بیرمەندێکی وەکو زەردەشت، قەت نەدەبوو هەڵەیەکی وا بکات!

باپیرە دەتوانی تۆزەک باسی(شەیتان)م بۆ بکەیت؟

بەسەر چاو گیانی من

شاتەن (ŞATEN)ی خودای کوردانە و بەر لە ئیسلام، کورد وشەی (شاتەنŞATEN)یان بۆ ئێزدان بەکاردێنا.

  (شاتەن ŞATEN) لە دوو وشە پێک دێت. وشەی (شا ŞA) کە لە زمانی کوردی بە مانای(ئێزدان)، یان (مَلَك MELEK)، فریشتە، کە تاکی  کۆی فریشتەکانە دێت.

وشەی (تەنی TEN)یش لە زمانی کوردیدا واتای(پەیکەر-جەستە و شێوە) دەدات. بەومانایە (شاتەن ŞATEN) واتا(شتێک لە شتێک لە شێوەی فریشتە)، یان(خوداوەند).

هەروەها وشەی(تەن) بە واتای(تەنیا)ش دێت. کەواتا بەو واتایە و لەسەر ئەو بنەمایە، (شاتەن) واتا(خوداوەندی تاک و تەنها). 

گیانی من،

"شاتەن (ŞATEN)ی خودای کوردانە و بەر لە ئیسلام، کورد وشەی (شاتەنŞATEN)یان بۆ ئێزدان بەکاردێنا.

 ئێستا زانیمان کە لە ئێزدانییەتدا(شاتەنŞATEN  )خوداوەند و (ئێزدان)ـە. لەکاتێدکا ئەو (شەيتان)ـەی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام، زۆر جیاوازه، کە کردوویانە ئایکۆنی تاوان و سەرچاوی شەڕانگێزی و خراپەکاری.

هەموو لقەکانی ئایینی ئێزدانی(داسنی، هیلاویەکان، یارسانی و شەبەک و دروزەکان)، باوەڕیان بە (شاتەن ŞATEN)ی ئێزدان هەیه، نەک ئەو(شيطان)ـەی دینە ئیبراهیمییەکان.

بۆیە پێویستە لەسەر شوێنکەوتوانی دینی ئێزدایی، جیاوازی بکەن لە نێوان (شاتەن ŞATEN)ی کوردی و (شيطان)ی جولەکە ومەسیحی و ئیسلام.(٭)

ئەوەیە ڕۆڵەکەم بابەتەکە، بە هۆی نزیکایەتی وشەی(شاتَن ŞATEN)یان (ئیزدان) لە(شيطان)، شوێنکەوتوانی ئەم سێ ئایینە و خودی هەرسێک ئایین، هاتوون تێکەڵ و پێکەڵیان کردووە و تۆمەتی شەیتان پەرستیان داوەتە پاڵ ئێزداییەکان و گوتویانە:ئەوانە شەیتان دەپەرستن و خوێن و ماڵ و ناموسیان حەڵاڵ کردوون.

"جولەکە ناوی (شاتەن ŞATEN) لە پێشینانی کورد وەرگرتووە لەوکاتەی لە کوردستان دەژیان، ئەو سەردەمەی ئاشووری دەڵێم کە کران بە کۆیلە.

 لەوکاتە ئایینی ئێزدانییەتیان ناسی و پاش گەڕانەوەیان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان(ئیسرائیل)،

هەستان بە گۆڕانگاری کردن لە(شاتەن ŞATEN)ـەوە بۆ (شاتان Şatan) و پاشان  ئەو (Satan) جولەکەکان چووە ناو دینی مەسیحییەت و کرا بە (شيطان)، وەک کەسایەتی، نەک ئادگار(صفة). 

ئینجا دواتر گۆزراوە بۆ نێو ئایینی ئیسلام. 

(شيطان) لە وشەی (ساطان)ی عیبریەکانەوە وەرگیراوە، کە واتای(دژ و هەڤڕک و پێچەوانە)دەدات.

