
بەشی(٢١)
ئـەوە چیـرۆکێکـی درێــژە
ڕۆژی دواتر لە قوتابخانە دووباره مامۆستا ئاکۆ پێیگوتم، کە قوتابییەکان ڕۆیشتنەوە، هیواگیان تۆ نەڕۆیتەوە.
گوتم: مامۆستا دەتوانم پڕسیارەک بکەم؟
گوتی فەرموو گیانە، فەرموو؟ بەڵام لێرە نا، بابڕۆینە ژوورەوە.
مامۆستاهەڵگورد، کە لەگەڵ مامۆستا پێشووتر باسم کرد، پێکەوە هاتن بۆ قوتابخانەکەی ئێمە، ڕۆیشتبووەوە بە مۆڵەت، مامۆستا ئاکۆ تەنها مابووەوە. ئەوان ژووری ئیدارەی قوتابخانەکەیان کردبوو بە شوێنی مانەوەیان. دۆلابەکانیان کردبوو بە ناوبڕە و نیوەی ئیدارەکەیان کردبوو بە ژوورێکی زۆر بچووک.
دەی ئێستا دەتوانیت پرسیارەکەت بکەیت هیواگیان؟
مامۆستا دوێنێ بۆچی گریایت؟ من یەکەم جارم بوو ببینم پیاوێک بگریێت. ئەوەم بەلاوە زۆرسەیربوو و ببوو بە پرسیارێکیش لە مێشکمدا و هەموو هۆشی داگیرکردبووم !؟
ئەو گریانەی مامۆستا ئاکۆم بە شتێکی ناسروشتی دەبینی.
ئاخر من تا ئێستا وامزانیوە نەنگییە پیاو بگریێت، تەنها ژنان بۆیان هەیه بگرین.
گریان نیشانەی لاوازی مرۆڤە و ڕەگەزی مێینە و ژنانیش بە لاوازی دروست بوونە، وەک ئەوەی مەلا سەمەد لەسەر مینبەر و داپیرەم لە ماڵەوە، بەردەوام وایان دەگوت.
مەلاسەمەد لە وتارەکانی هەموو ڕۆژانێکی هەینی، بەردەوام لەسەر مینبەر دەیگوت: ژنان کەم ئەقڵن، ژن پەتی ئەهریمەنە، ژنان سەری هەموو ئاشووبێکن، پرس به ژن بکەن، بەڵام هەرگیز بەقسەیان مەکەن!
ژن ئەقڵی لە کۆشیەتی و هەر کە هەستایەوە، ئەقڵەکەی دەڕژێت،
ژن و سەگی ڕەش و گوێدرێژ، نوێژی پیاو بەتاڵ دەکەنەوە،
زۆربەی دۆزەخییەکان ژنن، بەڵێ ژن لاوازن.
من تا ئێستاهەروام زانیبوو کە تەنها ژنان لاواز و گرینۆکن.
بەڵام من دوێنێ بە چاوەکانی خۆم شتێکی پێچەوانەی ئەو دیدەنیگایەم بینی. بەڵێ، من مامۆستا ئاکۆم بینی دەگریێت و بە لێزمەی بارانی فرمێسکەکانی ئەو تێگەیشتن و تیۆرەی مەلاسەمەد و داپیرەمی هەڵوەشاندەوە!
مامۆم عەلی، لە هاوینی هەمان ساڵی هاتنی مامۆستائاکۆ، واتا١٩٩٩، بە نەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.
بیرمە هەردووک مامەکانی ترم، عەزیز و سوارە، زۆر به کوڵ دەگریان. حاجی بەسێی جیرانمان دەیگوت: بەسه مەگریێن ڕۆڵە، با لە شکۆی پیاوەتی و شەهامەتی نێرایەتیتان کەم نەبێتەوە.
شەرمە پیاو بگریێت، گریان کاری لاوازەکانە، تەنها ئێمەی ژن دەگرین.
مامۆستائاکۆ لە وەڵامی پرسیارەکەی من: دوێنێ بۆچی گریایت!؟
گوتی: هیواگیان، ئەوە چیرۆکێکی درێژە. بەڵێ چیرۆکێکی زۆردرێژ هیواگیان. ئاخخخخخخ.
مامۆستا دووبارە ئاخێکی قووڵی هەڵکێشا و جارێکی تر فرمێسک وەک لێزمەی باران لەسەر گۆنای ڕێچکەیان بەستەوە!
مامۆستا داوای لێبوردن دەکەم، گەر بە هۆی پرسیارەکەی منەوە ئازارت چەشتبێت.
نا تکایە هیواگیان، وا مەڵێ.
پاشان مامۆستائاکۆ دەستی خستە سەر دەمم و گوتی هشششش.
هیواگیان، من بەهۆی تۆوە هەست دەکەم جارێکی تر هیوا و خەندەم بۆ گەڕاوەتەوە.
کێ ناڵێ ئەوە گریانی خۆشییە، خۆشی!
وەک باوک و کوڕێک، زۆر میهرەبانانە، جارێکی تر مامۆستائاکۆ لە ئامێزی خۆی گرتم و هەردووکمان پێکەوە دامانەوە قوڵپی گریان.
ئەوە یەکەم جارم بوو کە وا هەست بکەم دەڵێی لە ئامێزی باوکمدام.
ئاخر من هەرگیز تا ئێستا ئامێزی باوک و تەنانەت شێوەی باوکیشمم نەبینیوە. دوای زیاتر لە دوو خولەک لە گریان، مامۆستائاکۆ گوتی: ئاخخخخخ هیواگیان، خۆزگە دەتزانی کە چەندە لەو دەکەیت؟
لە کێ مامۆستا؟
کوڕێکی تر لە تەمەن زۆر لە تۆ گەورەتربوو، وەلێ لە شێوە و دەنگ و هەموو شتێک، کۆپی تۆ بوو. بەلێ، هیواگیان ڕێک کۆپی تۆ بوو.
من هیچ لەو قسانەی مامۆستائاکۆ حاڵی نەبووم!
مەبەستی چییە و کێیە کە من لە هەموو شتێک لەو دەکەم و ڕێک کۆپی ئەوم!؟
باشه دەبێت ئەو کەسە کێ بێت کە بە لای مامۆستائاکۆوە هێندە جێگای بایەخ و ئازیز بێت؟
بۆچی ئەوە چەندین جارە مامۆستا ئاکۆ هەر کاتێک لە ڕووخسارم دەڕوانێت، فرمسێک بە لێزمە لەسەر گۆنای ڕێچکە دەبەستێت و ئاخێکی قووڵ هەڵدەکێشێت و دەڵێت: زۆر لە تۆی دەکرد زۆر! ڕێک کۆپییەکی تۆبوو!