
(٣٢)
تێگەیشتن لەزەردەشتییەت بەبێ دەستکاری
-بەداخەوە باپیرە گیان، ئەوە تەعریب و پلان و پیلانی عەرەبە و دەیانەوێت وا لە ڕۆلەکانی میترایی و ئێزدانیەت بکەن.
-زۆر ڕاستە ڕۆڵەکەم.
جا ئەو دەستکاری کردن و دەستێخستن و پیلانە لە دژی ئاینی زەردەشتیەتیش ئەنجامدار. زەردەشتییەت، ئایینی فەرمی هەریەک لە ئیمپڕاتۆرەکانی ئەخمینی، ساسانی و مێدی بوو ،ئەو ئایینە، ئاڤێستاکەی لەسەردەمی شاڵاوی ئەسکەندەری مەکەدۆنی و ئەو شاڵاوانەی دوای ئەم، توشی ئیبادە و لەناو چوون و شێواندنێکی زۆر بووەوە، و لەلایان نەیارەکانی چەواشەی زۆری لەبارەوە کراوە، و زۆر هەوڵی نابوود کردن و ناشیرینکردنی دراوە. درۆی زۆری بۆ هەڵبەستراوە و شتی زۆر ناڕاستی بەناوەوە گوتراوە. میتۆلۆژیا و ئەفسانەی زۆری تێخزێندراوە و پڕی خورافەکراوە. بە تایبەتی لە سەدەی سێی کۆچی و هەردووک سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکاندا، لای کەسانێکی نازەردەشتی؛ بۆ فریودان و بە مەبەست ناوی زەردەشتییەتیان لەخۆیان نابوو و زۆر شتیان لێ سڕییەوە و سوتاند و قرتاند و کەمێکی کەمی لەوبەشە ئاڤێستایەی ساسانییەکان نەبێت.
هەرعەرەبێک و پیاوێکی ئایینی ئیسلامی، بە درێژایی مێژوو، کاتێک شلۆڤەی ئاڤیستای کردبێت و قسەی لەسەر کردبێت، هەوڵی شێواندنی داوە و پشتی بەو وشتە هەڵبەستراو و زێدەکراوانەی کە لەگەڵ ئاڤێستا کراوە، بەستووە.
ڕاستەوخۆ نەهاتوون گاتاکان(کە بە تەنها ئاڤێستا پێک دێنن) قسە لەسەر بکەن و ڕاستییەکان چەواشە نەکەن و عەوامەخەڵک فریو نەدەن، و درۆ و ناپاکی، لە گەڵ خۆیان و خەڵکی ئەنجام نەدەن.
تۆ کتێب دەخوێنیتەوە ڕۆڵە گیان؟ یاخود وەک کوردی باشوور نەخوێندەوار و دژە کتێبیت و چێژ لە مێگەڵ بوون دەبەیت؟!
باپیرە، منیش وەک تۆ زۆردەخوێنمەوە.
-باشه، دەستت خۆش بێت گیانی باپیرەی.
ڕۆڵەکەم، کتێبێک هەیە بەناوی(فهــــم الـزردشـتیــة بـــدون تـحـــریـف)، حەزدەکەم بیخوێنیتەوە.
باپیرە باسی چیدەکات؟ دەتوانیت هەندێکم بۆم باسکەیت؟
بەسەرچاو ڕۆڵەکەم.
تێگەیشتن لەزەردەشتیەت بەبێ دەستکاری(فهــــم الـزردشـتیــة بـــدون تـحـــریـف)،
کتێبێکی (٣٤٧ٚ)لاپەڕەیی بەڕێز(ئیبراهیم زراری)یە.
حەققەت ئەو کتێبە، یارمەتی دەرێکی باش دەبێت، بۆ خوێنەری کوردی عەرەبی زان و دەروازە و سەرەتایەکی باشیشە، بۆئاشنابوون بەو ئایینە و هەموو ڕیتواڵ و تقوسەکانی و زانیاری بەدەست هێنان و شارەزابوون لەسەر زەردەشتییەت.
