(٣٤)

کورد لە ڕابردوو ئێزدی و زەردەشتی بوون

باپیرە تکایە، دەی تۆزێکیتر بۆم بدوێ.

ئەی زەردەشت سەبارەت بە پەرچو و شتی سەر و سروشت (خارقلعادە) بۆچوونی چییە و چی دەڵێت؟

-بەسەر چاو ڕۆڵەگیان:

پەڕجو(موجیزە). چەمکی پەڕچو بەواتای ڕوودانی ڕووداوێکی ناسروشتی دێت، کەدەدرێتە پاڵ دەسەڵات و هێزی خواوەندەوەو کەهەرگیز ناتواندرێت بە لۆژیک هەڵبسەنگێندرێت و بە یاساکانی سروشت و زانست و فیزیا، لێک بدرێتەوەو وەربگیرێت و خوێندنەوەو شرۆڤەی بۆ بکرێت.

 شتێکی سەرو سروشت (خارقلعادە)و تەسەوری مرۆڤیشە.

زەردەشت باوەڕی به چەمکی پەرچو نییەو ئەو هەرگیز، بیرو باوەڕەکەی لە رێگەی پەڕچو و  شتی خارق العادە و ئەفسانەو خوڕافەوە ناسەلمێنێت، بەڵکە ئەو بەزمانی ئەقڵ و لۆژیک خەڵک دەدوێنێت وخواوەندیان پێ دەناسێنێت.

هەرچەندە کومەڵێک خوڕافە لەوبارەوە بە تایبەتی ئەو بەشەی لە کتێبی حەوتەمی پەهلەوی دینکارد باس لە موجیزە دەکات لەژیانی شیرەخۆری و منداڵی و گەنجێتی زەردەشتدا، کە هەمووی هەڵبەستراو درۆو زیادکراوە.

زەردەشت ڕەتیدەکاتەوە وەحی و سروش ببێت بە چاوگی مەعریفەی ئایینی.

لە تێڕوانینی زەردەشتدا، تێڕامان و تێبینی و بیرکردنەوە و  هۆیەکانی جیهانی سروشتی بەسن بۆ سەلماندنی بۆنی خواوەندێک یاخود هێزێک، یان بنەمایەکی ڕەهای بوون.

گاتاکانی زەرەدەشت، لە میانی نیگا و ئیلهام و حیکمەتی گەردوونییەوە، لە دایکبوون، نەک لە ڕێگەی وەحی و سروشی ئیلاهییەوە.

زەردەشتیەت:ئایینێکی ئاوێتەیه لە فەلسەفە و لەسەر بنەمای ئەقڵ و لۆژیک دامەزراوە، نەک کۆمەڵێک دۆگمای وشک و باوەڕی نالۆجیکی و شەریعەت و پێڕەوێکی جێگیر و نەگۆڕ، کە مرۆڤەکان ناچار بن هەزاران ساڵ و تاهەرمان، دژی دیالیکتیک و یاساکانی سروست و گەردون و گۆڕانکارییەکانی ژیان و ژیار، بە جێگیری بمێنێتەوە و نەتوانێت، لەگەڵ سیستەمی گەردوون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیە-حەتمییە زانستییەکان بگونجێت و شارستانیانە لەگەڵ سەردەم هەڵکات و کەسێک بۆی نەبێت دوو پرسیاریان ئاڕاستەبکات و دوو گومانیان لەبارەوە بورووژێنێت و دوو قسەیان لەسەر بکات و دەستکاری و ڕیفۆرمیان تێدا بکات و بە پێی ئەو دەق و دۆگما و باوەڕە جێگیر و نەگۆڕانە، لەسایە و  سێبەری ئەو جۆرە لەشەریعەت و باوەڕەوە، مرۆڤەکان ئەقڵ و هۆشیان لەقاڵب بدەن و ڕۆبۆت ئاسا ژیان بکەن و ئەرتۆدۆکسانە و سەلەفیگەرایانە، لەبۆتەیەکی داخراوی ئایدیۆلۆجی و تونێلێکی تەسکی بیرکردنەوەی ئایینیانەدا بخولێنەوە و نەتوانن بەمو و ملیم لەو بنەماسەپێندراو و جێگیر و نەگۆڕە، بە بڤەکراو و بە هێڵکراو و بە تابووکراوانە لابدەن!

ئەی ڕاستە کە دەڵێن زەردەشتییەکان ئاگر دەپەرستن؟

یان ئەمیش درۆیەکە بۆیا هەڵبەستراوە، وەک چۆن بە ڕۆڵەکانی ئێزدایی دەڵێن شەیتان پەرست و ناوی تۆیان کرد بە ئەهریمەن و شەیتان!

