بەشی(٢٢)

لێدانێکـی موسەقەفــانـە

مامۆستائاکۆ کەسێکی هەم ڕووخۆش و هەم کاتێک لە قوتابیشی دەدا، توندبوو. بەڵام دەرفەتیشی نەدەدا هیچ قوتابییەک سەرپێچی و لاساری بکات و زوو سزای قوتابییەکەی دەدا. هەموو قوتابیەکان زۆر لێی دەترسان. مامۆستائاکۆ مرۆڤێکی تێگەیشتووبوو، لێت حاڵی دەبوو، گوێی بۆ دەگرتی. بە قانوونی دیکتاتۆرانە: جێبەجێی بکە و قسە مەکە، کاری نەدەکرد. نەیدەگوت: دەستەکانت بکەوە و وەکو مامۆستاکارزانی بیرکاری، دڕندانە دەستەکانی دارڕێژ نەدەکردیت. کاتێک وەک قوتابییەک، هەڵەیەک یان شتێکت دەکرد، بێ گوێ بۆگرتن و پرسیارکردن و هیچ لام و جیمێک، نەدەکەوتە سەروگوێلاکت و دەم و لوتیشی پڕ خوێن نەدەکردیت. هەرگیز بە پێڵەقە و شاپەزلە و مستەکۆڵە لە قوتابی نەدەدا و جوێنیشی بە قوتابی نەدەدا.

تەنها به دار لە دەستی قوتابییەکانی دەدا. هەرچەندە لێدانەکەی ئەویش کە بە دار لە قوتابی دەدا، ئازاری هەبوو و قوتابی هەبوو بەرگەی ئەم لێدانەیشی نەدەگرت و دەیدایە قوڵپی گریان.

هەرچییەک بێت، ئێمە کە پێشووتر و بەر لە هاتنی مامۆستائاکۆ، جۆرەهاسووکایەتیمان لای مامۆستاکان پێ دەکرا و هەڵەیەکمان بکردبوایە و شتێکمان نەزانی بوایە، بە دڕندەترین شێوە لێدانیان دەکردین. ئێستا سوپاسگوزارین، کە تەنها بە دار لێمان دەدەن!

 قوتابییەکان بەو جۆرەلێدانەی مامۆستا ئاکۆمان دەگوت: لێدانێکی موسەقەفانە.

وەک تەنزێک، بۆ لێدانە هۆڤانەکەی مامۆستاکارزانی جەللاد و مامۆستاکانی تر.

مامۆستا ئاکۆ منی زۆر خۆش دەویست، یەکەم بەهۆی ئەوەی زۆر زیرەک بووم و دووەمیش وێچوونم بەو هاوڕێیەی ئەو.

ئەو هاوڕێ موجاهیدەی کە لەشەڕی ناوخۆی نێوان حیزبێکی نەتەوەیی و حیزبێکی ئیسلامی برینداردەبێت و دواتر دەڕوات بۆ ئەفغانستان و لەوێ دەکوژرێت.

وەک ئەوەی دواتر مامۆستا ئاکۆ خۆی پێی گوتم.

بیرمە ڕۆژێک دوو قوتابی لە پۆل بەشەڕهاتن و جوێنیان بە یەکتری دا و کتێبی یەکترییان دڕاند.

هەواڵ گەیشتە مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانە، مامۆستا ئاکۆ منی کردبوو بە ڕابەری پۆل و هەرشتێک ڕوویدابا لە پۆل، لەمنی دەپرسی.

ئەوڕۆژە لێی پرسیم: هەڵەی کامەیان بوو؟ کێ دەستی پێ کرد یەکەم جار؟ ڕاستییەکەم پێ بڵێ هیوا؟

من هیچم نەگوت!

چەندینجار گوتی خەتای کامەیان بوو؟ لەگەڵ تۆمە؟ وەڵام؟

چییە دەمت بووەتە تەڵەی تەقیو؟ لاڵ بوویت؟ قسەکردنت لەبیرچووەتەوە؟ من هەر بێدەنگ بووم. گوتی زۆرباشە.

ئا هێمن تۆ بڕۆ دارێکم بۆ بێنە لە ئیداره. هێمن ڕۆیشت لە ئیدارە دارەکی ئەستوور و درێژی بۆ مامۆستا ئاکۆ هێنا.

ئینجامامۆستا قۆڵی کراسەکەی هەڵکرد و کاتژمێرەکەی  دەستیشی دانا و خستیە سەر ڕەحلەکەی بەردەمی.

