شەماڵ بارەوانی

 

بەیانی

لەگەڵ دەنگی یەکەم ترپەی هەناسەی غوربەتدا،

لەگەڵ دەرکەوتنی گزنگی خۆر،

دێمەوە.

دێمەوە و 

وەکوو جاران سروودی  پێکەنین بۆ کچە عازەبەکانی دێ دەچڕین و

ئێوارەی شیعرمان پڕ دەکەین لە خەونی ئاشقانە.

دێمەوە و

ئامێزت دەکەم به سەرین و

 ئەو تیۆرە پۆچەڵدەکەینەوە کە باس لە ئاوابوون دەکات.

دێمەوە و 

لە نزیک دووڕیانی بێ ئومێدی، نەمامێک بۆ پەیمان دەڕوێنین و

لە پێدەشتی دابڕاندا کانی بیرەوەرییەکان دەژییێنینەوە.

دێمەوە و

لە هەواری جێژواندا

زیوانی ئازار لە دەفتەری چاوەڕوانی بژاردەکەین

و

خۆمان لە هەراسان خاڵی دەکەینەوە

دێمەوە و

قافیەی حوزن دەشکێنین

و

ئیتر ڕەها ڕەها دەبین.