 -گیانە: ئاگر لە ئایینی زەردەشتدا  پیرۆزترین ڕەگەزە، بۆیە لە هەموو بۆنەو مەراسیمێک دایدەگیرسێنن. ئەوان ئاگر ناپەرستن، وەک نەیارانیان چەواشەکاری لەبارەیانەوە دەکەن. وەک چۆن ئێزدانی(میترایی) ڕوو لە خۆر، و  موسڵمانەکان ڕوو لە کابەدەکەن، ئەوانیش هەمان شێوە ڕوو لە ئاگر دەکەن و تەنها بە مەبەستی پیرۆزییە، نەک پەرستن. بەڵکو ئاگر لای زەردەشتییەکان حیکمەت و تیشکی ڕوناکی ئاهۆرامەزدایە. سەرچاوەی ژیان و وزە و گەرمی و ڕوناکییە. لە تێڕوانینی زەرەدەشتدا، مەزدا ئاهۆرا، چاوگ و ژێدەری ڕوناکی ئاسمان و زمینە.

ئەی باشه بۆچی  زەرەدەشت هەڵەیەکی وادەکات و هەمان شێوەی میتالۆژیا و ئاینەکانیتر ئەو بوهتانەی بەتۆ کردووە و ناوی تۆی کردووە بە ئەهریمەن؟

تۆزەک بۆمی باس بکە باپیرە.

باش گیانی باپیرەی.

بەپێی گاتاگان دوو هێز، دایمە لە ناکۆکی و ململانێدان، جەمسەری چاکە و جەمسەری خراپە.

ئەو دوو هێزەی نەیارانی زەردەشتییەت، بە هەلە و چەواشە بە جوت خواوەند لێکی دەدەنەوە!

ئەهریمەن ئەو کیان و هێزە باڵایە نییە، بتوانێت ڕکابەی ئاهۆرامەزدا بکات و زەردەشت ئایینێکی یەکتاپەرستییە و باوەڕی بە جووت خوایی و فرە خوایی نییە.

ئەی پەرستش لەزدەردەشتییەتدا چۆنە؟

پەرستش ئیلزامی نییە، بەلکو بە ویستێکی ئازادانە و ئیختیارییە.

ڕۆژانە سێ، یاخود پێنج نوێژ ئەنجام دەدرێت و  بیری ڕزگار بوون، لە ئایینی زەردەشتییەتدا ئەوە نییە، نوێژ و پەرستش ئەنجام بدەیت، لە پێناو سوود و ڕزگار بوونی خۆت، بەڵکو ڕزگار بوونێکی بە کۆمەڵی هەموو مرۆڤایەتییە، و دەبێت تاکی بەهدین، نزا بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بکات و چاکە و سوودی بۆ هەموان بێت، نەک بەسەر خۆیدا گۆشەگیربێت و تەنها بیر لە بەرژەوەندی و قازانج و زگاربوونی خۆی بکاتەوە.

 سزادان و حدود لە ئایینی زەردەشتیدا، لێدان و سەربڕین و دەست بڕین و دارکاری و بەردبارانکردن و کوشتن و هیچ جۆرە ئازاردانێکیتری فیزیکی، یاخود سایکۆلۆجی نییە، بەڵکو سزای سەرپێچیکار و تاوانبار، درەخت ڕواندن و زیندوکردنەوە و کێڵانی ئەو زەویانەیە، کە هیچیان لێ نەچێندراوە و هەڵکوڵینی بیری ئاوە بۆ بەرو بوومە کشتوکاڵی و سەوزایی و باخ و کێڵگەو زەوییەکان.

رۆژوو گرتن لە ئایینی زەردەشتدا پەیوەندییەکی دیالیکتی هەیە لەگەڵ ژینگە، لەکاتی ڕۆژ گرتندا، شوێنەکانی گۆشت فرۆشتن، دادەخرێن و سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان قەدەخەدەکرێت.

بۆچی؟

ڕۆڵەکەم، ئامانج لەمە پارێزگاریکردنە لەگیانی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان و زۆربوونی ڕێژەیان. هەروەها پشت بەستن و بە ڕووەک و خواردنە ڕووەکییەکانە. تا ئێستاش ئەوە باوە لەنێو پیاوە ئایینییه زەردەشتییەکان کە زۆرتریان ڕووەکین و گۆشت و شیر و هەموو موشتەقاتەکانی تری ناخۆن.

