غەمگین بۆڵی

 چەند ڕۆژێكە دەستەكانم بەناو ڕەقی ژیاندا دەگێڕم 

ناولەپی هەنگاوەكانم ئاڕاستەیان كوێر بووە

وەك مرۆڤێكی مۆدێڕنە قەرەباڵغی بێ ئیش لەناوم دانیشتووە

ناچارجەستەم لە پێڵاوەكانم باردەكەم

قورس قورس شڵپەم دێت

مۆڕاڵ لە كەرێك بار دەكەم و

خۆشم بە دەستنووسی خودگەراییەوە

لەناو زماندا دەژیم.

ئاییندەم،

چرك

چرك...

ئێستایە!

پێیەكانم پەیوەستن بە ماڵێكی پڕ كتێبەوە

ئەو چیرۆكانەی دوێنێ، ئەمڕۆیان هەلاهەلا كردم!

ئەو چیرۆكانەی دەمەوێت لەسەر زمان تفیان بكەمەوە

ئێستام ڕابردوویەكی خنكاوە، بێدەنگ!

بێدەنگی هەموو ئەو ساڵانە دەخەمە سەر كەڵكەڵەی مەرگ

دەڕۆم بۆ ناو مەرگەساتی تارمایی خۆم...

چایخانەكان لە كۆڵانەكان تەنگترن و

تەنگە بەپەراسووەكانم هەڵدەچنن

ئەو ڕۆژانە بۆ من ئاڕاستەكان خواروخێچن

ئەو ڕۆژانە وەك جووتێك پێڵاوی ژمارە چل بۆ ڕۆیشتنم تەنگن.

تەنگن

وەك ئەو ڕووداوە دووكەڵئامێزانە

كە لە بن پێستمدان

لە بۆسەدان.

ساڵەكان وەك فڕۆكەجەنگییەكان بەسەر سەرماندا تێپەڕین

ساڵەكان وەك مانگا لە بیرەوەرییماندا كاوێژ دەكەنەوە

لەناو ئەو ساڵانەدا دەیانویست ئیسكی قاچم بشكێنن

تابلۆی خەمۆكی لە ژوورەكەم هەڵبواسم

ڕەشبینی هەتا سەر كەپووم بێت

بیناییم بەردڕێژ بكەم

چاوی هەقبینم بەناو بیاباندا بەدوای ئێوە ڕابكێشم و

تۆزی ناو گەردەلوول ئاو بدەم

لە نێوەڕۆی تەمەنی خۆرەتاویشدا، زەرد زەرد هەڵگەڕام

نەمتوانی ببمە سەركەگوڵەبەڕۆژە

گۆڕەكان لە مرۆڤەكان ڕاستگۆتر دڵیان كردەوە

گۆڕەكان بیر لە هیچوپووچی گیرفانەكان ناكەنەوە

گۆڕەكان ئارامترین گەڕەكی شار بوون و

شاریش منی لە لاچەپێكی دڵی هەڵنەدەگرت

لە هەینێوە..

 پیاسەكان تامی ناوكەقەیسی دەدەن.

...

" من ساڵانێكی دیكەش مەرگم بینیوە و

بۆ ئەو مەرگە مردوومە

ئەو كاتەی تراژیای مەرگی مێشێك لە پێش دەستی ڕاستم ڕوویدا

كە دەویست فڕێك لە پیاڵەچایەكەی مندا بخواتەوە

خنكاو و

سوتا و

مرد ووووووووو...

مردم.

تاڵ

تاڵ...

بەكەڵكی ئەوە نەمان ئازاریان ئاو بدەم

بەكەڵكی ئەوە نەمان گوڵ لە گوێیاندا بچێنم

دەمامكەكانتان دەبینم، ڕوونترن لەو دیوی ئاوێنە!

دەمامكەكانتان بۆنیان دێت، پیس!

هەورەكان ناتوانن تاڵەموویەكتان بشارێتەوە

چاوی ناوەوەم تیژ دەتانبینێت

هەموو دەریاكان برژێننە ناو لەپتان

تۆزی ڕەشتان لانادەن

هەموو چیاكان لەسەر پێستتان نیشتەجێ بكەن

خوێنی ڕەشی ژێر ماسكەكانتان دەناسمەوە

هەزاران ڕەشەبای ناو پاییزانم دیوە و

تێپەڕیون

فووەكانتان گڵۆپی ژوورەكەم ناكوژێنەوە

سێبەرتان ناتوانێت لاساییم بكاتەوە

پەیڤەكانتان ناتوانێت دەستم شەل بكەن

دەزانم كە نازانن

دەستم ڕەشە و

حەز ناكەن دەستكاری ماسكی دەموچاوتان بكەم.

...