ئەو زەردشتییەتەی کە ڕۆژگارێک، ئایینی بەشێکی زۆری باب و باپیرانی تۆ بووە، لەپاڵ یارسانییەت و ئایینی ئێزدایی.
سەردەمێک و بەر لە شاڵاوە داگیرکارییەکەی عەرەبەکان، کە ناویان لێناوە(فتوحات)، و بە زۆر گۆڕینی قەناعەت و ئایینی خەڵک، لەژیر هەڕەشەی شمشێر و سەرانە و بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردن و کوشتن و ئەتکردن.
زەردەشتیەت، ئەو ئایینەی زەردەشییەکان پێی دەڵێن(دایکی هەموو ئایینەکان و یەکتاپەرستی).
بەڵام، نەخێر !
بۆچی باپیرە؟
چونکە زەردەشت دایکی هەموو ئایینەکان و یەکەم ئایینی یەکتاپەرستی نییە و زەردەشتییەت لە ئایینی ئێزدانییەت جودابووەتەوە و ئاینەکەی من، ئێزدانییەت یەکەم ئاینی یەکتاپەرستییە.
زەردەشتییەت، ئەو ئایینەی باوەڕی بە تاقە خواوەندێک(ئاهۆرامەزدا)هەیە. ئاهۆرا، پێچەوانەی ئایینەکانی تر کە دایمە سیفەتی نێرینەیان بە خواوەند بەخشیوە و لە شێوەی نێرێک، لە دەق و تێکستەکانیان بەرجەستەیان کردووە.
بە گوێرەی ئاڤیستا، خاوەنی شەش ساڵ و خەتە. سێ لەو ئادگار و سال و خەتانە مێینەین و سێشیان نێر.
هەروەها هەڵگری سەد و یەک ناوە و کتێبەکەی ناوی(ئاڤێستا)یە پێنج سەدە بەر لەزایین، بە زمانی مۆگەکان نووسراوە. ئیدیۆم و زاراوەکەی، زۆر لەشێوەزاری هەورامی و پەهلەوی و لۆری و سەنسکریتییەوە نزیکە.
ئاڤێستا واتا:بنچینەی بتە و بەهێز.
لەسەرسێ کوچکەی:بیری چاک، گوتەی چاک و کرداری چاک دامەزراوە و لەبارەی ڕاستییەکانی نیزامی کەونیدا، پشت بە تێگەیشتنێکی فیزیایی و فیکری و تیۆرە فەلەکیەکان دەبەستێت و زەردەشتییەت ئایینێکە، دیالۆگ و مەنەلۆگ و ئەقڵ و تێڕامانی فەلسەفی کردووەتە بناخەی تێگەیشتن لە چەمکەکانی ژیان و بوون و گەردون و میتافزیکا. ئەشۆ زەردەشت بە یامبەری ئەخلاق ناسراوە و چەشنی بوودا.
پەیامەکەی پڕی لە ئەخلاقیاتە و تەعالیمەکانی لێوان لێوە لە تۆلەرەنس و میهرەبانی و ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی بۆ ئینسانەکان.
باپیرە زەردەشت کورد بووه؟
بەڵێ ڕۆڵەکەم، زەرەدەشت لە ئورمیه لەدایک بووە و لەسەردەمی میتراییەکان ژیاوە و لەتەمەنی بیست ساڵیدا، لە گەلەکەی دوور کەوتووەتەوە و لە چیاکانی زاگروس و قەندیل بۆ ماوەی دەساڵ، گەڕاوە و خەلوەتی کردووە و ژیاوە و ئاوێتەی سرووشت و کەشی سرووشتی بووە. پاشان لە تەمەنی سی ساڵیدا دەستی کردووە
بە بڵاوکردنەوەی بیرو بۆچونەکانی خۆی.
ئەو بیروبۆچونانەی کە لەڕێگەی نیگا و ئیلهامەوە پێیان گەیشتبوو.
زەردەشت لەسەر شوێنکەوتوانی ئایینی مەزدائی دەکات بە ئەرک، لەپێناو باشی مرۆڤەکان بکۆشن و توندو تیژی و سەپاندن و جەنگ و پەلاماردانی سەر خاکی گەلان بەناوی فتوحات، یان هەرناو و پاساوێکی ترەوە، تابوو و قەدەخەکردووە.