 منداڵ لە ئایینی زەردەشتیدا: مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت، هیچ ئایینێکی نییه، تادەگات بە تەمەنی کاملی(١٢-١٦)ی ساڵی و قۆناغی خۆناسین، لەوکاتە، بۆی هەیه توێژینەوە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئایینی زەردەشتییەت و ئایینەکانی تر بکات، ئینجا ئازادانە، کامەی چووە ئەقڵ و دڵەوە، دەتوانێت بەوپەڕی سەربەستی و ئازادی و  دوور لە سەپاندن، ئایینێک بە ویست و هەلبژاردنی خۆی هەلبژێرێت.

(هەندەک لەزەردەشتی پارس لە هیندستان و کەمێک لەزەردەشتییەکانی ئێران، دیدەنیگایان وایە، کە جگە لەو کەسانەی لەدایک باوکێکی زەردەشتی لەدایک دەبن، هیچ کەسێکیتر ناتوانێت ببێت بەزەردەشتی).

 ئەی زرەدەشت سەبارەت بە تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت و دەوڵەتێکی دینی زەرەدەشتی چی دەڵێت؟

 دەوڵەتی سیوکراتی(ئایینی) لە ئایینی زەردەشتدا نییە و لە ئایینی زەردەشتدا هەردووک: دەستەڵاتی ئاسمانی و زەمینی لە یەکتری جوێکراونەتەوە و بەهیچ کڵۆجێک نابێت ئایین تێکەڵ بەکار و باری دەوڵەت و سیاسەت بکرێت و سیستەم دەبێت تەواو سیکیۆلەر و عەلمانی بێت.

دەست خۆش باپیرەگیان.

ئەی ئەو فرۆهەرە چییە؟ 

ڕۆڵەکەم، چۆن ئایینیەکانی تر هەر یەکەو بە درۆشم و سمبول و ڕەمزێکەوە دەناسرێتەوە، خاچ لای گاورەکان، ئەستێرەی داود لای جووەکان، و مانگ لە ئیسلام دا، زەردەشتییەتیش بە(فرۆهەر)دێتە ناسین.

کە هێمایەکە بۆ نهێنییەکانی گەردوون و سیڕەکانی بوون.  فرۆهەر هەڵگری کۆمەڵەک مانای ڕۆحی و میتافیزیکی و ئایینی و دەلالەتی تری واتا بەخشی وەک پێشکەوتن و پەرەسەندنی ڕۆح و گەیشتن بە پلەی کەمال و باڵایی و خۆشبەختی و حیکمەت وخۆشەویستی و وەفا و پەیمان و چاکەکاری.. تاد.دەبەخشێت.

ئەی زەردەشت سەبارەت بە کۆیلایەتی چی دەڵێت؟

زەردەشت بیری عبودییەت و سیستەمی کۆیلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بەتابوودەکات.

لە گاتاکان هاتووە(خواوەند مرۆڤی بە ئازادی درووست کردووە).

 بۆیە زەردەشت هەرگیز ڕەوایەتی بە سیستەمی کۆیلایەتی نادات. جا کۆیلایەتی فیکر، یاخود جەستە و دەست بەسەرداگرتن بێت.

 بەو چەشنە بە هەموو شێوەیەک هەموو جۆرێک لە کۆیلایەتی بۆ هەرشتێک و لەژێر هەرناو و پاساوێک ڕەتدەکاتەوە.

مرۆڤ وەک ئاماژەماندا لە زەردەشتییەتدا کابەو چەق و پیرۆزە و نابێت لەپێناو هیچ قازانج و سیستەم و کەس و ئایین و ئایدیۆلۆجیا و تێڕوانینێکدا، بکرێت بە کۆیلە.

ئایینی زەردەشتیەت، لە زۆرێک لەوڵاتان بڵاوبووەتەوە، لەوانە:کۆردستان، ئێرانی ئێستا، کازاخستان، ئەفگانستان، تاجیکستان، پاکستان، ئازەربایجان..تاد.

زەرەشتییەت، ئایینی فەڕمی هەریەک لە ئیمپڕاتۆرەکانی ئەخمینی، ساسانی و مێدی بوو. ئەو ئایینە،  ئاڤێستاکەی لەسەردەمی شاڵاوی ئەسکەندەری مەکەدۆنی و ئەو شاڵاوانەی دوای ئەم، تووشی ئیبادە و لەناوچوون و شێواندنێکی زۆر بووەوە و لەلایان نەیارەکانی چەواشەی زۆری لەبارەوە کراوە و زۆر هەوڵی نابوود کردن و ناشیرینکردنی دراوە.

