
ئەگەر هاتم بۆ سەر ئەو دونیایە دایكم زۆر دەترسا شەوە بمباتەوە
باوەڕی بەو پیاوانە نەدەكر شەونانوون و تاسبەی ساڵحان بێدارن
هەور وەنەوزی دەدا و زۆر خەریك دەبوو بەسەر ئەو بێژینگەدا بەربێتەوە من بباتەوە
دەیگوت خەریكە خۆم دەبم بەو دێوزمەییەیی لە ئێوارەوە ڕۆحم دەكرۆژێ
لەوە دەترسا شەیاتینی باڵی نەفرەتی خۆی بكێشی بەڕوحیدا
ئەو هەموو بوونی خۆی خستبووە ناو بێژینگەكە
ئەو بەو كتێبەش هەدادانی نەبوو لە ژوور سەری من دانرابوو
دەیویست بە(گۆرانی دامپۆشێ)
بە ئەوینی بمجووڵێنێ
بە ئەسپایی دڵنەوایی و ئاسوودەیی بەگوێمدا بانگبدەن
ئەو دونیایەم پێخۆش نییە نە دایكم لێرە ماوە نە ئەو پرێسكەیەیی ڕوحی منی تێپێچابوو
ئەو دونیایەم داوەتەوە بەشەوە
ئەو نایەت و لە وادەی خۆی ژەوان بۆتەوە
كۆجیلەكانی منداڵیم و كۆچكە دەستچەنراوەكەی خوشكم و
ئەو لانكەی بە هەزار ناری عەلی بۆیان كڕیبووم
كراسی شۆڕەی كاتی خەتەنەكردنم و
ئەو شەدەی دایكم كردبووی بەدوو كەرتەوە دەیاندەمەوە بەشەوە
لەو دونیایە وەڕەس بووم
بۆ دڵخۆشی كەسانێك لەدایكبووم
بۆ گەمەی كۆڵان و خەنی بوونی چۆلەكەكان لەدایكبووم
بۆ پێشوازی بارینی باران و سپی بوونی كێوەكان لە دایكبووم
بۆ پشتیوانی بابم هاتمە ئەو دونیایە
ئەوان ڕۆیشتن و منیش خۆم دەماڵی شەوە داوێم و دوعای ئەو پیرژنەیە لەخۆم قبووڵ دەكەم دەیگوت ڕەبی شەوە بتباتەوە....