
٣٦
پەرستگای پیرۆزی لالش، دنیایەک نەخش و نیگار و هێمای میترایی تێدایه
باپیرە دەزانیت کە ئێمە لەسەردەمی پاشای کۆره هاتووین بۆ ئەو دەڤەرە.
بۆچی هاتوون و پێشووتر ئێوە لەکوێ بوون؟
لە دۆڵی ئاکۆییان-ڕەواندوز بوویێن.
هاتین تا ئێوە ئیبادەکەین و فەرمانێکیترتان بکەین. هاهاها.
-ئای ئای!
گوتم دڵم خۆشە کە دوای هەزار و چوارسەد ساڵ، دووبارە نەوەیەکیتری خۆم و ڕۆڵەیەکی ئێزدایی و کوڕێکی میتراییم دۆزیتەوە، کەچی تۆ خەریکە دڵخۆشییەکەم لەناو دەبەیت و ڕیسەکەدەکەیتەوە بە خوری و دەمانکەیت بە دوژمنی یەکتری. هەی سەرک خڕ.
-نانا شۆخیم کرد، تۆ باپیرە و ڕەگ و مێژووی منیت، تۆ ناسنامە و گیانی منیت. چۆن وادەڵێیت؟!
-قوربانی گیانت بم، ڕۆڵە هۆشیارەکەم.
ئادەی کەمێک بۆم باسبکە، بزانم چۆن هاتن بۆ ئێرە؟ دەی زۆر حەزدەکەم بزانم گیانی باپیرەی.
-بەسەرچاو باپیرە ئازیزەکەم.
باپیرە، ئێمە باپیرەگەورەمان ئەوکات فەرماندەیەکی سەربازی بووە له ڕیزی سوپاکەی پاشای کۆرە، دوای ئەوەی ئێوە لە دەڤەری بەردەڕەش و ئاسکی کەڵەک و بن مەقلوب پاکتاو دەکەن و هەمووتان دووردەخرێنەوە یان ئیبادە دەکرێن و ئەو شوێنانەی کە ناوم هێنان پێشووتر زۆربەی ئێزدی نشین بوون. لە ئێزدییەکان خاڵیدەکرێت. باپیرەمان ناڕواتەوە و لێرە سنک دەکوتێت و دەمێنێتەوە.
-ئەوها؟
بەڵێ باپیرە.
ڕۆڵەکەم، یانی ئێوە ئاکۆیین؟
-بەڵێ باپیرە.
ڕۆڵەکەم، پاشای کۆرە، هەر ئێمەی ئێزدی ئیبادە نەکرد، تەنانەت ئەو برا موسڵمانە بەویژدانەی لە نموونەی تیرەی(موسەیی)یش ئیبادەکرد، کە هاتنە پاڵ ئێمه و شانبەشانی ئێمە دژی سوپاکەی پاشای کۆرە جەنگان.
ڕۆڵەکەم، دەزانیت باپیرەکەت و جەماعەتی پاشای کۆرە چیان لێکردن؟
چی باپیرە؟
هەرچی نێرینەیەک کە تووکە بەریشی شین ببووایه دەیانکوشت !
بەهەرحاڵ، ڕۆڵەکەی میترا، گیانی باپیرەی، ئەو ئازارەی ئێمە و چیرۆکە تراژیدیاکانی ئێزداییەکان بە سەدان چیرۆک و ڕۆمانیش تەواو نابێت.
گرنک ئەوەیە، گوڵەکەم، لەکۆتاییدا تۆ ڕێگای باب و باپیرانی خۆت دۆزییەوە و هاتیتەوە بۆ باوەشی مێژوو و ڕابردووی خۆت.
-قوربانی باپیرەی خۆم.
-بەداخەوە نەوەی شیرینیم، دووژمنانمان هاتن و
شوێنکەوتوانی ئێزدایان، ئەو ئایینە پاک و سروشتی و کوردانەیان کرد بە دوژمنی خۆیان و خەڵکێکی زۆری نەزانی لە نموونەی (سوڵتان سلێمان پاشا)ی وەزیرى عوسمانلی، ئێزداییەکانی بە شەیتان پەرست ناوبرد ! لە کاتێکدا ئێمە ئایینێکی کۆن و یەکتاپەرستین و باوەڕمان بە خودێ(ئێزدا)یێ تاک و تەنها هەیە و ئێمە نە شەیتان و نە هیچ کەسێک دەپەرستین، تەنها خودێ/خودا/ئەزدای/یەزدان/یەزەدەن/یەزەتە/ ئێزید/ ئیزدین/کە هەموویان ناوی خودان.
(وشەی ئێزدی واتا «بەندەی خودا» یاخود بە کورمانجی «ئەز دایم» واتا ئەو (خودای ئەز دایم) و بەم شێوەیە شوێنکەوتووانی ئاینەکە باسی خۆیان دەکەن).
ڕۆڵەکەم، ئەو نەزان و دەمارگیرانە بەوەندەش نەوەستان و
و فەتوای کوشتن و تەکفیرکردنیان داین و هەفتا و سێ بۆ چوارجار، فەرمانیان کردین و ئاخریەکەیان داعشی تیرۆرست بوو.