مامۆستا ئاکۆ وا ناسرابوو لە قوتابخانە، هەرکاتێک قۆڵی کراسەکەی هەڵبکات و کاتژمێرەکەی دەستی دابنێت، ئەوا پیس دەیقەومێنێت و خراپ  بە دار لە قوتابی دەدات.

قوتابییەکان، هەمووان لەو قوڵهەکردن و کاتژمێردانانەی مامۆستا ئاکۆ زەندەقیان چووبوو.

مامۆستا دوای دانانی کاتژمێرەکەی دەستی، گوتی: دەستەکانت بەرزکەوە هیوا.

بت بجووڵێت، من لەشوێنی خۆم نەجووڵام!

هیوا لەگەڵ تۆمە، دەستەکانت بەرزکەوە؟

من هەر گوێم نەدا بە قسە و هەڕەشەی مامۆستا.

بە تەنز و دەنگی بەرزەوە گوتی: ئافەرین هیوا، کوڕە ڕەوشتبەرز و بە مۆڕاڵەکەی قوتابخانە.

کە زانی لەگەڵ من سوودی نییە، گوتی دەی پێشم کەوە بۆ ئیدارە.

ئیدارە؟ ئەی باوکەڕۆ. لای قوتابی، بردنی بۆ ئیدارە، وەک ئەوە وابوو بیبەیت بۆژووری ڕۆحکێشان و لەسێدارەدان.

هەڵبەت من نە ئەوکاتەی مامۆستا گوتی دەستەکانت بەرزکەوە و هەڕەشەی لێکردم، نەیش کە گوتی دەی پێشم کەوە بۆ ئیدارە، هیچ ترسێکم لێ نەنیشت و لە ناخەوە هەر گاڵتەم بە بابەتەکە دەهات.

بە لالووتی پێش مامۆستا کەوتم و ڕۆیشتم بۆ ئیدارە.

لەوێ دووبارە مامۆستا ئاکۆ، لەبەردەم مامۆستاکان گوتی: دەی هیوا دەستەکانت بەرزکەوە. سەیرم کرد مامۆستا کارزانی جەللاد، بزەخەنەگرتوویەتی و وەک بڵێیت زۆر خۆشحاڵە کە دووبارە لەبەردەمی خۆی، من به تێکوپێک شکێندراوی و لاوازی دەبینێت و جارێکی تر، خەریکە وەک تاوانبارێکی نازیست، لەناو قەفەسی تاوانباری و لە دادگای نۆرنبێرگ و لە لاهای و بە تاوانی جووسووتاندن و  جینۆساید و هۆڵۆکۆست، دادگایی دەکرێم. من کە ئەوەم بینی، ڕێک دەهری بووم و تووڕەیی و ڕقێکی بێئەندازە، هەموو لەشی داگرتم و یەک پارچە بووم بە نەفرەت. مامۆستا ئاکۆی بەڕێوەبەر دووبارە گوتی: هیوا، چیتر کاتم مەگرە. لەگەڵ تۆمە دەستەکانت بەرزکەوە. گوێت لێ نییە چیت پێدەڵێم؟ چییە دیارە کێشەی تێگەیشتن و بیستنت هەیه؟

لەگەڵ تۆمە هیوا. بە تۆنێکی توند و تەنزاوی وای پێگوتم.

دەنگێک لە ناخەوە پێی گوتم: تەواو هیوا، تۆ هیچ چارەیەکت نەما، یان ڕادەستبوون بە شکست یان ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و تەقینەوە بە ڕووی هەموواندا.

نەخێر، هیوا نابێت تۆ ڕادەست بیت، ڕادەستبوون، کاری ترسنۆکەکانە. پیشەی بێ ئیرادەکراو و ئەتککراو و به جەبانکراوەکانە.

هیوا هێز و ورە بدەرە بەرخۆت، دەی هیوا، خۆتۆ گوتت هیوا مەڕ و بێدەنگەکەی جاران ئیتر کۆتایی پێ هات. دەی کەواتا تۆ لە چی دەترسیت و بۆچی بێدەنگیت؟ دەی قسە بکە. گەر مامۆستا ئاکۆیش ویستی ئەمڕۆ ببێت بە جەللاد و دەستبەرداری خەندە میهرەبان و سیفەتە مرۆڤانەکەی خۆی بێت و بڕواتە ناو بەرگی هۆڤێک و وەک مامۆستا کارزانی جەللاد، ببێت بە جەللاد، لە ڕووی بوەستەوە و لێنەگەڕێیت هەرگیز، داری جەللادی خۆی لەسەر جەستەی تۆ تاقی بکاتەوە.

