شەماڵ بارەوانی
بەشی(٢٣)
ئەو دیمەنەی ببوو بە کابووسێک و یەخەی بەرنەدەدام
کە مامۆستا بێوار وایپێگوتم، ڕێک بووم بە یەک پارچە لە ڕق و تووڕەیی و نەفرەت و ویستم تا تاهێزم تێدایە بەسەر مامۆستاکان، قوتابخانە، عەرد و عاسمانمدا بگوڕێنم و بتەقمەوە و بەستەڵەکی بێدەنگی بشکێنم. دووبارە ئەو دیمەنەی ڕۆژی حەشرپێکردنەکەی مامۆستا کارزانەجەللادم بیرکەوتەوە. من ئیتر هەر پێم دەگوت: مامۆستاکارزانی جەللاد. ئەو دیمەنەی ببوو بە کابووسێک و شەو و ڕۆژ و لە هەموو شوێنێک، یەخەی بەرنەدەدام و ئازاری دەدام. مامۆستائاکۆ کە بینی من لە کەللـەڕەقی خۆم نایەمە خوار و ڕادەست نابم و دەستەکانم بەرزناکەمەوە، بەوە زۆر تێکچوو و ئەوەی وەکو سووکایەتییەک بۆ شکۆ و کەسایەتی خۆی حیساب کرد.
بەتووڕەییەوە مۆڕەیەکی لێ کردم و گوتی باش. وەک هەڕەشەیەک و وەک بڵێت دیارە تۆ دەتەوێت خراپترت پێ بکەم، بەڵام جارێ خۆت بگرە.
گوتی: بڕۆوە ناو پۆل تا دێم. من لەو مۆڕەکردن و سەیرکردنەی مامۆستائاکۆ، هەستم کرد دووبارە و دوای کەمێکی تر، بانگم دەکاتەوە ناو حەوشەی قوتابخانە و وەکو پێشوو، بەشی دووەمی فیلمەکەم پێ تەواودەکەن و ئەم جارە لەبری مامۆستاکارزانی جەللاد، مامۆستا ئاکۆ ڕۆلی جەللادەکە دەگێڕێت و منیش هی قوربانییەکە و کارەکتەرە ڕادەستبوو و بە قەشمەرکراو و تێهەڵدراوەکە. لەو فیلمەی ناوم نابوو فیلمی(دادگا).
فیلمی شەقتێهەڵدان. فیلمی ڕۆژی حەشر. فیلمی کەرامەتشکاندن و تێکوپێکشکاندن.
فیلمی دادگایی. ئەو دادگاییکردنەی وەک(جۆزێف کا)ی پاڵەوانی ڕۆمانی(دادگا)ی فرانتز کافکا، تووشی ڕەشبینی و تێکوپێکشکاندنی کردم. تووشی کابووس و ئازارێکی نەبڕاوە و داڕووخانی دروونی کردم.
گەرچی جۆزێف لە دادگاییکردنەکەدا دەرفەتی قسەکردن و بەرگریکردن لەخۆی هەبوو، وەلێ من لەیەکەم بەشی فیلمی دادگاییدا ئەو مافەشم نەبوو!
نەخێر، هەرگیز لێناگەڕێم لەبەشی دووەمی فیلمەکەدا بێدەنگ بکرێم. ئەوەمەحاڵە مەحاڵ.
بێدەنگی کۆتایی هات هیوا. ئیتر کاتی قسەکردنە قسەکردن. کاتی نەفرەتبارین و تەقینەوەیە. کاتی هەڵوێستنواندن و ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی مەڕیزمە. کاتی تۆڵە و یاخیبوونە. کاتی جوێندان و گوڕاندنە.
دەی هیواجڕتۆ دەی. سەرەتا بە جڕتێک لووتبەرزی و غرووری مامۆستاکارزانی جەللاد تێکوپێک بشکێنە. دەی بە جڕتێک دەماریان بگرە و میزاجیان گوواوی بکە و جەویان بگێ. بە جڕتێک لە کەرامەتیان بدە، هەڵبەتە گەر هەیانبێت!