پاشان گۆزراوە بۆ ناو هەریەک لە زمانەکانی(لاتینی و یۆنانی و زمانەکانی تری ئۆروپی.(٭)

ڕوڵەکەم، ئێستا زانیمان لە ئایینی ئێزدانییەت دا شتێک نییە بە ناوی:ئیبلیس و ئەهریمەن و شەیتان و شت، بەڵکو خودای دینە کوردیەکان چاکەیەکی ڕەهایە و هەرگیز بوونەوەرێکی شەڕانگێزی لە نموونەی شەیتان دروست ناکات تا مرۆڤەکانی پێ فریوبدات و لەڕێگەیەوە دووچاری لادان و تاوانیان بکات!

ئێزدان ئەقڵ و ئیدراک و هۆشی بە مرۆف داوە و لە ئایینە کوردیەکان مرۆڤ ئازاد و سەرپشکە لە هەڵبژاردن، یان ڕەتکردنەوەی هەرشتێک، بێ ئەوەی ئەو هەڵبژاردن و کارەی خۆی بداتە پاڵ هیچ کەسێک، یان  بوونەوەرێکی خەیاڵی لە نموونەی شەیتان.

ڕۆڵەکەم تۆ لەوەش گەڕێ، داخی چی منی وێران نەکردووە، زەردەشت نەبێت.

-زەردەشت بۆ؟

-باشە زەردەشت لە خۆڕا تۆ فەیلەسوف و پەیامبەری کوردانی و ئەو نیچە عەزیمەی کە مەسیحیەتی بە ئاینی کویلایەتی دادەنا، سەرسامی خۆی بە تۆ دەربڕیوە و لەخۆشەویستی و عیشقی تۆ، شاکارێکی ناوازەی بەناوی(زەرەدەشت وەها دوا)ی داناوە.

بەداخەوە، نەدەبوو هەرگیز بیرمەندێکی وەکو زەردەشت، بکەوێتە ناو هەڵەیەکی ئاوا و بێت و من بکات بە دووژمنی خواوەند و مرۆڤایەتی، و نازناوی ئەهریمەن و دیفاس و ئنگرامینۆ  و هێزی تاریکی و تەڕەماش و چی و چیم بەسەردا ببڕێتەوە !

ئاخر زەرەدەشت گیان، هەی بەساقەی بیری چاک و وتەی چاک و کرداری چاکت بم، من چی خراپییەکی زەردەشتییەکان و تۆم هەبووە، تا بێیت و هەمان هەڵەی کەسانیتر و خەڵکیتر، سەبارەت بەمن دووبارە بکەیتەوە و لە بەردەم خوا و خەڵکدا وا نابووت و ناشیرینم بکەیت؟

ئاخر تۆ وام پێ بڵێیت و وام لە دەرحەقدا بکەیت، ئەی دەبێ پەیامەرگەلێکی ڕەگەز عارەبی و  جولەکە و بێگانە، چیم لە دەرحەق و  دژ بکەن، وەک کردیان.

پاشان گیانە، خۆ تۆ پەیامبەرێکی ئوممی و نەخوێندەوار نەبوویت، تا هێندە سادە و دڵپاک و خۆش باوەڕبیت و وا خێرا، بێ هیچ بە دواداچوونێک و هیچ لێکولینەوەیەک، باوەڕ بە وەها خوڕافەیەکی هیچ و میتۆلۆژیایەکی پوۆچ بکەیت !

ئاخر گیانەکەم، تۆ فەیلەسوف بووی فەیلەسوف.

-باپیرە ستەم  لێکراوەکەم:

بە بڕوای من، خەڵک وەسوەسە و حاڵەتێکی دەروونییان لە بەرامبەرتۆدا بۆخۆیان دروست کردووە و هیچیر.

ئەوەش پێویستی به ڕۆشبیری و هۆشیارکردنەوەیان هەیه، تا لەو وەهم و خەیاڵ و خوڕافەیە ڕزگاریان بێت.

-زۆر ڕاستە گیانی باپیرەی.

ئەوەی سەیره ! ئینجا ئەو نەزانانە دێن و  لەوەگەڕێ ناوی منیان لە(تاوسی مەلەک)ـەوە گۆڕیوە بۆ ئەهریمەن و ئیبلیس و عیفریت و شەیتان و دنیایەک شتی قۆڕ.

