شەماڵ بارەوانی

بەشی(٢٠)

نەفـرەت لە قــوتابخانــە

ئەوکاتەی مامۆستا(سەیدسەروەر) لە قوتابخانەی دێیەکەمان خۆی گواستبووەوە قوتابخانەی دێیەکەی خۆیان، مامۆستا ئاکۆ، ئەو مامۆستایەی بەمنی گوت: دەبێت بەیانی زوو بێیتەوە بۆ قوتابخانە، دوای دوو هەفتە لە جێگای ئەو بوو بە بەڕێوەبەر.

کاتێک مامۆستا تازەکە، کە جارێ نەمدەزانی ناوی چییه، پێی گوتم دەبێت بێیتەوە بۆ قوتابخانە، من زۆر بەخێرایی ڕام کرد بۆ ماڵەوە و تا هێزم تێدابوو هاوارم کرد: دایە، دایە.

دایکم خەریکی تەندوورپێوەدان بوو. گوتی یا ئەلڵا، چی بووە کوڕەکەم؟

وای زانی شتێکی ناخۆش ڕوویداوە!

 گوتم: دایە هەواڵێکی خۆش، بەیانی دەڕۆمەوە قوتابخانە! بەڵێ، دەڕۆمەوە قوتابخانە. گوتم دەڕۆمەوە قوتابخانە.

کە وام گوت، دایکم لەخۆشییان خەریکبوو باڵ بگرێت و گوتی: ئافەرین کوڕەشیرینەکەی من، هیوای دایە. دایکم لەخۆشییان بڕوای بەو قسەیە(هەواڵی چوونەوەم بۆ قوتابخانە) نەدەکرد و لەژێرلێوەوە دەیگوت: سوپاس بۆتۆ خودایە، کە لە کۆتاییدا کوڕەکەم بڕیارەدروستەکەی دا. ئیتر تەواو، هیواکەی من، هیوای دایە، دەبێتەوە بە هیواکەی جاران.

شەو، هەربیرم لەوە دەکردەوە، باشە بەیانی چۆن بڕۆمەوە بۆ قوتابخانە؟ خۆ مامۆستاکارزان لەوێیە، من چی بکەم و چۆن جارێکی تر بڕۆمەوە ئەوێ؟

من لەوڕۆژەی مامۆستاکارزان بەو شێوە هۆڤانەیه لێیدام، تووشی هیستریاببووم و شەوان لەکاتی خەوتندا لەبەرخۆمەوە هاواردەکەم: تکایە فریام کەون.

دایکم دەیانجار منی بردووە بۆ ماڵە مەلا و شێخ و سەید و بۆ سەر گۆڕی پیاو چاک و موناسب و سەحابەکان و یەک دەرزەنە نوشتەی بۆ چاککردبووم و هەمووی بە ژێرەوەی کراسەکەمەوە بەستبوو.

بەیانی بەنیگەرانی و ترس و دوودڵییەکی زۆرەوە، ڕێگەی قوتابخانەم گرتەبەر.

کە ڕۆیشتم، هێشتا نەمدەزانی ناوی مامۆستانوێیەکە چییە، منی بینی و لەدوورەوە بەرەو ڕووم هات.

گوتی: یاخوا بەخێربێیت کوڕی چاک، دەمزانی دێیت، بۆیە چاوەڕێت بووم. 

دەستەکانی خستە سەر شانم و ماچێکی ڕوومەتی کردم و بردمی بۆ پۆل و بە قوتابییەکانی گوت: هاوڕێکەتان گەڕایەوە، دەی بە خێرهاتنەوەی ناکەن؟

 قوتابییەکان هەموویان زۆر بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێرهاتنەوەیان کردمەوە. هێمنەڕێویش دەرنەچوبوو و لە هەمان پۆلی خۆی مابووەوە.

من لەیەکەم ڕۆژەوە هەستم بە هێڵنج و دڵگوشینێکی زۆر بێزارکەر کرد. قێزم لەخۆم و لە هەموو شتێک دەبووەوە. بیرم لە ڕاکردن لە قوتابخانە دەکردەوە.

دوو سێ ڕۆژم وەک دوو سێ ساڵ  بەڕێ کرد.

