێت. هەڵبەت سەبارەت بە خۆم، ئەوەی لەو بارەیەوە دەینووسم، جگە لەوەی ، ئاراستەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەرانەی هەیە، لەهەمانکاتیشدا ئامانجێکی دووانەیی هەیە.

ئامانجی یەکەم ئەوەیە مەبەستمە هەر بەرهەم و نووسراوێک کە لەلایەن بەڕێز ( لەتیف هەڵمەت ) ەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە، هاوتابێت لەگەل پاشخانە مەعنەوی و ڕۆشنیری و فەرهەنگییەکەیدا. ئەمەش وادەکات رێ بەخۆمان بدەین هەر خەوش و کەمووکوڕری و کێماسییەک لە بەرهەمەکانیدا درک پێبکەین، لەسەری بووەستین و ئاماژەی پێبکەین و لەخەمی ئەوەدابین ڕاستبکرێنەوە و بە جۆڕێکی شایستە بخرێنە بەر دیدەی خوێنەران بەگشتی.

ئامانجی دووەمیش ئەوەیە مەبەستمە ئەو بەرهەمە بە باشترین شێوە بکەوێتە بەر دیدەی مندالانی کورد و شایستەی ئەوەبێت لە کتیبخانەی تایبەت بە خۆیاندا بیپارێزن. هاوکاتیش لەگەل دێڕ بە دێری شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێتەکاندا ئاوێتە ببن و پەیام و داتاکانیان لە ژیانیاندا ڕەنگبداتەوە. ئەمەش نیازی بەوەیە هاوتای پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی سەردەم، کتێب و نووسراوەکان دیزایین بکرێن و چاپبکرێن و بلاوبکرێنەوە، نەک ئەوەی بەشێوەیەکی کلاسیکی و دوور لەهەر  فۆرمێکی هونەری، بخرێنە سەر ڕەفەی کتێبفرۆشییەکان.

ئەوەی کە بەلای منەوە جێگەی پرسیارە ئەوەیە سەرباری ئەوەی ئەو چاپەی لەبەردەستی مندایە، چاپی سێیەمی کۆ بەرهەمەکەیە، کەچی ‌هێشتا ئەو شوێنانەی جێگەی تێبیی و سەرنجن، وەک خۆی ماونەتەوە و ڕاستنەکراونەوتەوە. هەڵبەت ئاگاشم لەوەیە کە چاپێکی تری ئەو کۆ بەرهەمە لە شاری مهاباد لە لایەن چاپەمەنی ( مانگ ) ەوە لەساڵی ٢٠١٦ ز ( ١٣٩٥ هەتاوی ) بڵاوکراوەتەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی نوسخەی ئەو چاپەم لەبەردەستدا نییە، نازانم لەرووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە چۆن ئامادەکراوە و بلاوکراوەتەوە. تەنها ئەوەندە دەزانم وەک بەرگ، بەدیزایینیکی جوانتر لەچاپی سێیەم بڵاوکراوەتەوە کە لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

*

سەرنج و تێبینییەکانی من کە لەچوارچێوەی فۆرمە گشتییەکەیدا کۆمکردوونەتەوە، ئەمانەن:

- ناونیشانی کۆ بەرهەمەکە بریتییە لە ( دیوانی منداڵان )، لەکاتێکدا تەنها تایبەت نییە بە  ژانری شییعر، بەڵکو تەژییە لە شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت. بەوپێیەش ناونیشانەکە تەریب نایەوەتەوە لەگەل پیدراوەکانی ناوەوەی کۆبەرهەمەکەدا. چونکە ئەوەندەی من ئاگادارم، وشەی ( دیوان ) بەدیوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکەیدا، پەیوەستە بە ژانری شیعرەوە، نەک ژانرە جیاجیاکانی ترەوە.

- لەخوار ناونیشانی سەرەلی سەر بەرگ، نووسراوە ( شیعر و چیرۆکی مندالان) ، بەڵام کۆ بەرهەمەکە چەند ئۆپەرێتیکیشی گرتۆتەخۆی. بەوپێیەش دەبوایە لەسەر بەرگ ئاماژە بە وشەی ( ئۆپەرێت ) یش بکرابا.