 من فریشتەیەکی ئێزدانی و ڕاوێژکار و دەستە ڕاستی ئێزدانی مەزن بووم و وەکو چۆن زەرەدەشت پەیامبەرێکی کورد بوو؛ منیش لای ئێزدان ئاوا نوێنەری ئاینێکی کوردی، ئایینی ئێزدانی و ئێزیدیایەتی بووم.

پاشان من نە لە ڕەگەزی ئاگرم و نەلە نەفرەت و نەیش لە ڕق،   بەڵکو ڕەگەزی من میتراییەوە و من بنەچەم کوردە کوردە. گیان و دەمار و خوێنم دەچێتەوە سەرلالشی نوورانی و

من فریشتەیەکی ئێزدانیم، ئێزدانی.

دەزانی با شتێکت پێ بڵێم:بیرتە گیانی باپیرەی، ئەو کاتەی گوتم کە هەرگیز چاکە و پیاوەتی لەگەڵ هیچ کەسێک نەکەیت و من تەنها بەرامبەر تۆ میهرەبانی لەدڵم دایە؟

بەڵێ، بیرمە باپیرە گیان.

گیانی باپیرەی، ئەوکاتە توڕەبووم، بۆیه وام گوت. گەرنا من لە ژیانمدا زیانم بۆ مێرۆلەیەک نەبووە و  هەموو ژیانم جگە له چاک و کاری چاک، جگە لە بەزەیی نواند و یارمەتی دانی خەڵک، هیچیترم نەکردووە.

ڕۆڵە داسنیەکەم، لە ئایینی مندا(ئایینی ئێزدایی)، ڕق و نەفرەت و خراپە قەدەغەیە.  تۆ دەبێت نزای باشە تەنانەت بۆ دوژمن و نەیارەکانیشت بکەیت.

ئایینی ئێزدایی، ئایینی خۆشەویستی و  میهرەبانی و ڤییانە.

نە کوشتن و  لێدان لە ژن.

  زیانگەیاندن و ئازاردانی مرۆڤ لە ئاییی ئێزداییەتیدا، بوونی نییە.

هەرچەندە ئەو ئایینە پاکەی کوردیش لای نەیارانی ئایین و نەتەوەکەمان، لای خاک داگیرکرانەوە هەوڵی زۆری لەگەڵ دراوە، تا ناشیرینی بکەن و کولتوور و ئەقڵییەت و خوڕافات و هەرچی توڕەهاتی عەرەب و بیابانە تێبخرێت و بشێوێندرێت، و  کوردی ئێزدانی، لە ڕەسەنێتیەکەیی و مێژووی خۆی و ئایینی باب و باپیرانی دوور بخرێتەوە.

باپیرە، من زۆر گومانم لە شێخ هادی هەیه، دەڵێن:ئەو زۆر نزا و ناو و شتی عەرەبی خستە ناو ئایینی ئێزدایی. باشە ئەو پیلانێکی نەگریس نەبوو، دژی ئێزدانییەت.؟

دەڵێن:شێخ عادی گۆڕانکاری زۆری لە هەیکەل و شێوەی ئایینە کۆنەکەی میترایی کرد و زۆر شتی تری بۆ زیاد کرد و زۆرشت ناوەکانی گوڕین لەو ئایینەی ئێزدا.

تەنانەت دەڵێن: ناوە کوردیەکانی خانەوادەی پیرەکان لە حەوت فریشتە میتراییەکە وەرگیراون و شێخ عودەی(هادی) بۆ ناوی عەرەبی گوڕین.(٭)

ڕۆڵەکەم، وادەڵێن. وازبێنە، ئەوە چیرۆکێکی درێژە.

تۆسەیرکە، بەر لە هاتنی شالاوی عەرەبەکان بۆ کوردستان و ئەو هێرشەداگیرکارییەی کە ناویان ناوە(فتوحات)، لە ناو ئایینە پاکەکەی ئێزیدیاتیدا، یەک ناو و وشە و شتی عەرەبیت نەدەبینییەوە و ئێمە بە خودامان دەگوت:ئێزدان.