زەردەشت داوا لە شوێنکەوتوانی ئایینەکە دەکات، هیچ کاتێک لەگەڵ درۆزنان و دوژمن و تێکدەران نابێت ڕێگەی ترساندن و تۆقان و ئیرهاب و زەبرو زەنگ بەکاربێنن. بەڵکو ئامۆژگارییان دەکات کە بە زانست و ڕاستی ڕووبەڕوویان ببنەوە.
لەوبارەوە زەردەشت لەگاتاکان دەڵێت"من بەتیشکی ڕووناکی لە دژی تاریکی نەزانی دەجەنگم و لە بری هەڵکێشانی شمشێر لە تاریکی، چرایەک دادەگیرسێنم". هەرەها زەردەشت هانی بەهدینەکان (بەهدین:ئەو کەسەی باوەڕی بە ئایینی زەردەشت هێناوە)دەدات کە ژیان تەژی کەن لە دادپەروەری و برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی و عیشق.
زەردەشت دوور لە جیاکاری ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە، مروڤ دەکات بە یەکێک لە پڕەنسیپەکانی باوەڕبوون لە ئایینەکە و سەنتەر و چەقی ژیان و دەبێ هەموو مرۆڤەکان بەیەک چاوی یەکسان سەیربکرێن و هەموو جیاکارییەک وەلابنرێت، لەپێناو مرۆڤ بووندا. لەپاڵ ئەو بنەمایەی باوەڕ، چەندین ڕوکنی تری ئیمان لە ئایینی زەردەشتییەتدا کراوە به مەرج بۆ هەر بەهدین و پێڕەوکارێکی ئایینەکە و شوێن کەوتەیەکی زەردەشت.
وەک باوەڕبوون بە:
-ئاهۆرامەزدا کە خواوەندێکی تاک و تەنها و بێ هاوتایە و بەدیهێنەری هەموو گەردوونە.
-باوەڕبوون بە ئایینەکەی زەردەشت.
-باوەڕ بوون بە پێشکەوتن و داهێنان.
-باوەڕی بە یاسای زەردەشت(خۆشەویستی و پاکێتی و ڕاستی).
-هاوکاری کردنی هەژار و بەلەنگاز و لێقەوماوان.
زەردەشت ئاشقی خەڵوەت و تێڕامان و سروشت و بیرکردنەوە و گفتار و ڕفتاری چاکە و
لە زەردەشتییەتدا، تاک خاوەن ئیرادەیەکی ئازاد و سەربەستە و هەرخۆیشی بەرپرسیارە لە کردارەکانی، و پێشووتر، یان لە ئەزەل و لەوحولمەحفوزەوە، هیچ شتێکی بۆ دیاری نەکراوە و بڕیار لەسەر هەموو ورد ودرشت و بکە و نەکەیەکی ژیانی نەدراوە. مرۆڤ چارەنووسی خۆی بەدەست خۆیەتی و هیچ حەتمیەتێک و سەپاندنێکی دەرەوەی ئیرادەی خۆی لەمەدا ڕۆڵ ناگێڕێت. چەمکێک نییە لە فەرهەنگی زەردەشتییەتدا، بەناوی قەزاو قەدەر. خواوەند ڕاستە بەدیهێنەری مرۆڤە، وەلێ ئەو ببڕای ببڕ دەست لەژیانی مرۆڤەکان وەرنادات و ئازادی تەواوی پێداون.
مرۆڤی بەهدین( زەردەشتی) دەبێت ئازادانە و لەڕێگەی بیرکردنەوەیەکی قووڵی دوور لە شوێنکەوتەی کوێرانە، ئایینەکە هەڵبژێرێت.
زەردەشت داوا دەکات کوێرانە شوێن ئایینەکە نەکەون، بەڵکو لەڕێگەی پرسیار و گومان و بیرکردنەوە و لۆژیک و هەڵسەنگاندنەوە، بڕیاربدەن کە ئایینەکە قبووڵ دەکەن، یاخود ڕەتی دەکەنەوە.