زێنەب یوسفی/ شاعیر/ سنە

 

لە ڤیترینی

ژنان

بە حوکمی چارشێوێک

ستیانەکان  لەت و پەت

کراسی خەو لە کابوسێکی پیر

جلە جوانەکان  لە خولیای جەستەیەکی جەواندا….

عابایەک هەمیشە

دادەخوڕێتە سەر

جانتای سەفەری ژن

و

خەونەکانی لەزەت

ڕاو دەنرێن….

 

ساڵگارێکە

دوکانی ژن فرۆشیەکە

ئاوەڵایە

و

مانکینی ئازادی

لە هەڵاتن….

بە تەنورەیەکی جوانیشدا

مردن دیارە….

بەسەر

جادەکانی ژندا

چەرچەفەکانی پاکیزەیی

ئاڵا ئاسا

دەشەکێنەوە

ڕوو لە ئاگر ە

چەرچەفی ناپاکیزەیی….

 

ئەگەر دەستی گیژوڵەکان

بلەرزێت

لە کاتی مارە بڕیندا

بەرد لە وێنەی تاوان….

گەورە

چیت داوە لە یەخەی8ی مارس

ئەگەر تەنانەت

مانکینێکی جانتا لە دەسیش

نادۆزمەوە لە جادەی ژندا…..