
( ٣٨)
زانین(گـا)م ڕۆ
دەڵێت کەسێکی عەدەمیم و لەگەڵ نەخوێندەوارترین مەلای مەملەکەت، خەریکی دست لە ملانێیە!
گیانەکەم، ئەمڕۆ دەبێت دووڕوو بیت دووڕوو، لای خەڵک و خوا، تا لەو کۆمەڵگە و سەر زەمینە نەفرەتییە جێگات ببێتەوە.
تا خەڵکێکی دەروون نەخۆش و مێشک پووچ و ئەقڵ گەنیو قبوڵت بکات. تا پارووت چەوربێت.
هەمیشه" لەکۆمەڵگای موبتەلا بە شەپۆلی دینی، بازرگان دین و دەجال و دووڕوو و خۆنمایشکەر بە دین زۆر دەبن. کار بەوە دەگات گەورە و بچووک و دینی و نادینی ئیدیعای دینی بوون دەکات !
ڕۆڵەکەم، هەیفا وەهبی کە مردووش دەوروژێنێ بە ئاخ وئۆف و جوانی و لەش ولاری، دەڵێ هەمیشە قورئان لەناو جانتاکەمە!
هەڵکەوتی سیمساری هونەر لەلایەک کۆمەڵێ ئافرەت فێری هونەری نزمی خۆبادان و بازرگانی بە جەستە دەکات، لەلایەکی تر هەموو ساڵ دەچێتە عەمرە و دەڵێ هەموو نوێژەکانم لە کاتی خۆی دەکەم، ڕەنگە لەپاش بورمە خواردنێ شەونوێژیش بکات!
کۆمەڵێک ئافرەتی وڵاتە ئیسلامییەکان، چۆن مۆدڵەکان لە ڕێگای ماکیاژ و فیللەر وبۆ تۆکس و سلیکۆن ڕێکلام بۆ تەزاڕیسی جەستەی خۆیان دەکەن، ئەوانیش تەنها لە ڕێگای حیجابێکی شیک و بە قەولی ئیسلامیان ناشەرعی خۆیان گەورە و ناودار دەکەن، لە ڕێگای ڕاکێشانی هەست و سۆزی سادەی دیندارەکان."(١).
زۆر ڕاستە، خەڵک زۆربەی دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵن. ئەوڕۆژە برادەرێکی چەپم هەیە، خۆی وا دەردەخات کە لە چەپه ئەتایستەکانە و لای من دەیگوت: پەیامبەرەکان وڕێنەچی و دەجال و درۆزن و فریودەر و فێڵبازن و ئاینیش تلیاکی گەلانە و بیرۆکەی خودا و بەهەشت و میتافیزکا و ترس و شتیش لە دیاردە سروشتییەکان، لاوازی و بێ هێزی مرۆڤ لە قۆناغێکی مێژوویی و پڕگەیەکی مێژوویی کە تێیدا ئەفسانەگەرێتی و جادووگەرێتی و خوڕافە و شت زاڵ بوو و هێشتا زانست لەدایک نەبووبوو، لە دایک بوو.
شەو دەبینم، لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیبووی: هاوڕێیان، خوشک و برایانی ئیماندار، براکەم لەو شەوە موبارەکەی جوعمەدا گەڕاوە بارەگای خوا، تکایە نزای بۆ بکەن وڵامی ناوگۆڕ بداتەوە و لە تاقیکردنەوەی پردی سیراتێ ناجح بیت.
-هاهاها ئای لەوە. پێم وابێ ئەوە عاتیفەیە، نەک دوو ڕوویی.
باشە ئەو وڵات و خەڵکە بۆ وا لێهاتووە!
کابرا پڕۆفیسۆر و کۆمەڵناسە و تێگەیشتنی بۆ ئاین و مێژوو و مرۆڤایەتی و گەردوون و هەموو شتێک سنووری عاتیفەی مێگەڵ و عەوامی تێنەپەڕاندووە !
-زۆرڕاستە، ئەو ڕۆژە مامۆستایەکی برادەرم، کە سۆسیۆلۆگ و پڕۆفیسۆر و مامۆستاشە لە زانکۆی سەلاحەدین،
چیم پێ بڵێت باشە؟
- چی؟
-پێویستە کورد باوەڕی بە خوڕافە هەبێت و دەبێت پەرستگاشی بۆ دروست کەین.
-زانستم ڕۆ، کۆمەڵناسم ڕۆ، زانین(گا)م ڕۆ هاهاها.
-منیش پێم گوت: ئەرکی ڕۆشنبیر هۆشیارکردنەوەی خەڵکە، نەک خەسترکردنی قوڕی دواکەوتوویی و ڕۆنانی پەرستگای خوڕافە.
ئەو خەڵکە ئاوای لێهاتووە باپیرە گیان.
من تێناگەم نا !
کابرا ئەوڕۆ دەڵێت من فەیلەسوفی کردم و کەسێکی عەدەمیم و کافکا و سارتەر و کامۆ و شۆپنهاوەر چین، وەڵلا سمێلی هەزار نیچەشت بۆ بە زانست و مەعریفە و فەلسەفە دەبەستمەوە. کەچی بەیانی دەبینیت لەگەڵ نەخوێندەوارترین مەلای ئەو مەملەکەتە خەریکی سێڵڤی و دەست لە قن و ملانێ و موجامەله و بەکارئینانی ئایین و نمایشە !
کەسی باپیرەی، ڕۆڵەکەی داسنیان، هەمووی دووڕوو و درۆزنە.
تۆسەیرکە گوتم:دوو ڕوو نەبووم و ڕوون و ڕاشکاوانە و بێ ڕتووش بە خوام گوت: جگە لە تۆ، کڕنۆش بۆ هیچ کەسێکیتر نابەم و خۆم بۆ هیچ کەسێکیتر ناچەمینم،
چیم بەسەر هات و چۆن تەوقی نەفرەتیان خستە گەردنمەوە !
ڕۆڵەکەم، پێم گوت، من وەکو فیرعەون دوو ڕوو نیم، بێم و لە بەردەم خەڵکدا بڵێم : هۆ خەڵیکەنە، من خوداوەندم و لە پشتەوە و لەبەردەم تۆشدا بڵێم: تۆبە خودایە گووم خوارد و من جگە لە بەندەیەکی زەلیلیت هیچیتر نیم.
هەرگیز ئەوە ناکەم و تۆش چیت لەدەست دێت بێ منەت به و خودا نیت گەر نەیکەیت و درێخی بکەیت.
--------------
١-محەمەد هەریری