
مستەفا غەفور
شیعر وێنەیەكی ئاخێوەرە و تابلۆش شیعرێكی بێدەنگە . بەهرەی هزری شاعیر و وێنەكێش شیعر و وێنەیە. دەكرێ بڵێین: توانای بەكارهێنانی وشە یان هەر كەرەستەیەكی زمانی، وەك توانای وەستایەكە، كە لە دروستكردنی بینایەكدا، لە زەوق و سەلیقە و بەكارهێنانی كەرەستەكانیدا دەردەكەوێت، سەلام عومەر لە دەرژێمە منداڵیمەوە هەم وەستا و هەم ئەندازیارێكە وشە و زاراوەی سادەی، وەك خشڵی جوان و پڕ بەها بەسیمای وێنە شیعرییەكانییەوە هەڵواسیوە.
كە وێنەیەك هەڵدەواسی، مانا، جوانی و پەیامی وێنەكە، بەهایەك بە وێنەكە دەبەخشن، ناكرێ وێنەیەكی ئاسایی، سواو، دووبارە، بێ رەمز و راز، بەدەر لە واقعی ژیان، رەنگدانەوەی خەیاڵێك بێ، بێ پرنسیپ، بێ ئاڕاستەو جڵەوی بەرهەڵدا كرابێ، بێ گوێدانە هێما و مانای میتافۆڕی، رەنگ فرێداتە سەر تابلۆ، بێ ریتم فڵچە بە ڕووی تابلۆدا بێنێ.
ناكرێ چوارچێوەی تابلۆكە بەرجەستەتر بێ لە وێنە و رەنگەكانی، ناكرێ بێ لەبەرچاوگرتنی سیمای گشتی، بێ هاوتەریبی ئەندازەكان، بێ مەبەست لە گۆشەیەك هەڵبواسرێ، بێ پێكەوە گونجانی سیمای وێنەكە لەگەڵ دیوارەكە وەك باكگراوندێك، ئاوێتە بكرێن. ناكرێ هەڵبژاردەی شوێنی وێنەكە ناشایستە و لەگەڵ بۆنەی هەڵواسینەكەی جیاوازییان ئاسمان و ریسمان بێ.
وێنەی شیعری بە وشەكان دەنەخشینرێ و بە رستەكان بەرجەستە دەبێ، ریتمی رستەكان كاریگەرە لەسەر مانای دەقە شیعرییەكە، هەستی شاعیر كاریگەر لەسەر پەیام و زمانی شیعر و پەیامەكە دەخەمڵێنێ. شیعرەكانی (دەرژێمە منداڵیمەوە، كۆمەڵە وێنەیەكی بێدەنگن، گەرم وەك ژیلەموی ژێر خۆڵەمیش، كە بەهەر خوێندنەوەیەك پتر دەگەشێتەوە و پەیامەكە بەهێزتر دەكەن.
شیعرەكان تەنیا رەنگدانەوەی نۆستالیژیای كەسێك نین، رەنگدانەوەی نۆستالیژیای كونجێكی ئەم نیشتمانەن، كە میژووی خەباتی بە خوێنی رۆڵەكانی خۆی نووسیوەتەوە. رەنگدانەوەی حەزوو ئارەزوو نین، رەنگدانەوەی ناسۆر و كارەساتەكانی گەلێكی زۆڵم لێكراون، كە دوای سەدان هەزار قوربانی، لێشاوێك لە كەمئەندام، ئاپۆڕایەك لە بێوەژن و منداڵی بێ سەرپەرست بەجێما و لە سەت ساڵ خەباتی سەخت و تێكۆشان و سی ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵی، هێشتا نەهامەتییەكان بەرۆكیان بەرنەداوە.
دەڵێن نووسین پەنجەمۆری زەینە، هەڵەم نەكردووة ئەگەر بڵێم، كۆمەڵە شیعری دەڕژێمە منداڵیمەوە، رەنگدانەوەی ئەو هەستەیە، شاعێرێكی خاوەن هەڵویست و رۆڵەیەكی سەنگەر و تێكۆشەرێكی ئەو چینەی هەمیشە سووتەمەنی شۆڕش و راپەڕین بووە، بە خامە رەنگینەكەی لە دووتوێی دیوانێكدا تۆماری كروون... تەمەن و جوامێریت، خامە و بەرهەمت بەرەكەت كاكە سەلام.