ڕۆژێک لەناو حەوشەی قوتابخانەکە وەستابووم و سەیری حەوشەی قوتابخانەم دەکرد و دیمەنی ئەوڕۆژە نەفرەتاوییەی کە مامۆستاکارزان کردمی بە پەند، وەکو فیلمێکی ترسناکی هۆلیود دەهاتەوە بەرچاو.

ڕق لە دڵ و دەروونمدا کەفی دەکرد و لەژێرلێوەوە نەفرەتم لە قوتابخانە و مامۆستاکان و قوتابییەکان و هەمووشتێک دەکرد.

من لەو قەڵەقی و دۆخە کافکایی و دۆزەخی و هێڵنجاوییەدابووم،  مامۆستاتازەکە بانگی کردم: هیواگیان، کە قوتابییەکان ڕۆیشتنەوە، تۆ بمێنەوە، کارم پێتە، باشە؟

-باشە مامۆستا.

دەوام تەواوبوو و قوتابخانە چۆڵ بوو، تەنها مـن مامەوە.

لەناو حەوشەی قوتابخانە جانتاکەمم لە شان بوو و چاوەڕێی مامۆستابووم. لەبیرکردنەوە و خەیاڵان ڕۆچووبووم و لەخۆمم دەپرسی: خۆ ڕاستە من گەڕاومەتەوە قوتابخانە، بەڵام هەرگیز ئەو هیوایەی کە پێشتر پڕ لە هیوابووم، نەماوم. ئەو هیوایەی لێوانلێوبووم لە سۆز و بەزەیی و هێمنی.

ئێستا من تەژیم لە نەفرەت و ڕق و هەستی تۆڵەسەندنەوە و هەرگیز نابمەوە بەو هیوا مەڕ و بێدەنگ و ڕاستگۆیەی جاران!

لەژێر لێوەوەش دەمگوت: من ڕقم لە قوتابخانەیە، ڕقم لە مامۆستاکانە، ڕقم لە هەموو هاوپۆلەکانمە، ڕقم لە هەموو شتێکە. بە نەفرەت بن هەمووتان. نەفرەت لە قوتابخانە. نەفرەت لە قوتابییەکان. نەفرەت لە مامۆستاکان. نەفرەت لە هەموو شتێک.

هێندەم زانی لە پشتەوە، کەسێک زۆر بە هێمنی و میهرەبانییەوە  دەستی خستە سەر شانم. ئاوڕم دایەوە، مامۆستا تازەکەیە.

 گوتی: هیوا گیان، موتابەعەم کردیت، دوو سێ ڕۆژە دەبینم هەر تەنیا و دوورەپەرێزیت و تێکەڵ بە قوتابییەکان نابیت و لە پۆلیش هیچ نالێیت!

هیواگیان، باسی تۆیان بۆ کردووم، کە تۆ پێشتر زیرەکترین قوتابی قوتابخانەکە بوویتی.

هیواگیان، نامەوێ وا بتبینم، دەنا لێت زویردەبم، من زۆرم خۆش دەوێیت. هەر یەکەم ڕۆژ کە تۆم بینی، موحیبەتێکی ئیلاهی لەبەرامبەر تۆ کەوتە دڵمەوە. نازانم بۆ هێندە شیرینیت شیرین، ئاخخخخخ!

 کە مامۆستا وا به قووڵی ئاخێکی هەڵکێشا، سەیرم کرد، فرمێسک بەلێزمە لە چاوەکانی دێنە خوارەوە! لە دەرەوەی ویستی خۆم، منیش لەگەڵ مامۆستا دەستم کرد بە گریان. مامۆستا ئامێزی لێوەرهێنام.

هەردووکمان وەک دوو منداڵ زۆر بە کوڵ دەگریاین. نە من دەمزانی گریانەکەی مامۆستا هۆکارەکەی چییە و نە ئەویش دەیزانی من بۆچی دەگریم. نزیکەی پێنج خولەکێک ئاوا، هەردووکمان تێر تێرگریاین.

پاشان مامۆستا تازەکە پێی گوتم: هیواگیان، دەتوانی بڕۆیتەوە ئێستا، بەڵام بیرت نەچێت، هیچ شتێک لای هیچ کەسێک باس ناکەیت، باشە گیانە؟

بە بێدەنگی و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، سەرم بە ئاماژەی بەڵێ لەقاند و قوتابخانە و مامۆستام جێ هێشت و بەرەو ماڵ ڕۆیشتمەوە.