کۆمەڵێک کەسی وەکوو:سەمعانی و ئبنولتەیمیە و شەڕەفخانی بەدلیسی و ئەشعەری و ئەحمەد تەیمور و فلان و فیسکەی ئیسلامی، زۆر نەزانانە و چەواشەکارانە هاتوون و
ئەسڵی ئێمەیان بۆ ئیسلام و ئومەویەکان و یەزیدی کوڕی موعاویه گەڕاندەوە! تەنانەت نەزانێکی وەکو دەملوجی دەڵێت:ئەوان ئایینیەکەیان (مەگوس-مۆگ، مۆغ)مەجوسییەتە !
لە کاتێکدا ئێمە هەزاران ساڵ بەر لە ئیسلام هەین و ئێمە ئێزدایی و ئێزیدین، نەک یەزیدی و شوێنکەوتەی یەزید.
خۆشبەختانە دەیان ڕۆژهەڵاتناس و لێکۆلەر و نووسەر و کەسیتری لە نموونەی: شێخ(عەلی ئەلشەرقی، تەها هاشمی، ڕەشیدئەلخیون، جۆن کنێست، نیبۆر کرستین، ڕۆجیە لیسکۆ، باسیلی نیکیتین، نیکۆلای ماری ..) بە بەڵگەوە ئەو قسە پوچوو و بێ بنەمایانەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
ڕۆڵەکەم، چەندین تیرە لە گوتیەکان و میدیەکان و دانیشتوانی کێوی(سۆبارتیوم) و هەزارەی سێیەمی پێش زایین لە چیای زاگرۆز نیشتە جێ بوونە، ئێزدانی بوونە. ئێمەگەلێکی ڕەسەن و ئاری ڕەگەزین و پاشماوەی میترایینە ئێمە.
پەرستگای پیرۆزی لالش، دنیایەک نەخش و نیگار و هێمای میترایی تێدایه.
ئەفسووس، دوژمنانی ئایین و مێژوو و هەموو شتێکی کورد، هاتن و لەسەد ڕێگاوە هەوڵیان دا لە ڕابردووی خۆمان نامۆمان بکەن و مێژوو و ئایین و کولتوور و زمان و هەموو شتێکمان بە عەرەب و تورک و پارس بکەن.
باپیرە، من وای دەبینم کە یەکێک لەو ڕێگا پیس و پیلانە بۆگەنەیان کەسێکی لە نموونەی عودەی بن موسافیر(شێخ هادی)یە.
ئەو کەسەی کە گومان دەکرێت دەجال و دەسیسەیەک بووبێت و بە مەبەست خزێندرابێتە ناو ئێزدانییەت، تا ئایینەکەی پێ بشێوێندرێت.
ڕۆڵەکەم، ئەو دەست و پیلان بوو.
تۆ سەیرکە.. تا ئەو شێخ عودەی سۆفییە ئیسلامییە نەهاتبوو ناو ئێزدانییەت، ئەو ئایینە هەمان شێوەی سەردەمی میتراییەکان وابوو. بەڵام لەگەڵ هاتنی ئەو پیاوە، ئەو ئایینە پاکەی ئێزدا، پڕی بوو لە ناو و شتی عەرەبی. بەر لەوە، ئێزدی کەی بە خودایێ مەزنیان دەگوت(رب العالمین، اللە)؟
یان کاتێک یەکێکیان بمردبوایە کەی دەیانگوت:اللە یرحمە، ئێزدایی ڕەسەن هەرگیز، ئاشنای ئەو ناوە عەرەبی و دەیان و سەدان شتی تری عەرەبی نەببوون کە بە بەرنامە خزێندرایه نێویەوە.
ئنجا ئەو درۆزن و نەزان و چەواشە کار و دەمارگیر و کینە لە دڵانە، هەمان شێوەی ئەوانەی پێشەخۆیان، زۆر خراپتر و کۆمیدیترین و گاڵتەجاڕترین شت، کە هاتن لە دوای ئەو هەموو کارە قێزەونانەیان کردیان، منی باپیرەتان، کە فریشتەیەکی ئێزدایی و میترایی بووم، سەرۆکی هەموو فریشتەکان بووم، کردمیان بە ئیبلیس و شەیتان و ئەهریمەن و چی و چی.
باپیرە، ئەی مەفهموی ئاهۆرامەزدا و ئەهریمەن؟
اللە و شەیتان، هێزی باشە و خراپە؟
ڕۆڵەکەم، ئەو ئەهریمەن و شەیتان و شتە قوڕ و خورافیاتانەیان کە وەکو ڕکابەری خودا داناوە، هەمووی شتی بێ مانا و میتۆلۆژیا و پێچەوانەی ئەوەن کە ئێزدان توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە.
لە ئایینی ئێمەی ئێزدایی وەکو ئایینەکانیتر، هێزی خراپە لەبەرامبەر باشە، ئەهریمەن لەبەرامبەر ئاهۆرا، شەیتان لە بەرامبەر ئەلڵا دا نییە و ئێزدان خاوەنی هێزێکی بێ سنوورە و هیچ هیزێک ناتوانێت ڕکابەرێتی بکات.
ئێمە هاوکاری ئێزدانمان هەیه،(حەوت فریشتە) هاوکارین. ئەو حەوت فریشتەیە هەر حەوتیان میترایین و بەو شێوەیە لە ئایینی ئێمە، هێزی شەڕ و شەیتان و ئەهریمەن و هیچ ڕکابەرێکی ئێزدانمان نییە.