درۆی زۆری بۆ هەڵبەستراوە و شتی زۆر ناڕاستی بەناوەوە گوتراوە. میتۆلۆجیا و ئەفسانەی زۆری تێخزێندراوە و پڕی خوڕافەکراوە. بەتایبەتی لەسەدەی سێی کۆچی و  هەردووک سەردەمی ئەمەوی و عەباسیەکاندا، لای کەسانێکی نازەردەشتی، کە بۆ فریودان و بە مەبەست ناوی زەردەشتییەتیان لەخۆیان نابوو، زۆر شتیان لێ سڕییەوە و سوتاند و قرتاند و کەمێکی کەمی لەوبەشە ئاڤێستایەی ساسانیەکان نەبێت.

 هەرعەرەبێک و پیاوێکی ئایینی ئیسلامی، بەدرێژایی مێژوو، کاتێک شلۆڤەی ئاڤیستای کردبێت و قسەی لەسەر کردبێت،  هەوڵی شێواندنی داوەو پشتی بەوشتە هەڵبەستراو و زێدەکراوانەی لەگەڵ ئاڤێستا کراوە بەستووە و ڕاستەوخۆ نەهاتوون گاتاکان(کە بەتەنها ئاڤێستا پێک دێنن) قسەلەسەربکەن و ڕاستییەکان چەواشەنەکەن و عەوامە خەڵک فریو نەدەن و درۆ و ناپاکی لەگەڵ خۆیان و خەڵکی ئەنجام نەدەن.

کۆمەڵێک درۆی پەتی، هیچ لۆژیکێک ناتوانێت بڕوای پێبکات. وەک(هاوسەرگیری مەحرەم، ئاگر پەرست، خۆشۆردن بە میزی گا، دوو خودایی و فرەژنی ..تاد..). بەناوی زەردەشتەوە هەڵبەستران، بە ئامانجی ناشیرین کردن و شێواندنی زەردەشتییەت!

زەردەشتیەکان، ئەوە ناشارنەوە، کە ئاڤێستا دەستکاری کراوە و ڤەندیدا، کە بەشە چەواشە و هەڵبەستراو و زێدەکراوەکەیە، ئاخنراوەتە نێو ئاڤێستاوە.

بۆیە لای ئەمان، جگە لە گاتاکان، کە لەبەشی گچکە کچکە پێک هاتوون و لەسنگی زەردەشتییەکان لەڕێگەی لەبەرکردنەوە پارێزراون و لەبەرکردنیان زۆر ئاسانە، ئەمیش هەمووی نەماوەوبەشی زۆری فەوتێندراوە، هیچ شتێکی تر تەعبیر لە ئایینی زەردەشت ناکات و نادرێتە پاڵ زەردەشت و لەسەر ئایینی زەردەشتیەت حیساب نییە.

 لەکۆتاییدا دەڵێم  ئەمانەو دەیان زانیاری تری گرنگ لەبارەی ئایینی زەردەشتیەتدا لەو کتێبەدا هەن و خوێنەر دەتوانێت بۆزیاتر زانیاری بەدەست هێنان، بگەڕێتەوە بۆ(فهم الزردشتیەبدون تحریف).

بەداخەوە، گیانە من سەرەڕای ڕەخنەم لە ئە هریمەنەکەی زەردەشت، وەلێ ئەفسووس بۆ ئەوە دەکێشم

کە کورد لە ڕابردوو خاوەنی ئەو دوو ئاینە جوان و ژن دۆست و مرۆڤ دۆست و سروشتەی وەکو ئێزدی و زەردەشتی بووە

-یارسانیش؟

بەڵێ ئەمیش،  ئینجا هاتووە شوێن شتیتر کەوتووە دستبەرداڕی مێژوو و ڕسەنێتی و ڕابڕدووی خۆ بووە و هاتووە ناوی لەگۆڕی باب و باپیرانی، ئەو باب و باپیرانەی کە ڕووەوووی داگیرکەر ودوژمن وەستاوە، ناو ناوە گۆڕی مەجوسی و کافرەکان،  هی عەرەبه داگیرکەرەکانیش، پیاو چاک و قارەمان و چی و چی!

 ئەو داگیرکەرانەی کە دایک و خوشک و کچی کوردیان دەکرد بە کەنیزەی سێکسی و دستدرێژیان دەکردنە سەر و دەیا بردن و لە بازاڕەکانی حیجاز و عوککاز و کوێ و کوێ دەیان فرۆشتن.

باپیرە، بەداخەوە.  من نازانم ئەو کوردە بێ دەماخە کەی هۆشیار دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر مێژووی باب و باپیرانێ خۆی !