گیابەشیرە، دەرمــانی کیــرە

بەشی (١٠)

ئێمە منداڵ بووین، لەکاتی وازیکردن، زۆرجار بەدەنگی بەرز دەمانگوت: گیابەشیرە، دەرمانی کیرە.

گیابەشیرە، دەرمانی کیرە.

من هیچ بیرم لە مانای ئەم ڕستەیە نەدەکردەوە، هەروەک گۆرانییەک بۆ خۆشی و لە شێوەی کۆرس لەگەڵ هێمن و منداڵانی تر دەمانگوتەوە.

لە وەرزی بەهار لەدێیەکەی ئێمە، گیابەشیرە زۆر هەبوو.

بەڵام هەرگیز، بیر و خەیاڵم بۆ ئەوە نەدەچوو، کە شتێکی وا هەیە و ئەو گیایە کیر زل دەکات!

تا ئەو ڕۆژەی هێمنە ڕێوی، وەک ئەهریمەن لەژێرگوێی چرپاندم: هیوا گیان، شتێکت پێ بڵێم؟

بەڵام بەکەسی نەڵێیت و با تەنها نێوانی خۆم و خۆت بێت.

 -چییه ئەو شتە هێمن؟

هێمن: تۆ سەرەتا بەڵێنم پێبدە، بە کەسی ناڵێیت؟

-بەڵێن بێت.

هێمن: هیوا گیان،  وەرە با کیرمان گەورە بکەین!

 -چۆن؟

هێمن: ئەها  گیابەشیرە هەیه،

بەهدینی کوڕی دەروێش عەبۆ  و ئازادی فاتەبێوەژنیش لێیان دابوو.

 بەخوا بەمنیان گوت: کیرت بەقەد هی نێرەکەر زل و قەوی دەکات.

دەی هیوا، بچین؟ چیت گوت؟

دوای کەمێک ڕامان و بیرکردنەوە،

 گوتم دەی هێمن.

 وەرزی بەهاربوو، ڕۆیشتین لەو دەشت و دەرە دەگەڕاین، گیرفانەکانمان پڕ لە گیابەشیره کرد. هێمنەڕێوی گوتی: هیوا گیان، دەزانی هی تۆ زۆر کەمە، با هەندێکی خۆشمت بۆ بخەمەسەر. هەندێک لە گیابەشیرەکەی خۆیشی خستە ناو دەستەکانم و گوتی: دەی، تۆ بڕۆ ناو ئەم دۆڵە و منیش دەچمە ئەو دۆڵە.

دوای کەمێک، من شیری ناو گیاکەم هەموو لە کێرم هەڵسوو. ئینجا هێمن بانگی کردم: دەی هیواجڕتۆ،  زۆر درەنگ کەوتیت، چیت ماوە؟ 

من تەواو، هەموویم لێ هەڵسوو.

گوتم: منیش تەواو.

لە دۆڵەکە هاتمەوە دەر، سەیر دەکەم، هێمنەڕێوی پێدەکەنێت!

گوتم: بەچی پێدەکەنیت؟

-بەوەی بەیانی کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، کێرت وەک هی نێرکەر، قەڵەو و قەوی بووە.

نیوەشەو هەستم بە ئازارێکی زۆر بەهێز کرد. بێجامەکەمم داکەند و سەیرێکی کێرمم کرد، زۆر ئاوسابوو. ترسێکی زۆرم لێ نیشت. گوتم یەک قیچی تر بئاوسێت، دەتەقێت و دەمرم.

ڕۆیشتمە ئەولاتر و لەبەر دەرگا میزێکم کرد، ئای خودایە، کاتی میزکردنەکە، بۆڕی میزکردنم چ ژانێکی کرد و چ ئازارێکی دام!