نەفرەتێکی وەک دیواری بەڕلین قاییم و ڕقێکی بەقەد شوورای چین ئەستوور، هەموو بوونی داگرتبووم و له لێواری تەقینەوەدابووم.
دەنگەکەی ناخەوەم تا دەهات زیاتر هانی دەدام و گەرمتری دەکردم: دەی هیوا، ئافەرین هیوا، گیانی من هیوا. بێدەنگ بن، هیوا قسەدەکات، هیوا جڕت لێدەدات، هیوا دەتەقێتەوە، هیوا حەشر بەرپادەکات. ئەم جارە هیوا دەتانکات بە پەند. بوەستن، ئەم جارە هیوا خۆی سینارست و دەرهێنەرە و هەر خۆیشی ڕۆلی پاڵەوانەکە دەگێڕێت لە بەشی دووەمی فیلمی دادگایی و بە قەشمەرکردن دا. فیلمێکی واتان پێ دەردێنێت، تەنها خۆی دەزانێت چۆن دەتانکات بە پەند و قەشمەرتان دەکات. فیلمێک، دەبێت لە ڤێستیڤاڵی ساڵانەی(کان) بۆ ئەمساڵ، خەڵاتی یەکەم بەدەست بێنێت.
سەرەتا تا هێزم تێدابوو، جڕتێکی یەک مەتریم بۆ لێدان: جڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕت.
پاشان بە هەموو هێزمەوە دامە قاقا.
ئینجا بەسەر مامۆستاکان و قوتابخانە و عارد و عاسماندا تەقیمەوە و پڕ بەگەرووم گوڕاندم: ئێوە خۆتان بەچی دەزانن؟ هەی جەللادینە، بێ مۆڕاڵینە، لە هیچ هیچترینە، دەی فەسڵم کەن، دەی گەر خۆتان بە مرۆڤ دەزانن و بوێریتان تێدایه، وەرنە پێش و لێم بدەن، دەی بۆچی وەستاون؟ ئەوەتام، من لێرەم.
هاهاها. جارێکی تر قاقام کێشا.
ئێوە زۆر ترسنۆکن، دەزانن؟
واتانزانی من لێتان دەترسم؟ هاهاها جارێکیتر دامەوەقاقا.
دەزانن ئەم جارە من هەرگیز لە ئێوە ناترسم؟
ئەم جارە بەڵێنم بەخۆم داوە، ڕووبەڕووی هەرکەسێک دەبمەوە گەر دووبارە بییەوێت هەڵەی وا بکات و جارێکی تر لەو فیلمەی دادگاییکردن و بە قەشمەرکردن و کەرامەتشکاندنەدا تێکوپێکم بشکێنێت.
بەڵێن بێت تێکوپێکی بشکێنم. کەرامەت و شکۆی وردوخاش بکەم. حاڵی بوون؟ لەگەڵ ئێوەمە. گوتم حاڵی بوون، یان کێشەی بیستن و تێگەیشتنتان هەیە؟
دەی چاوەڕێی چین؟ ئەوەتا لێرەم، کێ بوێری دەکات، با بێت خۆی تاقی بکاتەوە و لێم بدات. من ئیتر ئەو هیوا مەڕەی پێشوو نیم هەرگیز.
دەی بۆ وەستاون. ئەوەکەسێکتان تێدا نییە گەردێک غیرەت و بەها و شەرەفی هەبێت؟ نەفرەتتان لێ بێت. نەفرەت لە خوێندن، نەفرەت لە قوتابخانە. ئێرە جەللادخانەیە جەللادخانە.
بە نەفرەت بن هەمووتان. من ڕقم لێتانە. من ڕقم لە خوێندنە. ڕقم له مامۆستاکانە. ڕقم لە خۆمە. ڕقم لە هەمووشتێکە. ڕق، ڕق، ڕق.
مامۆستاکان هەموویان بە واق وڕماوی و بە بێدەنگی لە شوێنی خۆیان سەیریان دەکردم! قوتابییەکان هەموویان هاتبوونە ناوحەوشەی قوتابخانە.
