بەشی(٢٤)

فڕاندنی جیهانی منداڵیم

شێرەکەی ئیسلام!

ئەوڕۆژە یەکەم جاربوو مامۆستائاکۆ پرسیارێکی وەهام لێبکات و گوێم لە وشەی(شێرەکەی ئیسلام)بێت! شێرەکەی ئیسلام!

هیوا گیان، نوێژ دەکەیت؟  

بەڵێ مامۆستا، ئێمە هەموومان نوێژدەکەین.

ئەی ئافەرین شێرەکەی ئیسلام.

شێرەکەی ئیسلام؟ من هیچ لەو قسەیە حاڵی نەبووم!

چۆن من شێرەکەی ئیسلامم؟ چۆن مامۆستا؟

جارێ مەپرسه هیواگیان، هێشتا زووە، با کاتی خۆی بێت هیواگیان. من زۆر متمانەم بەتۆ هەیه زۆر. دڵنیام ڕۆژێک دێت لەو قسەیە تێدەگەیت.

چۆن مامۆستا؟

هیواگیان گوتم پەلەمەکە، ئێمە جارێ لەسەرەتای ڕێگا و یارییەکەداین.

ڕێگای چی مامۆستا؟

ڕێگای هەندەران هیواگیان. هاهاها.

مامۆستا وای گوت و دایە قاقا!

ئەی یارییەکە لەگەڵ چیتە مامۆستا؟

چی یارییەکە؟

یاری کۆنکفۆ و کاراتی و کافربەزێن. هاهاها. مامۆستا دووبارە دایەوە قاقا.

مامۆستا یاری کافربەزێن؟

کە وام گوت، مامۆستا خەندە گرتی و گوتی هیواگیان نەخێر، بۆ شۆخی وام گوت. ئەوە یاری نییە، بەڵکو ئەوە جەنگە، جەنگ.

گوتت: جەنگ مامۆستا؟

هیواگیان، بەڵێ جەنگ.

جەنگ لەگەڵ کێ مامۆستا؟

 جەنگ لەگەڵ نەیارانی دین و دوژمنانی خودا.

بەڵێ هیوای ئیسلام، حاڵی بوویت؟

مامۆستا گوتت: هیوای ئیسلام؟!

هیواگیان، تۆ کوڕێکی ژیر و زۆرزانیت و گوتم جارێ پەلەمەکە.

دوای ئەو کورتە دیالۆگەی نێوانمان، مامۆستا کتێبێکی لە جەنتاکەی دەرهێنا.

لێم پرسی: مامۆستا ئەوە چی کتێبێکە؟

ئەو کتێبە ژیانی ئەوانەیه کە لەپێناو دەرهێنان و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە زەلکاوی نەزانیدا خودا ناردوونی.

مەبەست لەوانە کێیە؟ ئەوان کێن مامۆستا، تکایە؟

پەیامبەران هیوا گیان.

پەیامبەران؟

بەڵێ هیوا گیان.

ئەی ناوی چییه کتێبەکە؟

(ژیاننامەی پەیامبەران).

مامۆستائاکۆ ئەو ڕۆژە باسی ژیاننامەی ئەیوب پەیامبەری بۆکردم.

باسی لەو ناخۆشی و ئازار و نەهامەتی و ناڕەحەتییانە دەکرد کە ئەیوب لەپێناو بانگخوازیکردن بۆ ڕێگەی حەق، ڕێگای خودا، لە لایەن بێ باوەڕان و دوژمنانی ئیسلام چەشتی.

هیواگیان، ئێستا شوێنکەوتەی پەیامبەران لە لایان دوژمنانی حەقیقەت، لە لایان کافران و مونافیقەکان دەچەوسێنرێنەوە، زیندانی دەکرێن، لێیان دەدرێت، شەهیددەکرێن.