بەئازارەوە ڕۆیشتمەوە ناو نوێنەوە و ئەو شەوە بە نهێنی هەر دەگریام و بە کەسیشم نەگوت فریام کەون خەریکە کێرم وێران دەبێت. ئەوشەوەم لا بەقەد ساڵێک بوو. بە هەزار حاڵ، تا بوو بەیانی. کە بەیانی گزنگی دا و خۆر هەڵهات، ویستم ئەوە بە ماڵەوەمان بڵێم، دڵم لە دڵ دەدا و گوتم باشە ئەوە من پێم گوتن. ئەی لێم ناپرسن و ناڵێن بۆچی وات لێ بەسەرهاتووە؟

باشە ئەوە ڕاستییەکەشم لێ شاردنەوە، بەخوا لە خەستەخانە پزیشک بۆیان ئاشکرا دەکات، کە من چ کەتنێکم کردووە، ئەوسا ئابڕووم دەچێت.

لە ماڵەوە، من تا ئەندازەیەکی زۆر، شەرمن بووم. دایکم کاتێک بە ڕووتی سەری دەشۆردم، لەو تەمەنە بچووکییەم شەرمم دەکردەوە جلەکانم هەمووی دابکەنم.

جا ئێستا وا تۆزەک گەورەتربوومە و چۆن بزانن من شتێکی وامکردووە. نا، نەخێر، هەرگیز، ناڵێم فریام کەون من کێرم خەریکە بتەقێت.

بەیانییەکەی ماڵەوە هەموومان لەسەر خوان دانیشتبووین و نانمان دەخوارد. من لەو بیر و خەیاڵەی گەلوگونمدا بووم.

لەپڕ دەنگە دەنگێک هات: لێدەن، بیکوژن، ئەوەتا دانەیەکیتر، قورتاری نەبێت سەگبابەی، بیگرن خێرا، دەی...

خێرا نانەکەم بەجێ هێشت، دایکم هێندەبانگی کرد: هیوا، هیوا، نانەکەت بخۆ.

گوتم ئێستا دەگەڕێمەوە دایە.

ڕۆیشتمە بەردەرگا، سەیردەکەم هەموو پیاوانی دێ، کۆبوونەتەوە و یەکە و فەردەیەک و دارێکی ئەستووری بەدەستەوەبوو!

 نەمزانی بابەتەکە چییە و هیچ حاڵی نەبـووم! دواتر گوتم لەوەدەچێت وەکو ئێمەی منداڵ شەڕە گەڕەک بە گەڕەک بکەن. ئەم گەڕەکە لەگەڵ گەڕەکەکەی تر.

بەڵام ئەوەی من بۆی چووم، وا نەبوو.

 هەر هێندەم زانی گوتیان دەی بەعسی قڕانە. هەموویان پێکەوە و بە غاردان، ڕاوەدووی پشیلەکانیان دەنا و ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان و گەڕەک بە گەڕەک و ژوور بە ژوور،  بە دوای هەر پشیلەیەک دەکەوتن کە بیان بینیبوا. ئینجا تا نەیانگرتبایە، وازیان نەدەهێنا. پاشان پشیلەی بەستەزمانیان دەخستە ناو فەردەکە و بەدار دەکەوتنە گیانی ئەو گیاندارە  بێتاوانە و ئەنجن ئەنجنیان دەکرد.

 دیمەنە تراژیدییەکەی ئاژەڵقڕان، کە ئەوان ناویان نابوو(بەعسیقڕان). ئەوکات من هێندە منداڵبووم، هیچ نە لە مانای بەعس و نە لە وشەی قڕان و نەیش لە کوشتنی ئەو هەموو پشیلە بەستەزمانەیە حاڵی نەدەبووم!

 هەر هێندەم دەزانی و دەبینی، دیمەنی کوشتن و هاوار و ئازار  و فەردەی خوێناوی و میاو میاو و گریانی پشیلەکان دەگەیشتە کەشکەڵانی ئاسمان و بەردەوام بوو، تا دەیان پشیلەیان خەڵتانی خوێن و ئیعدام کرد.

