بەشی(۱۹)

گــەڕانـەوەم بۆ قوتابخــانـە

 دوای ئەوەی مامۆستاکارزان وای بەسەرهێنام، ساڵێک قوتابخانەم جێ هێشت و هەرگیز بەتەمای ئەوەش نەبووم جارێکی تر لە خەونیشدا بۆ قوتابخانە بگەڕێمەوە.

لەو ڕۆژەی مامۆستاکارزان وای بەسەرهێنام، دڵم لە قوتابخانە و خوێندن شکا و تا دەهات زیاتر لە سەرکێشی و یاخیبوون ڕۆدەچووم.

دایکم هێندەی هەوڵی لەگەڵ دام و پێی گوتم: کوڕەکەم بڕۆوە قوتابخانەکەت و بخوێنە. کە دایکم وای دەگوت، هەمووجار تا هێزم تێدابوو، بە دەنگی بەرز دەمگوت: گوو بە قوتابخانە، گوو بە مامۆستاکارزان، گوو بە خوێندن و ڕاستگۆیی، گوو بە چاکەکردن، گوو بە هەموو شتێک، گوو، گوو، گوو.

دایە تکادەکەم وازم لێ بێنە.

کە وام دەگوت، دایکم بە سەرسوڕماوییەوە پێی دەگوتم: کوڕەکەم، تۆ بۆ وات لێ بەسەرهاتووە؟  تۆ هەرگیز ئەو هیوا هێمن و بێدەنگەی جارانی من نییت!

خوا ئەوکەسە بگرێت کە وای لە کوڕەکەی من کردییە.

بیرمە سەرەتای پاییزی ساڵی١٩٩٩ و کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەبوو. من و هێمنەڕێوی و فەرهادی کوڕی عاسمە سمێل بابردە و فاقە قوونخوار و قەهاره دەم بۆگەن و حوسەشەل و بازە فتقۆ و سیروانەکۆترباز و کۆمەڵێک منداڵی تر، لە یاریگاکەی سەرەوەی دێ، یاریی فتبۆڵێنمان دەکرد. دوو پیاو، دوو جەنتایان بەدەستەوەبوو و بەپێ لە ڕێگاکەی سەرەوەی دێ بەرەو ئێمە و دێ دەهاتن.

لەپڕ بانگیان کردین: منداڵەکان چۆنن باشن؟ ئەزیەت نەبێت، قوتابخانەی ئێرە لە کوێیە؟ دەتوانن یارمەتیمان بدەن و قوتابخانەکەمان پیشان بدەن؟

من و هێمنەڕێوی پێشیان کەوتین و تا قوتابخانە لەگەڵیان ڕۆیشتین.

لەوێ یەکێک لەو دوو مامۆستایە، خەندەیەکی زۆر میهرەبانانەی بەڕووداکردم و لێی پرسیم: گیانە پۆلی چەندیت؟

بەرلەوەی من وەڵام بدەمەوە، هێمنەڕێوی لە مامۆستای وەرگرتەوە: ئەو قوتابخانەی جێ هێشتووە. کە هێمن وای گوت، مامۆستاکە بە بیستنی ئەوقسەیە ڕەنگی تێکچوو و زۆر پەست بوو.

دوای کەمێک ڕامان و سەیرکردنی من، زۆر بەهێمنی دەستەکانی گرتم و پێی گوتم: ناوت چییە؟

-هیوا.

واو، ناوێکی زۆر خۆشه. هیوا، هیوا، هیوا.

هیواگیان، تۆ چۆن قوتابخانە جێ دێڵیت؟

نابێت. نەخێر، هەرگیز ئەوە نابێت.

گیانی من، تۆ هێشتا بەتەمەن بچووکیت و دەبێت بخوێنیت. دەبێت بەیانی زوو بێیتەوە بۆ قوتابخانە.

کە وای گوت، ئینجا من و هێمنەڕێوی زانیمان کە ئەو دوو پیاوە، دوو  مامۆستای تازەن و بۆ دێیەکەی ئێمە هاتوون.

هێمنەڕێوی ویستی باسی ئەو بابەتەی جێهێشتنی من و مامۆستاکارزانی بیرکاری و هەموو شتێک بۆ مامۆستاکە باس بکات. مامۆستاکە، وەک بڵێیت ئیلهامی بۆ هات و ئاگادارکرایەوە، کە هێمنەڕێوی چ منداڵێکە و مەعدەنی چییە و دەیەوێت چی بڵێت!

دەستی خستە سەر دەمی هێمنەڕێوی و گوتی: سوپاس، پێویست ناکات گوێم لە هیچ شتێک بێت.

پاشان سەیرێکی کردم و سەری لەقاند و گوتی بەتۆش دەڵێم: بەیانی زوو دێیتەوە قوتابخانە و خەمی هیچیشت نەبێت. من بەڵێنت پێ دەدەم، هەرچی ڕووی دابێت، ئەوە دەبێت بە ڕابردوو و مێژوو. گیانەکەم، ئیتر من لێرەم و دڵنیابه هەموو شتێک باش دەبێت. تەواو، ڕێککەوتین؟

بەخەندەوە وای پێ گوتم، منیش بە نیگەرانی و ترس و دوودڵییەوە: -بەڵێ مامۆستا. 

مامۆستاکە چاوێکی لێ داگرتم و گوتی: تەواو، ئێستا دەتوانن بڕۆن.