كەریم دەشتی

               

هەندێ‌ ئەچینەوە نێو بەڕیا

 شوێنە خۆشەكەی ئازادیی  

لەوێ‌ جگە لە سەدای خۆمان 

هیچی دی نابیسینەوە 

جارجار قەدەر ڕامانئەداتە نێو مێترۆكان 

دەست لە ملی ئەفیون ئەكەین 

هەندێكمان بەرامبەر ئاسمان ئەوەستین 

ئەچینەوە خەتی دونكیشۆت 

شەڕی خۆر و مانگ ئەكەین 

یا بە نێو كوچەو كۆڵانەكاندا بەدەم گریەو گۆرانی 

رائەكەین و رائەكەین و رائەكەین 

مناڵان ئێمەیان خۆشئەوێ‌ 

بەرد بارانمان ئەكەن 

ئەگەڕێینەوە ئەشكەوت و 

چرای زەینمان ڕائەخەین 

هەندێكیشمان بەسەر شەقامەكانەوە 

كتێبەكانمان تووڕ هەڵئەدەین 

خورافەی شاعیرێكی شێت ئەخوێنینەوە

هیچ كەسێ‌ لە ئێمەی راكردوو

راكردووی دوای وەهم و جوانیی 

راكردووی دوای خاك و خۆل 

دوای دادو میهرەبانی 

رزگاریمان نابێ‌ لەو قەدەرە 

هەمیشە ئەبێ‌ ڕابكەین و ڕابكەین ڕابكەین 

لە فلیمی پەپولەكان وەڕەس نەبین 

تا مۆرانەی كۆیلێتی لەسەرمان نەداو 

لە ناو دیوارەكانی كافكادا مەسخ نەبین 

عەجەب ئێمە كەسانێكین ئاوڕیشم ئەبەشینەوە 

گیرۆدەی دەستی ڕۆژگاری ئاوا ئەبین 

هاملێت هێی هاملێت 

سعاتی دانیمارك چەندی ئەوێ‌ بۆ شێت بوون

ئێستاكە هەبین یا نەبین؟