ڕێبوار مستەفا کوردە 

هاتنەڪەت هیندە ڪاڵ بوو!

ڕەنگەڪانی جەستەم لەڕەنگڪردنی هاتنت

هێدی هێدی ڪاڵبونەوە و 

گەشتنه سەر ئێسڪ و

ئێسڪێڪی سپی سپی..

وەڪ وابێ چواندنێڪ لەپەڕەیەڪی سپی ئاسا

هێشتا هیچ هەنگاوێڪت نەنابێ..!

هاتنەڪەت هێنده وشڪ بوو!

ناچار ئاوی جەستەم ڕۆ چوو..

بەو جۆگانەدا ، ڪەبۆ تولەڕێگەڪانی تۆ بیگوشم

تاوەڪو له هەنگاونانتدا بتهێڵێتەوە و قوڕگی تۆ پاراوبێ و..

دەرون و روحی تۆ خۆش بێ..! 

پروسڪەڪانی من لەم بیابانەدا پێویستە چیتر وشڪ وشڪ ببنەوە و..

تا لە چەشنی تابلۆیەڪی سپی و بێ ڕەنگ

لەو بیابانە بێ تۆییەدا..

مۆڵەت پێدراوی ڪەس نەبن بۆ بنینیم و ڪەس زاتی ڪردنەوەی پێشانگاڪەی نەبێ جگە لەتۆ.

ئیتر لەم خەیاڵەی هاتنەتدا ، ڪە گەڕایەتەوە سەر خۆ..

بە میوانەڪانت بڵێ:

بیرهێنانەوەیەڪ بوو ..!

من هێشتا ڕۆشتنم بۆلای ئەو ڕاستی نەبوو..!

هەمووی خەیاڵێڪی چەند چرڪەیی و گوزەشتەیەڪ بوو..!