مراد ئۆزیەشار*

لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

 

نابێت گرتەیەک لەفیلمە بەڵگەنامەییەکەی (چیان دەمیرێڵ) دەرسیم ٣٨، لەکەس بشاردرێتەوە. کاتێک دایەدونیایبەساڵاچوو کارەساتی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٨ دەگێڕێتەوە، بەزمانی زازا قسەدەکات، بەڵام لەسەرخۆ زمانی تورکی دزەدەکاتە زمانیەوە تا دواجار بەتورکی شێواو کۆتایی بەگێڕانەوەکەی دێنێت: "بێکەس مامەوە، بێکەس مامەوە، کەسێک نییە باسی ئازارەکانمی بۆبکەم." لەڕستەی کۆتایی کاریگەری دوو زمان لەسەریەکتر دەبینین، ڕێزمان و ڕستەسازی دوو زمان پێکدەگەن.

گێڕانەوەی دایەدونیا لەم بەڵگەنامەیە، ژێرنووسی لەگەڵدایە. دەمەوێت سەرنجتان بۆ خاڵێک ڕابکێشم کە لەڕوانگەی دەرهێنەرەوە، بەهەموو نیازپاکییەوە، پشتگوێخراوە: قسەی سەرەکی وشەیەکی کەمە. بێشک زۆربەی خاڵە گرنگەکانی فیلمەکە لەمنیش شاردراوەتەوە، بەڵام ئەو پیتە کەوتووە، سەرنجی ڕاکێشام و وایکرد نغرۆی خەیاڵ بم و چەند جارێک بۆ قسەی کۆتایی دایەدونیا بگەڕێمەوە.   

بەداخەوە ئەم قسەیەی دایەدونیالەژێرنووسی فیلمەکە "بێکەس مامەوە، بێکەس مامەوە..."، قسەیەکە بەئازارێکی زۆرەوە بەتورکییەکی شێواو دەیڵێ، ئاوەها وەرگێڕدراوە: "بێکەس بووم، بێکەس بووم."، بەڵام ئەمە قسەکەی دایەدونیا نییە، نەیدەتوانی بەمشێوەیە بیڵێ. تەنیا دەیتوانی بڵێ: "بێکەس مامەوە"، بەوشەیەک.

لەڕاستیدادایەدونیا لەزمانێکەوە دەچێتەناو زمانێکی تر،کارەساتەکەبەزمانی زازایی دەگێڕێتەوە، پاشان پێکهاتەیەک لەزازایی و تورکی بەکاردێنێ و لەکۆتاییدا بەتورکییەکیشێواو قسەدەکات، بەڕای من دەریدەخا کارەساتەکە چەندەماڵوێرانکەرە و چۆن لەقاڵبی زماندا سەرهەڵدەدات، چونکە لەم کارەساتەدا تەنها مرۆڤ نەمردووە، بەڵکو زمانیش زەرەرمەند بووە. خاڵێ جێگا سەرنجە کەدایەدونیا تەنیا زمانی ناگۆڕێت، بەڵکو نائاگایانە تێکەڵاویان دەکات.

ساڵانێکە لێم دەپرسن "بۆچی بەزمانی کوردی نانووسی؟" پرسیارێکی بەجێیە، چونکە کوردم و بەزمانی تورکی دەنووسم. دڵنیام ئەم پرسیارە چەندجار دووبارە دەبێتەوە. لەوکاتانەدا هەناسایەکی قووڵ هەڵدەمژم و هەوڵدەدەم وەڵام بدەمەوە. گەر فەرەنسییەک ئەم پرسیارە بکات، بێگومان دەتوانم چەند ڕۆژێک بۆی باس بکەم، بەڵام بەگشتی کورد و تورکەکان ئەوپرسیارە دەکەن. ئەو پرسیارە لەبنەمادا سیاسییە، هەمیشە دڵنیام گەرچی نیازی پرسیارکەر باش بێت، پێموایە ئەمە نەک پرسیارێک، بەڵکو شۆفارییە.

بەدرێژایی مێژووی ئەدەب دوو کۆمەڵە بەزمانی دایک نەیاننووسیوە یان نەیانتوانیوە بنووسن. ئەمە بۆ هەندێک شاعیر و نووسەر بژاردەیەکی لۆژیکی و ئەقڵانییەو هەندێکیش وەک پێویست نەیانتوانیوە. با بۆ هەر بابەتێک نموونەیەک بێنمەوە: ئیمیل چۆرانی "دۆڕاوی ئەبەدی"، دەربارەی زمان دەڵێت: "ئەگەر کۆتری نامەبەر فێری جوگرافیا بکەین، لەنکاوفڕینی ڕاستەوخۆی بەرەوئامانجەکەی بۆی مەحاڵ دەبێت." پاشان دەڵێت: "نووسەرێک زمانی بگۆڕێت وەک ئەوکۆترەیە، زانسی جوگرافیا داماوی دەکات." چۆران ڕاستدەکات: لەم بارەدا شتێک بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، شتێکی تاریکونوتەک.

