
کەریم دەشتی
ئەبەدییەتی من
گۆزەیەکی شین بوو لە دەفەی سینەمدا
شەربەتی شیعری لێئەڕژا
کارمامزێکی خەمگین بوو
لەسارای ڕۆحمدا
شەرابی جوانیی لێئەپژا
ڕۆژێ لە لووتکەیەکی بەرز
گۆزەی دڵم گلۆر بۆوە
ئەو دڵەم پارچە پارچە بوو
خەرەندەکان پڕبوون لە درەوشانەوە
ئێستا شار بەو درەوشانەوە ئەژی
چیا پڕ بوون لە کانیلەی جاویدانی
ڕەوەز هەمووی ئاڵبوونەوە
زیوانی کێڵگەو وەردەکان کاڵبوونەوە
ژیانم نوقمی وەهم بوو
ئێستا تەنهام لە میانی مان و نەمانم
گوزارشتم لێ قات بووە
دیلێکی ناو زیندانی سەختی زمانم.