(٣٣)

شێواندنی زەردەشتییەت

باپیرە ژن لە تێڕوانینی زەردەشتدا چۆنە؟

ڕۆڵەکەم، زەردەشت پیاوی بە پلەیەک و سەردار، و ژنی بە ژێردەستە و پلەدوو حیساب نەکردووە، بەڵکو هەردووک ڕەگەزی یەکسانکردووە.

مێ بێ جیاوازی، هاوشان و یەکسانە لەگەڵ نێردا، لە میرات و گەواهیدان(شایەتی)و پلەو پۆست و سەرکردایەتی کردن و خاوەندارێتی و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردن، بەژداری کردنی شەڕ، هەموو ورد و درشت و سێکتەرێکی ژیاندا. (کەیخەسرەو)ی پاشای مێدەکان (یۆتاب)کە ژنێکی میدی بووە، کردی بە حاکمی شاری موسڵ. ئەو ژنە بە پاڵەوان و قارەمان و لێهاتوویی ناسراوبوو لە جەنگ و ڕوو بەڕوو بوونەوەی لە دژی  ئەسکەندەری مەکەدۆنی، لە چیای بەختیاری.  یوتاب دواتر بو بە حاکمی ئازەربێجان. ژن بەو شێوەیە، لە مێژوودا خاوەن ڕۆڵ و پێگەو ڕێز بووە.

ئەی هاوسەرگیری لە زەردەشتییەتداچۆنە؟

هاوسەرگیری مولکایەتی نییە، بەڵکو ڕابیتە و هاوبەشی و  ئەرکێکی ئایینی و پێویستیەکی عاتفی و کومەلایەتی و بەشێکە لە ڕێگەی بەکەماڵ گەیشتنی ڕۆح لە ڕوانگەی زەردەشتدا.

زەردەشت وەک لەگاتای(٥٣)هاتووە، ئامۆژگاری (زاراشترا)ی کچی دەکات، هاوسەر و هاوبەشێکی چاکەخواز و دانا و هاوپەیمان بەست و لەگەڵ خواوەند هەڵبژێرێت. لەبارەی ئەوەی هاوسەرگیریش، زەردەشتی لە هەردووک ڕەگەز دەتوانن پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ هەرکەسەک پێک بێنن، لەهەر ئایین و نەتەوەیەک بێت. وەلێ هاوسەرگیری لەگەڵ کۆمەڵەک کەس ڕێگەپێدراونییە.  لەگەڵ دایک، باوک، خاڵ، مام،  پور، خوارزا، برازا، هاوسەری مام، خاڵ، منداڵی هەڵگیراوە(ئەو کەسەی هەڵیدەگرێتەوە و بەخێوی دەکات).

 هەروەها لەگە کچە پور و  کچە مام و کچە خاڵیش، زەردەشت ڕێگری لێکردووە و بە تابووی داناوە و قەدەخەی کردووە. 

هەموو ئەوانە لە ڕوانگەی زەردەشت یەک خێزانن. لەمەدا، ئەو چەواشەکاری و درۆیەمان بۆ ڕۆشندەبێتەوە، کە زۆرجار نەیارانی زەردەشت، تۆمەتێکی بێ بنەما و هەڵبەستراویان  دەدەنەپاڵ، بەوەی لە زەردەشتییەتدا هاوسەرگیری لەگەڵ مەحرەمدا ڕێگە پێدراوە. یەک دوو نموونە لە مێژوو دەهێننەوە، کە بە هەڵە و کوێرانە لێی حاڵی بوونە. نووسەر لێرە ئەو چەواشەکارییانەی هەموو بەرپەرچداوەتەوە و نموونەی هێناوەتەوە، وەک ئەوەی لە کۆن  ناوی منداڵ دراوەتە پاڵ ناوی باوکی هاوسەرەکە(واتا باوکی کچە).یانی ئەوە واتای هاوسەرگیری دەدات؟!!