"هەمیشە ئەو بەردانەم خۆشتر ویستوون كە نازانن سەرشكان چییە؟ بەڵام ئەگەر ئەو بەردە دڵنەرمانەی من نەبن، تۆ لەبارەی كام بەردی دڵنەرم دەنووسیت؟ هەتا بەردی من وەبەر بەردی تۆ نەكەوێت، تۆ ناجوڵێت و هەر بەردی سێبەری بەردیت، بەڵام بەردێكی بێ دڵ، بەردێكی بێ قسە، بەردێكی بێكەڵك. باشتر وایە بەجۆرێكی دیكە بیر بكەیتەوە، وا نەزانیت بەردی هەموو دونیا هی تۆیە و تۆ بە فڵچە كۆنەكانت ڕەنگت كردوون. ئەو فڵچانەی لەناو پەنجەكانت ڕەقبوون.  بەرد ڕەنگ ناكرێت، ئەگەر بەردێك رەنگكرا و رەنگەكەی لەبەر بارانی هەقیقەت نەڕۆیی، كاڵ كاڵ نەبۆوە، ئەوە بەرد نییە. لە مێژە گوتوومە: كە سێبەرەكان تێكدەئاڵێن و تاریكایی هەتاكوو ئەو بەری شار دەچێت و ترس دەست پێدەكات، بەردەكانیش قسە دەكەن. زمانی بەردیش هەرگیز ڕەق نییە، ئەگەر تۆ بە نەرمی گوێ بگری.

من دەمەوێت گوڵ لە گوێچكەتدا بچێنم، تاكوو هەموو بولبوولەكانی دونیا لە ناویدا بخوێنن.

من بەردەكانی ناو دڵی تۆ و دڵتان فڕێ دەدەمە ناو بۆشایی سێبەرەكانمەوە

بەم بۆنەیشەوە..

 پرسەكەم دەكەمە بۆنەیەكی نانخواردن."

پرسەیەك بۆ ترپەكانی ناوەوەی ژیان دادەنێم

لەناو كۆڵانەكاندا  لە سێبەری ڕەنگكراو هەڵدێم

بەڕاكردن خۆم دەگەینمە چایخانەیەكی لاچەپ

لە جیاتی قاوە ،

فڕ فڕ خۆم دەخۆمەوە

لە جیاتی كوژراوێك، 

سارد سارد دەبمەوە

لە جیاتی تارمایی،

ئەوەندە ون دەبم تاكوو نازانم دوێنێ ناوم چی بووە!

وەك پیاوێكی هیچوپووچ نیوچاوانم تووڕە دەبێت

سەرزمانم پڕ دەكەم لە كەرتەبلۆك

گوێی قەرەباڵغی شار بە هاواركردن بەردباران دەكەم

ئەمڕۆ تەرمەكەم لەناو دڵتان دەنێژم

ئەمڕۆ كاتم زۆرە بۆ فرۆشتن!

...

" لە پرسەی مەرگی خۆمدا بە سێبەرەكانم پێدەكەم و

 لەناو خۆمدا دادەنیشم

 بیر لە قاوەخواردنەوەیەكی دەستی تۆیش دەكەمەوە و لەناو ڕەنگی چاوانتدا هەزاران مردن زیندوو دەكەمەوە و بەر لەوەی تۆ بێیتە ناو پرسەكەمەوە، یەكەمین كەس:

 بەخێرهاتنی ڕەحمەتی دەكەم."

ئەو ڕۆژانە لە شەوەكانیش تێپەڕین

وەكوو تێپەڕینی فڕۆكە جەنگییەكان بەسەر حەوشەی ماڵەكەماندا

پێیەكانی منیش تەنانەت دەیانزانی چلڕۆژە سەفەریم

هەركە پێڵاوەكانم بۆیاغكردن بە ڕەنگی ڕۆژە ڕەشەكان

نیگەرانبووم لە هەموو مردنەكانی خۆم

لە چیرۆكە ئاسمانییەكانیش نیگەرانی ناو نیگەرانی بووم

ئەو ڕۆژانەی یاخیبووم تەنانەت لە ناوی ڕاستەقینەی خۆشم

هێندەی پارەی باقی تاكسییەك..

ڕۆژە گەرمەكانم دەدەمە بەرباران

خۆم لەبەردەم زستانێكی تووڕە سارد سارد دەكەمەوە

دڵم بۆ دڵخۆشیتان دەكەمە كرێمستی.

...

"من لەم دێڕانەدا

گۆڕێك بۆ خۆم هەڵدەكەنم

بەر لە تەواوبوونی پرسەكەم

 پێتان بڵێم: بەهیوای دیدار."

وەكوو پیاوە هیچوپووچەكان تووڕەم مەكەن

دوو و دوو ئەگینا بیستودوو زیاتریش دەكات

هەنگاوەكانم ئەگینا بۆ شكستەكان قایمتر دەكەم

دەڕۆم و دەڕۆم و دەڕۆم ...