جەمال سورەیا بەسەلیقەترین شاعیرە بەرهەمەکانی بەزمانی تورکی نووسیوە، دەڵێ: ئاوەها دەتوانم باسی دەوڵەمەندی زمانەکەم بکەم: منداڵێک دەدەنە دایکێک و هەر کە چاودەکاتەوە خۆی لەئامێزی دایکێکدا دەبینێتەوە، دایکی خۆشدەوێ و وادەزانێت دایکیەتی. پەیوەندیم بەزمانی تورکییەوە وەهایە. سەرئەنجام، هەستی غوربەت بوو بەخۆشەویستی. ئەم زمانە پەتووی کۆرپەکەمە: بۆنی خەنە و ماسی، تامی زەیتوونیلێدێت. سورەیا هۆشیارانە خوازەی "دایە" بەکاردێنێت، بۆئاشکراکردنی شتێک، شتێکی دیکە دەشارێتەوە.

با بۆ پرسیارەکەمان بگەڕێینەوە "بۆچی بەزمانی کوردی نانووسم؟" هۆکار زۆرە. سەرەتا با بچینەوە لای دایەدونیا.

من لەدیاربەکر و چل ساڵ دوای کارەساتی دەرسیم هاتومەتەدنیاوە. ئەوکارەساتەی زمانی دایەدونیایشێواند. زمانێکم بەمیراتگرت بۆنموونە، بەتورکی دەڵێین "دنیا ساردە!" لەوانەیە بەبیستنی ئەم ڕستەیە کاردانەوەت ئەوەبێت کە "ئاخ، چەندە شاعیرانەیە" یان بڵێی "لەماناکەی ناگەم"، بەڵام کەس ئەم ڕستەیەی بەلاوە سەیر نییە: دەکرێت لەکوردیدا "دونیا" مانای "هەوا" یان "کەشوهەوا" بێت. ئەمە یەکێکە لەکۆنکرێتترین و سەیرترین نموونەکانی حەزی خەڵک بۆ بیرکردنەوە بەزمانی کوردی و قسەکردن بەزمانی تورکی. مەبەستم لە "تورکی" و "کوردی" دووزمانی پەتی نییە، بەڵکو وشەی تورکی دزەی کردووەتە ناو زمانی کوردی کە لەماڵەوە قسەی پێدەکەن و زمانی تورکی کە لەسەر شەقام و قووتابخانە قسەی پێدەکەن تێکەڵ بەوشە و ڕستەسازی و ڕێزمانی کوردییە.

 زمانێکە بەتێکەڵکردنی دوو زمانی زگماک دروستبووە. زمانێکی بێ ڕیشە و سەرچاوەی لێگرتووە، زمانی شێواو، خەمناک و تاریک! بۆئەوەی ڕوونبێت "لەهجە" نییە، بەڵکو زمانێکە دەلەنگێت، وەک ئەوەی "ڕێکەوت" بووبێت. ئەمە سەرچاوەی هەمووهێزەکەیەتی: مەحاڵە ئەم زمانە بدرەوشێتەوە. پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە بەکورتی باسی "ئاوارە" بکەین.

