ئا/ بڕیار عەبدولڕەحمان 

دیوانی مامۆستا و شاعیر سامی ڕواندزی لە دووتوێی ٣١٤ لاپەڕە چاپ و بڵاوکرایەوە.

دیوانه‌کە كاری كۆكردنه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ی لە لایەن مامۆستا ئەقیلە ڕواندزی، خوشکی شاعیر بۆ کراوە و لە سەر ئەرکی خێزانەکەی چاپکراوە. 

مامۆستا ئەقیلە بۆ ڕێگای کوردستان وتی" شاعیر زۆر بە سروشتی ڕواندز سەرسام بوو، زۆر کاری لێکردووە و بووەتە هەوێنی شیعرەکانی، هەریەک لە شاعیران (کانی دۆغرەمەچی و جاهید)یش کاریگەریان لەسەر هەبوو، بە حوکمی ئەوەی هاوڕێی باوکی بوونەو لە نزیکەوە ئاشناییان بەهێز بووە ".

ناوبراو وتیشی" لە تەک نووسینی شیعریشدا، نووسەرێکی زۆر بە توانابوو، بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاودەکرانەوە. وە بایەخێکی زۆری بە شیعری منداڵان داوە".

مامۆستا سامی عەبدولقادر له‌ ساڵی ١٩٤١ له ڕواندز له‌ دایكبووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ شارەکەیدا ته‌واو كردووه‌، له‌ ساڵی ١٩٦٣ له‌سه‌ر ئەوەی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)ی به‌ قوتابیان گوتبووەوە ماوەیەک زیندانی کراوەو له‌ كاره‌كه‌ی دوورخراوه‌ته‌وه‌. لە ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کردووە.