دەی هیوا بۆچی وەستاویت؟ دەی خێرا شتێک بکە و خۆت لەو جەللادخانەیە و ژێردەستی جەللادەکان قورتاربکە.

هیوا جڕتۆ؟ چییە هەر بەڕاستی وەک مامۆستا گوتی تۆ کێشەی تێگەیشتن و بیستنت هەیه؟ یان دەتەوێت بڕۆیتەوە سەر بیروباوەڕی مەڕبوون و دووبارە و ڕێگای مێگەلبوون و باعەباع هەلبژێریت؟

هیوا بیرت نەچێت، تۆ کرۆمۆسۆماتت لە هی ئەو مرۆڤە ترسنۆکانە، لەو مرۆڤە بێدەنگ و بێ دەنگکراوانە جیاوازە.

تۆ هەڵگری جیناتی پاڵەوانەکانی. تۆ دایکەکەت فرچکی بە یاخیبوون گرتوویت. هیوا هەرگیز بیرت نەچێت کە تۆ لە تۆرەمەی ئاگریت و نەسەبت دەچێتەوە سەر میترایی و خوێنی ئێزدانییەتت لە لەشدایە. تۆ ڕۆڵەیەکی ونبووی داسنیت و نەوەکەی تاوسی مەلەکیت.

ئەو تاوسی مەلەکەی تەنانەت ئامادەنەبوو بڕیارەکەی خوداوەند جێبەجێ بکات و کڕنووش بۆ ئادەمێکی لە قوڕدروستکراو ببات و خۆی بۆ کەسێک بچەمێنێتەوە، کە  لە ئاست ئەودا نەبێت. ئەو تاوسی مەلەکەی کە بە خوداوەندی گوت: نەخێر و لە ڕووی وەستایەوە و لە بڕیارەکەی یاخی بوو. 

دەی هیوا تۆش بڵێ نەخێر. لەڕوویان بوەستەوە. یاخی بە. بەسەر سەریاندا هاواربکە و بتەقەوە.

هیوا، ترسنۆک مەبە. شەرمە بۆتۆ.  مرۆڤی ئێزدانی هەرگیز ناترسێت. مرۆڤێک خوێنی میترایی لە لەشدابێت، قەت ڕادەست نابێت، نە فەرمان و نە هەڕەشە، هەرگیز پاشەکشێی پێ ناکەن.

مرۆڤی ئێزدانی سەرەڕای هەر لێدان و کوشتن و کۆکوژییەک، هەرگیز ڕادەست نابێت و ئامادەیە تا دواتنۆکی خوێن و کۆتا هەناسەی، بەرگری و خۆڕاگری لە ئێزدانیبوون و میتراییبوونی خۆی بکات.

دەی هیوای داسنی، بیاندە بەر ڕێژنەی نەفرەت. پیشانیان بدە کە بوێری و ڕادەستنەبوون و خۆ نەچەماندنەوە یانی چی.

حەیف بۆتۆ هیوا. ئەی کێ بوو بە هێمنەڕێوی گوت: ئەو جارە، دوو  شەقم وەڵامی شەقێکە، بۆ هەر کەسێک بیەوێت شەقم تێبگرێت و ئیتر من کار بە و فەلسەفەیەی شەق بە شەقیش ناکەم، بەڵکو یەک بە دوو، پڕەنسیپی منە!

ها هیوا؟ دەی لەزێ بکە و کاتت زۆر کەمە.

هیواجڕتۆ، دەزانی مێژووی بەشەرییەت مێژووی بێدەنگکردنی مرۆڤە ڕاستگۆکانە؟ دەزانی هەرچی ئایین و مەزهەب و نەریت و خێڵ و بت و قامچی و سمێڵە، هەرچی ئەفەندی و  مامۆستا و جەللادە، تا ئێستا هەوڵیانداوە مرۆڤە ڕاستگۆکان  بێدەنگ بکەن؟

هیوا جڕتۆ، بێدەنگبوون، واتە حاڵەتی بەمەڕبوون.

دەزانی مروڤ پێویستی بە هیچ کەسێک و بتێک و سمێڵێک و مامۆستا و جەلڵادێک نییە، تا مۆڵەتی قسەکردنی لێ وەربگرێت.

