بەرزان عەلی

دەبێت بڕۆم

نامەوێت شوێنپێکانی خۆم بشارمەوە

دەبێت بڕۆم

بۆ ئەوەی قاچەکانم توشی وشکەساڵی نەبن.

دەبێت بڕۆم

دەگەڕێم بۆ ئەوەی بیدۆزمەوە و ئەم مۆتەکەیەی ڕۆحم ئازاد بکەم.

دەگەڕێم بۆ ئەوەی تۆزێک خەیاڵ کۆ بکەمەوە و

تینوێتی شیعر بشکێنم.

نیگەرانم کاتێک دەبینم پڕە لە ئاوارەی غەریبە

بە بێ دەنگی ژیان تێدەپەڕێنم

هیچ ناسنامەیەکیان بۆ نەکراوە

تا خۆراک وەربگرن

گوناهن بە بێ خێمە لە زەوییەکی مردوودا دەژین.

پاسەوانیان نییە

کاتێک شاخەکە دەپژمێت وا دەزانم بومەلەرزەیە

لە ترسدا باوەش بە یەکدا دەکەن

ترسێنراون وەک ئەوەی لە سیدنایا زیندانی بن

هیچ ناڵین بەڵام ڕوخساریان لە هەزاران چیرۆکدا خۆی حەشار داوە.

دڵم چەشنی کانییەک قوڵپ دەدات

کاتێک دەیانبینم بە ئاوی چەوری مردووەکان خۆیان دەشۆن و نەخۆش دەکەون

گوناهن زیاد ناکەن وەک ئەوەی خەسێنرابن

شیڕە شیڕی ماتۆڕەکان ناهێڵن باش بنون

چەشنی داعش چڕۆکانیان دەخۆن

ئەوەندە بێ شەرمن لە ناوەڕاستی ماڵەکانیاندا تەرس دەکەن و

خوداحافیزی ناکەن.

سوێند دەخۆم کەر کەر نییە

مانگا کەرە

چەند میهرەبانن بۆ بێ ژیانیەوە داڵدەی سەگە ئاوارەکانیاندا

سەگەکان لە ترسی گورگی شارەکە

بوون بە پەناهەنده و

هەر لەوێش بوون بە سەرباز

کاڵفامەکەی نەوەی نوێی داعش

درەختە باڵابەرزەکانیان سەربڕی

بۆ ئەوەی خۆشەویستی نەمێنێ

گەمژە توندڕەوەکان

دارێکی میهرەبانیان بە برینداری بەجێهێشت تا

بە ئازارەوه بمرێت.

گەلحۆ درەخت چەشنی دایکت سروشت دایکێتی

تاوانبار داینێ تەورەکەت.

خودا کەی وتی دەرختەکان بکوژن

ئەو کاڵفامەی دارێک دەکوژێت

دڵنیام دەتوانێ مرۆڤیش بکوژێت

گوناهن کاتێک چرۆی مەمکیان بە تفتی دەمژن

کاتێک لە ژاوەژاوی خەڵکی شارەکەم نیگەران دەبم

نیشتیمانی ئەم غەریبانە

پەناگەیەکی ئارامە بۆ بیرکردنەوە

کاتێک لەو بەرزاییەوە

خەڵکی شارەکەم دەبینم دڵم پڕ دەبێت بۆیان

دەبینم هەموویان بە شوێن ژیاندا ڕادەکەن.

بێئاگا لەوەی شارەکەم ژیانی تێدا نییە

خەڵکی شارەکەم گوناهن زۆرینەیان خویان بە خوداوە گرتووە و هیچ دەربارەی خودا نازانن.

لە شەو و ڕۆژێکدا بیستوپێنج چرکە

لە خزمەتی خودادان

کەچی پانزە کاتژمێر لە باوەشی شەیتاندا بە شوێن دۆزینەوەی ژیانن.

شارەکەم گەورەیە!

کەچی جێگەی خەونێکی بچوکی تێدا نابێتەوە

تاوانبار دایبنێ تەورەکەت!