دەنگم هێندە بەرزبوو، دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان.
ئەوڕۆژە تا هێزم تێدابوو، نەفرەت و ڕقم بەسەردا باراندن. تا هیلاک بووم هاوارم کرد و گوڕاندم.
تا دەنگم کەوت و گەرووم وشک بوو، جوێنم پێدان و تفبارانم کردن .
ئینجا ژوورەکەم جێهێشت و ڕۆیشتمەوە پۆل و جەنتاکەمم دەست دایە و ملی ڕێگای ماڵەوەم گرتەبەر.
من چۆن لە دەرگای قوتابخانە ڕۆیشتمەدەر، دەنگێک هات: بوەستە هیوا!
ئاوڕم دایەوە، مامۆستائاکۆی بەڕێوەبەرە و خەریکە بەرەوڕووم دێت!
گوتم: نێیتە پێش، لەگەڵ تۆمە. گوتم: نێیتە پێش. تکایە لە شوێنی خۆت بوەستە. لەگەڵ تۆمە. تۆ کێشەی بیستن و تێگەیشتنت هەیه؟
گوتم بێیتە پێش هەڵەیەکی زۆرگەورە دەکەیت و لەوکارەت خراپ پەشیمانت دەکەمەوە.
هیوا گیان، بوەستە لەگەڵ تۆمە. تکایە گوێم بۆ بگرە.
هیوا گوتم پێویستە گوێ بگریت. هیوا گیان تکایە.
بڕوام پێ بکە من هیچ نیازێکی خراپم نەبوو. تکایە گوێم بۆ بگرە.
کە زانیم مامۆستا بۆ ئەوە هاتووە بمگەڕێنێتەوە قوتابخانە و دڵم بداتەوە و هێورم بکاتەوە، تا هێزم تێدابوو ڕامکرد و ڕۆیشتم بەرەو ماڵەوە و ئەو ناوە و مامۆستام جێهشت.
لە ماڵەوە دایکم کە بینی ڕەنگم زەردهەڵگەڕاوە و شێوەم پەشۆکاوە! گوتی کوڕەکەم هیواگیان، چی بووە دیسان؟
کێ ئازاری داویت؟ شتێکی خراپ ڕوویداوە؟
لێمگەڕێن تکایە، من نامەوێ بڕۆمە دۆزەخ، جەللادخانە، گەوادخانە. تکایە دایە ئە بابەتە بەیەکجاری داخەن.
کە وامگوت، دایکم زانی کە دووبارە لە قوتابخانە شتێک ڕوویداوە.
بێدەنگی هەڵبژارد و منیش بێدەنگ بوومەوە و ڕۆیشتمە ژوورەوە و دەرگاکەم داخست و لێی ڕاکشام.
دوای دووڕۆژ لەو ڕووداوە، شەوەکەی مامۆستائاکۆ هات بۆ ماڵەوەمان و دەستی لە مل کردم و ماچی کردم و زۆر داوای لێبووردنی کرد و گوتی: ئەگەر هەموو قوتابییەکان قوتابخانە جێبهێڵن، هەرگیز ڕێگە نادەم هیوا ئەو کارە بکات. دووڕۆژە بەبێ هیوا، قوتابخانە وەک کاوڵەدێیەک وایە. هیوا بۆچی وام لەگەڵ دەکەیت؟ بۆچی؟ هیوا من زۆر داوای لێبووردن دەکەم. هیواگیان دانیپێدادەنێم، کە من زۆر هەڵەبووم ئەوڕۆژە.
دایەگیان، من هیوای زۆرم بەو کوڕە هەیە.
مامۆستائاکۆ وای بە دایکم گوت.
دوای هەوڵ و تکایەکی زۆری مامۆستائاکۆی بەڕێوەبەر و دایکم، دووبارە ڕۆیشتمەوە قوتابخانە.
دوای ئەوەی مامۆستائاکۆ بردمیەوە بۆ قوتابخانە، دووبارە پێیگوتم هیواگیان، کە دەوام تەواوبوو، مەڕۆوە.
گوتم باش.
Like
Comment