لە ئایینی زەردەشتییەتدا هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مام و کچە خاڵ و پور ڕێگە پێدراو نییە، وەک لە گاتاندا هاتووە. ئەی چۆن هاوسەرگیری لەگەڵ دایک، کچ و خوشک ڕەوادەکات؟!!

ئەوەش زانست سەلماندویەتی کە مناڵ لەو جۆرە هاوسەرگیرییەی کەسە نزیکەکان، ناتەواو و ناتەندرووست دەردەچێت.

خوێنەر لە میانی خوێندنەوەی ئەو کتێبەوە ڕاستی زۆرێک لەو درۆ و چەواشە و شێواندن و ناشیرینکردن و زیادکرنەی بۆ ئەو ئایینە دێرینەکراوە، بۆ دەردەکەوێت و دەزانێت، کە نەیارانی ئەو ئایینە کەونارە، چەندە دڵ پڕ لە ڕق و دەروون تەژی لە کینەن، لە بەرامبەر زەردەشت و ئایینەکەی و زەردەشتیەکان، و شوێنکەوتوانی بە ئاگر پەرست و مەجۆسی ناسێندراون! مۆغ، یان مۆگ، مەگوس، کە نوخبە و ئیلیتەیەک بوون و سەر بە شەش قەبیلە سەرەکییەکەی مێدەکان بوون و لە کۆمەڵدا خەڵکیان فێری ئەو زانست و زانیارییانە دەکرد کە خۆیان تێیدا شارەزاو پسپۆڕبوون.

 عەرەبەکان کردوویانە بە مەجوس  و ئینجا هاو واتایان کردووە بە ئاگر پەرستی و بێ بڕوایی!

لەناو کورد، ئەو کوردانەی عەرەب  لەژێر ناوی فتوحاتەوە، مێژوویانی شێواندن و ئایینی باو باپیرانی ناشیرین کردن و خاک و کەڕامەتی داگیرکردن و ئەقڵ و هۆشیانی تیرۆرکردن، وەک جوێنێک زۆر جار بە کەسێکی نا پابەند بە ئایینی ئیسلام دەڵێن:هەی مەجوس، واتا بێ دینی ئاگر پەرستی کافر! بەو چەشنە کۆمەڵێک درۆی پەتی، کە هیچ لۆژیکێک ناتوانێت بڕوای پێبکات، وەک(هاوسەرگیری مەحرەم، ئاگر پەرستی، خۆشۆردن بە میزی گا، دوو خودایی و فرەژنی ..تاد..). بەناوی زەردەشتەوە هەڵبەستران. تەنها بە ئامانجی ناشیرین کردن و شێواندنی زەردەشتییەت !

زەردەشتیەکان، ئەوە ناشارنەوە، کە ئاڤێستا دەستکاری کراوە و ڤەندیدا، کە بەشەچەواشە و هەڵبەستراو و زێدەکراوەکەیە، ئاخنراوەتە نێو ئاڤێستاوە.

بۆیە لای ئەمان جگە لە گاتاکان، کە لە بەشی گچکە کچکە پێک هاتوون و لە سنگی زەردەشتییەکان لە ڕێگەی لەبەرکردنەوە پارێزراون و لەبەرکردنیان زۆر ئاسانە، ئەمیش هەمووی نەماوە و بەشی زۆری فەوتێندراوە، هیچ شتێکی تر تەعبیر لە ئایینی زەردەشت ناکات و نادرێتە پاڵ زەردەشت و لەسەر ئایینی زەردەشتیەت حیساب نییە.

 ئەمانە و دەیان زانیاری تری گرنگ لەبارەی ئایینی زەردەشتییەتدا لەو کتێبەدا هەن و خوێنەر دەتوانێت بۆزیاتر زانیاری بەدەست هێنان، بگەڕێتەوە بۆ(فهم الزردشتیەبدون تحریف).