دەی هیوا جڕتۆ ئیتر کاتی شکاندنی بێدەنگییە.

هیوا، بێدەنگکردنی مرۆڤ، شکاندنی شکۆی مرۆڤە، لێدانە لە بوونی مرۆڤ. بێدەنگکردنی مرۆڤ، وێرانکردنی کەسایەتی مرۆڤ و خنکاندنی دەنگی ئازادی مرۆڤە.

دەی هیوا جڕتۆ، بەڕووی ئەو مامۆستا جەللادانە بتەقەوە و تا هێزت تێدایە، بگوڕێنە و بڵێ من پەیامبەری شکاندنی بێدەنگیم و هاتووم تا لە هەرچی بێدەنگییە ببەم.

پێیان بڵێ: کۆجیتۆی قسە کردنتان بیستووە؟

من قسە دەکەم، کەواتا من هەم.

هیوا جڕتۆ، تا بێدەنگکراوەکان بێدەنگ بن، جەللادەکان قسەدەکەن و هیواکان تێکوپێک دەشکێنرێن.

ئێره کۆمەڵی بێدەنگکراوەکان و بێدەنگەکانە!

بەڕێز بێ دەنگ، قوتابی بێدەنگ، خاتوو بێدەنگ،  ڕەخنەگر و لێکۆلەرەوە بێدەنگ، ئەفەندی بێدەنگ، فشەکەر بێدەنگ، فەیلەسووف بێدەنگ، شاعیر و نووسەر بێدەنگ.

تاکتیکی بێدەنگکردن. ڕاهێنەری نێودەوڵەتی بێدەنگکردن.

ستراتیجییەتی بێدەنگکردن. بڕیاری بێدەنگکردن.

 ڕادیۆی دەنگی بێدەنگان. سەنتەری بێدەنگان. ڕێکخراوی کۆمەڵەی بێدەنگان.

گەڕەکی بێدەنگان. قوتابخانەی بنەڕەتی تێکەڵاوی بێدەنگکراوان. حزبی بێدەنگکراوان.

گۆڤاری بێدەنگی. ڕۆژنامە و ماڵپەڕی بێدەنگی. پەخشی ڕاستەوخۆی بێدەنگی. بەرنامەی بێدەنگی. سەقافەتی بێدەنگی. فەلسەفەی بێدەنگی. ئەتەکێتی بێدەنگی. خولی پەرەپێدانی بێدەنگی. سیاسەتی بێدەنگی. مێژووی بێدەنگی. کۆمەڵناسی بێدەنگی. تێزی بێدەنگی. ئەنتی تێز بێدەنگی. سەنتێز بێدەنگی. دیالێکتیکی بێدەنگی.

گوو بخۆ بێدەنگی. حیز بێدەنگی. سەگباب بێدەنگی. جڕت بێدەنگی. لە بوونت بەم بێدەنگی. گەواد بێدەنگی قەحپە بێدەنگی. بێ شەڕەف بێدەنگی.

بێدەنگ بن گەورەکان قسە دەکەن.

بێدەنگ بن پیاوەکان قسە دەکەن.

بێدەنگ بن بتەکان قسەدەکەن.

بێدەنگ بن مامۆستاکان قسەدەکەن.

بێدەنگ بن جەللادێک قسە دەکات و گووی دەخوات.

دەی هیوا تۆ جیاوازبە و بێدەنگ مەبە و لەو بێدەنگییە بە.

دەی بڵێ: کێرم بەداکت ئەی بێدەنگی. خوشکەکەت لەقنەوە دەگێم ئەی بێدەنگی. من یاخیم لێت ئەی بێدەنگی. حیسابی تاکە قۆنەرەیەکت بۆ ناکەم ئەی بێدەنگی. بڕۆ ون و بێدەنگ بە ئیتر ئەی بێدەنگی.

من لەگەڵ ئەو دەنگەی ناخەوەم لەو مەنەلۆگ و بیرکردنەوە دژوارەدابووم، دەستێک بە هێمنی دانرایه سەر سەرم.

مامۆستا بێواری کۆمەڵایەتی. دەی کوڕی جوان، کە وەڵامی مامۆستات نەدایەوە، ئێستا حەقی خۆت  وەربگرە و بڕۆوه پۆل.

مەبەستی خۆچەماندنەوە و ڕادەست بوونمبوو بۆ بڕیارەکەی مامۆستائاکۆ.