
غەمگین بۆڵی
شەوەکان هەر چەند درێژتر ببنەوە
بەشی خەمەکانی من ناکەن
ڕۆژەکان ھەرچییەکیان لەگەڵ خۆتان هەڵگرت بێت
ئێوارە دەستی سێبەری دەگرێت
هەر بە پێش تەمەنمان تێدەپەڕن
برینەکانم هێندە زۆر بن سەریان لە هەوریش سپی بێت
هێشتا لە سنگی کەس بار ناکەم
ئازارەکان پێویستییان بە دەنگی بەرزە
تۆ کە دڵت ژانی گرت
زمان وەک فیشەک دەنگی دێت
دەنگی من، شیعری منە
شیعری من، ژیانی منە
ژیانی من، بەکەڵکی ئەوە نایەت
وەک ترومبێلێکی بارهەڵگر خۆتان پێوەی هەڵبواسن.
ئەوە شیعری منە
ئەوە ژیانی منە
ئەو نهێنییە تەقەت ناکرێ
ئەو هاوارە لە دڵی کەسدا ناشاردرێتەوە
ئەو چیڕۆکە پڕ چیڕۆکە
ئەوەتە بەسەر هەموو نوقتەکان باز دەدات
ناهێڵێت کۆتایی خۆی بخواتەوە
ئەو کەسێکە عاشق بە فۆنتی قەڵەو
ئەگەر هەڵەم بە نووسین نەکرد بێت
ئەو ناھێڵێت خوێنی ڕەشی ئەو
بڕژێتە دەماری ساڵەکانەوە
گۆشتی دەستی خۆی دەخوات
ناهێڵت چیڕۆکی ئەو ئەڤینە خواروخێچە
بە دڵی ناکەسبەچەکان تەواو ببێت.
تۆ کێی دەتەوێت ئەوەندە بمشکێنی
پارچەکانم نەناسمەوە؟
من کێم دەمەوێت ئەوەندە عاشقت بم
لەسەر تۆ خۆم سەرزەنشت بکەم؟
لە ژێر سایەی ئەو عەشقەدا
خوێنی خۆم وەک شەڕابی دەستی سەرخۆشان دەخۆمەوە
هەر ناهێڵم کوژرانم بەبێ دۆڕانت ببینیت
لە پێشم بخەیت
ھەنگاوم کوێر بکەیت
بەهێمای لەپی دەستەکانم
بە زایەڵەی مەراقگرتووی دەنگم
دەمناسنەوە
دەتناسمەوە
ھەڵدەستمەوە.
بزانە چیڕۆکی تۆ درێژەی هەتا کام خەتە
چۆن ڕووداوەکان سەرەوگێڕ
گێژ دەخۆنەوە
گێژ گێژ قڵپ دەکاتەوە
بزانە ئەو سەرەتایە هیچ نوقتەیەک دەخوازێت
بزانە چۆن کۆتایی خۆی دەخواتەوە
پەیڤەکان کۆتا پەیمان بوون
وشەکانت مۆرانەن، خۆیان دەخۆنەوە
پیتەکان دەلەرزن.
پەنجەکانم دەلەرزن
دڵم ماوەیەک خراپ لێ دەدات
دووبارەی دەکەمەوە
پەنجەکانم دەلەرزن
لەناو ئازاری ڕەشی ئەو شەوانەدا
گینگڵ دەدات
ئەوەتە دەستەکانی تۆیش نالەرزن
دەیانەوێت ئیمزای سیاپۆشی هەتاهەتایی بکەن
دواجار ئەو ئێوارە تاریک و نەفرەتییە هات
بۆت بنووسم:
دڵت بۆنی کێی لێ دێت؟