 هەمووان لەگەڵ ڕاکردن بە دوای هەر پشیلەیەک، قاقایان لێدەدا و لەگەڵ کوشتنی هەر پشیلەیەکیش یەک بە دەنگ پێدەکەنین و دەیانگوڕاند و دەیانگوت: بکوژن، لەناوی بەرن، دەی خێرا...ئەوەتا دانەیەکی تر، لێنەگەڕێن بڕوات کافربابەی.

 لەبەر کەمتەمەنی و منداڵیم وەک ئاماژەم بۆ کرد، من ئەوکات  هیچ لەو دیمەنە جەرگبڕ و مەرگەسات و ترسناکەی جینۆسایدی پشیلەکان حاڵی نەدەبووم. تەنها ئەوەندە نەبێت، لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی تر بەدوای پیاوەکاندا ڕامان دەکرد و ئێمەیش پێدەکەنین و بەهەمان شێوەی پیاوەکان، چێژێکی زۆر سادیکانەمان لەو کۆکوژی و قڕکردن و بەعسیقڕانەی پشیلەکان دەبرد.

ئەو ڕۆژە، من بە هۆی کەرایەتی و خۆشباوەڕی خۆم و ئەو شیرە نەفرەتی و نەگریس و لە کێر هەڵواسینەی ڕۆژی پێشووتر، کێرم هێندە ئاوسا و ئەستوور ببوو، نەمدەتوانی ڕابکەم و ڕێ بکەم. بە هەزار ئاخ و ئۆف و ئازارەوە، لەدوای پیاوەکان دەڕۆیشتم.

هێمنە ڕێویش لەوێ بوو. دیقەتم دا، لەژێر لێوەوە پێم پێدەکەنێت!

دوای کەمێک لێم نزیک بووەوە و گوتی: هیوا چۆنی؟ ئێ، پێت نەگوتم وەزعی کێرت چۆنە؟

ئینجا تا هێزی تیابوو دایە قاقا.

با شتێکت پێ بڵێم، هیوا گیان، دەمبووریت؟ 

-گوتم چییە؟ گوتی نایڵێم، لێم زویر دەبیت. 

 -نا، لێت زویر نابم.

-هیوا بە خوای دوێنێ فێلم لێ کردیت، خەشیم، من یەک قرتە شیریشم لە کێرم هەڵنەسوو.

کە وای گوت، زۆر تووڕە بووم و دنیایەک جوێنم بۆی حەواڵە کرد و پێم گوت: بڕۆ هەی ڕێوی فێڵباز، چی تر هاوڕێیەتیت ناکەم و قسەت لەگەڵ ناکەم.

ئەوە دوای ڕاپەڕینەکە و ساڵانی نەوەدەکان بوو، ئەو پشیلەقڕانەی پیاوانی دێیەکەمان ناویان نابوو بەعسیقڕان!

ئەو پشیلە قڕانەی کە وای لێکردم دواتر و تا قۆناغی هەرزەکاریشمان، من و هێمنە ڕێوی، هەر پشیلەیەکمان ببینیبوایە، پەلامارمان دەدا و بە دار و بەرد دەکەوتینە گیانی و دەمانویست لاسایی فیلمی بەعسقڕانەکەی پیاوانی دێیەکەمان بکەینەوە!

ئەو فیلمەترسناک و تراژیدیک و خەماوییەی، هەمان شێوەی فیلمی بە قەشمەرکردنم لەلایەن مامۆستا کارزانی جەللادەوە. ئێستاش کە بیری لێ دەکەمەوە، هەست بە ئازار دەکەم.

 ئەو فیلمە نەفرەتییەی جینۆسایدی پشیلەکان، ئێستاش کە دیمەنی کوشتنی پشیلەکانم دێتەوە بیر، بێزاری و دڵگوشین و شەپۆڵی فرمێسک  و ئازاری ویژدان و خەمێکی قووڵ، هەموو بوونم دادەگرێت.