
محمدی مام ڕەسوڵ
ڕێگایەک لەمندا بەجێماوە
تا ئێستاش دیوارەکانی لە گەڵان !
هەموو شەوێک ،
تا مەعبەد پڕ دەکا لەماچ
تا گیتارەکەی لەبەرگەوە بۆ بەرگ دەژەنێ
پارچەیەک لە گرافیکـی شیعر ڕادەخاو
تنۆک تنۆک ئاسمان دەکاتە چاویەوە !
ئەو ئەوەندە لەسۆراخی پەنجەرەیەکی ڕوانیوە
پەرداخی جوملەکانــی ،
بەکۆخەی کانیەکەوە دەشکێـن !
ئەو بەرلەوەی فانۆسەکانی مۆسیقا
هێشووەکانی دڵی لێکەنەوە
چاکەتەکەی بەسەر کوژرانی خۆیدا دەداو
منیش ئەوەندە گەمژەم ،
وادەزانم من و ئەو خوادایەکمان هەیە !!