ئەرێ بێزەحمەت دڵنیایت هیچ كوێ لە گۆڕستانە؟

دڵنیایت هیچ كەسێك بەلاش نامرێت

دڵنیایت مەرگی خراپیش پارەی باشی دەوێت

دڵنیایت هیچ كەسێك سەری دڵخۆشییەكانی ناشكێنێت

دڵنیایت هیچ كەسێك لەناو ژیانی كەسێكی دیكەدا بەلاش نامرێت

دڵنیایت ڕۆژە پڕ ئەڤیندارییەكان بە غەمباری لە ژیان دەڕۆن

ئەوكاتانە ڕۆح وەكوو ماری سەرئاگرە

لەناو پەراسووەكانی هیچ كەسێكدا ژیان ئۆقرە ناگرێت

ئاسمانی ڕۆژەكان هەر ڕووناك نابن

تاریكایی ڕاستەقینە بەڕێوەیە!

دڵنیابە دەزانم كە نازانیت..

لە دایكبوونی هەڵەیش مەرگی ڕاستەقینەی دەوێت.

هەر ڕۆژێك لەگەڵ سێبەرەكانم بە شەڕ دێم

وێنەی سەر ناسنامەكەم وەكوو تابلۆی پاش جەنگەكان كون كون دەبێت

چیرۆكی ژیانی ڕاستەقینەم ناناسمەوە و

كۆڵان كۆڵان دەشێوێنرێت

ناوم لە تەك ڕستەی مەرگی هەتاهەتاییەوە پیس دەبێت

ڕۆژە دووبارەبووەكانم مایەپووچ دەبن

شارێك بە شاعیرەكانیشەوە نەخۆش دەكەوێت

خەڵكانێك بەسەر پەیڤەكانمدا دەڕشێنەوە

لە جیاتی چاویان باران لە دەمیان دەبارێت

لەناو ئەو پەیڤەكانیشدا..

تروسكایی خۆری ڕەنگاوڕەنگ هەڵدێت.

من ناهێڵم ئەو خۆكوشتنە وەكوو ڕۆژانی پێشوو تێبپەڕێت

ناهێڵم ئەو تراژیدیایە بەبێ قاقایەكی گاڵتەجارانە تێبپەڕێت

دڵی ئەو شیعرەم دەكەمە گەراج

بە قەت دڵخۆشی یادی دایكبوونتان

گەردەنتان پڕ لە خاڵخاڵۆكە و پەپووڵە و ...هتد.

....

" من نامەوێت قەرزداری هیچ كەسێك بم

دەمەوێت بە قەت پارەی ناو گیرفانەكانی خۆم بمرم."

ژیانی بازنەیی ڕۆژەكانیشم

بێتاقەت بوون

وەكوو شەمەندەفەرێكی هیلاك  هەمیشە دێتەوە هەمان وێستگەوە

ئەو چركانە بەكەڵك نایەن تێیاندا بژی

ئەو چركانە بۆ دەستكارییكردنی نائاسوودەیی باشن

ئەو چركانەی بە غەدری گەور گەورە دەمری و

بەرگەی مردنێكی لەناكاو ناگری.

هەموو ڕۆژێك مردنی خۆم ئەزموون دەكەم

دەچمە پرسەی مەرگی خۆمەوە

قەرەباڵغییەكی ڕەش دەكەوێتە گەڕەكەمانەوە

ژنەكان لەبەر مردنی پیاوێك بۆ هاوسەرەكانیشیان دەگریێن

پیرەژنەكان چاویان بە دوای كچی جوانەوەیە

كچە قەیرەكان ئومێدەكانیان ئاوڕشێن دەكەنەوە

سۆزانییەكان نرخی كاتژمێرێك دەكەن بە دوو ڕۆژ

هەوەسی پیاوەكان وەكو پەنجەرەكی كۆن هەراج دەكەن

شیعرنووسەكان دڵخۆش دەبن 

یەك دوانێكیان دڵیان پرتەقاڵ دەگرێت

گەنجەكانیش لە بەرانبەر مەعشوقەكانیاندا

پەپوولە لە چاویاندا هەڵدەفڕێت

خزمەكان بە پەیڤی ڕەنگین ..،

ڕوخساریان نوورایی دەنوێنن

هەرزەكارەكان پێكەنینی زیاد فڕێدەدەنە كۆڵانەكانەوە

رێزێك منداڵی نەوسنیش..

دووعا دەكەن: دوو ڕۆژ جارێك كەسێك بمرێت.

...

" من پارەی خۆكوشتنێكی هەتا هەتاییم لە گیرفاندا نییە

دەمەوێت بە قەت پارەی كوپێك نیسكافی بمرم."

ئەم شیعرە  لە ژمارە (11)ی گۆڤاری (باران)دا بڵاوبۆتەوە.