تەمەنم دە یان یازدە ساڵ بوو. زەماوەندی بووکگواستنەوە لەسەر شەقامەکانی دیاربەکر بوو. ئەوێ ڕۆژێ دەنگی دەهۆڵ و زووڕنا و ئاهەنگی سیاسی خەڵکی بەهەیەجان دەهێنا. بووک و زاوا، لەگەڵ خزم و هاوڕێیان کۆدەبوونەوە و لەپشت مایکەوە بەهەموو کۆڵانەکەیان دەگوت، هەریەکەیان چەند پارە یان گەوهەریان بەخشیوەتە بووک و زاوا. هەزارانکەس شانەوشان وەک خەرمانەی مانگ هەڵدەپەڕین، هەموویان پێکەوە درووشمی حزبییان دەگوتەوە و لەئەنجامدا، زۆرجار واپێدەچوو لەجیاتی زەماوەندی بووک، گردبوونەوەی سیاسییە. لەکۆتاییدا، دەمەوئێوارە، بێماڵوحاڵانی شوێنەکە، سەرخۆش بوون بەخواردنی حەشیش و خواردنەوەی ڕاکی، پێشتر بەگروپێک گۆرانی "ئاوارەم"یان نمایش دەکرد. لەکاتێکدا پاڵتۆکانیان بەلایەکی شاندا دابوو و بەدەستەکەی دیکە چەقۆی سڵاویان ڕادەوەشاند. پاشان هاواریان دەکرد "سڵاو" و مۆسیقا دەوەستاو بەدەنگێکی خەمبارەوە شیعری ئاوارەیی خۆیان دەخوێندەوە. لەخوارەوە دوونموونەی ئەم کۆپلەی ئاوارە دێنینەوە، یەکەم وەک نامە نووسراوە و دووەم تۆنێکی یاخیتری هەیە. سەرنج بدەنە پێکهاتەی ڕستەکان، چۆن وشەکان بەشێوەیەکی نائاسایی ڕیزکراون: خوێنەری خۆشەویستم، کە جگەرت ساغە، پڕە لەخەم و شادی، هەندێک جار دڵخۆشە، هەندێک جار خەمۆکە،بنێشتی جوانی ئەمریکیم، بناغەیڕۆحم، چوار هێلکەی کۆترە سپییەکەم.لەناخی دڵمەوە بۆت دەنووسم. پێنج یان دە دێڕ دەنووسم بۆئەوەی تەنیا بڵێم باشم، نووسینیان دیاری منەو خوێندنەوەیان دیاری تۆ ... ئەوشتەیە لەخوای گەورە داوامە: من و تۆ، بەلەمێک لەدەریادا، هەواڵ لەتەلەڤزیۆن. پێویستە بڵێم نەخۆش و ماندووبووم، چوومەلای دکتۆرەکەم، بۆی نووسیم، بەدوایدا گەڕام، بەڵام دەستم نەکەوت. کەواتە تکایە دەتوانی بۆمیان بێنی؟ زەردێنەیەکی هێلکەی مریشک، چوار ژنەقەرەج، حەوت نەفرەت، هەشت کچی جوان، لەوکچانەی حەزدەکەن پانتۆڵی جینی شین بکەنەبەر و دەزانن هەژاری چییە، مۆز (کیلۆیەک)، دووکیلۆ خوێ، هەموویان بخەرەناو پۆستی هۆتێل و بۆئەم ناونیشانەی بینێرە: کۆڵانی ئەدەبی عاشقانە، کۆڵانی خۆشمدەوێی، ژمارە: من و تۆ، نهۆمی نووسینگەی هاوسەرگیری. ئەگەر ئەم ناونیشانەتنەدۆزیەوە، بەم ناونیشانە بۆم بنێرە: گیرفانبڕی دیاربەکر، فێڵبازی ئۆرگانی، پارێزەری ئیستەنبوڵ، یاریزانی تۆپی پێی ئەنقەرە، ماسیفرۆشی ترابزۆن، بەڵام خویندنم: قوتابخانەی بنەڕەتیم تەواو کردووە، بەلای قووتابخانەی ناوەندیدا تێپەڕیم و لەدەرگاوە چوومەناو ئامادەیییەوە و لەپەنجەرەوە هاتمەدەر. بەهەڵە وامزانی خەمەکانم خۆشین، پێموابوو ژنێکی شەست ساڵان، تەمەنی پانزە ساڵە ... چ هەڵەیەکم کرد. بمبوورن ئەگەر نامەکەم زۆر خێرا خوێندەوە.

لێرەدا ئامادەبووان چەپڵە لێدەدەن و هۆرا دەکێشن، ئاوازی "ئاوارەم" لێدەدرێتەوە و دواتر گروپێکی تری ئاوارە دێن و هاواردەکەن سڵاو، مۆسیقا دەوەستێ. پاشان شیعری ئاوارەی خۆیان دەخوێننەوە: پێنج هەنگاوم لەڕێی داهاتوودا نا: نەفرەت لەدەسەڵات و هێزی شەشەم! ئایا هەر پارە لۆژیک و پێوەرمانە؟ ئێستا هەموان بێکارن، ئێستا لەخوێندکاری زانکۆ دەچم، خوا نەفرەت لەجەوهەری ئەم قەڵەمە بکات. زانست و زیرەکی لەلوتکەدایە، دەزانم هەمیشە دەوڵەمەندەکان فەرمانڕەوان، هاوڕێکەم، من کێم بمەوێت قسەیەک بکەم؟ دەستێک لەژێر پاڵتۆکەمدایە کە دەستی بەسەر شانشینەکەدا گرتووە، جەستەم وەک قووربانیانی شەڕ کوت کوتە. ئەی هاوڕێم، وەلبە! بەگۆڕی بابی بێوەفات. خودا نەفرەت لەدنیای سۆزانی بکات، تۆ نا، بەڵکو ئەوەی تۆ بەماڵی خۆی دەزانێ. هەتا ئەگەر ماڵەکەم کاول بکەی یان هەڵمبواسی، دووپاتی دەکەمەوە: خودا نەفرەت لەدنیای سۆزانی بکات، تۆ نەخێر، بەڵکو ئەوەی تۆ بەماڵی خۆی دەزانێت!  