ئێستا وا نییە، ئێزیدییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی شنگال و بەعشیقە و بەعزانێ و نزیک لە عەرەبە داگیرکەرەکانی ئەو ناوچانە، زمان و هۆش و ناو و نزا و هاوار و شتیان پڕی بووە لە شتی عەرەبی.  تەنانەت هەندێکیان هەر پێیان خۆش نییە بە زمانی باب و باپیرانیان(کرمانجی) بدوێن و به زاراوەی بێگانە(عەرەبی)دەدوێن !

-زۆر ڕاستە  باپیره، من چەندین هاوڕێی ئێزدایی بەعشیک و شنگالم هەن، تەنها بە زمانی عارەبان دەدوێ و زمانی ئێزدایی خۆیان پشتگوێ خستووە !

 بەداخەوە ڕۆڵە داسنییەکەم. 

باپیرە، ئێزداییەکان، زمان و کولتووریان، تەواوی مەسحەفی ڕەشیان، نزا و نوێژ و سروتە ئایینیەکانیان، هەمووی زاراوەی کورمانجی و بە زمانی شینرینی کوردییە. ئەوان کوردی ڕەسەن و نەوەی میتراییەکان، و چاوگی کوردایەتی ئێمەن.

باپیرە بەشێکی زۆری کوردە موسوڵمانەکان هێشتا قەناعەتیان وایه کە ئێوە گرووپێکی لادەرن لە ئیسلام !

ڕۆڵەکەم ئەوانە شارەزاییان نییە لە مێژووی ئایینی باب و باپیرانی  خۆیان و کراون بە دوژمنی ڕابڕدووی خۆیان !

من ئەو ڕۆژە نووسینێکی زۆر کومیدی ئیسلامییەکی توندڕۆ و چەواشەکار و درۆزنم بینی. ئەو فێندەمێنتاڵیستە درۆزنەی کە ئێستا بە تاوانی تیرۆر لە یەکێک لەوڵاتە ئۆروپیەکان نۆساڵ حوکم دراوە،  نووسینە درۆیەکەیم خوێندەوە لە یەکێک لە ماڵپەڕە ئیسلامیستەکان، زۆر پێکەنیم.

باپیرە چی نووسیبوو؟

هاتبوو هەمان شێوەی هاوئاواز و هاوفیکرە نەزانەکانی، منی کردبوو بە شەیتان و کۆمەڵێک قسەی هەلیت و پەلیت و بێ سەر و بەر و  سەرپێی و درۆی پەتی و بە پێی قسەی کۆمەلێک چەواشەکاری ئیسلامی و عەرەبی  لە نموونەی:سدیق دملوی و مەحمود جوندی و کێ و کێی تر بەدەم ئایینی زەردەشتی و ئایینە ئێزدایی و ڕەسەنە میتراییەکەی کورد کردبوو و   گوتبووی"

یەزیدەکانیش لە بنەرەتدا  بزوتنەوەیەکی ئەمەوین و سەر بە یەزیدی کوڕی معاویەی کوڕی ئەبو سوفیانن و له‌ساڵی ١٣٢ك دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی دروست بوون. له‌سه‌ره‌تاوه‌".

 هاهاها، میتراییم ڕۆ، ئێزداییم ڕۆ، نەزانی و چەواشەکاریم ڕۆ !

--------------

٭مهدي كاكەيي، (الداسنيون وكذبة عبادة الشيطان).

٭مهدي كاكەيي، (الداسنيون وكذبة عبادة الشيطان).

تێبینی:وتارەکەی مەهدی کاکەیی بە زمانی عارەبان نووسرابوو و من ئەو دوو بەشەم بە وەرگێڕانێکی (واتایی، نەک وشەیی)لێ وەرگێڕا سەر زمانی شیرینی کوردی.

٭ٲثر الديانة الايزيدية على ديانة الزردشتية، د.عایدە بدر، مطبعة :روژ هەلات- أربيل-  ٳفليم كوردستان-عراق،ص:148-149.