
محمدی مام ڕەسوڵ
باران هەر لایەکم پێ دەزانێ و
لایەکەی دیم ،
پایز چۆلەکەکانی بە ئەنقەست فێرکردووە
هێلانەی تێدا بکەن !
پێم خۆشە دەنووکی ئەو بارانە تۆ بی
کە کتێبێک لەسەردەمی ئەو تەم تومانە دێنێتە قسە !
کتێبێک هەرجارەی کەبیانوو دەگرێ
فاریزەکانی خۆی فڕێ دەداتە کۆڵانەکانی بـا
کتێبێک هەرجارەی ،
بەجۆرێک لەخۆیدا دەمشوا !!
نەنگی نیە لەمەودوا بەڕۆیشتنت نەوێرم !
لەمەو دوا دەسکاری تۆنەکانی نووسین کەم !!
وادیارە تۆ ڕەنگی ئاوابوونت گرتووە !
ئاسوودە دەبی من ببمە سکونەکانی ڕستەو
تۆنەکانی سەفەر قڕکەم لەدەنگی خامۆشی ؟!
لەودیوو قەشەنگی ئاڵۆزیمەوە تۆ چی دەبینی ؟!
من بەدڵی کام کاولاشی گزنگ نەبووم ؟
نازانم کەی شاعیریم لێ دێ ؟!
خۆم گومانم لەخۆمە ،
ئەو دەمە نەبێ کەژێکانی پیانۆی ئەو کۆچەت
لەمۆسیقای برینمدا ڕۆدەچــێ و
لە پێدەشتی گریاندا دەمژەنــێ !!
ئەوەندە باست دەکەم
هەربینە تاڵیشکی خەزان سێوی گرت و
باران هەنار !!
بەرلەوەی گڤەیەک تڵخت بکاو
دەستەکانم دەستەکانت بخواتەوە
بەبێ ئاگا بەو دەستە ساردانەت دەست مەخەرە سەردڵم
ئێستا وەکو جاران نیە ،
ناسک ناسک بە دەستتەوە دەشکــێ !!
منیش وەکو جاران ،
پەمۆی شیعر بەفانۆسەکانی حەزەوە گرنادەم
دەست ناهێنم بە دیوارە سپیەکانی نەشئەم
خۆشەویستیم لێکەرەوە ،
نازانم من
تاکەی ئەو هەموو بزر بوونە ئاودەم ؟!!