هیواگیان، ئەو کەسەی ڕێگای پەیامبەران دەگرێتە بەر، دەبێت وەکو ئەیوب پەیامبەر خۆڕاگربێت و لە ئەیوبەوە فێری هونەر و قانوونی بەرگەگرتن بێت. ئەوڕێگایە سەختە سەخت. بەڵێ سەختە و پیاوی خۆی دەوێت.

 ڕێگایەکە، بە دڕک دەوردراوە. ڕێگایەکە، شەهادەت و غیرەتی دەوێت غیرەت. بەڵێ، شەهادەت و غیرەت. ڕێگای موسوڵمانی ڕاستەقینە دەڵێم. 

مامۆستا گوتت: موسوڵمانی ڕاستەقینە؟

بەڵێ هیوا گیان، موسوڵمانی ڕاستەقینە.

  موسوڵمانی بێ غیرەت و دووڕوو ناڵێم. ئەو موسوڵمانە موسوڵمانی ڕاستەقینەیە، کە لەپێناو سەرخستنی دینی ئەلڵا دەژیت و بەرگری لەو دینە دەکات و هەست بە ئازاری موسوڵمانان دەکات و لە کوێی جیهان موسوڵمانان تووشی ناڕەحەتی و ئازارهاتن لە لایەن بێ باوەڕان و نۆکەرانیانەوە، ئەو موسوڵمانە ڕاستەقینەیە بەرگرییان لێ دەکات.

مامۆستا گوتت نۆکەران؟

بەڵێ هیواگیان، نۆکەران. ئەوانەی بوون بە داردەست و ئەڵقە لەگوێی بێ باوەڕان و موسوڵمانی ڕاستەقینە دەچەوسێننەوە.

مامۆستا دەتوانم پرسیارێکی تر بکەم؟

بەڵێ هیوای ژیان، هیوای ئیسلام، بۆ نا؟ فەرموو تکایە.

مامۆستا کافرەکان کێن؟

کافرەکان هەموو ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە. زۆرکەسی دیکەش لەوانەیە بەناو موسوڵمان بن، تەنها لەسەر ناسنامەکەیان نووسراوە: مسلم، کەچی لە حەقیقەتدا کافرن. تۆ جارێ عەقیدەی ئیسلامیت نەخوێندووە و ئاشنای چەمکەکانی(وەلائو بەراء)نەبوویتی هیوا گیان. جارێ نازانی مونافیقەکان و تاغووتەکان کێن.

گەرچی من لە زۆرێک لە قسەکانی مامۆستا باش حاڵی نەدەبووم، بەڵام ئەو ڕۆژە کاریگەری زۆری لەسەر دروستکردم و  دووکاتژمێر هەر ئەو جۆرە باسەی خۆڕاگری و بابەتی ئیمانی و وەلائوبەراء و بەرگریکردن لە دینی ئیسلامی بۆکردم.

وای لێکردم ڕقێکی زۆرم لە هەموو کافرەکان ببێتەوە.

ئینجا گوتی ئێستا دەتوانیت بڕۆیتەوە هیوا گیان.

بەڵام یەک شت، هەموو  پێنجشەممەیەک، دوای نیوەڕۆ مامۆستابێوار دەڕواتەوە و من تەنها دەمێنمەوە، تۆ دێیت و من هەرجارەی باسی ژیاننامەی پەیامبەرێکت بۆ دەکەم.

ئەوەشت بیرنەچێت، هەرچیەکمان گوت، نهێنی نێوان خۆمان بێت و لای کەس باسی مەکە تکایە.

گوتم باش مامۆستا.

ئەو شەوە لەناوجێگە، ئەو قسەیەی مامۆستا لە گوێچکەکانم دەزرینگایەوە.

کافرەکان، هەموو ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە.

 کافرەکان، هەموو ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە.

کافرەکان، هەموو ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە.

کافرەکان، هەموو ئەوانەن باوەڕیان بە ئیسلام نییە!

لەوڕۆژەوە مامۆستائاکۆ جیهانی منداڵی فڕاندم و من بەرەو جیهانێکی تر و دنیایەکی تری زۆرجیاواز هەنگاوم نا.