هەرگیز من ڕۆژێک ئاوارە و ماڵبەکۆڵ نەبووم، بەڵام خەیاڵم بەرنادا چۆن ئەم کۆپلە درێژانە ئەزبەر بکەم و لەزەماوەندی بووکگواستنەوەدا کە تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەپاڵتۆیەکی سەرشانم و سڵاوی دەست دەچوومە ناوەڕاستی مەیدان و لەژێرکاریگەری ئەم زمانە سەیرە، مێشک و قسەکانم دەشێوا. 

نازانم زمانناسان دەڵێن چی، بەڵام وابزانم وەسفێکی ورد و ڕاستە کە کوردی بەزمانی دایکم بزانم. ئەوەش ڕاستە کە هەندێکجار بەکوردی خەون دەبینم، جارجار بەتورکی و جاریوایە بەزمانی تێکەڵاوی هەردووکییان. بەسەرنجدان لەگەوهەری سیاسی بەڵگەهینانەوەکانی زمان، دەزانم پێویستە بەدیقەتەوە وشەکان هەڵبژێرم. لەڕوانگەی سیاسییەوە، بەڕاشکاوی داکۆکی لەمافی خەڵک دەکەم بۆ قسەکردن بەزمانی دایک. دەزانم هەندێککەس گیانیان لەم ڕێگایەدا کردە قووربانی، بەڵام وەک منداڵێکی ئەم خاکە، خاکێک کە وێرانکارییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و کارەساتی دەرسیمی بەسەر بردووە، قەناعەتم نەکردووە کە زمانی دایکم کوردی پەتییە، وەک چۆن ڕازی نەبووم بەزمانی تورکی پەتی دەنووسم. دنیای مێشکم، تێگەیشتنم لەشتەکان و شێوازی دەرککردنم لە "زمانی دابەشکراو" پێکهاتووە. هەمیشە ئەوەم بەزمانی دایکم زانیوە. من ئەم زمانە دابەشکراوەم بەمیراتگرتووە، لەخودی دایەدونیا پێم گەیشتوە. من ئەم زمانە بە "پێکهاتەیەک" ناودەبەم، بەڵام بە "دووتۆمە"ی دەزانم.  

بەڵام دەبێت دان بەوەدابنێم لەکاتی دواندنی هاوڕێ تورکەکانم، هەستدەکەم گەشتیارم. لەقسەکردنمدا کە وشەیەکم بیرنامێنێ لەخۆڕا دەپرسم: "بەتورکی پێیدەڵێن چی؟"، کە هاوڕێ کوردەکانیشم دەدوێنم، وادەڵێم. گیرۆدەبوون لەنێوان ئەم دووزمانە، هەستبە "بێکەسی" دەکەم و زمانم دەگیرێ. حەزدەکەم نووسین، قسەکردن و هەموودنیا لەڕوانگەی ئەم زمانەوە "بێکەس" ببینم. دەمەوێت بیکەمە سوپەری خۆم، دەستم بەلوتکەی بگات، کەمێک بەسەر ئەم چاڵە قووڵەدا بچەمێمەوە و تێوەی ڕابمێنم. بەدەر لەپرسی بژاردە یان پێویستبوون، پێموایە بەهۆی ئەم زمانەوە "بێکەس" مامەوە کە توانیم بنووسم.    

سەری ڕێز بۆ هەموو ئەوانە دادەنەوێنم باوەشییان بۆ "درەوشانەوەی مەحاڵ" کردەوە و لەنێوان زمانەکان ڕاویلکەیان بوو و لەناسکی و ئاڵۆزی نووسین "بەزمانێکی تر" تێگەیشتوون. یەشار کەمال، جەمال سورەیا و ئەحمەد عارفمان لەزمانی تورکیدا هەیە، لە عەرەبی، سەلیم بەرەکات، لە فارسیدا، عەلی ئەشرەف دەروێشییان، لەفەرەنسی، چۆران، لە ئینگلیزی، جێمس جۆیس، لە ئەڵمانی کافکا و ئامینە سێرگی ئۆزدەمار. هەروەها سڵاو بۆ سێزای کاراکۆچ دەنێرم! لەشیعرێکدا دەڵێ: "پێستم ڕەشە، بەڵام ئامۆزاکەم زۆریخۆشدەوێم، "لەشیعری: لەوەزیاتر هیچ ناڵێم".

*(نووسەر، خەڵکی دیاربەکر، کتێبی کۆمەڵە کورتەچیرۆکەکانی بەناوی "پێکەنینی زەرد"، براوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەدەبی باڵکان لە ساڵی ٢٠١٦).

.aasoo.org