- هەرچەندە نووسەر ویستویەتی بابەتەکان بەگوێرەی زەمەنی چاپکردنی کتێبەکانی تایبەت بە مندالان ڕیزبەندبکات، بەڵام ئەمە جۆرێک لە تێکەلی و تێکجڕژانی درروستکردووە و وا پەسەندتر بوو لە پێشەکی کۆبەرهەمەکەدا ئاماژەی بەوە کردبا کە کۆی کتێەکانی تایبەت بە مندالانی تیادا جێکردۆتەوە و ناویشی بردبان، بەلام لە ناواخندا ژانرەکانی ڵیکجیاکردبایەوە، بە جۆرێک شیعر بە جیا و چیرۆک بە جیا و ئۆپەرێت بەجیا ڕیزکرابان. هەروەها جیاکاریشی کردبا لەنێوان ئەو بابەت و نووسینانەدا کە پەیوەستن بە بیر و زەینی خۆیەوە لەگەل ئەو بابەت  نووسینانەدا کە وەریگێراون. بێگومان کارێکی ئاوا، جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ مندال دەکرد تاکو بەگوێرەی حەزی خۆی ئەو ژانرە هەلببژێریت کە مەبەستییەتی، هاوکاتیش یاریدەی توێژەرەوان و ڕەخنەگرانی دەدا باشتر و ئاسانتر بتوانن سەبارەت بە هەر یەکێک لەو ژانرانە بەدواداچوون بکەن و نموونەی لێوەربگرن.

- بەشێک لە بابەت و نووسینە وەرگێردراوەکان، وەک پێویست سەرچاوەیان دەستنیشاننەکراوە، یاخود تەنها ئاماژەیەکی کورت بە ناوی کتیبەکە و نووسەرەکەی کراوە و بەس. لەکاتێکدا پێویستبوو لەڕووی ئەمانەتی وەرگیڕانەوە، ئاماژە بەتەواوی ناسنامەی ئەو کتێب و سەرچاوەیە بکرێت کە شیعر یاخود چیرۆک یاخود ئۆپەرێتەی لێوەرگیراوە. ئەمەش بە

گشتی ئەمانە دەگریتەوە: ( ناوی کتێب، ناوی نووسەر، بابەتی کتێب، ناوەندی بڵاوکەرەوەی کتیب، نۆبەی چاپ، شوێنی چاپ، ساڵی چاپ ).

- کۆ بەرهەمەکە بێبەشە لە نیگار و وێنە کە پێویستن بۆ ڕوونکردنەوەی داتا و پێدراوەکانی ناو شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێتەکان. ئەگەرچی دەکرێت ئەوە بگەرێتەوە بۆ زۆری بابەتەکان کە دژوار بووە بتوانرێت هەق بە هەموویان بدرێت، یاخود بۆ خۆپاراستن بووە لە گەورەبوونی زیاتری قەبارەی کۆ بەرهەمەکە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا، نەبوونی نیگار و وێنە بۆتە خەوشێک و بەسەر لاپەرەکانەوە هەستی پێدەکرێت. چونکە زۆر بە دەگمەن بابەت و نووسراوی منداڵان دەتوانێت لەدەرەوەی نیگار و وێنە جێگەی خۆی لە بیر وزەیندا بکاتەوە.

- فۆنتی نووسین زۆر بچووکە، هەروەها لەڕووی دیزایینیشەوە وەک پێویست نییە. ئەمەش بەنۆبەی خۆی منداڵ دڕدۆنگ دەکات و حەوسەڵەی درێژەدان بە خوێندنەوەی ئەو کۆ بەرهەمەی لەلا کاڵدەکاتەوە.

- هەندێک لە شیعرەکان زۆر درێژن و منداڵ بێزار دەکەن. جگە لەوەش وادەکات نەتوانێت سوود لە تەواوی واتا و دەلالەتەکانی ناو دێرە شیعرەکان وەربگرێت و لە یادگەیدا بیانهێلێتەوە. چونکە لەڕووی زانستی دەروونناسییەوە ئەوە سەلماوە کە داتای پێدراوەکان، چەندە زۆرتر بخایەنن، ئەوەندەش زۆرتر داتای پێش خۆیان کاڵتر دەکەنەوە، یاخود دەسڕنەوە. لەوڕوانگەیەشەوە، بەلای منەوە واپەسەندتر بوو نووسەر لەدوای دووبارە کۆکردنەوەیان، ئەو وشە و دەربڕین و دێڕانەی وەلانابان کە کەلێن لە شیعرەکاندا درووستناکەن و وەک زیادەیەک دەبینرێن.

 * دیوانی منداڵان، بەرگی یەکەم، لەتیف هەڵمەت، چاپی سێیەم، لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەلایەتی کەرکووک، زنجیرە ( ١١٣ )، کەرکووک، ٢٠١٣